" />
2019-10-08 20:28:37
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی، لە پێنج ساڵی رابردوودا بازرگانان زیاتر لە 500 هەزار ئۆتۆمبێلیان هاوردە كردووە، بەهۆی باشبوونی باری ئابووری هەرێمی كوردستان و بڕیاری راگرتنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتووش، ئەمساڵ فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێ 20% زیادی كردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، لە ماوەی پێنج ساڵ و هەشت مانگی رابردوودا بازرگانان 520 هەزار و 682 ئۆتۆمبێلیان لەڕێگەی خاڵە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل ، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانەوە هاوردە كردووە.
بەپێی ئامارەكە، زۆرترین ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2018 هاوردەكراوە كە 143.087 ئۆتۆمبێل بووە، كەمترینیش لە ساڵی 2016 هاوردەكراوە كە 35.043 ئۆتۆمبێل بووە.
نەوزاد ئەدهەم ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ، دەڵێت: " دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ئابووری و سیاسی ، هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل تا ساڵی 2016 كەمێك سست بوو، بەڵام بەهۆی جیاوازیی رەسمی گومرگ و نرخی تابلۆی كوردستان بەراورد بە شارەكانی عێراق، جارێكی دیكە ئەم بازرگانییە جوڵەی تێكەوت، بەجۆرێك هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2017 و 2018 بەراود بە ساڵی 2015 و 2016 بەرێژەی 60% زیادی كردووە، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەش بە بازرگانانی عێراق فرۆشراون و هەناردەی شارەكانی عێراق كراون".
بەهۆی یەكخستنی پێناسی گومرگی كە لە مانگی شوبات جێبەجێكرا و بریاری راگرتنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ كە لە مانگی تەممووز خرایە بواری جێبەجێكردن، پێشبینی دەكرا هاوردەی ئۆتۆمبێل ئەمساڵ پاشەكشێ بكات ، بەڵام بەپێی ئامارەكە لە هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەشت مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە رێژەی 22.4% زیادی كردووە.
نەوزاد ئەدهەم ، دەڵێت: "بەهۆی بریارەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە هەردوو مانگی تەممووز و ئاب بەراورد بەهەمان دوو مانگی ساڵی رابردوو 22.8% كەمی كردووە، بەڵام بە تێكڕا هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی كردووە، هۆكاری بەشێكی ئەم زیادبوونە بۆ ئەوەیە كە بەر لە بڕیارەكە بازرگانان ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلیان هاوردە كرد".
نەوزاد ئەدهەم، گوتی: " بریارەكەی وەزارەتی ناوخۆ و یەكخستنی پێناسی گومرگی لە داهاتوودا كاریگەریی خراپی لەسەر جووڵەی بازرگانیی ئۆتۆمبێل دەبێت، چونكە بەشێك لەو جووڵە بازرگانییە بۆ جیاوازیی رەسمی گومرگی دەگەڕایەوە كە پێشتر هەبوو، بەشێكی دیكەش بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو دەگەڕایەوە، ئەویش بەهۆی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە هاوردەكردنی نادرێت ، بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا جووڵەی بازرگانیی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان کەمبێتەوە".
هەر لەوبارەوە چۆمان عوسمان، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای ساز بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا، دەڵێت: "ئەمساڵ هەر لە سەرەتای ساڵەوە فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانمان چ بەشێوەی تاك و چ بەشێوەی كۆ بۆ كۆمپانیاكان و حكومەت جووڵەیەكی پێوە دیار بوو، بۆیە گەشبینین بە زیادبوونی فرۆش، بەپێی داتاكانیش لە 9 مانگی رابردوودا فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانمان بەراورد بە 9 مانگی ساڵی رابردوو لە عێراق بە رێژەی 20% و لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی 15% زیادی كردووە".
چۆمان عوسمان دەڵێت: "زیادبوونەكە بەشێكی بۆ باشبوونی باری ئابووری و بەشێكیشی بۆ بڕیاری راگرتنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی دەستی دووی لێدراو دەگەڕێتەوە".
زۆربەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیار و فرۆشی زیاتر بەر لە كۆتایی ساڵ چەند مۆدێلێكی ساڵی نوێ دەخەنە بازاڕ، كۆمپانیای تۆیۆتا ئێستا دوو مۆدێلی تازە و كۆمپانیای كیا شەش مۆدێل و هۆنداش ژمارەیەك مۆدێلی تازەی خستووەتە بازاڕ، كۆمپانیاكانی دیكەش بەهەمان شێوە مۆدیلی نوێیان خستووەتە بازاڕ، ئەم ئۆتۆمبێلانەش بەشێكیان گەیشتووتەنە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان فرۆشیشیان باشە.
دەریا وریا، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل كە بریكاری سەرەكی كۆمپانیای كیا مۆتۆرسە لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت: " كۆمیانیای كیا ئۆتۆمبێلی زۆرە، بەڵام ئێمە بۆ بازاڕی كوردستان 13 جۆر هاوردە دەكەین، ئەمساڵ سێ جۆری نوێمان زیاد كردووە".
دەریا لە بارەی زیادبوونی فرۆشەوە دەڵێت: "ئەمساڵ فرۆشمان لە ساڵی رابردوو باشترە، بەتایبەت لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی بریارەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە تایبەت بوو بە راگرتنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی لێدراو و بڕاوە، فرۆشمان نزیكەی 30% زیادی كردووە، بەشێوەیەكی گشتی فرۆشی ئۆتۆمبێلی تازە بە هەموو جۆرەكانی بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیكەی 20% زیادی كردووە".
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، تاوەكو 31ی تەممووزی ئەمساڵ ملیۆنێک و 683 هەزار ئۆتۆمبیل لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، ساڵ بەساڵیش ژمارەكە زیاتر دەبێت، بۆ نموونە لە 7 مانگی رابردووی ئەمساڵدا 94.339 ئۆتۆمبێل تۆماركراون، بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، 36.4% زیادی كردووە.