سروشت و پێكهاتەی ئابووری نوێی جیهان وا دەخوازێت كەرتی تایبەت رۆڵی پێشەنگی بدرێتێ لە پەرەپێدانی ئابووری

سروشت و پێكهاتەی ئابووری نوێی جیهان وا دەخوازێت كەرتی تایبەت رۆڵی پێشەنگی بدرێتێ لە پەرەپێدانی ئابووری




2019-10-08 18:44:45


زۆربەی قەیرانە ئابوورییەكان بەهۆی كەمی سیولەی نەختینەییەوە دروست دەبێت، ئەم سیولەو بڕە پارەیەش ئێستا لەئابووری جیهانگیریدا لای گەورە كۆمپانیاو بیزنسكاران و بازرگانان بوونی هەیە و بەگەڕخستنی یارمەتیدەری كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكەیە

مونیر موئەخەر سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وڵاتی تونس :

مونیر موئەخەر سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی تونس كە لەدوا سەردانیدا بەشداری لە سێیەمین كۆنگرەی ئابووری یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان كرد كە لەژێر دروشمی ( رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان ) لەهۆڵی مامۆستا سەعد لەهەولێر بەڕێوەچوو، ناوبراو شارەزایی لەدوا گۆڕانكارییەكانی دۆخی ئابووری و بازرگانی هەرێمی كوردستان و دیدگای حكومەت بۆ داهاتووی ئابووری كوردستان هەیە و بەگرنگییەوە دەڕوانێتە رۆڵی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان، لەم دیمانەیەدا باسی ئەو رێگە چارەسەرانە دەكات كە پێویستە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوكاری كەرتی تایبەت بیگرنە بەر بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەدۆخی قەیرانی دارایی و ئابووری دەربازی بێت.. لێرەدا دەقی چاوپێكەوتنەكە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری سامان بڵاو دەكەینەوە.

  • سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی تونس لەدوا سەرداندا بۆ هەرێمی كوردستان لەنزیكەوە گوێبستی ئەو توێژینەوەو راوبۆچوونانە بووی كە لەلایەن شارەزایانی ئابووری و بەرپرسانی حكومەت خستنیانە روو، تاوەكو كەرتی تایبەت رۆڵی لەپەرەپێدانی ئابووری كوردستاندا ببێت؛ ئایا دەكرێت لەم رووەوە راوسەرنج و تێبینیەكانی بەڕێزتمان بێ بڵێیت؟
  • سەرەتا سوپاسی گۆڤاری ( سامان ) دەكەم بۆ ئەم چاوپێكەوتنە؛ سەبارەت بەپرسیارەكەتان بەڵێ راستە من ئەو شەرەفەم پێدرا كە لەنزیكەوە بەشداری لەكۆنفرانسی رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان بكەم كە هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و لەنزیكەوە گوێبستی راوبۆچوون و پێشنیارەكانی ناو كۆنفرانس بووم، بەتایبەتی وتارەكانی بەڕێزان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و زۆر لەبەرپرسانی دیكەی حكومی و شارەزایانی ئابووری هەرێمی كوردستان، كە بەراستی بۆ ئێمەی شاندی بازرگانی و پیشەسازی تونس جێگای سەرسوڕمان بوو كە بەو شێوە رێكوپێكەو ئەو هەموو توێژینەوەو راو سەرنجە لە كۆنفرانسێكی وا دەوڵەمەندو گرنگ لەشاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بخرێتەروو، وتارو بەشداری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگای دەستخۆشی و گرنگیدانی ئەو سەرۆكەیە بۆ رزگاركردنی ئابووری هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە سەختەی رووبەرووی بۆتەوە، لە كۆنفرانسەكەشدا بۆچوون و تێڕوانینەكانی هەر بەو ئاراستەیە بوو. بۆ ئەمەش جێگای داخە كە ئەزموونێكی وا پێشكەوتوو ئەمڕۆ لەو بارودۆخە سەختەو قەیرانەدا بێت.
