ڕوانگەی كەرتی گشتی بۆ چەمكی شەراكەتی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت گفتوگۆ لەگەڵ ڕەنج ساحێبقڕان، ڕاوێژكار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم

ڕوانگەی كەرتی گشتی بۆ چەمكی شەراكەتی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت گفتوگۆ لەگەڵ ڕەنج ساحێبقڕان، ڕاوێژكار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم




2019-10-08 19:10:07


بەڕێز ڕەنج ساحێبقڕان، دەرچووی ساڵی (1981-1982)ی زانكۆی سەڵاحەدین/ كۆلێژی ئەندازیاری- بەشی ئەندازەی مەدەنییە. تا ساڵی (2004) وەكو ئەندازیار لە كەرتی حكوومی و كەرتی تایبەت كاری كردووە. پاشان وەكو بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی هاندانی وەبەرهێنان (كە ئێستا نەماوە)، لە سلێمانی كاری كردووە، لە ساڵی (2006) بووەتە سەرۆكی فەرمانگەی پلاندانان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و تا ئاداری 2018 لەسەر ئەم كارە بەردەوام بووە، ئێستاش ڕاوێژكارە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم.
لە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەدا لەگەڵ ڕەنج ساحێبقڕان، هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەیەكی زانستی و واقیعی، تیشك بخەینە سەر كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان، كە خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبینێتەوە، لەكاتێكدا كە ئەو ئەزموونێكی تاڕادەیەك دوورودرێژەی لە چەند قۆناغێكی پڕۆسەكانی گەشەسەندن لەم بوارەدا هەیە.
سەرەتا لەبارەی ئەو تۆڕە خزمەتگوزاری و زانستییانە پرسیارمان كرد كە یارمەتیدەرن بۆ بەرزكردنەوەی تێكڕای گەشەی ئابووری و چییەتیی ئەو خزمەتگوزارییانە، بەمەبەستی بەردەوامیدان و باشكردنی بارودۆخی ژیانی كۆمەڵایەتی لە كوردستان؟ بەڕێز ڕەنج ساحێبقڕان گوتی: بەر لە هەموو شتێك پێویستە ئێمە پێناسەی ئەم خزمەتگوزارییانە بكەین و پۆلێن و پێناسەیان بكەین و سنوورەكانیان دیاری بكەین، لەوانەش خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەكو: فێركردن و ئاسایشی ناوەخۆ و تەندروستی و خزمەتگوزارییە شارستانییەكان و نیشتەجێبوون... هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەكی و بنەڕەتییەكانی وەكو: ئاو، كارەبا، پەیوەندییەكان و ڕێگاوبان و گواستنەوە. بێگومان دابینكردنی هەموو ئەم خزمەتگوزارییانە بە خزمەتگوزارییە گشتی و بنەڕەتییەكانەوە، تا ئێستا لە ئەستۆی كەرتی گشتیدایە. بەڵام بەلۆژیكی گەشەسەندن، دەبێ بە هاوبەشی بێت لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت (Public-Private Partenrship- PPP) بەئامانجی زیاتركردنی ئاستەكانی ئەم خزمەتگوزارییانە و پێشكەشكردنی بە هاووڵاتیان بە ئاستێك كە لەڕووی كوالێتی و تێچووەوە گونجاو بێت. واتا ئامانجەكە تەنیا دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان نییە، بەڵكو جۆری خزمەتگوزارییەكە و چۆنییەتی گەیشتنی خزمەتگوزارییەكانە بە هاووڵاتییان لە كاتێكی دیاریكراو و بە نرخێكی گونجاو.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پلانی ئێستای كەرتی گشتی و توانای هاوبەشیكردنی لەگەڵ كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی كارەبا و خوێندنی باڵا لە كورستان و ئەوەی ئایا دەستپێشخەرییەكە دەكەوێتە ئەستۆی كامە لایان، واتا كەرتی گشتی یان كەرتی تایبەت؟ ڕەنج ساحێبقڕان جەختی كردەوە كە گومانی تێدا نییە دەبێ دەستپێشخەرییەكە لەلایەن حكوومەتەوە بێت، هەرچەندە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك گرفتیش دەبێتەوە، لەوانە گرفتی یاسایی و دامەزراوەیی، ئەمە سەرەڕای لاوازی توانا و نەبوونی بەرنامەی پێویست لەمبارەیەوە. لە كوردستان یاسایەكی تایبەت بە ڕێكخستن و هەماهەنگی و هاوبەشایەتی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت نییە، سەرەڕای ئەوەش هیچ دامەزراوە یان كیانێكی ئیداریی سەربەخۆی تایبەت بە كاروباری (PPP) نییە. بەڵام سەبارەت بە وەبەرهێنان لە كەرتەكانی كارەبا و خوێندنی باڵا، پێویستە ڕووپێو و هەڵسەنگاندێكی گشتگیر و زانستیی بەپێی بەرنامەیەكی تایبەتی گەشەسەندنی هەردوو كەرت بە هەموو پێكهاتە و قۆناغەكانی بەرجەستەكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە بكرێت، لە ژێر ڕۆشنایی دەرهاوێشتەكانی ئەمانەشدا ئامادەكاری نەخشەی كاركردن و دانانی پلانی پێویستی جێبەجێكردن بۆ هەر یەكێك لەم كەرتانە بكرێت. ئێستا جۆرێك لە تایبەتێتی تەنیا لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبادا هەیە، بەڵام كەرتی تایبەت لە چالاكی و پرۆژەكانی گواستنەوەی وزە و دابەشكردن و كۆنتڕۆڵكردن، ڕۆڵی نییە، سەبارەت بە تایبەتێتی لە كەرتی خوێندنی باڵاش، تایبەتێتی تاڕادەیەك بینای دامەزراوەكان و ئیدارەدان و كارپێكردنی بەشێوەیەكی یاسایی لەلایەن حكوومەت دەگرێتەوە.
لەبارەی توانای دروستكردنی كۆمپانیای پشكداری لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بواری خزمەتگوزارییە گشتی و سەرەكییەكان، هەروەها ئەو گیروگرفتانەی دێنەبەردەم ئەم جۆرە كۆمپانیایانە؟ ڕەنج ساحێبقڕان گوتی: كۆمەڵێك گرفت لەمبارەیەوە هەن، لەوانەش: گرفتی یاسایی، حكوومەتی هەرێم هیچ یاسایەكی تایبەت بە كۆمپانیا گشتییەكانی نییە، هەروەها كۆمپانیای تێكەڵ لێرە بوونی نییە و هاوبەشێكی گونجاو و لێهاتووش لە كەرتی تایبەت نییە، بۆ هاوبەشیكردنی پڕۆسەی پشكداری. هەروەها بارودۆخی دروستبوونی كێبڕكێ لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە كوردستان نییە، حكوومەتیش لە دروستكردنی پەیوەندی لە نێوانیاندا لاوازە. لەبەر ئەم هۆكارانە، هاوبەشی لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە ئێستادا بوونی نییە. بەڵام كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەتوانن هاوبەشی و شەراكەت لە نێوان خۆیاندا دروست بكەن، واتا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەتوانن خۆیان لە نێوان خۆیاندا كۆمپانیای پشكداری دروست بكەن، بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەم ئەركانەی باس كران.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێ ئەوەیە: ئایا توانای گەیشتن بە قۆناغێكی پێشكەوتووی ڕێكخستنی شەراكەتی (PPP) هەیە، بەجۆرێك كە فەرمانگەكانی دەوڵەت ڕۆڵی چاودێری بگێڕن لەسەر ئەو لایەنانەی خزمەتگوزارییەكانی سەرەوە پێشكەش دەكەن و ڕێكیان بخەن بەئامانجی پەرەپێدانی ئەم خزمەتگوزارییانە لە كوردستان؟ ساحێبقڕان ئاماژەی بەوەدا كە دەكرێ وەڵامەكە بە بەڵێ بێت، بەڵام دوای ئەوەی چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی چاككردن و ڕێكخستنی شەراكەت تەواو دەبێت، یان بەلایەنی كەمەوە پێدەگات و توانای ئەوەی دەبێت گرێبەستی هاوبەشیكردن بە هەموو جۆرە جیاوازییەكانییەوە مۆر بكرێت، بەتایبەتیش گرێبەستەكانی موڵكداریی درێژخایەن و گرێبەستەكانی ئیمتیازات، لەوانەش گرێبەستەكانی (BOT)، (بیناسازی و كارپێكردن و ڕادەستكردن Build Operate &Transfer) و هاوشێوەكانی.
