قۆناغی هەستانەوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان

قۆناغی هەستانەوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان




2019-10-08 19:00:19


پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر نەرمین مەعروف شارەزا لەبواری ئابووری نێودەوڵەتی و دامەزراوەی بانكی و دراو لە زانكۆی سلێمانی:  بوژانەوەی بازرگانی بەستراوەتەوە بە دۆخی سەقامگیریی و گۆڕانكاری لە هەیكەل و سیستەمی ئابووری كوردستانەوە

تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان هەر لەساڵی 2012 وە تا بڕینی بودجەی كوردستان و پرۆسەی ریفراندەم و دواتر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان، هەمووی كۆمەڵە شوێنەوارێكی سەختی لەسەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان و دۆخی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دروست كردووە، لەعێراقی دوای رووخانی رژێمی سەدام وڵاتێكی هاوبەشی نێوان عەرەب و كورد دروست نەبووە، هەربۆیە هەرچی بڕیار و رەفتار هەیە مۆركێكی سیاسی بەسەریدا زاڵە و زیانی كوشندەی بە واقیعی ئابووری و گەشەی وڵاتەكە گەیاندووە؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی پەیوەندار بە چارەسەركردنی دۆخەكە و قۆناغی هەستانەوە گۆڤاری سامان ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر نەرمین مەعروف راگری كۆلێژی بازرگانی لەزانكۆی سلێمانی و شارەزا لەبواری ئابووری نێودەوڵەتی و دامەزراوەی بانكی و دراو ئەنجامدا .

گفتوگۆ: گۆڤاری سامان

  • عێراق و هەرێمی كوردستان گەرچی ئابوورییەكەیان بەدۆخێكی سروشتی دروست نەبووەو لەدامەزراندنی حكومەتی عێراقەوە سەقامگیری و ئارامی بەخۆیانەوە نەبینیوە و، بەبەردەوام ململانێ لەنێوان مەركەز و هەرێمدا رووی داوە، ئەم دۆخە لە سەر هەرێمی كوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا سەخت تر بووەتەوە بەو پێیەی رووبەرووی كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەوە، كە بەهۆی هاتنی داعش و دابەزینی بەهای نرخی نەوت و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە روویاندا، وەكو شارەزایەك لەپەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان دا پێت وانییە لەعێراقدا بەبەردەوام ئابووری بووەتە قوربانی لایەنی سیاسی، تەنانەت چارەسەرەكانیش زیاتر سیاسین نەك ئابووری هەربۆیە لەبازنەیەكی داخراودا قەیرانەكان ماونەتەوە؟
  • منیش پێم وایە ئەم دۆخەی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە نوێ نییە و كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و ئابووری ساڵانی پێشووی بەسەریدا زاڵە، كە بێ خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخەو هۆكارەكانی زەحمەتە بتوانرێت شرۆڤەیەكی ئابوورییانەی وای بۆ بكرێت، كە هەموو ووردەكارییەكان و نهێنیەكان لە خۆبگرێت، چونكە بواری ئابووری و سێكتەرە جیاجیاكانی بەبەردەوام قوربانی سیاسەتی هەڵەو شەڕو نائارامی و دۆخە ناسەقامگیرەكە بووەتەوە، بەڕادەیەك سیاسەت بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی ئاراستەی ئابووری كردووە، هەربۆیە هەرگیز عێراق خاوەنی پلانێكی سەرتاپاگیری پەرەپێدانی ئابووری نەبووە، ئەوەی هەشبووە مەرەكەبی سەر كاغەز بووەو لەرووی پراكتیكییەوە جێبەجێ نەكراوە. هەرچۆنێك بێت لێرەدا بوار نییە بخزێینە ناو لاپەرەكانی مێژووی 100 ساڵەی دامەزراندنی حكومەتی عێراقەوە بەقەد ئەوەی مەبەستمانە باسی ئەم سێ ساڵەی رابردوو لەگەڵ ئێستادا بكەین، راستە دابەزینی بەهای نەوت بۆ كەمترین ئاستی و شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان و دواتر ململانێیەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێمدا دۆخەكەی سەخت تر كردووە، بەتایبەتی لە وڵاتێكدا كە سەرچاوەی داهات و پارەی بۆ بودجە و خەرجییەكانی لە داهاتی نەوتە، بەڵام خۆ لەبەرامبەردا دەبێت پلانی خێراو كتوبڕمان بۆ دۆخەكە هەبێت یاخود هونەرو بەڕێوەبردنی قەیران و وەرچەرخانمان لە قەیرانەكان هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو قەیران و گرفتانەی كەوتەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵەوەیە هەربۆیە چارەسەرەكان زۆر زەحمەت بوو، بەڕادەیەك تا دێت پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند خراپتر دەبێت، هەندێك جار هێوربوونەوەو دیالۆك و دانوستان و لێكتێگەیشتن بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لەبەر بوونی عەقڵیەتی سیاسی هەرگیز متمانە بەبەردەوامبوونی ئەم بێدەنگییە نییە، ئەوەتا بۆ نموونە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق تاكڕەوانە بەبڕیارێكی سیاسی دەدرێت و دواتر كاتێك دەگەڕێتەوە بەكۆمەڵێك پێشێلكاریی دەستووری و یاساییەوە دادەڕێژرێتەوە، تەنانەت چارەسەرەكانیش بەستراونەتەوە بەكۆمەڵێك مەرجی سیاسی و دەستكەوتی حزبی و مەزهەبییەوە.
