چارەنووسی كارە دەستییەكان لە شاری دهۆك گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولڕەزاق گەرماڤی

چارەنووسی كارە دەستییەكان لە شاری دهۆك گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولڕەزاق گەرماڤی




2019-10-08 18:51:29


سامان

بەڕێز عەبدولڕەزاق گەرماڤی، یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی شاری دهۆك، كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە لە بازاڕە كلاسیكییەكانی ئەم شارە كار دەكات و سەروكاری زۆری لەگەڵ كەلەپووری میللی ناوچەكە و پیشەگەری و كارە دەستییەكان هەیە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەڕێز عەبدولڕەزاق كە تا ئێستاش ئاگاداری بازاڕەكانە، باسی كارە دەستییەكانمان كرد و پرسیاری ئەوەمان كرد كە ئەم پیشە و كارانە چۆن لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە گواستراونەتەوە؟ بەڕێز عەبدولڕەزاق، ئاماژەی بەوەدا كە پێداویستییەكانی ناوەخۆ، بووەتەهۆی گەشەكردنی زۆربەی ئەم كارە دەستییانەی لە شاری دهۆك و دەوربەریدا بەناوبانگن. بۆ نموونە دوورینی جلوبەرگی كلاسیكی كوردی پیاوان (شال و شەپك) لە ناوچەی بادینان و لە شاری دهۆك و دەوروبەری، كە پشت بە خووری بزنە كێوی دەبەستێت، یان ئەوەی بە (مەرەزی بزن) دەناسرێت، پێشتر و ئێستاش تاڕادەیەك، پشت بەو خوورییە سرووشتییە دەبەستێت، كە بە دەست دەهۆنرێتەوە و پاشان بە ئامێر دەچنرێت. لەگەڵ بەدیاركەوتنی كارگەكانی ڕستن و چنین، چ لە شێوەی ئینگلیزییەكەی، یان ئەوەی بە مەسڵاوی دەناسرێت، وردە وردە ئەم كارە دەستییانە كەم بوونەتەوە.

سەبارەت بە جلوبەرگی ئافرەتانیش، لە بادینان ئافرەتان ئەو جلوبەرگە دەپۆشن كە بە فیستان و ژێركەشەی بە بن فستان ناسراوە، زیاتریش لەو قوماشە دروست دەكرێت كە بە مانتۆڤ ناسراوە، هەمیشە ئافرەتی خانەوادە دەوڵەمەندەكانیش، ئەو جلە لەبەردەكەن كە پێی دەگوترێت (كراس كرتك). لەگەڵ ئەمەشدا لە ژێر فشاری تەكنەلۆژیای نوێ و شەپۆڵەكانی مۆدێلكاری نوێ، دوورینی كلاسیكی لە پاشەكشەدایە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم كارە دەستییانە تا چەند پەیوەستن بە ئابوورییە كلاسیكییەكانی وەكو كشتوكاڵ و شوانكارەیی.. هەروەها چەندە گرنگن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە ڕۆژانەییەكانی كۆمەڵگای جووتیاری؟ كاك عەبدولڕەزاق ئاماژەی بەوەدا كە ئەم پێداویستییانە، چ ئەوانەی لە كێڵگەكان بەكاردەهێنرێن، یان ئەوانەی لە ماڵان بەكاردەهێنرێن، لەلایەن شوێنی ئاسنگەرەكان، یان دارتاشخانە كلاسیكییەكانی دهۆكەوە دروست دەكران و بەزۆریش بە دەست دروست دەكران، ئەم كارانە سەرەتا لە لایەن برا ئاشوورییەكانمانەوە دروستكراون. كە لە گاسنی تەقلیدییەوە دەسپێدەكات تا دەگاتە جۆر و قەبارە جیاوازەكانی هێلەگ و بێژینگ، بەگوێرەی پێداویستی و بەكارهێنانیان.

خانووەكان پێویستیان بە دەرگا و پەنجەرە هەبوو، ئەوانیش لە داری پتەو دروست دەكران و دەڕازێنرانەوە. زۆربەی كەرەستەكانی چێشتخانەش لە دار یان لە گڵ دروست دەكران و هۆزە گەڕۆكەكانی (هؤستا مةكرانى) بە دروستكردنی ئەم كەلوپەلانە بەناوبانگ بوون. هەروەها پیشەسازی دروستكردنی لانكی منداڵان، هونەرێكی بەربڵاو بوو، كە بە نەخش دەڕازێنرێتەوە و نەخشەكان لەسەر دارەكە هەڵدەكۆڵدرێن.

