كەرتى پیشەسازى لە هەرێمى كوردستان لە هاوردە وە بەرەو هەناردە

 كەرتى پیشەسازى لە هەرێمى كوردستان لە هاوردە وە بەرەو هەناردە




2019-10-08 12:04:39


د. ئەرشەد تەها

مامۆستا  لە زانكۆى سەلاحەددین- هەولێر

كەرتى پیشەسازى بەكەرتى پێشڕەو دەژمێردرێت بۆ كەرتەكانى ترى ئابوورى، چونكە گەشەكردنى كەرتى پیشەسازى پەلكێشى كەرتەكانى تریش دەكات بە دواى خۆیدا، هەر بۆیە بە وڵاتە پێشكەوتووەكان دەووترێت وڵاتە پیشەسازییەكان، وە ئەو پێشكەوتنەى ئێستا دەیبینین لە تەكنەلۆجیا و زانست هەمووى بۆ شۆڕشی پیشەسازى دەگەڕێتەوە.

ئابوورى هەرێمى كوردستان بەدەست دواكەوتوویی كەرتە سەرەكییەكان دەناڵێنێ، وەك كەرتى پیشەسازى و كشتوكاڵى، سەرەڕاى لاوازى ژێرخانى ئابوورى و ناهاوسەنگى بەرهەم هێنان و ڕێژەى بەرزى بێكارى، لە كاتێكدا هەرێم هێزێكى كارى گەورە و سەرمایەى ماددى ومرۆیی زۆرى هەیە، بەڵام پێویستى بە تەكنیكێكى نوێ هەیە بۆ بەرهەمهێنان.

گرفتە ئابوورییەكانى كوردستان لە قوڵبونەوەدان بەهۆى پاشەكشەى نرخى نەوت و دەستەوسان بوونى حكومەتى هەرێم لەدۆزینەوەى سەرچاوەى پارەداركردنى نوێ بۆپاڵپشتى بوودجەى هەرێم. هاوكات بەرەنگارى وجەنگ لەگەڵ چەكدارە توند ڕەوەكانى داعش زیانى گەورەى لە ئابوورى كوردستان داوە، سەرەڕاى خەرجیەسەربازیەكان و دۆسیەى هاوكارى ئاوارەكان. ئەمانە هەموویان گومان دروست دەكەن كە حكومەتى هەرێم بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەم دۆخەئاڵۆزە تێكهەڵكێشە ئابوورى و سیاسیە.

پشت بەستن بەتەنها بە داهاتى نەوت كەلێنێكى گەورەیە لە سیستەمى بەڕێوەبردنى ئابوورى هەرێم، بۆیە پێویستمان بە دەرچەى ڕزگاربوونە بۆ دەستكردن بە پرۆسەى چاكسازى و بنیادنانى پەرەپێدانى ڕاستەقینە، وەك وەبەرهێنانى بیانى ڕاستەوخۆى ڕاستەقینە! بۆپەرەپێدانى كەرتى نەوتى وكەرتەكانى پەیوەست بە نەوتەوە، وەك پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى لە قۆناغی یەكەم بۆدروستكردنى بەهاى زێدەگى لە نەوت لە جیاتى فرۆشتنى نەوت بەشێوەى خام، چونكە توێژینەوە ئابوورییەكان دەریدەخەن بەهاى زێدەگى پیشەسازى گۆڕینى كەرستەى خاو بۆ بەرهەمى تەواو و نیمچە تەواو بەهاى زێدەگى سەد ئەوەندەى بەهاى زێدەگى پیشەسازى دەرهێنانە! تاكو ببێتە هۆى ڕاكێشانى تەكنیكێكى نوێ ى گونجاو بۆ بەرهەمهێنانى نەوتى و سوود وەرگرتن لە داهاتەكەى بۆ دۆزینەوەى تواناى بەرهەمهێنانى تازەى سەرچاوەى داهات، هەنگاو بەهەنگاو پیشەسازییەكان پشت بەستن بە كەرتى نەوتى كەم بكەنەوە، وە هەڵى كارى تازە بڕەخسێنن كە بەرهەمدارى زیاتر بێت بۆ بەردەوامى پەرەپێدان لەماوەى درێژخایەن، ئەوكات بناغەیەكى ئابوورى پتەومان دەبێت بۆ چاكسازى ڕیشەیی.

