گەشەپێدانی پیشەسازی لە كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ ئاراس ڕەووف، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی

گەشەپێدانی پیشەسازی لە كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ ئاراس ڕەووف، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی




2019-10-08 18:54:46


سامان
بەڕێز ئاراس ڕەووف، دەرچووی ساڵی (1980-1981)ی زانكۆی سلێمانییە، لە ساڵی (1982) لە چەند پۆست و پلەیەكی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی كاری كردووە، ئێستا بەڕێوەبەری گشتییە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
سەرەتای گفتوگۆكەمان لەگەڵ بەڕێز ئاراس ڕەووف بەم پرسیارە دەستیپێكرد: ئایا سیاسەتێكی دیاریكراوی پیشەسازیی ناوەخۆ لە كوردستان هەیە؟ ئەو بە "بەڵێ" وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە و گوتی: ئێمە لە وەزارەت سیاسەتی درێژخایەن و سیاسەتی كورتخایەنمان هەیە، وەزارەت پشت بەو داتایانە دەبەستێت كە لەمیانەی پڕۆسەی ڕووپێوەكان كۆكراونەتەوە. لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم داتایانە هیچ هێما و ئاماژەیەك دەبەخشن، ئەو گوتی: ڕەنگە هەندێ ئاماژە ببەخشن. لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا بۆچی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، توانای كێبڕكێی لەگەڵ ئەو بەرهەمە پیشەسازییانە نییە كە هاوردە دەكرێن، گوتی: حكوومەت زۆر كەم پاڵپشتی كەرتی پیشەسازی دەكات، هەروەها كەموكووڕییەكی زۆر هەیە لە بواری دانانی یاسا و ڕێسای پاڵپشت بۆ بەرهەمەكانی ناوەخۆ، هەروەها ناوچەی تایبەتی پیشەسازیمان نییە و پێشینەیەكی پەیوەست بەمەشمان نییە، مادەی خاوی پیشەسازیمان وەكو پێویست نییە و تەملیككردنی زەوی و دابینكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ ئەم كارە زەحمەتە.
پاشان باسی توانای كێبڕكێكردنمان كرد، كە پشت بە چەند هۆكارێك دەبەستێت، لەوانەش: كوالێتی و نرخ و برەوپێدان و بەبازاڕكردن و لێهاتوویی بەرهەمهێنان و تەكنەلۆژیا و توانای هونەری و پیشەییبوونی كارمەندان.. ئایا چۆن دەتوانرێ پەرە بە كەرتی پیشەسازی بدرێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە؟ بەڕێز ئاراس ئەوەی ڕاگەیاند كە كارەكە بە پلەی یەكەم هەمووی پەیوەندی بە هەبوونی ئیرادەی سیاسییەوە هەیە بۆ پاراستنی بەرهەمەكانی ناوەخۆ، پاشان كار بۆ لابردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانە بكرێت كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم پێشكەوتنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێم. بێگومان ئەمەش پێویستی بە پلاندانان و ڕووبەڕووبوونەوەی كۆسپەكان و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان هەیە.
لەبارەی ئەو كۆسپانەی ڕووبەڕووی كەرتی گشتیی پیشەسازی لە كوردستان دەبنەوە، بەڕێز ئاراس جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لەڕووی كادیری شارەزا و لێهاتوو و بەڕێوەبردنی مۆدێرن كەمووكووڕییمان هەیە، ئەمەش بە گشتی ڕێگرە لەبەردەم نوێبوونەوەی گەشەی پیشەسازی. دووپاتیشیكردەوە كە تێچووی بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان بەرزە، ئەمەش بەهۆی زۆریی كرێكاری ناپێویست و كەمی ئەو كاتژمێرانەیە، كە كرێكاری ناوەخۆ بەتەواوی كاری تێدا دەكات، بە بەراورد بە كاتژمێرەكانی كاركردن لە وڵاتانی جیهانی.