  •  حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو بژاردەی لەبەردەمدا بوو؛ یەكەمیان بەدەستهێنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ و هەنگاو نان بەرەو دامەزراندنی قەوارەیەكی سەربەخۆ كە خۆی لەدەوڵەتی كوردستاندا دەبینییەوە، بژارەی دووەمیش گەڕانەوە بوو بۆ بەغداو هەوڵدان بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكان لەچوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا، ئەوەبوو لە بژارەی یەكەمدا رووبەرووی گەمارۆو هەڕەشەو كۆمەڵێك بڕیاری توندی دژ بەگەلی كوردستان بووینەوەو دواتر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری لێكەوتەوە، ئێستاكەش هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەنجامدانی دانوستانەكانە لەنێوان هەولێرو بەغدا بەو ئومێدەی ئەمجارە بەمیانگیریی نێودەوڵەتی ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە، بەڵام هەروەكو باست كرد ئەم رێگەیەش ئاسان نییە و كۆمەڵێك كێشەو گرفت تێدە بەردەممان؛ دەكرێت بزانین گرنگترین كێشەو گرفتەكانی بەردەم گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا چی یە؟
  •  لەوڵاتێكدا سیاسەت زاڵ بێت بەسەر ئابووری دا هەموو بڕیارێكی تاكڕەوانەو نابەجێ دەدرێت، زۆرجار بڕیارە راستەكانیش مەبەستێكی خراپی لە پشتەوەیە، ئەوەتا هەمووان ئاگاداربوون كە چۆن بودجەی 2018 ی عێراق داڕێژراو پێشێلكارییەكانی دەستەواژەی هەرێمی كوردستان و بەشە بودجەی لە 17%ی كوردستان و خەرجییە سیادییەكان و دەیان بابەتی تری سەرپێچی دەرهەق بەهەرێمی كوردستان لەناو ئەو پرۆژەیە جێگای كراوەتەوە، پێشتریش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی دەفرۆشت نەیتوانی ببێتە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزو سەرچاوەكانی داهاتی لە ناردنە دەرەوەی نەوت و یەك سەرچاوەدا بچووك كردەوە، هەربۆیە بەبەردەوام ئەو كاتیش رووبەرووی كۆمەڵێك قەیران بووەوەو خەرجییەكانی حكومەت بەڕادەیەكی بەرچاو كەمی كردوو خەرجی وەبەرهێنانی بەشێوەیەكی تەواو راوەستاو خەرجی بەگەڕخستنیش پشكی سەرەكی بەركەوت بەتایبەتی لە قەیرانی پاشەكەوتی بەزۆرە ملێی موچەی فەرمانبەرانی حكومەت بەروونی دەركەوت، كە بووەهۆی كەمبوونەوەی هێزی كڕین و خواست لەبازاڕدا و ئاكامەكانی بەروونی لە سستبوونی كەرتی تایبەتدا دەركەوت و كرێ و نرخەكانی كرێكاران و فەرمانبەرانی ئەم كەرتە زۆر كەم بووەوەو بێكاری لەهەرێمەكەدا سەریهەڵدا، چونكە ئەو پارەیەی كە لەبازاڕدا مامەڵەی پێوەدەكرێت زۆر كەمبۆتەوەو كاریگەریی لەسەر سەرجەم مامەڵەكان و ناو هەەموو جومگەكانی ئابووری هەرێمی كوردستان هەیە. كەواتە گەورەترین ئاستەنگ و گرفت كە دێتە بەردەم گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندی ئەوەیە كات لەبەرژەوەندی كوردستاندا نییە، چونكە لێرە قەیرانێكی سەخت هەیە و زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەكانی كەرتی گشتی و تایبەت راوەستاوە و تا دێت ئاستەنگەكانی بەردەم راوەستان و سستبوونی بازاڕو كار زیاتر دەبێت و قەیرانێكی سەرتاسەری لەكوردستاندا دروست بووە.