لەبارەی چارەنووسی زۆربەی ئەم كارە دەستیانە، بەڕێز عەبدولڕەزاق گوتی: دارتاشی و ئاسنگەری بەشێوەی تەقلیدییەكەی وردە وردە بەرەو لەناوچوونە، هەروەها سەرەڕای مانەوەی بەرگدروویی تەقلیدی لە سەدەی ڕابردوو، بەڵام ئێستا ئەویش بەرەو لەناوچوونە، بەتایبەتیش دوورینی جلوبەرگی پیاوان، هەروەها زێڕینگەری و زیوگەرییش، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی زێڕ و زیوی هاوردەكراویان نەماوە. شاڵ و شەپكی ناوەخۆ لە ماوەكانی ڕابردوودا و تا ڕاپەڕینی (1991)، پشتی بە كڕینی مەرەزی بولغاری دەبەست. بەڵام زۆربەی كارە دەستییەكان، بەتایبەتیش ڕستن و چنین كە لە كوردستان دەیتوانی پێداویستی خانەوادەكان دابین بكات، ئێستا لەناوچوون.

پاشان پرسیمان: ئایا هەموو ئەوەی باس كرا، چ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی شوناسی كولتووریی نەتەوە هەیە و چارەسەرییەكان چین؟ بەڕێز عەبدولڕەزاق نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونە نێگەتیڤە لەسەر چارەنووسی شوناسی كولتووریی دانیشتوانی بادینان و كوردستان بە گشتی نیشان دا. ئاماژەی بەوەشدا كە ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت، بەڵام پێویستی بە هاوكاری نێوان حكوومەت و دانیشتوانی ناوەخۆ و هاریكاری نێودەوڵەتی هەیە. دەكرێت بشبێتە پڕۆژەیەكی پێشنیاركراو بۆ ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەمەبەستی پاراستنی كەلەپووری نەتەوەیەكی كۆن و خاوەن ڕەگوڕیشەی مێژوویی. دەتوانرێ ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو كارە بچووكانە پۆلێن بكرێت كە بەرەو لەناوچوونن و پێویستیان بە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ پاراستنی كولتوور و كەلەپوورەكەیان.

ئەمڕۆ ئێمە زۆر پێویستمان بە پەیمانگای تایبەتمەندی ئەو بوارە هەیە، بۆ زیندووكردنەوەی كەلەپووری میللی و پاشان ڕاهێنانی گەنجان و بەكارخستنیان، بەمەبەستی نەهێشتنی بێكاری. كولتوور و دابونەریتی گوند و لادێ و شارە بچووكەكانی كوردستان، كە خەڵكەكەی دەستوپەنجەیان بە كاركردن ڕاهاتووە، لە مەترسیدایە و كاتی ئەوە هاتووە كاری جیددی لەم بوارەدا بكرێت. با ئەوەش لەبیر نەكەین كە هەندێ لە گوندەكانی كوردستان، لە وەرزی زستان و بەفرباریندا، لە دنیا دادەبڕێن و ناتوانن هاتووچۆ بكەن، دانیشتوانی گوند و لادێكانمان خۆیان بۆ ئەم وەرزانە ئامادە دەكرد و خواردن و خواردنە وشكەكانیان خەزن دەكرد و لە گۆزەی گڵیین و گۆزەی لە دار  دروستكراو دەیانپاراست، تەنانەت بەشی پێویست داوودەرمانی گیایی وشك لە لایەن داپیرە و باپیرەی هەر خێزانێك هەڵدەگیرا و لە وەرزی زستان بۆ چارەسەری بەكاردەهێنرا. باپیرە و داپیرە چیڕۆكی خۆشیان بۆ منداڵانی خۆیان و دراوسێكانیش دەگێڕایەوە. هەموو ئەمانە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی خود بوو، لە گوندەكانی كوردستان، وەكو ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین: ئاسایشی خۆراك، بەڵام بەداخەوە لەدەستمان داوە.

لەبارەی پرسیارێكی سامان كە ئایا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم كەلەپوورە میللیەی كارە دەستییەكان دەكەوێتە ئەستۆی كێ..؟ ئایا كاتی ئەوە هاتووە سیاسەتی كۆچی پێچەوانە بۆ گوندەكان پیادە بكرێت؟ بەڕێز  عەبدولڕەزاق گوتی: بیرۆكەی بەخشینی مووچە بە هەموو هاووڵاتیان، لەوانەیە بە ڕوواڵەت كارێكی باش بێ، بەڵام لەڕووی پراكتیكییەوە كارێكی نالۆژیكییە و كاریگەری خراپی هەبووە لەسەر دروستكردنی ئەو كولتوورە ناسەربەخۆیەی عەقڵی گەنجەكانمانی داگیركردووە، باشترین كاریش ئەوەیە بە پڕۆژە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە، بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووری كلاسیكی لە كوردستان، ئەمەش لە ڕێگای گەشەپێدانی بەهرەكان و دەستی كاری شارەزای كار و پیشە دەستییەكان دەبێت، كە بێگومان كاریگەری دەبێت بۆ زیندووكردنەوەی بەدیلەكانی ئابووریی دوای نەوت.