حكومەتى هەرێم لەماوەى ڕابردوو چەند هەنگاوێكى گرتەبەر بۆ سوككردنى قەیرانى داریی سەر حكومەت لەڕێگاى پاشەكەوتى مووچەى فەرمانبەران و زیادكردنى باجە جۆراوجۆرەكان(باجى داهاتى خانووبەرە، باجى گومرگى، سزاى هاتوچۆ..هتد) و هەوڵى كۆكردنەوەى قەرزەكانى لاى وەبەرهێنەران و كەمكردنەوەى خەرجى گشتى، سەرەڕاى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى خاو بۆ سەرو پەنجا دۆلار، بەڵام كورتهێنان هەربەردەوامە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، لەوهۆكارانە فشارەكانى پێداویستییەكانى سەنگەر و هاوكارییە مرۆییەكانى ئاوارەكان و دانەوەى مافەداراییەكانى گرێبەستەكانى كۆمپانیا نەوتیەكان!

بارودۆخى سیاسى و ئابوورى كوردستان و گواسترانەوە بەرەو ئابوورى ئازاد و قبوڵكردنى مەرجى دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ئازادى كارى كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان، گۆڕینى كەرتى گشتى بۆ كەرتى تایبەت كاریگەرى نەرێنى وخراپى هەبووە لەسەر ئابوورى كوردستان، چونكە كۆمەڵگەى كوردستانى كردە بەرخۆر (بەكاربەر) بەهۆی ئازادى بازرگانى و لاوازى ئاستى بەرهەمى ناوەخۆ و ڕكابەرى ناهاوسەنگ لە نێوان بەرهەمى خۆماڵى و بەرهەمى هاوردەكراو، ئەوەش پێویستى بەدانانى یاسا و ڕێساى تایبەت هەیە بە ئابوورى ئازاد و گۆڕاوەكانى تاكو سوودەكانى زیاتربكەین لە زیانەكانى .

پەرەپێدانى كەرتى پیشەسازى

دواى دروستبوونى قەیرانى دارایی قەیرانى ئابووریش دروست بوو، چونكە كەرتە ئابوورییەكان ڕاستەوخۆ كەوتنە ژێر كاریگەرى قەیرانى دارایی، كەرتى پیشەسازیش زیاتر لە كەرتەكانى تر كەوتە ژێر ئەم كاریگەرییە و ژمارەیەكى زۆری كارگەكانى ئەم كەرتە ڕووبەڕووى زیانى گەورە بوونەوە و هەندێكیان بە ناچارى دەرگاكانیان داخست.

پیشەسازى بەشێوەیەكى گشتى لە دوو جۆر پێك دێت: پیشەسازى دەرهێنان و پیشەسازى گۆڕین، پیشەسازى دەرهێنان وەك دەرهێنانى نەوت و غازى سروشتى وكانزا جۆراو جۆرەكان (زێڕ و زیو و مس .. هتد) و نا كانزاكان (فۆسفات و پۆتاسیۆم و بەردە پیشەسازییەكان ..هتد)، بەڵام كوردستان بە شێوەیەكى سەرەكى پشت بە دەرهێنان و هەناردەكردنى نەوتى خاو دەبەستێت بۆ دابینكردنى داهات، وە بەهۆی دابەزینى نرخى نەوتى خاو بەهاى زیادەى ئەم پیشەسازییە بە ڕێژەى 40% كەمى كرد، ئەمەش كوردستان ناچار دەكات بیر لە دەرهێنانى غازى شروشتى و ماددە خاوە كانزایی و ناكانزاییەكانى تریش بكاتەوە بۆ پڕكردنەوى پێداویستییەكانى، ئەمەش پێویستى بە دەركردنى یاساى تایبەت و سیاسەتى هاندانى وەبەرهێنان لەم پیشەسازییە دەبێت بۆ هاندانى كەرتى تایبەت و ڕاكێشانى كۆمپانیاى بیانى، ئەم پیشەسازییە لە ماوەى درێژ گەشە دەكات بەتایبەتى كاتێك ژینگەى هەرێمى كوردستان بگونجێندرێت لە گەڵ وەبەرهێنانى بیانى و كرانەوەى كۆنتڕۆڵكراوى بازاڕەكانى كوردستان بە ڕووى بازاڕە جیهانیەكادا.