هەموو ئەمانە بەرەو پرسیارێكی گرنگمان دەبەن لەبارەی توانای گواستنەوەی مەترسییەكانی ئەم خزمەتگوزارییانە لە ئایندەدا، كە ڕەنگە بتوانرێ بەشێوەیەكی باشتر لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە ببرێن، دوور لە حكوومەت لە ڕێگای تایبەتێتی و هاوبەشیكردن؟ ڕەنج جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە ئێستادا ئاستی كەرتی تایبەتی نیشتمانی، توانای ئەوەی نییە ئەم ئەركە وەكو پێویست بەڕێوە ببات، هەروەها یاسای پێویستیش لەمبارەیەوە نین، چالاكییەكانی كەرتی تایبەت تائێستاش تەنیا لە چوارچێوەی بازرگانیی گشتی و سادە و پەیوەندییە گشتییە سنووردارەكان و بەڵێندەرایەتیدا ماوەتەوە. لەڕووی توانای تایبەتیكردنیش لە ئێستادا، بابەتەكە لەڕووی بنەما و پاڵپشتی یاساییەوە لە هەرێمی كوردستان هەژارە و هەروەها پاڵپشتی گشتی پڕۆسەكانی تایبەتیكردنیش كەمە، هەروەها لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە، چالاكی و بنەماكانی تایبەتێتی خوازراو نییە و لاوازە.
لە كۆتاییدا سەبارەت بەوە پرسیارمان كرد كە چۆن دەتوانین وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆمان ڕابكێشین، بەجۆرێك ئەم وەبەرهێنانە بیانییە پەرە بەم جۆرە خزمەتگوزارییانە بدەن، هەروەها چۆن دەرفەتێكی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ یارمەتیی دارایی بازاڕی ناوەخۆ و دامەزراوە داراییەكانی ناوەخۆ؟ ڕەنج ساحێبقڕان گوتی: دەبێ دان بەوەدا بنێین كە زۆر پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی بابەتیی (Self-Assesment) ئەو پڕۆسەی وەبەرهێنانە هەیە كە ئێستا لە كوردستان هەیە، لەڕووی خزمەتگوزارییەكان و لەڕووی پێناسە و ناساندن و دیاریكردنی بنەما سەرەكییەكان و چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەكان (Pillars)، دەبێ بەر لە هەموو شتێكیش لە بنەما و چوارچێوە یاساییەكانی ئەم دامەزراوانەوە دەست پێ بكات، پاشان بنەمای جێبەجێكردن و دواجاریش لە ڕێگای چاودێری و وردبینییەوە بەدواداچوونی بۆ بكرێت، بەمەبەستی بەدیهێنانی شەفافییەت و دەستپاكی و دادوەری و پاراستنی ئابووری، ئینجا بڕیاردان لەسەر لایەنی زانستی و یاسایی بەشێوەیەكی دیراسەكراو لەبارەی خواستنی وەبەرهێنانی بیانی لە ڕێگای شەراكەت یان وەبەرهێنانی تایبەت، یاخود تایبەتێتیكردن.