  • تا چ رادەیەك كەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵی كاراو سەرەكی ببینێت لەدووبارە هەڵسانەوەی رەورەوەی پێشكەوتن و پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان، تاوەكو بەزووترین كات شوێنەوارە ترسناكەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر سێكتەرە جیاجیاكانی ئابووری كەم بێتەوە؟
  • ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ چونكە هیچ وڵات و حكومەتێكی دنیای پێشكەوتوو نییە لەم سەردەمەدا بەتەنیا بێ پاڵپشتی و هاوكاری كەرتی تایبەت گەیشتبێتە قۆناغی ئابووری بازاڕو پەرەپێدانیان بەخۆوە بینیبێت، دەبێت كەرتی تایبەت رۆڵی كاراو سەرەكی ببینێت، لە ئابوورییە پێشكەوتووەكاندا رۆڵی كەرتی تایبەت لەچەقی چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندایەو رۆڵی كاراو گەوهەری دەگێڕێت. لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە بكەیت بۆچی كەرتی تایبەت رۆڵی سەرەكی و گەوهەری دەگێڕێت لەگۆڕانكارییەكانی سەردەمدا؟ من پێم وایە ئەمە پەیوەندی بەسروشتی پێكهاتەی ئابووری نوێی جیهانەوە هەیە، لەسەرجەم كۆمەڵگەو ئابوورییەكان و حوكمڕانیەكان ناتوانرێت بێ كەرتی تایبەت ئامانجە ستراتیژییەكان بەدەستبهێنرێت تەنانەت پلان و بەرنامە ئابوورییەكان لەپێناو هاندانی هاتنە پێشەوەی كەرتی تایبەت دادەنرێت لەلایەك بۆ كاراكردنی رۆڵ و ئەدای لایەنە جیاجیاكان و لەلایەكی ترەوە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و بگرە بەدەستهێنانی قازانج بۆ خەڵك و كۆمپانیاو حكومەتیش، چونكە زۆربەی قەیرانەكان بەهۆی كەمی سیولەی نەختینەییەوە دروست دەبێت ئەم سیولەو بڕە پارەیەش ئێستا لەئابووری جیهانگیریدا لای گەورە كۆمپانیاو بیزنسكاران و بازرگانان بوونی هەیە و بەگەڕخستنی یارمەتیدەری كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكەیە، ئەمە راوبۆچوونی هەموو شارەزایان و بیرمەندانی ئابووری و ناوەندەكانی بیرو توێژینەوەو شیكارییە ئابوورییەكانە.
  • ئێوە لەتونس تاچ رادەیەك لەئەزموونی كەرتی تایبەت سەركەوتوو بوون ئایا دەكرێت باسێكی ئەزموونی ئابووری وڵاتی تونسمان بۆ بكەیت كە جیاوازە لە ئەزموونەكانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی؟
  • لەوڵاتی تونس بەهاوشێوەی زۆر لە ئابوورییە پێشكەوتووەكانی دنیا گرنگیەكی رادەبەدەر دەدرێتە پەرەپێدانی مرۆیی و سوود وەرگرتن لەتوانا بەشەرییەكان، بۆ ئەوەی رۆڵی لە بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاریدا ببینێت، لەمەشدا جۆرە تەكامولێكی ئابووری لەنێوان رۆڵی كەرتی گشتی و تایبەتدا هەیە، دەوڵەت و حكومەتەكەمان هاوبەشی كەرتی تایبەتە لە دانانی پلان و یاساو چاودێری و بەدواداچوون و بگرە ئاراستەكردنی كەرتی تایبەت هەروەكو چۆن كەرتی تایبەت ئەركی پێگەیاندن و پێشكەوتنی سێكتەرە جیاجیاكانیان لەئەستۆیە. لەتوس هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی مادام بڕیاری سیستەمی ئابووری بازاڕمان داوە دەبێت بەراستی و راستەوخۆ هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم پێشكەوتنی كەرتی تایبەت