2019-10-08 20:44:40
ئەمریکا و هەرێمی کوردستان ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بەرزدەکەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی بازرگانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانن و لێکگەیشتننامەیەکیان لەگەڵ ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەوەکردەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکەن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن لە کەرتە جیاوازەکاندا یارمەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەن.
شاندێکی ئابووری و بازرگانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانن، دوێنێ لە رێوڕەسمێکدا یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆکرا، ئەمڕۆش شاندی بازرگانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کارو چالاکییان هەیە.
سەبارەت بە دووەم رۆژی چالاکییەکانی شاندی بازرگانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 24-6-2019 شاندی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوەیان هەیە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، هاتنی ئەو شاندە بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی زۆرباشی لە رووی ئابوورییەوە بۆ نێو هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە شاندەکە بە سەرکردایەتی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاری باری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، خودی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین رێکخراوی بزنسە لە جیهان کە نوێنەرایەتی زیاتر لە سێ ملیۆن بزنسی قەبارە و کەرت و هەرێمی جۆراو جۆر دەکات.
موخڵس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان سەبارەت بە چالاکییەکانی شاندە ئەمریکییەکە، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکانی ئەم شاندە ئەمڕۆ و سبەی و دوو سبەی بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ چوار پانێڵ هەیە لە هۆتێل دیڤان، پانێڵی یەکەم بە بەشداری هەرسێ وەزیری ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، پانێڵی دووەم بە بەشداری جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەبێت و پانێڵی سێیەم بە بەشداری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی و هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت، پانێڵی چوارەمیش بە بەشداری سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆک و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک سازدەکرێت".
بە گوتەی موخڵس سەلیم، رۆژی سێیەم واتە رۆژی سێشەممە 25-6-2019 شاندە بازرگانییەکەی ئەمریکا لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کۆدەبێەوە، بە مەبەستی زیاترکردنی هاوئاهەنگی و رەخساندنی هەل بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە مەبەستئی وەبەرهێنان".
رۆژی یەکشەممە 23-6-2019 یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێکگەیشتننامەیەکیان واژۆ کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەوەکردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکەن. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن لە کەرتە جیاوازەکاندا یارمەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەن.