بارودۆخى ئابوورى لە باشوورى كوردستان

بارودۆخى ئابوورى لە باشوورى كوردستان




2019-10-08 11:59:38


    بارودۆخى ئابوورى ئەو ماوەیە كە لەڕووى ئابوورى یەوە  وولآتێكى پێدا تێدەپەڕێت، وبارودۆخى ئابوورى لە ڕۆژهەلآتى ناوەڕاست بەگشتى، و لەوولآتى عێراق وباشوورى كوردستان بەتایبەتى زوو زوو تووشى گۆڕانكارى دەبێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆكارى وەك؛ هەبوونى جەنگ لەو وولاتانە بەتایبەتى لە وولآتانى دواكەوتوو، وسیستەمى ئابوورى ئەو وولاتانە سیستەمێكى دواكەوتووە واتە سیستەمێكى كلكایەتیە یان پاشكۆیەتیە وكەرەسەى سەرەتاى دەنێرنە دەورەوە لە جیاتى ئەوەى لەناوەخۆى وولآت بەرهەمى بهێنن، وسیستەمى نەختینەیان وەكوو پێویست نیە، وناتوانن پارێزگارى لە بەهاى دراوى نیشتمانى بكەن لە بازاڕى دراو گۆڕینەوەى بیانى، وگەلێك هۆكارى تر.
    ئەگەر ئێمە سەیرى بارودۆخى ئابوورى باشوورى كوردستان بكەن وەك هەرێمێك، ئەوا تێبینى ئەوە دەكەین كە لەدواى ساڵى (2003)ـەوە، بارودۆخى ئابوورى لەخاڵى بنەڕت وسەرتا دەستى پێكرد، كە بە (قۆناغى بوژانەوە) دەناسرێ (وێنەى 1)، چونكە دواى روخانى ڕژێمى بەعس لەعێراق، بارودۆخى ئابوورى باشوورى كوردستان تا ڕادەیەكى باش سەربەخۆى وەرگرت وبەرە بەرە كەوتە سەر ڕێچكەى بوژانەوە، ئەو بوژانەوەیەش ڕوویدا بەهۆى سەربەخۆ بوونى كورد لە هەناردەكردنى نەوت بە بازاڕى دەرەوە، وهاتنى دەیان كۆمپانیاى وەبەرهێنان لەبوارى هەمەجۆر، دیارى كردنى بەشە بوودجەى كورد لە حكومەتى ناوەندى، وگرنگى دانانى وولآتانى بیانى بە باشوورى كوردستان وكردنەوەى چەندین كونسولخانە لە هەولێرى پایتەختى باشوورى كوردستان، وكردنەوەى هەردوو فرۆكەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر وسلێمانى، هەموو ئەمانە وایان كرد كە كورد متمانەى نێودەوڵەتى بەدەست بهێنێت لە ڕووى ئابوورییەوە.
    قۆناغى بوژانەى ئابوورى لە باشوورى كوردستان لە ساڵى(2003)ـەوە ساڵ بە ساڵ پێشكەوتن وبەرو پێشچوونى بەخۆیەوە دەبینى هەتاكوو ساڵى(2013) بارى ئابوورى لە ئاستێكى باش بوو وهەتا گەیشتە قۆناغێكى نوێ كە (قۆناغى برەوسەندن) بوو لەم قۆناغە باشوورى كوردستان ئەو پەرى باشى بەخۆیەوە بینى لە ڕووى ئابوورى، واتە بە شێوەیەكى پلە بە پلە لە ماوەى(10) ساڵ گەیشتە ئەو قۆناغە نوێ یە، ئەو ماویەش بۆ ئێمەى كورد بەبەراوورد لەگەڵ وولآتانى دەوروبەر تا ڕادەیەكى زۆر ئاماژەى دڵخۆشكەر وسەركەوتنى بوارى ئابوورى بوون، ئەگەر هەندێ بارودۆخى نەخوازراوى وەكوو شەڕ و جەنگ، وئالۆز بوونى پەیوەندیەكانى كورد لەگەڵ حكومەتى ناوەندى نەبوایە ئەوا كورد قۆناغێكى باشى ئابوورى بڕى بوو، هەورەها نزیك ببوەوە لە سەربەخۆى ئابوورى وبەدەستهێنانى دەسكەوتى نەتەوەیى گەورەتر.
 