 پیشەسازى گۆڕین كۆمەڵێكى فراوانى چالاكییە پیشەسازییەكان دەگرێتەوە كە ماددە لە شێوەى خاوەكەیەوە دەگۆڕن بۆ شێوەى بەرهەمى تەواو یان نیمچە تەواو، وەك پیشەسازى كەرستەى بیناسازى (چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵا و ئەلەمنیۆم ..هتد) و پیشەسازى هایدرۆكاربۆن كە پیشەسازى پاڵاوتن و پترۆكیمیاوى لەخۆ دەگرێت، هەروەها پیشەسازى پەینى كیمیاوى و ئالیك سازى و پێداویستى ناو ماڵ ..هتد.

 قەیرانى دارایی لە سێ ساڵى ڕابردوو كاریگەرى ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر خواست لەسەر كەرستەى بیناسازى، هەرچەندە كارگەى چیمەنتۆ و ئاسن لە هەولێر و سلێمانیش هەیە بەڵام تا ئێستاش بڕێكى زۆرى ئەو كەرستانە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن، سەرەڕاى ئەوەى كەرستەى خاوى پێویستمان هەیە لە كورستان بەڵام نە توانراوە بەلایەنى كەم پێداویستییەكانى ناوەخۆ لە كەرستەى بیناسازى دروست بكەین كە تەكنەلۆجیایەكى زۆر پێشكەوتوشی ناوێت و دەستى كارى زۆر و جۆراو جۆراومان هەیە و تەنها پێویستمان بە سیاسەتى گونجاو و پشتگیرى پێویست هەیە.

پیشەسازى هایدرۆكاربۆن وەك پاڵاوگە: هەرچەندە بڕێكى زۆرى نەوتى خاو لە كوردستان هەیە نەتوانراوە پاڵاوگەى گەورەو سەردەمیانە لە كوردستان دروست بكرێت و پێداویستى ناوخۆى پێ دابین بكرێت و تەنها بە شێوەى خام هەناردەى دەرەوە دەكرێت و پەنا دەبرێتە بەر وڵاتانى دەوروبەر و هەتا دوورە دەستیش بۆ دابینكردنى نەوتى سپى و بەنزین و داتاشراوەكانى تر، لە كاتێكدا ئێمە تایبەتمەندى ڕێژەییمان هەیە بۆ هەناردە كردنى ئەم بەرو بومانە! چونكە سەرەڕاى قازانجى زۆرى ئەو پیشەسازیە بڕێكى زۆرى دراوى بیانى بۆ هەرێم دەگێڕێتەوە و هەڵى كارى زۆریش دەڕخسێنێ بۆ گەنجە بێكارەكانمان و داهاتى حكومەتیش جۆراوجۆر دەكات.

پیشەسازى ئاسن و پۆڵا، كۆریاى باشوور سەرەڕاى ئەوەى یەك كیلۆ ئاسنى خاوى نیە پێنجەم گەورەترین كارگەى ئاسنى هەیە لە جیهان! كوردستان بە پشت بەستن بە هەندێك ناوچەى دیاریكراو، وەك پێنجوێن، بۆ نممونە، دەتوانین یەكێك لە گەورەترین كارگەى ئاسن دروست بكەین لە هەموو جیهان، سەرەڕاى  زۆرى ئاسنى بەكار هاتوو لە كوردستان كە لە هەموو شوێنێك دە بینرێن.