هەڵبگیرێت، هەربۆیە تەواوكارییەك لەنێوان رۆڵی هەردوو كەرتی گشتی – حكومی – و كەرتی تایبەت هەیە ، دەوڵەت و حكومەتەكان هاوبەشن لەپەرەپێدانی ئابووری لەگەڵ كەرتی تایبەت، كۆمپانیاكانی تونس رۆڵی سەرەكییان هەیە لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و بەگەڕخستنی كەرتەكانی خزمەتگوزاری و كشتوكاڵ و پیشەسازی و پەیوەندی و گواستنەوەو تادوایی .. هەربۆیە دەبێت ئێمەش لەم دیمانەیەدا باس لەو ژینگەیە بكەین كە رۆڵی لەبەگەڕخستن و پەرەپێدانی ئەدای كۆمپانیاكانی ناوخۆو بیانی دەبێت.   بەتایبەتی ژینگەی ئارامی و سەقامگیری كە بەبێ بوونی ئەمنیەت مومكین نییە وەبەرهێنان و بەگەڕخستن و پەرەپێدان وجودی هەبێت، هەربۆیە بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت زۆر ئاگاداری پاراستنی سەقامگیری هەبێت چونكە بەكۆڵەكەی پەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووری دادەنرێت. ئێمە لەوڵاتی تونس توانیمان لەماوەی چەند ساڵێكدا ژێرخانی وڵاتەكە بونیات بنێینەوە بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان بتوانن بەبوونی ئەم ژێرخانە پلان و بەرنامەی كاریان دابنێن و ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی پلانەكاندا نەبێت.
  • بەڵام ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەكۆمەڵێك تەحەددای مەترسیدار تێپەڕ دەبێت هەر لە شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان و گەمارۆی ئابووری حكومەتی ناوەندی و نەدان و دواكەوتنی پێدانی موچەكان ئایا تۆ وەكو سەرۆكێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی تونس چۆن ئەم تەحەدییانە هەڵدەسەنگێنیت.
  • بەراستی ئەمە دڵخۆشكەر نییە؛ چونكە تەحەدییەكان گەورەیە بەتایبەتی لەمەسەلەی شەڕی تیرۆرستی كە ئێمەش بەو تەجروبەیەدا تێپەڕ بووین، هەروەكو هاتنی بەلێشاوی ئەو هەموو پەنابەرو ئاوارەیە لەكاتێكدا ژێرخانی هەرێمی كوردستان توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی نییە، هەروەها نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت كەموكورتی لەبوارەكانی یاسایی و ئەدای حكومی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دروست دەكات و دەرئەنجام پشێویی و دەیان گەمارۆی بچووكی تری لێدەكەوێتەوە هەروەكو چۆن زەمینەلەرزەیەك روودەدات دواتر ژمارەیەك لەرزینی تر بەدوایخۆیدا دێت. ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەی وڵاتانی عەرەبی هەمووی بەدەر نین لەو تەنگژە مەترسیدارانە ئینشائەڵا بەهیمەتی دڵسۆزان و شارەزایی بیرمەندان ئەم قەیرانانە كۆتاییان دێت، بەڵام قەیران كۆتایی نایەت بێ ئەوەی سەقامگیری هەرێمەكە نەپارێزن، ئەو ساقامگیرییەی كلیلی هەموو هەڵسانەوەو گەشەپێدانێكە.
  • زۆر لەكێشەو گرفتە ئابووری و داراییەكانی كوردستان جگە لەهۆكارە ئابوورییەكانی زیاتر هۆكاری سیاسی لەپشتەوەیە، بۆ نموونە قەیرانی كەمی سیولەی نەختینەیی پەیوەندی بەگەمارۆی ئابووری بەغداوە هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان ئایا تاچەند دەتوانرێت لەم بارودۆخەدا شوێنەواری قەیرانەكان كەم بكەینەوە.
