2019-10-08 18:30:05
ئا/ سامان
زانكۆ وەكو یەكێك لە دامەزراوەكانى مەعریفى بەردەوام سەرچاوەیەكى باش دەبێت بۆ دۆزینەوەى هەر رێگا چارەیەك بۆ رووبەرووبونەوەى هەر قەیرانێك كە سەرهەلدەدا لە وولاتدا ، بۆیە ئێمە وەكو گۆڤارى سامان بەردەوام بەدواى وەلامى زانستى دەگەرێن بۆ پرسە ئابووریەكان بۆ ئەمەش پێویستمان بە وەرگرتنى راى زانستى لەسەر قەیرانى ئابوورى لە هەرێمى كوردستانە بۆیە ئەم جارەیان گفتوگۆیەكى كراوە لەسەر فەلسەفەى فێركردن و ئەو بنەمایانەى كە پێویستن بۆ كارگێرى قەیرانەكان دەكەین لەگەڵ بەرێز شەمال رەشید موختار یاریدەدەرى سەرۆكى زانكۆى سەلاحەدین كە لە دایك بووى سالى 1955 كە هەڵگرى چەندین بروانامەى بكالوریوس و ماجستیر و دكتۆرایە لە وولاتى سوید كە سەرەتاى ژیانى زانستى لە(Hassle Pharmacy Sweden ) دەست پێ كردوە لە نێوان سالانى 1986-1987 دواتر گەراوەتەوە كوردستان و كارى وانە بێژى كردوە لە كۆلێژى پزیشكى لە هەولێر لە نێوان سالانى 1988-1994 دواتر لە وولاتى ئەلمانیا وەكو وانە بێژ كارى كردوە لە زانكۆى (Essen University ) لە سالانى 1998-2002 دواتر بوە بە سەرۆكى بەشى كیمیاى زیندوى لە كۆلێژى پزیشكى لە زانكۆى سەلاحەدین لە ساڵانى 2002-2004 لەساڵى 2004 تاكو ئێستا یاریدەدەرى سەرۆكى زانكۆى سەلاحەدینە لە هەوڵێر .
بە باشمان زانى سەرەتا باس لە پەیوەندى نێوان بریاردەرانى سیاسى و بریاردەرانى زانستى دەست پێبكەین ،یان دەتوانین بە جۆرێكى تر بڵین كە یەكێك لە گرنگترین خواستەكانى بەڕێوەبردنى قەیرانەكان لە خۆ هاوژین كردنى پێویستە لە گەڵ خاوەن بڕیارە سیاسیەكان ( لایەنگیریى ) و خاوەن توانستە راوێژكارییەكانە ( شارەزایى ) ئایا زەمینەیەكى مكۆم بۆ ئەم جۆرە هاوژینیە لە كوردستاندا هەیە ؟ دكتۆر شەماڵ كێشە سیاسیەكانى كردۆتە میحوەرى ئەم زەمینە سازیە لاى وابوو كە بە درێژایى سەردەمى ئازادى لە كوردستاندا و تاوەكو ئێستاكەش مەودایێك هەیە كە ئەو دوو جەمسەرە لێكتر بە دوور دەكاتەوە ، هۆیەكەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەمیشە هاوكێشە سیاسییەكان هاوسەنگ نین لە گەڵ هاوكێشە زانستیەكان و جۆرێك لە ئاوێتە نەبوون لە نێوانییان دا هەیە و ئەو زەمینەیە ناڕەخسێنێ كە ئەو هاوژینییە وەك پێویست لە بەرگێكى شارستانى بەرجەستە بكەن . بەلام كە لە بارەى فەلسەفەى پەروەردەوە لیمان پرسى كە ئایا فەلسەفەى پەروەردەو فێربوون لە هەرێمى كوردستاندا چیە ؟ ئایا تێڕوانینێكى سیاسی دیارى كراو هەیە بۆ درك كردن بە كەم و كورتیە ناوخۆییەكان كە لە ئەنجامى لاوازى لە ئەداو ئاكامەكانى گەشەى مرۆییەوە بۆ راپەڕاندنى سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەكانى كوردستان ؟ دكتۆر شەماڵ بە حوكمى تێكەلاوى كارى رۆژانەى لەگەڵ ژمارەیەكى زۆرى قوتابى و گەنج لە زانكۆ بە ئومێدەوە لە ووزەى گەنج دەروانێ، لەگەل ئەوەش پەنجە دەخاتە سەر برینەكان و لەم رووەوە دەلێت: فەلسەفەى پەروەردەو فێربوون لە هەرێمى كوردستان دروست بوونى نەوەیەكى هوشیارو پڕزانستە كە بتوانن لە ئایندەدا كۆمەڵگایێكى شارستانى ئەوتۆ دروست بكەن پشت بە توانستى خۆى ببەستێت بۆ بەرهەم هێنان و چاكسازى لە هەرێمى كوردستاندا ، بەڵام تا ئێستاكەش ئەگەر دركیش بە كەمو كوڕى و دیاردە نەگەتیفەكانیش كرابێت ، وەك پێویست هەوڵى چارەسەركردنى بۆ نەدراوە ، بۆیە زۆر لەو گیرو گرفتانە ئەنجامى نەرێنى زۆرى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى لێ كەوتۆتەوە ، هەرێمى كوردستان وڵاتێكى پڕ پیت و بەرەكەت و دەوڵەمەند لە سامانى سروشتییە ، بەڵام بە هۆى هەڵسوكەوت نەكردن لە گەڵ ئەو سامانە نەتواندراوە ئەو سامانە وەك پێویست بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانى نیشتمان و بۆ ئاسوودە بوونى گەلەكەى بەرجەستە بكرێت. ئیًستا ئێمە دەمانەوێ فەلسەفەى پەروەردە ببستینەوە بە پەیكەرى كارگێرى بۆیە دەپرسین ئایا پەیكەرى كارگێڕى و دارایى و خوێندكاریى بۆتە پاڵپشت بۆ پشتگیرى كردنى پرۆسەى خوێندن و ئامادەكردنى تاك بۆ خزمەتى كۆمەڵگا ؟ دكتۆر شەماڵ لاى وایە بوو كە تاوەكو ئێستاكە هەست بەوە دەكرێت كە جۆرێك لە بۆشایى هەیە لە رووى پەیكەرى كارگێڕى و دارایى ، بە هۆى نا سەقامگیریى لە هەڵو مەرجى ئابوورى و نەبوونى سیستەمێكى زانستى بۆ پڕ كردنەوەى ئەو بۆشاییانەى لەم بوارانەدا هەن، بۆ ئەوەش كە ئەو پەیكەرە كارگێڕیی و داراییە رۆڵى هەبێت لە پشتگیریى كردنى پرۆسەى خوێندن ئەوە پێویستیمان بە بونیاتنانەوەى پەیكەرێكى كارا هەیە كە بتوانێت نەخشەیێكى نوێ بۆ ئەو پەیكەرە دابنێت و ببێتە بنەما بۆ دروست كردنى تاكى زانست پەروەرو ئەكتیف ، كە رۆڵى راستەقینەى هەبێت بۆ خزمەتى كۆمەڵگا. لەگەل دكتۆر شەماڵ گەیشتین بە خاڵكى هاوبەش لە سیستەمى فێركردن و پەیكەرى كارگێرى كە لە هەردوو بواردا كەم و كوڕى هەیە بەلام هاوتەریب لەگەڵ ئەم دوو بوارە دەبێت باسى بوارێكى تر بكەین كە كاریگەرى خۆى هەیە ئەویش راگەیاندنى ئابووریە لێرەدا بە دكتۆر دەڵین : ئێمە ئێستاكە گرفتى نەبوونى راگەیاندنێكى ئابووریمان هەیە، لەوانەى كە تواناى هەڵسوكەوتێكى بابەتیانەیان هەبێت لە گەڵ قەیرانى دارایى و ئابوورى، ئایا راگەیاندنى سیاسى ئەمڕۆكە تواناى ئەوەى هەیە ؟ دكتۆر شەمال لە وەلام دا فاكتەرى كاتى بە پێویست زانى بۆ سەرهەڵدانى هەر كەلتورێك كە كۆمەڵگا بەروە پێش ببات بۆیە لاى وایە كە هیچ شتێك لە كتوپڕدا دروست نابێت ئەگەر ستراتیژیەتێكى بابەتیانەو زانستییانەى بۆ دانەڕێژرێت ، ئێمە لە سەردەمى ئەمڕۆكەدا كە ئابوورى كوردستان و كێشەو ئاریشاكانى بە كێشەیەكى سەرەكى كۆمەڵگا دەبینین ، پێویستى زۆرمان بە راگەیاندنێكى پسپۆر لە بوارى ئابوورى هەیە ، كە بتوانێت فۆكس لە سەر گرفتەكان دابنێ و رێگە چارەى زانستى گونجاو نیشانى حكومەت و خەڵكى بدات. بۆ ئەو ئامانجەش پێویستە بەشى راگەیاندن لە كولێژەكاندا بیر لەو بۆشاییەى نەبوونى راگەیاندنى ئابوورى بكەنەوە كە بۆتە زەرورەتێكى حەتمى بۆ سەردەمى ئەمڕۆكە. لە كۆتایى دا گەیشتین بەو پرسیارەى كە ئایا رۆڵى خوازراوى زانكۆكان چیە بۆ دروست كردنى بنەما زانستییەكانى ئەو ئابوورییانەى دەبنە ئەلتەرناتیف لە پاڵ نەوت دا ؟لە وولامى ئەم پرسیارە دا دكتۆر شەماڵ گوتى زانكۆكان سەرچاوەى بنەڕەتى پەرەسەندنى ئابووریین لە هەموو وڵاتانى جیهاندا و بێ ئەو بنەما زانستیانەش هیچ وڵاتێك ناتوانێت گەشە بكاو پێش بكەوێت ، بۆ ئەوەى ئێمەش بتوانین ئابوورى وڵاتى خۆمان گەشە پێ بدەین دەبێت حكومەت بایەخێكى تایبەتى بە زانكۆ بداو سوود لە زاناو پسپۆرو شارەزایانى زانكۆ ببەستێت و هانى ئەنجامدانى توێژینەوە ئابوورییەكان بداو ئاسانكارى بۆ توێژەرەكان فەراهەم بكات ، لە پاڵ ئەوەشدا هانى كەرتى تایبەتى بدات بۆ ئەوەى پشت بە زانكۆكان ببەستن لە پلانى پیشەسازى و كشتوكاڵى و بەرهەم هێناندا، تا ئابوورى وڵاتى خۆشمان بە زانست نەكەین و پشت بە زانكۆكان نەبەستین هەمیشەئابوورییەكى ناجێگێرو لاوازو كەم بەرهەممان دەبێت،
ئەگەر ئەو سیاسەتى بە زانست كردن پەیڕەو بكەین ئەوە لە ئایندەدا دەبینە خاوەنى ئەو ئابوورییەى كە نەوت نەبێتە تا كە فاكتەرێكى پەیوەست بە ژیانى ئەو كۆمەڵگایە.