چارەنووسی كاری دەستی لە شاری هەولێر گفتوگۆ لەگەڵ ئیبراهیم سۆفی

چارەنووسی كاری دەستی لە شاری هەولێر گفتوگۆ لەگەڵ ئیبراهیم سۆفی




2019-10-08 18:49:48


سامان
بەڕێز ئیبراهیم محەمەد كانەبی سۆفی، ڕۆڵەی خانەوادەیەكی دیارە لە بواری بازرگانی لە شاری هەولێر. بڕوانامەی بەكالۆریۆسی یاسای لە زانكۆی سەڵاحەین بەدەستهێناوە. لە تەمەنێكی بچووكەوە لەگەڵ باوكی تێكەڵی كاری بازرگانی بووە، لە ساڵی (1980) بە بازرگانی قوماش دەستی بە كار كردووە، پاشان لە ساڵی (1982) بووەتە خاوەنی كۆمەڵێك كارگە و كۆمپانیا و بووەتە یەكێك لە گەورەترین هاوردەكارانی قوماش لەسەر ئاستی كوردستان. لە ساڵی (1975) پەیوەندی بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرەوە كردووە و ساڵی (1989) بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕی ژوورەكە، دوو خول لەسەر یەك بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردراوەتەوە، ئێستا جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرە. خاوەنی دامەزراوەی (سۆفی گروپ)ە كە لە ئێستادا بووەتە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەكان و چەند بەشێكی جیاوازی لێ دەبێتەوە، لەوانەش: پڕۆژەی سۆفی گرین هاوس و سۆفی كرۆسری ماركێت.
لە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە و كراوەدا لەگەڵ بەڕێز ئیبراهیم سۆفی، هەوڵماندا ئەم دۆسییە گرنگ و هەستیارە بكەینەوە و بە پرسیارێك لەبارەی تایبەتمەندێتی پیشەگەری و كاری دەستی لە بازاڕە كلاسیكییەكانی شاری هەولێر دەستمان پێكرد.. ئایا ئەم پیشانە چۆن لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە گواستراونەتەوە؟ ئەو لەو وەڵامدا گوتی: كارە دەستییەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و ئەم پیشانە لە شاری هەولێر و دەوروبەری ڕایەڵەیەكی زیندووی پەیوەندی پیشەگەریی نێوان باوك و باپیر و نەوەكانی دواترن. هەروەها ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی كاری ئابووری و كۆمەڵایەتی خانەوادەیەكدا بووە. بەڵام بەدیاركەوتنی نەوت، وەكو یەكێك لە بەهێزترین ئەو داهاتانەی بەسەر بواری ئابووری ناوەخۆدا زاڵن، كەشوهەوای كاركردنی زۆر گۆڕی. لەلایەكی دیكە نەوەی نوێ زیاتر ئەوەیان لا پەسند بوو كە لە دامودەزگاكانی حكوومەت دابمەزرێن، چونكە كارێكی ئاسانە و داهاتەكەشی دڵنیا و پارێزراوە.
پرسیاری ئەوەمان كرد كە ئەم پیشە دەستییانە لە هەولێر تا چەند پەیوەستن بە ئابوورییە كلاسیكییەكانی وەكو كشتوكاڵ و شوانكارەیی.. هەروەها چەندە گرنگن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە ڕۆژانەییەكانی كۆمەڵگای ناوەخۆ؟ بەڕێز ئیبراهیم سۆفی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە تا ئێستاش كشتوكاڵ پێداویستییەكی ڕۆژانە و وەرزانەیە و پێویستی بەوەیە ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و گەنجینەكردنی گونجاوی بۆ دابین بكرێت، بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێویستییەكانی ژیانی كۆمەڵگا جووتیارییەكانی باب و باپیرانمان. زۆربەی پیشە دەستییەكانیش لە ئەنجامی پێداویستییەكانی ئابووری كشتوكاڵی و شوانكارەیی وڵاتەكەمان و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ڕۆژانەی خانەوادە و خێزانەكانەوە گەشەی كردووە و پێشكەوتووە. تێكدان و خاپووركردنی گوند و لادێكانی كۆمەڵگای ئێمە لە سەردەمەكانی پێشتر، كاریگەرییەكی خراپی لەسەر پیشە دەستییەكان هەبوو، بەتایبەتیش كە ئەمە هاوكات بووە لەگەڵ هاندان و شیرینكردنی كۆچكردن بۆ شارە بەكاربەرەكان و فڕكان فڕكانی نەوەی نوێ بۆ كاركردن لە دامودەزگاكانی حكوومەت، لەسەر حیسابی چارەنووسی ئەم پیشەگەری و كارە دەستییانە.