پیشەسازى پترۆكیمیاوى، بەهۆى هەبوونى ڕێژەیەكى زۆرى نەوتى خاو لە كورستان دەتوانین چەندەها پرۆژەى پترۆكیماوى دروست بكەین كە سەدان بەرهەمى جۆراوجۆر دروست بكەین و هەزارەها هەڵى كار بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێنین.      

ئامانج لە جۆراوجۆركردنى پەیكەرى بەرهەمهێنان دروستكردنى كەرتى نوێ ى داهات دروستكارە بەمەبەستى كەمكردنەوەى پشت بەستن بە كەرتى نەوت، چونكە ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی كردنەوەى بوارى نوێ كە بەهاى زێدەگى زیاتربێت و هەڵى كارى زیاتر و بەرهەمدارتر بڕەخسێنێ بۆ كۆمەڵگاكەمان، وە ببێتە هۆی بەرزكردنەوەى گەشەی ئابوورى لە ماوەى درێژخایەن.

بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بەرنامەى وەبەرهێنانى چڕ دابڕێژرێت بۆ سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندییەكانى كوردستان بۆ جۆراوجۆركردنى پەیكەرى ئابوورى و مسۆگەركردنى گەشەی ئابوورى سەقامگیر و بەردەوام و خۆدەربازكردن لە مەترسیەكانى تاكە سێكتەرى و خۆبەستنەوەى تەواو بە فرۆشتنى نەوتى خاو.

لەسەرەتا بە پیشەسازیانە دەست پێبكەین كە بڕێكى زۆر نەوتى تێدا بەكار دێت، وەك پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى، وە ئەو پیشەسازیانەى بڕێكى زۆرى ووزە و پتڕۆكیمیاوى بەكار دەهێنن،  وەك پیشەسازى ئاسن و هەروەها پیشەسازى بچوك، لەسەرەتا ناچارین بەو جۆرە پیشەسازییانە دەست پێبكەین بەمەبەستى زیادكردنى داهاتى نەوت و غاز تاكو سوودى هەبێت بۆ پەرەپێدانى كەرتەكانى تر، وەك كەرتى كشتوماڵى و گەشت و گوزارو ..هتد.

هەروەها پشتگیرى كەرتى كشتوكاڵ بكەین لە ڕێگاى قەرزى وەبەرهێنان بۆ جووتیارەكان بەمەرجێك پابەند بكرێن بە پێی یاسا بڕە پارەكە تەنها لە بوراى كشتوكاڵى خەرج بكەن، هەروەها كردنەوەى خولى ڕاهێنانى بەردەوام بۆیان بەمەبەستى بەرزكردنەوەى تواناى بەرهەمهێنانیان لە ڕێگاى سوود وەرگرتن لە تەكنیكى نوێ ی بەرهەمهێنان، وە پیشە سازى خۆراك پەرەى پێبدرێت و بەرهەمى كشتوكاڵى وەك كەرستەى خاو بەكار بهێنرێت، چونكە بەو جۆرە جووتیارەكان كڕیارى مسۆگەریان دەبێت و بەكەمترین تێچوونى گواستنەوە ڕادەستى كارگەكانى پیشەسازى خۆراكى دەكەن، لە هەمان كاتدا كارگە و پڕۆژەكانى پیشەسازى خۆراك كەرستەى سەرەتایى پێویست و هەرزانى دەبێت بۆ بەردەوامى پرۆسەى بەرهەمهێنان، چونكە كاتێك ئەم جۆرە كارگانە لە نزیك زەوییە كشتوكاڵیەكان دەبێت بە نرخێكى ڕكابەر كەرستەى پێویستى دەست دەكەوێت كە نە باج و نە تێچوونى گواستنەوەى دەبێت، گرنگتر لەوەش دامەزراندنى پڕۆژەى هاوبەشى نێوان كەرتى گشتى و كەرتى تایبەت لە بوارى پیشەسازى وكشتوكاڵى، چونكە حكومەت زەوى كشتوكاڵى و پیشەسازى و ژمارەیەكى زۆر دەرچووى بەشە كشتوكاڵییەكان و پیشەسازییەكانى لە كوردستان هەیە، بەهاوكارى بیرۆكە و سەرمایەى كەرتى تایبەت وپاڵپشتى سیاسەتى گشتى حكومەتى هەرێم پڕۆژەى سەركەوتوو دادەمەزرێن، بەهەمان شێوە لەكەرتەكانى تریش.

