2019-10-08 18:39:57
سامان
به‌ڕێز دڵشاد میران، ڕۆڵه‌ی یه‌كێك له خانه‌واده ناوداره‌كانی كوردستانه و خانه‌واده‌كه‌ی له یه‌كه‌مین ئه‌و گروپ و ده‌ستانه‌ن كه نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه و كاریان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی كردووه له به‌غدا. هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌شی توێژینه‌وه‌ی كوردییه له كۆلێژی ئاداب، پێشتر چه‌ندین پۆستی سیاسی پێدراوه، له‌وانه: ئه‌ندامی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان (1974). ئه‌ندامی سكرتارییه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی قوتابیانی كورد له ئه‌وروپا و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (1976-1979). سكرتێری ناوه‌ندی كولتووریی كوردی له له‌نده‌ن (1984-1985). به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی لقی شه‌شی ئه‌وروپای پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌ورپا (1994-2004). ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراقی (1992- 1996). هه‌روه‌ها له نێوان ساڵانی (2006-2010) پله‌ی وه‌زیریی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێدراوه و بووه‌ته سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، بۆ ڕێكخستنی كاروباری ئیداریی له نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ندی و نێرده دبلۆماسییه‌كان. وه‌كو نوێنه‌ری هه‌رێم له لێژنه‌ی وه‌زاری دووباره‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كاری كردووه. ئه‌ندامی په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی پاشایه‌تی به‌ریتانییه (Chatham House).
له‌باره‌ی توانای كادیری مرۆیی له كه‌رتی گشتیی هه‌رێمی كوردستان، سامان، گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاوانه‌ی له‌گه‌ڵ دڵشاد میران ئه‌نجام دا، سه‌باره‌ت به دۆخی پلاندانان به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی كادیری مرۆیی له هه‌رێمی كوردستان به‌گوێره‌ی پێداویستییه‌كانی بازاڕی كراوه. دڵشاد میران به‌ر له هه‌موو شتێك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و كێشه و گرفتانه كرده‌وه كه له كه‌رتی گشتی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه داموده‌زگا حكوومییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ژێر میراتێكی قوڕسی بیرۆكراسییه‌ت و ڕۆتینیات، كه ڕه‌گه‌كانیان ده‌چێته‌وه سه‌ر چوارچێوه‌كانی سۆسیالیزم و تا ئێستاش كه‌رتی حكوومی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ. كێشه‌ی دووه‌م بریتییه له پشتبه‌ستن به تاكسه‌رچاوه‌ی ئابووری و پشتبه‌ستنی نیمچه‌ته‌واو به داهاته‌كانی نه‌وت. كه بووه‌ته‌هۆی دروستكردنی فشار له‌سه‌ر كه‌رتی گشتی و نه‌مانی به‌ره‌به‌ره‌ی سه‌رچاوه و سامانه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆ دابینكردنی مووچه و خانه‌نشینكردنی ڕێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی به ده‌وامێكی نیوه‌چڵی حكوومه‌ت ڕاهاتوون، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بچووكترین به‌رپرسیارێتی بكه‌ن، یان وه‌كو پێویست شاره‌زا و كارامه بن. به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی فه‌رمانبه‌ری ناوه‌خۆ، ڕۆژانه له 17 خووله‌ك تێپه‌ڕ ناكات. ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه بۆچی هاووڵاتی ده‌یه‌وێ له كه‌رتی گشتی دابمه‌زرێ نه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه كه‌رتی تایبه‌ت هیچ گره‌نتییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینبوونی تێدا نییه. له به‌رامبه‌ر گیروگرفتێكی له‌م جۆره، زۆر پێویسته سوود له ئه‌زموونی وڵاتانی دراوسێ وه‌ربگیرێ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه، هه‌روه‌ها پێویسته قه‌باره‌ی كه‌رتی گشتی كه‌م بكرێته‌وه، به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی جۆراوجۆر بۆ به‌یاساییكردنی ڕێژه‌ی به‌كارخستن و ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومی، له به‌رامبه‌ر پاڵپشتیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و په‌ره‌پێدانی به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاریی له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنمایی هانده‌ر، هه‌روه‌ها چاكسازی له سیسته‌می دارایی و ڕۆشنبیركردنی خوجێی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بكرێت.
