گفتو گۆیەك سەبارەت بە بوونى راگەیاندنى ئابوورى

گفتو گۆیەك سەبارەت بە بوونى راگەیاندنى ئابوورى




2019-10-08 18:19:33


باقی محمد هادی یەكێكە لە ئەندامانى ئەنجومەنى كارگێرى یەكێتى ژوورەكانی بازرگانى و پیشەسازى هەرێمى كوردستان و ئەندامى ئەنجومەنى كارگێرى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێرە، گرنگى چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو پیاوەدا لەوەدایە كە ئەم بەڕێزە خۆى خۆى پێگەیاندووەو منەتى كەسى بەسەرەوە نەبووە. گفتوگۆ لەگەڵ ئەم بەڕێزە سەبارەت بە ئەزموونەكانى لە ئابوورى بازاڕ لە هەرێمى كوردستان زۆرێك لەو شتانەمان بۆ روون دەبێتەوە كە لە بازاڕى ناوخۆدا دەگوزەرێن  لە هەڵبەزین و دابەزین و تەحەددیاتەكان. بەڕێز  محمد باقى بڕوانامەى دەبلۆمى لە پەیمانگاى پیشەسازى بەغدا لە ساڵى 1980 بەدەست هێناوەو پێشتر ئەندامى رێكخراوى گەشت و گوزار بوو لە هەرێمى كوردستان، ئێستاش ئەندامى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێرەو هەروەها یەكێتى ژوورەكانى بازرگانى و پیشەسازى كوردستان.
سەبارەت بە راگەیاندنى چاوەروانكراوى ئابوورى لە كوردستان وئەو رۆڵەى كە دەبێ بییگێڕێت لە رووبەرووبوونەوەى ئەو تەحەدییاتانەى دێنە بەردەم پرۆسەى گەشەپێدان بەشێوەیێكى گشتى گوتى:
"رۆڵى پێویستى ئەم جۆرە راگەیاندنە دەبێ بە پلەى یەكەم چۆنییەتى هەڵسو كەوت بێت لەگەڵ پێداویستى هاولآتیانى ساكار، چونكە ئابوورى سەردەم ئاوێتەبوونى كۆمەلآیەتییە لەگەڵ پانتاییەكى فراوانى كارو چالاكى بازرگانى و پیشەسازى لە بازاڕى ناوخۆییداو، ئەو پێشكەوتنەى ئێستاش لە پەرەپێدانى كارە بچووكەكان بەشێوەیێك كە خزمەت بە چینێكى فراوان دەكات لەكۆمەڵگادا ئەوەمان بۆ دەسەڵمێنێت.
ئەوەیشى گوت كە ئێمە لە هەرێمى كوردستاندا بەدەست نەبوونى پەیوەندى نێوان راگەیاندنى ئابوورى وهاولآتى ساكاردا دەناڵێنین بەهۆى نەبوونى داڕشتنێكى سادەو ساكار بۆ رستەو وشەكان لە ئامرازەكانى پەیوەندى بە هاولآتیانەوە دوور لەو دەستەواژانەى كە لە نێوان بازرگانەكان و پیشەوەران خۆیان بەكار دێت. چونكە ئامرازەكانى پەیوەندى تا ئێستا خۆیان لە پیشەو توانا دەستییە ناوخۆییەكان نەكردۆتە خاوەن، بۆیە لێرەدا پێویستمان بە راگەیاندنێكى پسپۆر هەیە لەم بوارەدا. هەروەها هەرچەند ئەو راگەیاندنەى هەمانە ئێستا خۆى بە راگەیاندنى سەربەخۆ پێناسە دەكات، بەلآم لەراستیدا راگەیاندنێكى بەر بەرەلآیەو نەیتوانیوە هەڵسەنگاندنێكى بابەتى بۆ سروشتى ئەو تەحەدیاتانە بكات كە رووبەرووى گەشەى ئابوورى دەبنەوە بەتایبەتى لە كوردستاندا، بەداخەوە تا ئێستا تەنها رووى لە لایەنە نێگەتیڤەكانە بۆیە رووحییەتى بابەتیى لەدەست داوە". 