  • بڕینی بودجە و گەمارۆی ئاسمانی و زۆربەی دەروازە سنوورییەكان زیانی گەورەی لە ئابووری كوردستان داوە؛ كەرتی تایبەت و بازرگانیش لەم زیانانە بەدوور نین چەندین كۆمپانیاو پیشە مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند؛ ئەمە جگە لەوەی هەوڵەكانی گەشەكردنی سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری لەبەردەم هەڕەشەیەكی جیدین، رەنگە قەیرانەكەی كەرتی تایبەت گورزێكی جەركبڕی تر بێت لەبەرئەوەی ژمارەی كاسبكاران و پیشەوەران و بازرگانان و كرێكارو فەرمانبەرو جوتیاران و كارمەندانی  میوانخانەكان و مۆڵەكان زۆر زیاتر بن لەژمارەی فەرمانبەران، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەوەی داڕمانی ئەم كەرتە راگیرێت و بەدەردی كەرتی گشتی نەچێت؟
  •  هەرێمی كوردستان جگە لەوەی خاوەنی كۆمەڵێك دەروازەی سنوورییەو دوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەیە، هاوكات قەبارەی مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ وڵاتانی توركیاو ئێران و سوریاو عێراق بەرزە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئەم مامەڵەیە ناهاوسەنگییەكی بازرگانی تێدایە زیاتر هێنراو لەخۆدەگرێت نەك هەناردەكردن، تەنیا هەناردەیەكی نەوتی خاو بوو كە ئەویش لەژێر كاریگەری هەڵبەزوو دابەزی نرخ و هەڕەشەكانی رێگاگرتن لە فرۆشتنی ناتوانرێت وەكو داهاتێكی بەردەوام پشتی بێ ببەسترێت. ئەمەش واقیعێكی وای خوڵقاندووە لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی زیاتر وڵاتانی تر سوودمەند بوون و قازانجی زیاتری بۆ ئەوانە ، رەنگە هەر ئەمەش هۆكارێك بوو كە بەتەواوەتی دەروازە سنوورییەكانیان دانەخست چونكە لە كاتی سەپاندنی گەماڕۆدا ئەوەنیش زیانێكی گەورەیان بەردەكەوێت لەكاتێكدا ناوچە سنوورییەكانیان لەبارودۆخێكی ئابووری و بژێوی ژیانی باش دا نین، هەربۆیە هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆكان زیاتر پروپاگەندەی راگەیاندن بوو، ئەمەش بەو مانایە نایەت كە لەئابووری دا دەستبەرداری بەدەستهێنانی بەرهەمهێنان و پاراستنی ئاسایشی خۆراكی و پیشەسازی بین و بەتەواوەتی بكەوینە ژێر رەحمەتی ئابووری و هەژموونی سیاسەتی ئەو وڵاتانەوە، كە ئابووری بەكار دەهێنن بۆ مەرامی سیاسی ، هەرچۆنێك بێت من دڵنیام لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و كوردستان و بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و كۆتایهاتنی داعش وەكو هێزێكی سەربازی دۆخەكە باشتر دەبێت، ئەمەش هەمووی بەستراوەتەوە بە گۆڕانكاریی لە هەیكەلی ئابووری كوردستان و عێراق و بوونی سەقامگیری و هەنگاونان بەرەو نەهێشتنی گەندەڵی و دووبارە رێكخستنەوەی سیستمی وەبەرهێنان.
  • چی بكرێت بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازی بەتایبەتی كەرتی پیشەسازی پێترۆڵی بەرەو پێشەوە ببرێت و پاڵپشتیەكیش بێت بۆ هاوسەنگكردنی تەرازووی بازرگانی و بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری كوردستان؟
  •  لەماوەی ساڵانی رابردوو بەبەردەوام شارەزایانی ئابووری پرۆژەو پێشنیاری داڕشتنەوەی پلانی ئابوورییان هەبووە ، بەتایبەتی بۆ پەرەپێدانی هەردوو بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی كە ئاستی بەرهەمهێنان لەهەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی هاتنی رێژەی لە 17% ی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق و دواتر بەرزبوونەوەی بەهای نەوتی خاو و نەبوونی حكومەتێكی تەكنۆكرات و پرۆڤیشناڵانە ئەمانە هەمووی وایكردووە پلانی ئابووری و ستراتیژییەتی بەرهەمهێنان پەراوێز بخرێت. لە ئێستادا پێویستە هەنگاوەكان بەرەو ئەوە بڕوات گرنگی بەپەرەپێدانی پیشەسازی نەوت بدەین بەتایبەتی لەلایەن كۆمپانیاو كەرتی تایبەت، چونكە گەرچی ئەم دۆخەی سێ ساڵە تووشی هەرێمی كوردستان بووەو قەیرانی نەمانی سیولەو دواتر دووچاری قەیرانی ئابووری كردین خۆی لەخۆیدا هاندەرێكە بۆ ئەوەی چیتر بەو رێبازە ئابوورییە هەڵەیە نەڕۆین ، ئەمە شۆكێك بوو بۆ ئەوەی بەرپرسانی پەیوەنداری ئابووری هەرێمی كوردستان لەوە تێبگەن كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا كار بۆ ئاسایشی خۆراكی و ئاسایشی نەتەوەیی نەكراوە كە بەبنەمای گەیشتن بەرەو ئابوورییەكی سەربەخۆ دادەنرێت، پێویستە لەداهاتوودا بەجیددی كار لەسەر ئەم بابەتە بكرێت بەتایبەتی لەو سێكتەرو كەرتانەی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندێتی هەیە و توانای كێبركێكردنی لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەرو جیهاندا هەیە وەكو پیشەسازی خۆراكی و پیشەسازی نەوتی و پێترۆكیمیاوی و چەندین بواری تر، چونكە لەم بوارانەدا ژینگەی هەرێمی كوردستان و سامانی سەرخاك و ژێرخاكی دەوڵەمەندە بەسەرچاوە سروشتیەكان. پێویستە یەكەمجار بەم كەرتانە دەست پێ بكەین كە خەرجییەكی كەمی دەوێت و ژینگەو پێگەی جوگرافیامان لەبارە بۆ پێشكەوتنی و تەنانەت لەدوای سێكتەری نەوت كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری بەپلەی دووەم دێن بۆ دەستەبەركردنی سیولەی نەختینەیی و بەگەڕخستنی ژمارەیەكی زۆری هێزی كار. ئەوەی زیاتر هاندەریشە بۆ پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی و گەشتیاری بوونی كلتوورێكی لێبووردەیی و پێكەوەژیانە كە ژینگەیەكی وای خوڵقاندووە گەلی كوردستان گەلێكی مرۆڤ دۆست بێت و رێز لە میوان و پێشوازیكردنی گەشتیارانی هەبێت و جۆرە ئازادی و دیموكراسییەك هەبێت ئەگەر بەراوردی بكەین بە ژینگەی كلتووری وڵاتانی ناوچەكە بەگشتی.
  • كەواتە بۆ پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی نابێت تەنیا پشت بە كەرتی نەوت ببەستین كە بەستراوەتەوە بە كۆمەڵێك بنەمای سیاسی و هەڵبەزوو دابەزی نرخی نەوت و نەبوونی رێگای دەریایی و تەنانەت ئاستەنگی دەستووری و یاسایی لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە؟
  •  بەڵێ بەشێوەیەكی گشتی گرفتی ئەم ناوچەیە لەوەدایە كە جوگرافیای هەرێمی كوردستان كەوتۆتە چەقی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەو ناوچەیەی بە پێگەیەكی نائارام و بوونی ململانێی جۆراوجۆری نەتەوەیی و مەزهەبی و مێژوویی دادەنرێتن واتا بەبەردەوام ژینگەیەكی نائارام و ناسەقامگیر لەم ناوچەیەدا هەیە، هەربۆیە نابێت بازرگانی ناوخۆ بەتایبەتی لەبواری بەرهەمە ناوخۆییەكاندا فەرامۆش بكەین، بازاڕەكانی ناوخۆ پێویستە سوود لەبەرووبوومی پارێزگاكانی كوردستان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان وەربگرن بە پلەی یەكەم، ئەم بەرووبوومانەش پێویستە روو لە پیشەسازی پێشكەوتوو بكەن لەرووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە واتا دەبێت مارگەو كوالێتیەكان هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا لە ئاست مارگەو كوالێتی بەرهەمەكانی وڵاتێكی وەكو توركیا بن كە هەنگاوی گەورەی لەبواری پیشەسازی خۆراكی ناوە، ئەمەش سوودی دەبێت بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی  و بەگەڕخستنی هێزی كار بەتایبەتی لەناو دەرچووانی زانكۆكانی كوردستاندا.
  • ئەگەر باسێكی وەبەرهێنان بكەین لای هەمووان ئاشكرایە ئەم بوارە ئەوەندەی رووی لە كەرتێكی عەقارات كرد ئەوەندە رووی لە كەرتی بەرهەمهێنان نەكرد بەهەردوو دیوی ( كشتوكاڵی و پیشەسازی) یەوە پێت وانییە كاتی ئەوە هاتووە بە سوود وەرگرتن لە ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان یاساو رێماییەكانی ئەم كەرتە هەموار بكرێتەوەو گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا بێت؟
  • بەهۆی زۆری قازانجكردن و خێرایی بەدەستهێنانی قازانجەكە لەكەرتی بیناسازی زۆربەی وەبەرهێنانەكانمان رووی لەكەرتێكی بیناسازی ئاسۆیی كرد، هەربۆیە زۆربەی سەرمایەو پارەكان روویان لەم سێكتەرە كرد، بەمەش كەرتەكانی بەرهەمهێنانیان پشتگوێخست ئەو كەرتەی خەرجی و شارەزایی و ماوەیەكی زۆری دەوێت تاوەكو مایەو قازانجەكانی بكاتەوە دەستت، تەنانەت ئەم شێوازە بیاو خانووبەرەیە بەشێوەی ئاسۆیی وایكرد رووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵی بەفیڕۆ بدرێت و بگرە كێشەی نیشتەجێبوونیشی چارەسەر نەكردوو سەرمایەدارانی ئەم بوارەو كۆمپانیاكانی خانووبەرەو قازانجێكی زۆریان كرد، بەڕادەیەك نرخی خانووبەرە لە شاروشارۆجگەكانی كوردستان رووی لە نرخێكی ناسروشتی كردبوو، ئەمەش سەرنجی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانیشی راكێشابوو بۆ كاركردن لەم كەرتە، هەربۆیە منیش لەگەڵ راوبۆچوونەكەی ئێوەم پێویستە یاساكانی وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوەو لەمەشدا سوود لە پیشەسازیكاران و نوێنەرانی ئەم توێژە وەربگیرێت، بەتایبەتی لەم دۆخەی كە ئێستا رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێویستە دەستەی وەبەرهێنان بەهاوكاری ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی و ئابووریناسان و نوێنەرانی وەبەرهێنان و بوارە پەیوەندارەكانی تر پلانێكی كورتخایەن و مامناوەندو درێژخایەنی هەبێت بۆ هەڵسانەوەی كەرتی بەرهەمهێنان لەهەرێمی كوردستان، بەبۆچوونی من ئەمە رۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە گۆڕینی هەیكەلی ئابووری كوردستان و هەڵسانەوەی ئابووری بەتایبەتی ئەگەر ئێمە روو لە پیشەسازی پێترۆكیمیاویی و كانزاكاریی بكەین، چونكە وڵاتانی تازە پێشكەوتوو لە رێگەی ئەم بوارە گۆڕانكاریی ریشەییان لە ئابووری وڵاتەكەیان كردووە ، تۆ بڕوانە وڵاتی توركیا پێش چەند ساڵ لەمەوبەر جگە لە كەرتی گەشتوگوزاری و تاڕادەیەكیش بازرگانی توانای بەرهەمهێنانی پێترۆكیمیاویی و كانزاكاریی و پیشەسازییەكانی تری نەبووە كەچی ئێستا یەكێكە لە وڵاتە پیشەسازییە نوێیەكەی جیهان كە وەبەرهێنانی زۆریان كردووە لەبواری پیشەسازی ، ئەگەر كوردستانیش لەم بوارەدا بەهەمان شێوە وەبەرهێنان لەكەرتی پیشەسازی بكات شوێنەوارەكانی كەمی سیولەی نەختینەیی و قەیرانی دارایی و ئابووری ئەو كاریگەرییەی لەسەر ئابووری هەرێم و باری بژێوی ژیانی هاوڵاتیان نامێنێت.