پڕۆژە كشتوكاڵیەكان و هەندێك پڕۆژەى پیشەسازى خۆراك لە سەر هەمان زەوییە كشتوكاڵییەكان هەڵى كارى زۆر دەڕەخسێنێ و دێهاتەكان ئاوەدان دەكاتەوە وكۆچى پێچەوانە دەست پێ دەكات لە سەنتەرى شارەكانەوە بۆ دێهاتەكان، بەمەش قەیرانى جەنجاڵى شارەكان و قەیرانى نیشتەجێ بوون چارەسەر دەبێت، سەرەڕاى كەمبوونەى خواست لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەكان.

زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و كەمى خەرجى گشتى لەسەر كەرتى خوێندن دەبێتە هۆی بێكارى  گەنجەكانمان و دابەزینى ئاستى لێهاتوویى دەستى كار لەكەرتە ئابوورییەكان، چونكە خوێندن توخمێكى گرنگە لە پرۆسەى چاكسازى ئابوورى و ڕاستكردنەوەى هەڵە پەیكەرییەكانى ئابوورى، چونكە بنیاتنان و ئامادەكردنى تواناى مرۆیی مەرجێكى سەرەكى ڕابەرایەتى پرۆسەى پەرەپێدانى ئابووییە بە شێوەیەكى دروست، لەبەر ئەوەى مرۆڤ سامانى ڕاستەقینەیە، بەرزكردنەوەى توانا و لێهاتووییەكان دەبنە هۆی سەركەوتنى پڕۆسەى پەرەپێدان، ئەمەش لەڕێگاى بەهێزكردنى سیستەمى خوێندنى سەرەتایی و باڵا لە ناوەندەكانى خوێندن و زانكۆ و پەیمانگاكان، كە پێویستى بە دووبارە پێداچوونەوەى ڕیشەیی هەیە، بە داخەوە ساڵى ڕابردوو كوردستان وعێراق لە ڕیزى سۆماڵ و میانماڕ و ئەفغانستان ناویان نەبوو لە ڕیزبەندنى كوالیتى خوێندنى نێودەوڵەتى! دووبارە بەداخەوە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان زیاتر لەوە دەچن ناوەندنى بازرگانى كردن بن بە بڕوانامە و فڕۆشتنى لە جیاتى خوێندن و فێركردن!

كشانەوەى حكومەت لە زۆرێك لە چالاكییە ئابوورییەكان و سپاردنى كارەكان بەكەرتى تایبەت سەركەوتوو نەبووە، بگرە بەشێكى زۆرى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى نەتەوەیی كوردستان لەو ڕێگایەوە بووە. لەبەر ئەوە پێویستە چاوبخشێنرێتەوە بە سیاسەتى كەرتى تایبەت و ڕۆڵى حكومەت زیاد بكرێتەوە لە قۆناغى ئێستا و داهاتوو، وە پڕۆژەكان بە هەماهەنگى هەردوو كەرتى گشتى و تایبەت بەڕێوە بچن لە شێوەى پڕۆژەى هاوبەش، لەگەڵ كاراكردن وتوندكردنى چاودێرى دارایی و حكومى و سزادانى توندى هەر پێشێلكارى و گەندەڵییەك.