سەبارەت بە پێویستى ئەوەى بكرێت لە نێوان گشتى و تایبەتدا  گوتى" دەبێ حكومەت و كەرتى گشتى هاوكارو یارمەتیدەربن بۆ كۆمپانیاو كارگەكانى كەرتى تایبەت لەسەرەتاى دامەزراندنیانەوەو لە قۆناغی یەكەمى دامەزراندنیانەوە(Star-up Projection Phase) لە باج بییان بییانبەخشن ئەویش بەمەبەستى هاندانی كەرتى تایبەت بۆ كاركردن و پێشخستنى بازاڕ كە گرنگە بۆ گەشەى ئابوورى". 
سەبارەت بەو لایەنەى كە پێویستە دەشتپێشخەربێت بۆ پەرەپێدانى راگەیاندنى ئابوورى لە هەرێمدا، گوتى" كەرتى تایبەت كە خۆى لە یەكێتى ژوورەكانى بازرگانى و پیشەسازیدا دەبینێتەوە لە كوردستان، پەیوەنددارە بەم پرسەوە، چونكە ئەو رۆڵەى ئێستا دەیگێڕێت لەسەرى پێویست دەكات پەیامی كەرتى تایبەت بەهەموو ئەو مەینەتەى كە بازاڕو كرێكارو تەحەددیاتەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن لە پێناو پێشكەوتنى كەرتى تایبەت لە سەرجەم پرۆسەى گەشەپێدانى ئابووریدا، بگەیەنێت. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەو بەرنامەى كارە بكەم كە یەكیەتییەكەمان پێشكەش پەرلەمانى كوردستانى كردووە سەبارەت بەو بابەتە. هەروەها لە رێگاى راگەیاندنى ئابوورى دەكرێ هۆشیارى گشتى و شارەزایى دەربارەى كاروبارى ئابوورى و گەشەى خوازراو، زیادبكرێت.
 سەبارەت بە پرسیارى سامان دەربارەى پێویستى بونیادنانی هێزێكى توكمەو بەتوانا(Hard Power) لە كوردستاندا بە پشتبەستن بە تواناى بەهێزیى ئابوورى ولآت لەم سەدەى ئێستادا، بەرێز باقى گوتى" گەشەكردنى ئابوورى لە گەشەى هاولآتى و ولآتدایەو، هۆشیاركردنەوەى هاولآتیان لە رێگاى سیستمێكى راگەیاندنى پسپۆر وەكوو راگەیاندنى ئابوورى پێویستە ویەكێكە لە پێویستییەكانى ئەم سەدەیەدا، چونكە تواناى بەهێز و توكمە لەبنەرەتددا پشت بە سەركەوتنى گەشەى ئابوورى لە كوردستاندا دەبەستێت. بۆیە لێرەدا هۆشیاركردنەوە پێویستە بەمەبەستى بەشداریپێكردنى هاولآتى بەرهەمهێن لە بڕیاردان و لەئەستۆگرتنى بەرپرسیارەتى كە تاگە رێگایە بۆ رزگاركردنى ولآت لەو شەپۆڵەى بەكاربردنە كە ئێستا تیایەتى. بەم شێوەیە ئێمە بەتەماین یانەیێك دروست بكەین بەناوى یانەى هەولێر بۆ راگەیاندنى ئابوورى، هاوشێوەى یانەى ئەبو زەبى ئیماراتى. بەڕێز باقى ئەوەیشى گوت كە گرنگترین كۆلەگەكانى هێز لە كوردستاندا دەوڵەمەندبوونییەتى بە سامانى سروشتى و مرۆیى پێكەوە، سەرەراى ئەوەى كە پلانێكى روون نییە بۆ بونیادنانى سیستمێك كەتواناى بەڕێوەبردنى ئەو سامانەى بە شێوەیێكى كارا هەبێت. ئەمە سەرەراى ئەوەى كە كەش و هەواى كار (Business climate) هێشتا لە قۆناغی پێكهێنان و دامەزراندن دایەو ئامادە نییە هاوكارى پێویست دابین بكات چ لە بوارى خزمەتگوزارى بانكى یانیش كاروبارى دڵنەوایى یان فەراهەمكردنى داتابێسێك كە وەبەرهێن و بزنسمانەكان پشتى پێ ببەستن لە كاتى بڕیاردانى تایبەت بە ئابوورى بازاڕ. ئەوەتا ئێمە تووشى شۆكى سێیەم بووینەتەوە بووە هۆى متمانە نەمان بە بانكەكان، ئەمە جگە لە كێشەكانى بازاڕ بەهۆى نەبوونى بیمەى دڵنەوایى كۆمەلآیەتى بۆ هێزى كرێكارو جێپێگۆڕكێى كرێكاران دواى مەشق و راهێنان وئامادەكردنیان بۆ شوێنى مەبەست. 