پاشان لەبارەی چارەنووسی پیشەگەرییەكانی وەكو دارتاشی و ئاسنگەری و بەرگدروویی و زێڕینگەری و ڕستن و چنین و نەخشكاری پرسیارمان كرد، كە ڕووبەڕووی تەحەددیاتەكانی تەكنەلۆژیای نوێ بوونەتەوە؟ ئیبراهیم سۆفی ئاماژەی بەوە كرد كە بەگشتی بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆ، زۆربەی كارە دەستییە كلاسیكییەكانی هەولێر، ڕووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە بوونەتەوە و دەبنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ نموونە پیشەیەكی وەكو بەرگدروویی تا ئێستاش لەسەر ئاستی هەندێ خانەوادە ماوە و تا ئێستاش خەڵكانێك هەن كە داوای دیزاینی جلوبەرگی كلاسیكی دەكەن، بەتایبەتیش بۆ جلوبەرگی ئافرەتان. هەروەها كاری ئاسنگەرییش ماوە، چونكە ئاسن لە بەدیلێكی وەكو ئەلەمنیۆم باشترە. هەروەك پیشەی دارتاشیش ماوە، بەڵام بێگومان بە ڕێژەیەكی كەمتر لەو ڕێژەیەی لە دەیەكانی شەستی سەدەی ڕابردوو هەبوو. كاری زێڕینگرییش لە هەولێر لە كاری زیوگەری بەربڵاوترە. بەڵام كارەكانی وەكو ڕستن و چنین تەنیا لە هەندێ گوندی دەوروبەری هەولێر ماون.
ئەگەر كارەكە بەمشێوەیە بێت وەكو ئەوەی بەڕێز ئیبراهیم سۆفی دەیڵێت، كەواتە ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی شوناسی كولتووریی نەتەوەیی هەیە و چارەسەرەكان چین؟ بەڕێز ئیبراهیم جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە هەولێر بارودۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی مانەوە و بەردەوامبوونی پیشەگەری و كارە دەستییەكان نییە، ئەویش هەروەكو باسمان كرد بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی پێویست لەلایەن حكوومەت و ئەو ڕێكخراوانەی پەیوەستن بە كەلەپووری نەتەوەییەوە. هەروەها بەهۆی نەبوونی بازاڕگەرییەكی گونجاو، چ لە پڕۆسەی كڕین و كۆكردنەوەی ئەم بەرهەمە دەستییانە و فرۆشتنەوەیان لە شوێن و مۆزەخانەی تایبەتمەند، یانیش لە ڕێگای تۆڕی ڕێكلامی بینراو و نووسراو.
بە گەڕانەوە بۆ پرسی كەلەپوور و شوناسی كولتووری دانیشتوانی كوردستان، سامان پرسیاری ئەوەی كرد كە تا چەند توانای زیندووكردنەوەی كولتوور و دابونەریتی گوند و لادێ و شارە بچووكەكان هەیە، لەكاتێكدا دەستوپەنجەی دانیشتوانی كوردستان بە كاركردن ڕاهاتووە و هەر دەبێ كار بكات، ئەمە چۆن دەبێ؟ ئیبراهیم سۆفی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بارودۆخی ئێستا و قەیرانی دارایی و گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤی ئابووری دوای نەوت. پاساوێكی بەهێزە بۆ دەستكردن بە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤی ئابووری، لەوانەش: كشتوكاڵ و پیشەسازییەكانی پەیوەست بە كاری كشتوكاڵی. پێش هەموو شتێكیش دەبێ گرنگی بە زیندووكردنەوە و پەرەپێدانی گوند و لادێكانی كوردستان بدرێت، كە دەبنە لانەی جێگیركردنی ژێرخانێكی گونجاوی ئابووری كلاسیكی، بنەمای سەرەكی ئەم كارەش بریتییە لە هاندانی كاری دەستی و پیشەگەری لەسەر ئاستی كۆی خێزان.. جا ئەم كارانە چ بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی خانەوادەكان خۆیان بێت، یان بۆ فرۆشتن و بازاڕكردن و قازانج و بردنە شارەكان بێت. هەروەها دەتوانرێ ببێتە هۆكاری كۆكردنەوە و بەبازاڕكردنی ئەم بەرهەمە دەستییانە، وەكو پاڵپشتییەك بۆ گەشتوگوزاری چاوەڕوانكراو لە كوردستان.
لەبارەی بەرپرسیارێتی پاراستنی كەلەپووری میللیی ئەم پیشە دەستییانە و ئایا كاتی ئەوە هاتووە سیاسەتی كۆچی پێچەوانە لە شارەكانەوە بۆ گوندەكان پیادە بكرێت؟ ئیبراهیم سۆفی گوتی: بێگومان بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆی هەمووماندایە، بەرپرسیارێتی یەكەمیش دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی خۆجێی بۆ پیادەكردنی سیاسەتی كۆچی پێچەوانە، لە شارەوە بۆ گوندەكان، بەو شێوەیەی ئێستا لە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە پیادە دەكرێت. بێگومان ئەم سیاسەتەش پێویستی بە هاندانی گەورە و بەهێز هەیە بۆ ئەوەی گەنجەكان ڕازی بكرێن بگەڕێنەوە گوند و لادێكان، لەم هاندانانەش: پێدانی پارچە زەوی كشتوكاڵی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و مانەوە و پێدانی قەرزی ئاسان، بۆ ئەوەی بتوانن یەكێك لە كارە كشتوكاڵی یان شوانكارەییەكان ئەنجام بدەن و ئەمەش ڕێگاخۆش دەكات بۆ زیندووكردنەوەی كاری دەستی لەسەر ئاستی خانەوادە و جۆراوجۆریی سەرچاوەی داهات دەستەبەر دەكات. هەروەها ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ نەمانی بێكاری و هەژاری لە نێوان گەنجان و دەبێتەهۆی زیادبوونی داهاتی خێزان لە كوردستان.