  • ئێمەش لەتونس گرفتی ئەمنی و ناسەقامگیری و تیرۆرستی كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتوگوزارو بازرگانی كرد، زۆرجار لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆكاری سەرەكی كێشە ئابووری و داراییەكان خراپی سیاسەتە، بەڵام خۆ دەبێت ئێمەی ئابووریناس دەستەوەستان نەوەستین، ئەمڕۆ بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكەو عەرەبی دۆخێكی سەخت و ناهەموار هەیە، تەنانەت عێراق و سوریاو یەمەن لەدۆخێكی زۆر ناهەمواردان، بەڵام بەبوونی توانای مرۆیی و سامانی سروشتی ئومێدێكمان هەیە بۆ دوا رۆژ، لای ئێوەش رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت وەكو سەركردەیەكی گەنج و بەتوانا كە خاوەن روئیایەكی روونە بۆ دوارۆژ ئومێد هەیە رۆژە سەختەكان تێپەڕێنن و حكومەت و وڵاتەكە بەرەو كەناری ئارامی ببەن، ئەوەتا دابەزینی بەهای نەوتی خاو كە هۆكارێك بوو لەهۆكارەكانی خراپی باری دارایی و بودجەی عێراق و كوردستان ئێستاكە ووردە ووردە ئەم قەیرانە چارەسەر بوو، گەرچی من پێم وایە نابێت لەدوارۆژدا چیتر پشت بەداهاتی نەوت ببەسترێت بۆ خەرجیەكان بەڵكو پشت بەداهاتی نەوت ببەسترێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری و بونیاتنانەوەی ژێرخان و پێشخستنی ئەو كەرتانەی داهاتی لێ بەدەست دێت، لەتونس بەهەموو ئەو قۆناغە دژوارانەی كەمی سیولەو گرفتی دارایی و ناسەقامگیری ئەمنی و ململانێی حزبیەكاندا تێپەڕبووین بەڵام بوونی سەرۆكێكی گەنج و بەتوانا لە وڵاتەكەمدا توانرا لەو دۆخە دژوارە دەرباز بین، بوونی ئیرادەو نیەت سەرەتای دەربازبوونتانە لەقەیرانەكان، ئەو قەیرانانەی كە بەلانی كەم دوو سێ ساڵی دەوێت تاوەكو شوێنەوارەكانی كەم دەبێتەوە ، ئێمە توانیمان سازش لەسەر سەقامگیری تونس نەكەین و رووبەرووی هەڕەشەكانی تیرۆرو پشێویی ببینەوە، ئەمڕۆ دەوڵەت بەهەموو توانایەوە رووبەرووی قەیرانی دارایی و سەقامگیری دەبێتەوە لەرێگەی بەگەڕخستنی وەبەرهێنانی بیانی ئەو وەبەرهێنانەی كە بناغەی هەموو پێشكەوتنەكانە، من ئومێدم زۆرە كوردەكانیش سوود لەئەزموونە پێشكەوتووەكان وەربگرن و چیتر رێگە نەدەن قەیرانە سیاسی و ئەمنییەكان كاریگەری لەسەر ئابووری هەبێت، كە پێویستە هاوكات بێت لەگەڵ نوێكردنەوەو هەمواركردنی یاساو رێنماییەكانی وەبەرهێنان ئەو یاساو رێنماییانەی كە پێویستە بەپێی بارودۆخەكە و قۆناغەكە لەهەمواركردنەوەی بەردەوام دا بێت.
  • كاتێك باسی ئەزموونی تونس دەكرێت راستەوخۆ كەرتی گەشتوگوزارمان دێتە بیر ئایا لەو رووەوە ئەزموونی ئێوە چۆنە، ئایا بۆچی كۆمپانیاكانی كەرتی گەشتوگوزاری تونس لەهەرێمی كوردستان نابینرێن.
  • من چەندین جار سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانم كردووە تارادەیەكی باش شارەزاییم لەژێرخانی گەشتوگوزار لەوڵاتەكەتان هەیە، گرنگترین خاڵ كە هۆكارێكە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار بوونی خەڵكێكی ئاشتیخوازو كەلتوورێكی لێبووردەییە كە ئەمە وادەكات گەشتیاران رووبكەنە هەرێمەكەتان، دواتر بوونی سەقامگیری و پارێزگاری لە ئاسایشی ناوخۆ هۆكارێكی تری سەرەكییە لە راكێشانی گەشتیاران كە رەنگە ئەم دوو فاكتەرە لەناوچەكانی دەوروبەرتان نەبینرێن، ئێمە لەتونس بەگرنگیەوە دەڕوانینە ئەو دوو خاڵە كە هاوكاتە لەگەڵ بوونی ئەو شوێنە دڵرفێن و جوانانەی كوردستان ، پرسیارەكەت لەجێگای خۆیەتی دەكرێت تونس بەو توانا بەرزەی گەشتیاری و كلتوورییەی هەیەتی رۆڵی لەبەرەپێشچوونی كەرتی گەشتوگوزاری كوردستان هەبێت، هەر بەرنامەو كەناڵێك هەبێت بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو لا ئێمە ئامادەیمان دەبێت بەتایبەتی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی كوردستان و رێزدار دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان، كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵمان لەگەڵیدا هەیە و دەتوانراێت لەدوا رۆژدا نەك تەنیا لەكەرتی گەشتوگوزاری بەڵكو لە پیشەسازی و كشتوكاڵ و كەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی خۆراكی و كەلوپەلی كارەبایی و كەمالیات و پیشەسازی تەقلیدیی كە شارەزاییەكی باشمان تێدا هەیە ئەو پەیوەندییانە پتەو بكەین و ئاستی ئاڵووێری بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزاری بەرز بكەینەوەو هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەش هەڵبگرین كە رێگرە لەبەردەم ئەم پەیوەندییانە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەبەرزی تێچوونی نرخ و كرێی گواستنەوە هەیە. بەڵام هەموو ئاماژەو زانیاری و داتاكان ئەوە دەردەخەن كە وڵاتی تونس و هەرێمی كوردستان توانای هاوبەشی زۆر بەرزتریان هەیە.
  • بەڵام ئایا وڵاتی تونس بۆچی تاكو ئێستا كونسوڵخانەی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان نییە لەكاتێكدا گەورە وڵاتانی پیشەسازی و پێشكەوتووی دنیا و زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش قونسوڵخانەیان هەیە.
  • ئێستا هێڵی راستەوخۆی ئاسمانی ( تونس- هەولێر ) هەیەو هەفتانە گەشتی هەی، هاوكات ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەردوو لا لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، لەلایەكی ترەوە بیزنسكارو گەشتیاران لەنێوان هەردوو وڵات هەیە، ئەمانە هەمووی رێگەخۆشكەرن بۆ كردنەوەی قونسوڵخانە یا لقێكی قونسوڵخانەی تونس لە هەولێر، ئەمە كراوەتە پێشنیارو بەهەند وەرگیراوەو تەنانەت بەرپرسانی حكومیش ئامادەییان دەربڕیوە ئومێدەوارم لەئایندەیەكی نزیكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو میللەتی تونس و كوردستان پتەوتر بێت و بچێتە قۆناغێكی بەرزی نەك تەنیا ئابووری و بازرگانی و گەشتیاری بگرە لەرووی دیبلۆماسی و حكومیشەوە، چونكە ئەمڕۆ جیوبۆلەتیكی هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ ناوچەكەو خاوەنی پێگەیەكی گرنگی وزەو سامان و دەرامەتی سروشتی جۆراوجۆرەو دەكرێت، ئومێدەوارم ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی و كرانەوەی ئابووری و بازرگانیتان هەروا كراوەو واڵا بێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی دەرەكی بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و رۆڵی هەبێت لەكەمكردنەوەی قەیرانەكان.

ئا: گۆڤاری سامان