سەبارەت بە پرسیارێكى دیكەى سامان كە ئایا ئێمە لە كوێى گەلآڵەكردنى ئەو بیرۆكانەین كە پەیوەندییان بە ئابوورى بازاڕو لایەنەباشەكانى (مزایا) ئازادیی ئابوورى وچەسپاندنى رۆڵى كەرتى تایبەت لە بەرهەمهێنان و چۆنییەتى دروستكردنى هەلى كار لە رێگاى كردنەوەو دامەزراندن و فراوانكردنى پرۆژە بچووك و مامناوەندەكان وەكو مەرجێك بۆ زیادكردنى بەرهەمى كۆمەڵگاو وەدەرخستنى تواناكانى وگەشەپێدانى رووحییەتى ركابەرى لە نێوان كەرتەكانى چالاكى ئابوورى... بەڕێزیان گوتى:
"  كەم و كورتییەكى زۆرمان لە بوارى دەرچواندنى یاساو رێساو رێنمایى پەیوەست كە لەوانەیە رۆڵى كەرتى تایبەت بەهێز بكات لە زیادكردنى بەرهەمى پێویست.
لەم كەش و هەوایەدا فەرهەنگى ویست و تمووح كە دەبێ بنەماكانى دابینكردنى باشیى جۆرو خزمەتگوزارییەكان فەراهەم بكات، نەبوو و، رووحییەتى تەماعكارى و سەفەقات لە رێگاى كەسى دووەم ( دەڵلآل)بەسەر بازاڕدا زاڵبوو. هەروەها شەكلییاتى رۆتین و گرێكوێرەكانى رۆتین و رەزامەندییە رەسمییەكان كە زۆربەى جاران دەبێتە هۆكارى دواكەوتنى جێبەجێكردنى پرۆژەكانى كەرتى تایبەت، زاڵە بەسەر پەیوەندییەكانى نێوان هەردوو كەرتى گشتى و تایبەتدا. ئەمە سەرەراى نەبوونى هەماهەنگى لە نێوان وەزارەتەكان كە كاریگەرییەكى نێگەتیڤانەى لەسەر ئیش و كارەكانى كەرتى تایبەت دەبێت. بۆیە ئێمە پێویستییەكى زۆرمان بە هەبوونى لیژنەیەكى هاوبەش هەیە لە ئەنجوومەنى وەزیران بەمەبستى رزگاربوون لەكێشەكانى رۆتین و كورتكردنەوەى رێگاى رۆتین لە رایەڵكردنى پرۆژەكانى بوژاندنەوەى ئابوورى هاوشێوەی كۆمارى میسر. 
بێگومان پرۆژە بچووك و مامناوەندییەكان پانتاییەكى فراوانى هەیە لە نێو كۆمەڵگاى كوردستانى و پێویستییەكى زۆرى بە پەرەپێدان و بوژانەوە هەیە بە شێوەیێك كە خزمەت بە گەشەسەندن بكات و، ئەزموونى مالیزیا لە گواستنەوە لە سیستمى سوشیالى بۆ سیستمى ئابوورى بازاڕ باشترین نموونەیە كە دەكرێ كارى لە سەر بكرێت و پەیڕەو بكرێت لە چۆنییەتى پەرەپێدانى كەرتى تایبەت و ئامادەكردنى كەرتى گشتى بۆ ئەوەى لە خزمەت قۆناغى گواستنەوەدابێت(Public-Private Partnership) كە دواتر بە هاوبەشى نێوان هەردوو كەرتى گشتى و تایبەتدا دەناسرێت. 
لەكۆتاییدا دەڵێین ئەو بابەتانەى باسكران پێویستییان بە راگەیاندنێكى تایبەت هەیە كە پێى دەگوترێت راگەیاندنى ئابوورى، ئەویش بەمەبەستى رووماڵكردنى زۆرێك لە ئیش و كارو غەم و خەفەتى بزنسمانان و یەكێتى ژوورەكانى بازرگانى و پیشەسازى كە خۆى لە كەرتى تایبەت دەبینێتەوە لە هەرێمى كوردستاندا.