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی لاوازیی توانای مرۆیی له كه‌رتی گشتی؟ به‌ڕێز دڵشاد میران گوتی: به‌هۆی هۆكاری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازه‌وه 90%ی توانای كار، له كه‌رتی حكوومه‌ت كار ده‌كه‌ن، ئه‌م ڕێژه زۆره‌ی دامه‌زراندنیش له كه‌رتی حكوومه‌ت، یان بۆ ڕازیكردنی خه‌ڵك بووه، یانیش به‌هۆی ململانێی حزبیی بووه و له‌سه‌ر حیسابی به‌رهه‌مهێنان و لێزانیی و شاره‌زیی پێویست بووه. له لایه‌كی دیكه به‌هۆی سیاسه‌تی ڕژێمی له‌ناوچوو، گونده‌كان وێران كران و ژێرخانی ئابووریی كلاسیكی له گونده‌كانی كوردستان داڕما، له به‌رامبه‌ریشدا كولتووری به‌كاربردن و خۆشگوزه‌رانی ئابووریی نه‌وت به‌گشتی له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ی سه‌ند. شكستێكی ته‌واو له‌وه دروستبوو كه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ بازاڕی كراوه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابنرێت، له‌ڕووی دانانی یاسا و ڕێسای پێویست بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت و ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی لاوازیی كادیری مرۆیی له هه‌ردوو كه‌رته‌كه.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری پێویست، به‌ڕێز دڵشاد میران جه‌ختی له‌سه‌ر چه‌مكی ئاماده‌كردنی ئابووریی حكوومه‌تی خۆجێی كرده‌وه، به مه‌به‌ستی پشتبه‌ستن به توانا خۆجێیه‌كان و دانانی پلانێكی ته‌ندروست بۆ ئیداره‌دانێكی باشتری سه‌رچاوه سروشتییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی هه‌ر یه‌كێك له پارێزگاكانی هه‌رێم.
سه‌باره‌ت به ڕۆڵی زانكۆكانی ناوه‌خۆ كه تا چه‌ند ده‌توانێ پێداویستییه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی زانیاری (Knowledge) یان په‌ره‌پێدانی ئه‌و شێوازه‌ی كاركردن (Attitudes) بێنێته‌دی كه له بنه‌ڕه‌تدا له وڵاتی عێراق به‌گشتی بوونی نییه، وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دروستكردنی كارامه‌یی پێویست (Skills) بۆ ئابووری بازاڕ یان ده‌وڵه‌تی نوێ؟ دڵشاد میران گوتی: به‌داخه‌وه ئاستی زانكۆكان له ته‌واوی عێراق وه‌كو پێویست نییه. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه كادیری وانه‌گوتنه‌وه‌ی پێویست نییه، بتوانێ ئاستی زانكۆ و په‌یمانگاكان به‌جۆرێك به‌رزبكاته‌وه كه بگه‌نه ئاستی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هاوشێوه‌یان له جیهانی پێشكه‌وتوو. ته‌نانه‌ت ئه‌و كادیرانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ش هاتوون چ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیاری، یان بۆ دانانی ڕه‌گی كولتووری هه‌ڵسوكه‌وتی كاركردن، كه وه‌كو بنه‌مایه‌كی په‌روه‌رده و ڕێكخستنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی له جیهانی پێشكه‌وتوو كاریان پێ ده‌كرێت، نه‌یانتوانیوه سیسته‌می فێركردن (System) له لاوازی ڕزگار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی توانا و كارامه‌یی مرۆیی هه‌بووه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی كه زۆربه‌ی كادیرانی ناوه‌خۆ ناچنه په‌یمانگا هونه‌ریی و ته‌كنیكییه‌كان، به‌هۆی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه ڕه‌گی داكوتاوه و به‌گشتی به چاوێكی نزم سه‌یری كاری ده‌ستی ده‌كرێت. باوه‌ڕم وایه كه كێشه سه‌ره‌كییه‌كه بۆ كه‌موكووڕی په‌روه‌رده‌یه‌كی ڕوون ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سامان به پێویستی زانی له‌باره‌ی بابه‌تێكی زۆر گرنگی په‌یوه‌ست به كارگێڕیی مۆدێرن، پرسیار بكات كه ته‌ركیز ده‌كاته‌سه‌ر پێویستیی په‌ره‌پێدانی كارگێڕیی ناوه‌ندی و تا ئێستاش كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت له كوردستان به ده‌ست نه‌بوونییه‌وه ده‌ناڵێنن.. چاره‌سه‌ره‌كه له‌كوێدایه؟ له وه‌ڵامدا دڵشاد میران ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه كه هۆكاری ڕاسته‌قینه، نه‌بوونی كولتووری كاری به‌كۆمه‌ڵه (Team Work) به‌مه‌به‌ستی جێگیركردنی بیرۆكه‌ی "پیاوی یه‌كه‌م" له كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا. له‌كاتێكدا باشیی كاری به‌كۆمه‌ڵ، به‌هۆی زه‌روره‌تی پێشكه‌وتنی زانستی و به‌دیاركه‌وتنی پێویستی بۆ پسپۆرێتی جۆراوجۆر و كارله‌یه‌ككردن ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌دایه‌كی باشتر له‌ڕووی چه‌ندێتی و چۆنییه‌تی پێشكه‌ش بكات. به‌هۆی نه‌بوونی سیسته‌م (System) و ڕێكخستنی مه‌ده‌نی (Discipline) و یاسای په‌یوه‌ندار، تا ئێستاش كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی پێگه‌یشتوو، له ئاستی پێویستدا نین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێویسته ئیڕاده‌یه‌كی سیاسی به‌هێز هه‌بێت بۆ گۆڕانكاریی پێویست.
له‌گه‌ڵ داننانمان به‌وه‌ی كه زانكۆكانی ناوه‌خۆ تائێستاش دوورن له كێڵگه و كارگه و بازاڕه‌كان.. سامان له كۆتاییدا له‌باره‌ی چاره‌سه‌ره‌وه پرسیاری كرد؟ دڵشاد میران به‌پێویستی زانی كه به‌ر له هه‌موو شتێك دان به‌وه‌دا بنێین ئێمه ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوومان (High-Technologies) له هه‌موو بواره‌كاندا نییه، ئه‌مه‌ش حكوومه‌ت ناچار ده‌كات به‌ر له هه‌موو شتێك هه‌وڵ بدات كادیری حكوومیی كه‌م بكاته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌پله تواناكانیان له بێژینگ بدات، له هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌كنه‌لۆژیای نوێ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و لێهاتوویی و كارامه‌یی پێویست بۆ ئابووریی ئه‌لته‌رناتیڤی پاش ئابووریی نه‌وتی نۆبه‌ره. بێگومان ئه‌مه‌ش كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاریی له هه‌رێم ده‌گرێته‌وه. لێره‌شه‌وه ڕۆڵی زانكۆ و په‌یمانگا باڵاكان دێت، له ئاماده‌كردنی كادیری شاره‌زا و پێویست، به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌یه‌كی دیراسه‌كراو له ئابووری تاكسه‌رچاوه‌ی ئێستا، بۆ ئه‌لته‌رناتیڤه هیوابه‌خشه‌كانی ئابووری بازاڕ. هیچ گومانیشی تێدا نییه كه پێویسته ئیڕاده‌یه‌كی سیاسی هه‌بێت، ببێته ڕێخۆشكه‌ر بۆ په‌ره‌پێدانی كادیری مرۆیی ناوه‌خۆ، به‌مه‌به‌ستی ئیداره‌دانێكی باشتری سه‌رچاوه و سامانه ده‌وڵه‌مه‌ند و جۆراوجۆره‌كانی كوردستان.