وێنەى(1) قۆناغەكانى بارگۆڕانى ئابوورى لە باشوورى كوردستان لەنێوان سالآنى(2003 - 2023)

    دواى قۆناغى برەوسەندن، ئەمجارە بارودۆخى ئابوورى لە باشوورى بەرەو كزى ولاوازى چوو، ئەوەبوو لەساڵى(2014) گەیشتە( قۆناغى وەستاوى)، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆكارى وەك؛ ئەو شەڕە نەخوازراوانەى كە ڕووبەڕووى باشوورى كورستان بویەوە، بە دریژایى سنوورى نێوان خاكى باشوورى كوردستان و وولآتى عێراق، ئەو شەڕە ژێرخانى ئابوورى وولآتى عێراق وباشوورى كوردستانى وێرانكرد، بەتایبەتى كاریگەرى خراپى ئابوورى كردە سەر ئێمەى كورد، و واى كرد كە كاریگەرى خراپ بكاتە سەر داهاتى گشتى وكەمیكردەوە، هەروەها خەرجى گشتى زۆر زیادى كرد وحكومەتى هەرێمى ناچار كرد كە قەرزى دەرەكى بكات، وهەموو ئەوانە كاردانەوەى ئابوورى خراپ وئاڵۆزى هەبوو لەسەر ئابوورى ناوچەكە، وبازاڕى لاواز كرد، وبەرهەمهێنان ڕووى لە نزمبوونەوە كرد، وهەر ئەم جەنگە نەگریسە بووە هۆى ئەوەى ئاستى وەبەرهێنان نزمبكاتەوە.
    دواتر باردۆخى ئابوورى هێندە كز بوو تاكوو گەیشتە (قۆناغى بێ بازاڕى) لەساڵى(2017) كە بە خراپترین قۆناغى ئابوورى هەژماردەكرێ لە ئابوورى جیهان، ئەو جار بەیەكجارى ئابوورى هەریم گەیشتە قۆناغێك كە ئاستى كڕین وفرۆشتن بەیەكجارى نزم بووە و داهاتى هەمووەكى تەواو كەمبوویەوە، ولەهەمووى خراپتر خەرجى گشتى ڕۆژ بەڕۆژ زیادى دەكرد، سەرە ڕاى قەرزى دەرەكى بەتایبەتى كە لەو كۆمپانیانە وەگیرابوو كە خەریكى دەرهێنانى نەوت بوون لە خاكى باشوورى كوردستان، وخراپى پەیوەندى نێوان حكومەتى هەرێم وحكومەتى ناوەندى كاریگەرى خراپى كردە سەر گەشەى هەموو سێكتەرەكانى ئابوورى، چونكە متمانە لەلایەن بەكاربەر وبەرهەمهێن لەلایەك ولەلایەن میرى وبەرهەمهێنەكان لاواز ببوو، تەنانەت ئەو قۆناغە كاریگەرى نەرێنى كردە سەر داهاتى گشتى كە حكومەتى هەرێم نەتوانێ مووچەى فەرمانبەرانى خۆى پێ دابین نەكرا بەتەواوى، ئەمەش كارى كردە سەر ئەوەى پارە نەكەوێتە بازاڕ وبووە هۆى نزمبوونەوەى خواستى هەمووەكى، سەرەنجام بوە هۆى كەمبوونەوەى خستنەڕووش، ئەمەش واى لە بەرهەمهێنەكان كرد كە ئارەزووى بەرهەمهێنانیان لاواز بیت، تەنانەت چەندین سەرمایەدارى گەورە سەرمایەى خۆیان بردە دەرەوەى باشوورى كوردستان، ئەمەش لێدانێكى خراپى دەرەكى بوو كە لەئابوورى هەرێم درا و مەبەستى جیا جیاى ڕامیارى لەپشت بوو.
    دواى ئەو قۆناغەش دووبارە لەسەرەتاى ساڵى(2018)ـەوە بارى ئابوورى باشوورى كوردستان خەریكە بەرە بەرە دەگەڕێتەوە قۆناغى بوژانەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆكارى وەك؛ هەناردنى بەشە بودجەى كورد لەلایەن حكومەتى ناوەندى، و بەرزبوونەوەى نرخى نەوت كە سەرچاوەیەكى سەركى داهاتى گشتى حكومەتى هەرێمە، وكەمبوونەوەى ئەو قەرزانەى كە حكومەت كردبووى كاتى شەڕى نەگریسەكە لەدواى(2014)، وكەمكردنەوەى ڕێژەى پاشەكەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم كە كاتى خۆى لەناچارى ئەنجامى دابوو، بەرزبوونەوەى داهاتى فەرمانبەران، وبازرگانى ناوەخۆ ودەرەكى كەوتەوە گەشە، وخواست لەسەر شمەك وكارگوزارییەكان پەیدابووە وە وخستنەڕووش بەهەمان شێوە بەرزبووەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەى دڵخۆشكەرن كە ئابوورى هەرێم لەقۆناغى بوژانەوەش بەسەر دەكەوێت بۆ قۆناغى برەوسەندن كە دوا قۆناغى ئابوورى یە ولەو پەرى پێشكەوتن دایە.
    بەپێى هەموو نیشانە ئابوورییەكان لەسەرجەم سێكتەرەكانى ئابوورى هەرێم ئەگەر هیچ بەربەستى ڕامیارى و ئابوورى نەهێنە پێش ئەوا هەتا سالێ (2023) واتە لە ئێستاوە بۆ ماوەى چوار ساڵى تر دووبارە بارودۆخى ئابوورى باشوورى كوردستان دەگاتەوە قۆناغى برەوسەندن، هەروەها بۆ ئەوەى بارودۆخى ئابوورى بەروە باشتر بچێت و بۆئەوەى نەگەڕێینەوە قۆناغى بێ بازاڕى پێویستە ڕەچاوى ئەم خالآنەى خوارەوە بكەین:
1)    پێویستە دەرامەتە سروشتیەكان بپارێزین لەلایەك، وبەپێ ى پێویست بیانگۆڕین بۆ پێداویستى تاك لە كۆمەڵگە، هەروەها دەبێت سوود لە دەرامەتانە وەربگرین ولەهەموو كەرتەكانى ئابوورى بەكاریان بهێنین بۆ پڕكردنەوەى پێداویستیەكان وبەرزكردنەوەى داهاتى گشتى، بۆ نموونە زۆربەى ئەو ڕووبار ودەریاچەى سروشتى وتاڤگە وكانیاوانە كە هەنە دەبێت سوودیان لێوەربگیرێت وبەكاربهێنرێن بۆ بوارى كشتوكاڵ لەلایەك، وبوَ بوارى گەشتوگوزار لەلایەكى تر، بەتایبەتى لەو ناوچانەى كەدەشتیاین زەوى زۆر گونجاویان هەیە بۆ بەرهەمى كشتوكاڵى ودەكرێ سوودى لەئاوى سەرزەوى ئەو ناوچانە وەربگیرێت، ئەمەش وا دەكات كە بەرهەمى كشتوكاڵى بخرێتە بازاڕەكان وپێداویستیەكانى بازاڕى ناوەخۆ پڕبكاتەوە، ولەحاڵەتێك ئەگەر بەرهەم زیادى كرد دەتوانین ئاڵوگۆڕكێ ى لەگەڵ شمەكێكى دەگمەن پێ بكەین لەگەڵ وولآتانى دراوسێ لەڕێگاى بازرگانى دەرەكى، وسێكتەرى گەشتیاریش بەهەمان شێوە دەكرێ لەدواى نەوت پشتى پێ ببەستین بۆ بەرزكردنەوەى داهاتى گشتى.
2)    دەبێت هانى سەرمایەدارانى ناوەخۆیى بدرێت كە وەبەرهێنان لەكەرتى جیاجیا بكەن لە ناوەخۆى وولآت، تاكوو پێداویستیەكان لەناوەخۆ دابین بكەین بە بەرهەمى ناوەخۆى وفرۆشیاران ناچار نەبن بچن شمەك لەدەرەوەى وولآت هاوردە بكەن، پارەى وولآت نەچیتە دەرەوە، ولەهەمان كاتدا پارێزگارى لە پیشەسازییە تازە دامەزراوەكان بكەین وكۆمەكیان بكەین تاكوو ئارەزووى بەرهەمهێنانیان لەناوەخۆ زیاتر بێ.
3)    دەبێت ڕەسمى گومرگى زیاد بكرێ لەسەر شمەك وكەلوپەڵى هاوردە، چونكە ئەو زیاد كردنەش لەلایەك دەچێتە خەزێنەى گشتى وسەرەنجام داهاتى گشتى پێ بەرز دەبێتەوە، لەلایەكى تر وا لە سەرمایەداران دەكات كە بیر لەوە بكەنەوە كە گرنگى بە بەرهەمى ناوەخۆ بدەن ، یان پشەسازى ناوخۆیى دابمەزرینن، لەو حاڵەتەدا بێكارى لە هەرێم چارەسەر دەبى.
4)    پێویستە داهاتى گشتى بەفیڕۆ نەدرێت وخەرجى گشتیش سنوردار بكرێ، تاكوو هاوسەنگى دروست ببى وتووشى گرفتى ئابوورى نەبین، ڕووبەڕووى كورتهێنان نەبینەوە لە بودجەى گشتى، ئەوەش دەگەڕێتەوەى بۆ سیاسەتى ئابوورى ونەختینەیى حكومەتى هەرێم،  دەبێت ئەو داهاتەى لەماوەى سالێكى دیاریكراو بەدەست دەهێنن بە پلانێكى پوخت وزانستى خەرج بكرێ تاكوو تووشى دۆخى ناهەموار ونەخوازراوى ئابوورى نەبین.
5)    دەبێت بنەماكانى بەرهەمهێنان(كار، زەوى، سەرمایە، ڕێكخستن) بخرێنە كار تاكوو بگەینە كارپێدانى تەواوەتى لە وولآت، وبەرهەمى ناوەخۆ زیاد ببى، چارەسەرى هەلآوسان وبیكارى یش بكەین، كە ئەو دوو گرفتە ئابوورییەى كە زۆربەى وولآتانى تازە پێگەیشتووى پێیەوە دەنالێنن.
6)    نابێت ئیمە هەر بیر لە ناردنە دەرەوەى كەرەسە سەرتاییەكان یان دەرامەتە سروشتیەكان بكەین لە پێناو بەدەست هێنانى داهاتێكى دیاریكراو، بەتایبەتى هەناردەكردنى نەوت، چونكە ئەگەر هەر وا نەوت بنێرینە بازارەكانى جیهان، ئیمە لە ڕووى ئابوورییەوە هەر بە كلكایەتى یان پاشكۆیەتى ئابوورى یەوە دەمێنینەوە، ئەمەش یەكێكە لە نیشانەكانى دواكەوتووى ئابوورى، ئەمەش ئایندەیەكى خراپى ئابوورى لێدەكەوێتەوە، بۆیە پێویستە بیر لە بەرهەمهێنان وپالآوتنى نەوت لەناوەخۆ بكەینەوە وهەوڵ بدەین بازاڕێكى نێودەوڵەتى بۆ فرۆشتنى بەرهەمەكانى نەوت لە ناوچەكە دروست بكەین.
7)    پێویستە سوود لە پسپۆڕى وشارەزایى وولآتانى پێشكەوتوو لە ئەوڕوپا وڕۆژهەلآتى ئاسیا و وولآتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا وەربگرین لەو پێشكەوتنە مەزنەى كە لەو وولآتانە هەیە لە ڕووى ئابوورى یەوە، بەتایبەتى وولاتانى ئەوڕوپى كە هەر لەدواى شۆڕەشى پشەسازیەوە هەتا ئیستا ئەوان لە لوتكەى پێشكەوتنن، و دەبێت سوود لەكەسانى پسپۆڕ لە زانكۆكانى كوردستان وەربگیرێت لەم بارەوە، چونكە (ئادەم سمپ)ى ئابوورى ناسى سكۆتلەندى پێى وابوو كە پسپۆڕبوون ڕۆلێكى سەرەكى دەبینێ لە بوارى پەرەسەندنى ئابوورى.

    لەكۆتایدا سەرەڕاى هەبوونى چەندین كۆسپ لەبەردەم سەربەخۆیى ئابوورى باشوورى كوردستان و دروست بوونى گرفتى ڕامیارى وئابوورى، بەلآم ئابوورى هەرێم خاوەن دەیان بنەماى سروشتى و مرۆیى بەهێزە بۆیە لەماوەیەكى نزیكدا دەگاتە قۆناغى برەوسەندن، وئەم قۆناغەش دەبێتە بناغەیەكى باش بۆ بەدیهێنانى ئامانجى ئابوورى وسیاسى ونەتەوەیى گەورە.

                                                                                                     سەردار ئەسعەد مامۆ
                                                                                               ماستەر لەجوگرافیاى سروشتى
                                                                                                    25ى ئۆكتۆبەرى 2018