لەمیانەی باسی گرفتەكانی كەرتی تایبەتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، ئاراس ڕەووف ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لە گەورەترین گرفتەكان ئەوەیە، پڕۆژەكان خانەوادەیی و بچووكن و جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان موڵكداری و كارگێڕییدا نییە، لە بواری ئەكادیمیشدا، زانكۆكان بە هەردوو جۆری حكوومی و ئەهلی، ڕۆڵێكی ڕوون و دیاریان نییە، لە گرنگیدانی ڕاستەقینە بەلایەنی توێژینەوەی زانستی و چاودێری توانا و عەقڵە زانستییەكان لە بواری پێشكەوتنی پیشەسازیی ناوەخۆ. هەروەها كاری دەزگای ناوەندیی پێوانەكردن و كۆنتڕۆڵی جۆری چاڵاك نەكراوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی چاودێریی تەواوی لە پڕۆسەی هاوردەكردندا هەبێت.
دواتر باسی لایەنی یاساییمان كرد، ئایا كاتی ئەوە هاتووە یاسای نوێ دابنرێ و یاسا كۆن و لادراوەكان و یاساكانی تایبەت بە كەرتی پیشەسازی كاریان لەسەر بكرێت؟ بەڕێز ئاراس ئاماژەی بەوەدا، كە بەر لە هەموو شتێك پێویستمان بە یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی هەیە، ئەمەش بۆ ڕزگاربوون لە خراپییەكانی یاساكانی پێشوو و یاسا كۆنەكان، كە بۆ ساڵی (1991) دەگەڕێنەوە و بۆ پێویستییەكانی كەرتی پیشەسازیی نوێ و مۆدێرن گونجاو نین. جەختیشی لەسەر گرنگیی هاوبەشیپێكردنی كەرتی تایبەت لە ئامادەكردنی یاسا نوێیەكانی پیشەسازی لە كوردستان كردەوە، ئەمەش بۆ هاندانی گیانی بەرپرسیارێتی و بۆ هەستكردن بە كاریگەری و دەرفەتەكانی ئەم كەرتە گرنگە.
پاشان گفتوگۆمان لەبارەی پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەرتەدا، وەكو هاوبەشێكی ڕاستەقینە كرد، نەك وەكو كێبڕكێكار، بەتایبەتیش لە بوارێكی زیندووی وەكو پیشەسازی، بەڕێز ئاراس باسی ئەزموونی وڵاتانی كرد، لەبارەی چەمكی هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت (Public-Private Partnership)، ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێكردنی ئەم تێگەیشتنە لە هەرێم كرد، بۆ هاندانی پڕۆسەی بازاڕی كراوە لە قۆناغی كێبڕكێی ڕێكخراو و سوودوەرگرتن لە تواناكانی كەرتی گشتی، بۆ پڕۆسەی گەشەكردنی پیشەسازییەكانی ناوەخۆ، بەڵكو بۆ شكاندنی بەربەستە دەروونییەكانی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتیش، كە بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەری لەسەر تێكڕای پڕۆسەی گەشەكردنی پیشەسازی لە كوردستان هەیە.
لە كۆتاییدا "سامان" پرسیارێكی تایبەت بەو خزمەتگوزارییانەی كرد، كە بانكە عێراقی و بانكەكانی ناوەخۆ پێشكەشی دەكەن، ئایا لەڕووی جۆر و چەندێتی و ڕێوشوێنەكانی كاركردن و شێواز و خێرایی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، لەگەڵ پێشكەوتنی ئابووریی ناوەخۆ گونجاون؟ ئاراس ڕەووف جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كێشە لە كاری ئەم دامەزراوە بانكییانە و تێكڕای پڕۆسەی گەشەی پیشەسازی لە هەرێم هەیە، چونكە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە شێوازی نوێی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخ و پێداویستییەكانی كەرتی پیشەسازی نیشتیمانی و گرنگیی كاركردنی ئەم دامەزراوانە و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان هەیە، ئەمەش بە پاڵپشتی دارایی پێویست و پێدانی قەرزی پیشەسازی، كە لە وڵاتانی جیهان هەیە، بەتایبەتیش ئەو قەرزانەی ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی پیشەسازی دەكەن لە قۆناغی سەرەتایی، تا دەگاتە قۆناغەكانی پەرەپێدان و بەردەوامی.