ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 500 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 500 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە




2019-10-08 20:09:12


وه‌رزی هەڵگرتنەوەی هه‌نگوین له‌ باشووری كوردستان ده‌ستیپێكرد، ئه‌مساڵ هه‌نگ به‌رهه‌مێكی زۆریان هه‌یه‌ و به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، هه‌نگوین بۆ پێنج به‌رابه‌ر زیادیكردووه‌.

 

پارساڵ كۆی به‌رهه‌می هه‌نگوینی هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له‌ 100 تۆن بوو، ئه‌مساڵ 500 تۆن هه‌نگوین له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مهێنراوه‌.

 

جه‌بار ناوه‌نده‌یی، مێشه‌وان دەڵێت: "زیاتر له‌ 12 ساڵه‌ هه‌نگه‌كانم ئاوا هه‌نگوینیان نه‌كردووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ من هه‌نگ له‌ خه‌ڵێف به‌خێوده‌كه‌م و له‌ خه‌ڵێفیشدا هه‌نگوینێكی نایاب ده‌كه‌ن، چونكه‌ ناتوانی شه‌كریان پێبده‌یت یان شه‌ب و مێویان بۆ دابنێیت".

 

ئەمساڵ پووره‌نگه‌كان پڕ هه‌نگ و هه‌نگوینن، خۆراكی هه‌نگ له‌ كوێستانه‌كان باش بووه ‌و هه‌نگه‌كانیش درێخیان نه‌كردووه‌.

 

عوسمان حاجی، مێشه‌وان دەڵێت: "ئێمه‌ له‌ بناری چیای هه‌ڵگورد هه‌نگ به‌خێوده‌كه‌ین هه‌نگوینێك كه‌ شیله‌ی گوڵ و گیای كوێستانه‌، بۆ ئه‌مساڵ نرخه‌كه‌ی له‌ 50 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوەکو 75 هه‌زار دینار".

 

كۆی به‌رهه‌می هه‌نگوینی ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له‌ 100 تۆن بوو، له‌ كاتێكدا 21 هه‌زار مێشه‌وان سه‌رقاڵی به‌ خێوكردنی نزیكه‌ی 77 هه‌زار پووره‌نگ بوون. ئه‌مساڵ 23 هه‌زار مێشه‌وان هه‌ن و خاوه‌نی زیاتر له‌ 80 هه‌زار پووره‌نگن، به‌رهه‌م بۆ پێنج به‌رابه‌ر زیاد بووه‌.

 

عارف شێروانی، سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئه‌مساڵ له‌ وه‌رزی هاوین هه‌نگ شیله‌ی زۆری كۆكرده‌وه ‌و بووه‌ مایه‌ی زۆربوونی به‌رهه‌م به‌ تایبه‌ت له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی، به‌گشتی ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 500 تۆن هه‌نگوینی خۆماڵی به‌رهه‌مهێنراوه"‌.

 

به‌رهه‌می زۆر وایكردووه‌ ئه‌مساڵ به‌ هه‌ردوو شێوازی شانه ‌و شیله‌ هه‌نگوینی خۆماڵی بۆ بازاڕ ئاماده‌بكرێت. له‌ باشووری كوردستان هه‌نگ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كێڵگه‌ داخراوه‌كان به‌خێوده‌كرێن. به‌رهه‌مێك سه‌رچاوه‌كه‌ی شیله‌ی گوڵ و گوڵزاره‌كانی كوێستانه‌.