پێویستە هاوكارییەكان و پشتگیرى حكومى بۆ پڕۆژەكان پاڵپشتى ئامانجدار بێت و ببێتە پاڵپشتى چینەلاوازەكان لە كۆمەڵگا، بنەماى هاوبەشى و تەواوكارى نێوان هەردوو كەرتى گشتى وتایبەت  زۆر پێویستە بۆ دووبارە داڕشتنەوەى ڕۆڵى حكومەت و زیادكردنى داهات بۆ هەردوولا، سەرەڕاى كەمكردنەوەى فشارى خواستى دامەزراندن لە كەرتى گشتى، چونكە حكومەت زەوى و كەرستەى پێویست و دەستى كارى زۆرى لەبەر دەستە (فەرمانبەرەكانى)، بەهاوكارى بیرۆكەى كەرتى تایبەت و سیاسەتى گشتى حكومەتى هەرێم پڕۆژە هاوبەشەكان سەركەوتوو دەبن و دەبنە ڕكابەرى هاوتا بۆ بەرهەمى هاوردەكراو.

واز هێنانى حكومەت لە ڕۆڵى ئابوورى لە ژێر سێبەرى بازاڕى ئازاد لەبەرژەوەندنى چینە هەژارەكان نابێت، وە ڕێژەى هەژارى بەرز دەكاتەوە، وەك ئەوەى بینرا لەماوەى ڕابردوو لە هەرێمى كوردستان، لەبەر ئەوە پێم وایە بۆ ئێستاى كوردستان سیستەمى (هاوبەشى بازاڕ) (اشتراكیە السوق)  باشترین سیتەمى ئابوورى دەبێت، بە جۆرێك هاوسەنگى ڕادەگرێت لە نێوان خاوەندارییەتى سەرمایەى تایبەت و سەرمایەى گشتى، چونكە ناكرێت بازاڕ لە پڕێك ئازاد بكرێت و ببێتە كێشە بۆ زۆرینەى خەڵكى داهات نزمى كوردستان.

ناكرێت ڕۆڵى بانكەكانیش لەبیر بكەین، تا ئیستا سیستەمى بانكى لە كوردستان بوونى نیە و ڕۆڵى نەبینیوە لە پاڵپشتى ئابوورى كوردستان، یەكێك لە گرنگترین كارەكانى بانكەكان دروستكردنى هاوسەنگییە لە ئابوورى، بەجۆرێك پارە لە ئەوكەسانە دەگوازێتەوە كە پارەى زیاد لە پێویستیان لەبەر دەستەو ناتوانن بیخەنە ناو پرۆسەى وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان بۆ ئەو كەسانەى كە پێویستیان بە پارە هەیە بۆ وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان لەناو ئابوورى.

پێویستە حكومەتى هەرێم ئەگەر نەشتوانێت لە كاتى ئێستا پشتگیرى پڕۆژەكان بكات لە ڕێگاى بانكە حكومییەكان بەلایەنى كە دڵنیایی بداتە بانكەكانى كەرتى تایبەت تا بە متمانەى حكومەت ئەو بانكانە قەرز بدەنە پڕۆژەكان.

وە هەبوونى بازاڕى دارایی تا هەموو كەسێك بتوانێت پشك قەواڵەى پڕۆژەكان بكڕێت و وەبەرهێنان بكات هەتا ئەگەر بە بڕێكى كەمیش بێت، بەڵام لە ئەنجامدا پڕۆژەكان لەو ڕێگایەوە بە ئاسانى دەتوانن پارەى پێویست كۆ بكەنەوە بۆ پڕۆژەكانیان، ئەمەش پێویستى بە یاسایەكى تاییبەت دەبێت بە بازاڕە داراییەكان تاكو مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت.