2019-10-08 11:20:46
نووسینى: د.ئـالان بەهائەدین ئەلمودەریس
زانكـۆى لوبـنانى فـەرەنسى
بەبآ هیچ پێشەكیەك ، هەر لە سەرەتـاوە دەمەوێت ئەوە بڵێم كە شەراكەتى نێوان كەرتى گشتى و كەرتى تایبەت بۆتە زەروورەتێكى نیشتمانی بە تایبەتى لە دواى قەیرانى دارایى كە لە ساڵى (2014)ـەوە بەرۆكى هەرێمى كوردستانى گرتووە ، چونكە كەرتى گشتى لە هەرێمى كوردستان لە رووى داراییەوە ئەوەندە لاواز بووە كە تواناى ئەوەى نەماوە خزمەتگوزارى لە هەموو بوارەكاندا بەهەمان كواڵێتى جاران پێشكەش بە هاولآتیان بكات.
ئەوەى من مەبەستمە تیشكى بخەمە سەر بریتیە لە شەراكەتى ئەكادیمی لە نێوان زانكۆ حكومیەكان (كەرتى گشتى) و زانكۆ تایبەتەكان (كەرتى تایبەت) بۆ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى خوێندنى (بەكالوریوس و ماستەر و دكتورا) و كارە زانستى و ئەكادیمیەكانى تر (وەك بەستنى كۆنفراس و ئەنجامدانى ۆركشۆپ و توێژینەوەى زانستى و .... هتد) كە لە ئێستەدا ئەم دوو كەرتە هەر یەك بە تەنها ئەم خزمەتگوزاریانە پێشكەش بە قوتابیان و ئارەزوومەندانى تەواوكردنى خوێندن دەكەن لە چوارچێوەى ئەو یاسا و رێنماییانەى كە كارپێكراون لە هەرێمى كوردستان (وەك یاساى وەزارەتى خوێندنى بالآ و توێژینەوەى زانستى و یاساى راژەى زانكۆیى و یاساى زانكۆ تایبەتەكان و رێنماییەكانى خوێندنى بەرایى و بالآ و پێدانى نازناوى زانستى وكاركردن لە زانكۆ تایبەتەكان و ..... هتد).
ئەوەى تێبینى دەكرێت زانكۆ حكومی و تایبەتەكان لە جووڵەى بەردەوامدان بۆ ئەوەى شەراكەتى ئەكادیمی دروست بكەن لەگەلأ یەكێك لە زانكۆ باوەڕپێكراوەكانى دەرەوەى هەرێمى كوردستان ، بەلآم تاكو ئێستە شەراكەتى راستەقینە وئەكتیڤمان نەبینیوە لە نێوان زانكۆیەكى حكومى و زانكۆیەكى تایبەتى لۆكەڵى. ئەمە سەرەراى نەبوونى كێبـڕكێیەكى راستەقینە و ئەكتیف لە نێوان زانكۆ حكومى و تایبەتەكان بۆ ئەوەى بتوانرێت لە چوارچێوەى ئەم كێبـڕكێیە ئاستى پێشكەشكردنى خزمەتگوزاری خوێندن بەرەو پێشەوە بچێت.
بێگومان هۆكارى زۆر هەن كە رێگرن لەبەردەم هەبوونى شەراكەتى راستەقینە و كێبـركێیەكى ئەكتیڤ لە نێوان زانكۆ حكومى و تایبەتەكاندا ، كە بە بۆچوونى ئێمە ئەمانەى خوارەوە سەرەكیتـرین هۆكارن:
یەكەم: سالآنە وەزارەتى خوێندنى بالآ و توێژینەوەى زانستى ، بەدەستخۆشیەوە، رانكینگى زانكۆ نیشتیمانیەكان لە هەرێمى كوردستان ئەنجام دەدات ، بەلآم گروپى زانكۆ تایبەتەكان جیاوازە لەگەلأ گروپى زانكۆ حكومیەكان ، بە واتاى تر زانكۆ حكومیەكان لە نێوان خۆیاندا كێبـڕكێ دەكەن و زانكۆ تایبەتەكانیش بە جیا. بێگومان ئەگەر رانكینگى زانكۆ نیشتمانیەكان بۆ گشت زانكۆكان (حكومى و تایبەت) بكرابایە ئەو كات كێبـڕكێى راستەقینە دروست دەبوو لە نێوان زانكۆ حكومى و تایبەتەكاندا.
دووەم: لەبەر ئەوەى خوێندن لە زانكۆ حكومیەكان بە خۆڕاییە ، بۆیە ئەم زانكۆیانە بوونەتە قیبلەى خوێندنى قوتابیان بە تایبەتى بۆ كەمدەرامەتەكان وهەروەها ئەوانەى نمرەى بەرزیان بەدەست هێناوە لە پۆلى (12)ـى ئامادەیى، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو قوتابیانەى كە نمرەى نزمیان بەدەست هێناوە روودەكەنە زانكۆ تایبەتەكان و دەتوانن بە نمرەیەكى كەمتـر لە هەمان كۆلێژ و بەش بخوێنن ، ئەمەش بە راى ئێمە هۆكارى سەرەكیە كە كۆمـەڵگەى كوردستانى بە چاوێكى زۆرباش ناڕوانێتە زانكۆ تایبەتەكان و دەرچووانى ئەم زانكۆیانە. كەواتە ئەو بۆشاییە گەورەیەى كە لە نێوان ئاستى قوتابیانى زانكۆ حكومیەكان و ئاستى قوتابیانى زانكۆ تایبەتدا هەیە هۆكارەكەى بریتیە لە سیستەمى وەرگیـران لە زانكۆكاندا كە یەكەمجار ناوى قوتابیە وەرگیـراوەكان لە زانكۆ حكومیەكان دەردەچێت و لە پاشاندا ناوى قوتابیە وەرگیـراوەكان لە زانكۆ تایبەتەكان دەردەكرێت. واتا لە پێشینە بۆ وەرگیـران لە زانكۆكان بۆ زانكۆ حكومیەكانە نەك تایبەتەكان. ئەمە لە كاتێكدایە كە زانكۆ تایبەتەكان لە رووى بالآخانە و پێداویستى و خزمەتگوزاریەكانى خوێندنەوە زۆر پێشكەوتووترە لە زانكۆ حكومیەكان.
سێیەم: زۆر بە روونى و ئاشكرایى دەیڵێم كە دەستەى كارگێرى و مامۆستایانى زانكۆ حكومیەكان بە چاوێكى نزمەوە سەیرى زانكۆ تایبەتەكان دەكەن و پێیان وایە كە خوێندنى راستەقینە لە زانكۆ تایبەتەكاندا بوونى نیە و ئەوەى هەیە بازرگانیكردنە بە خوێندن ئەمە لە كاتێكدایە كە زانكۆ تایبەتەكان لە جیهاندا لە پێشەنگى (500) زانكۆ یەكەمەكانى سەر ئاستى جیهانن. زانكۆ حكومیەكانى هەرێمى كوردستان زۆر لایان ئاساییە كە شەراكەتى ئەكادیمى لەگەلأ هەر زانكۆیەكى تایبەت لە ولآتێكى تر ببەستـن (كە رەنگە ئاستى زانستیشى ئەوتۆ نەبێت) بەلآم بەلایانەوە ئاسایی نیە كە ئەو شەراكەتە لەگەلأ زانكۆیەكى تایبەت لە هەرێمى كوردستاندا ببەستـن. بەدیوەكەى تریشدا، دەتوانین بڵێن كە زانكۆ تایبەتەكانى هەرێمى كوردستان پێیان وایە ئەوان لە رووى بالآخانە و پێداویستیەكانى خوێندن و سیستەمى بەڕێوەبردنى زانكۆ لە زانكۆ حكومیەكان پێشكەوتووترن و ئەگەرچى ژمارەى كادیرى زانكۆییان لە زانكۆ حكومیەكان كەمتـرە، بەلآم كادیرەكانیان لە ئەوان ئەكتیفتـر و چالاكتـرن و پڕ بەرهەمتـرن. كەواتە لێرەدا كێشەیەكى جدى هەیە لە بیـركردنەوەى پێكەوە كاركردن.
كەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: چۆن بتوانیـن هاوبەشى راستەقینە دروست بكەین لە نێوان دوو جۆر لە زانكۆ كە تەواو جیاوازن لە رووى بیـركردنەوەى ئەكادیمى و تواناى دارایى و چالاكى زانستى؟ بە بۆچۆنى ئێمە، لە چوارچێوەى ئەم سیستەمەى ئێستەدا، سەنگ و قورسایى وەزارەتى خوێندنى بالآ و توێژینەوەى زانستى زیاتر بەدەردەكەوێت چونكە لە توانایدا هەیە زانكۆ حكومى و تایبەتەكان لە یەكـتـر نزیك بكاتەوە لە رێگەى دەركردنى رێنمایى و بڕیارى تازە كە هانى نزیكبوونەوە و كارى پێكەوەیى بدات لە نێوان ئەم دوو جۆر لە زانكۆیانە.
بۆ ئەم مەبەستە هەندآ بیرۆكە دەخەینە روو بۆ پتەوكردنى كارى پێكەوەیی، بۆ نموونە دەكرێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە خوێندنى ماستەر چیتر بە تەنها نەكرێتەوە بەڵكو بە هاوبەشى بێت چونكە لە ماوەى رابردوو، وەزارەتى خوێندنى بالآ و توێژینەوەى زانستى رێگەیدا بە هەندآ لە زانكۆ تایبەتەكان (ئەوانەى لە رانكینگى زانكۆ تایبەتە نیشتمانیەكان پلەیان لە پێشەوە بوو) كە خوێندنى ماستەر بكەنەوە بە هاوبەشى لەگەلأ زانكۆیەكى حكومى ودیتەیلى ئەم هاوبەشیكردنە ئەكادیمیەى بۆ رێككەوتنى هەردوو زانكۆ جێهێشت. بوونى زانكۆیەكى حكومى لە تەك زانكۆیەكى تایبەت بۆ كردنەوەى خوێندنى ماستەر هەنگاوێكى زۆر باش بوو سەرەراى هەبوونى هەندآ تێبینى نێگەتیف. دەكرێت كەموكورتیەكانى ئەم پڕۆسەیە چارەسەر بكرێت و ئەم پڕۆسەیە بەردەوامى هەبێت و بیـریش لەوە بكرێتەوە كە گشتاندنى بۆ بكرێت بۆ زانكۆ حكومیەكانیش كە لەمەودوا خوێندنى بالآ پێویستە لەگەلأ زانكۆیەكى تایبەت بكرێتەوە تاكو ئەم پڕۆسەیە ماناى هاوبەشیكردنى راستەقینە بگەینێت و سوودى بۆ هەردوولا هەبێت.
هەروەها دەكرێت لە رووى قوتابیانەوە شەراكەتى ئەكادیمی بوونى هەبێت، بۆ نموونە هانى میواندارى كردنى قوتابیان لە نێوان زانكۆ حكومى و تایبەتەكان بدرێت بە رەزامەندى هەردوو زانكۆ چونكە سوودى زۆرى دەبێت بۆ هەردوولا: زانكۆ حكومیەكان بە دەست زۆرى قوتابى دەناڵێنن و ئەمەش دەرگایەك دەبێت بۆ چارەسەركردنى ئەم كێشەیە. ئەمە لەلایەك ، لە لایەكى ترەوە بوونى قوتابیانى زانكۆى حكومى (بە تایبەت ئاست بەرزەكان) لە نێو هۆڵەكانى خوێندنى زانكۆى تایبەتەكان كاریگەرى پۆزەتیفى دەبێت لەسەر ئاستى قوتابیەكانى ترى نێو پۆل و لە هەمان كاتیشدا رێكلامە بۆ زانكۆ تایبەتەكە.
سەبارەت بە ئەنجامدانى كۆنفراسى زانستى، دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە كە بەلایەنى كەم دوو سالأ یان سآ ساڵێك رێگە نەدرێت زانكۆ بە تەنها كۆنفراسى ئەكادیمی ببەستێت بەڵكو پێویستە كۆنفراسە ئەكادیمیەكان بە هاوبەشى لەنێوان زانكۆیەكى حكومى و زانكۆیەكى تایبەت ئەنجام بدرێت و توێژینەوەكانى مامۆستایانى هەردوو زانكۆ ناوى هەردوو زانكۆى لەسەر بێت بۆ ئەوەى سوودى لێ ببیندرێت بۆ رانكینگى زانكۆ نیشتمانیەكانى هەرێم.
لایەنێكى ترى شەراكەتى ئەكادیمى كە بە بۆچوونى ئێمە زۆر گرنگە ئەویش شەراكەتە لە مامۆستاى زانكۆوە چونكە زانكۆ حكومیەكان بە دەست زۆرى ژمارەى مامۆستایان دەناڵێنن. لە بەرامبەردا، زانكۆ تایبەتەكان بە دەست كەمى ژمارەى مامۆستایان دەناڵێنن. كەواتە بار گونجاوە بۆ ئەوەى شەراكەتى ئەكادیمى لە رووى گۆڕینەوەى مامۆستا ئەنجام بدرێت بەدەر لەو سیستەمەى كە لە ئێستەدا پەیڕەو دەكرێت. بۆ نموونە: لە ئێـستەدا مامـۆستـاى زانكۆى حكومى دەتوانێت لە زانكۆیەكى تایبەت وانەبڵێتەوە وەك میلاكى هەمیشەیى یان بە رێگەى خواستـن یان بە مۆڵەتى بآ مووچەى یەك ساڵە. یاخود وەك وانەبێژى دەرەكى وانەبڵێتەوە دواى هێنانى لارینەبوون لە زانكۆكەى. كاتى ئەوە هاتووە كە هەندآ دەستكارى ئەو سیستەمە بكرێت بۆ نموونە: رێگە بدرێت بە گۆڕینەوەى مامۆستا (دواى رەزامەندى وەزارەت) ئەم گۆڕینەوەش ئیلزامى بێت و رێنمایى بۆ دەربكرێت. یاخود مامۆستاى حكومى بە مۆڵەتى بآ مووچەى كەمتـر لە یەك ساڵ یاخود مۆڵەتى بە مووچەى تەواوى چەند مانگێك یاخود بە مۆڵەتى خوێندن بتوانێت وەك مامۆستا لە زانكۆیەكى تایبەت كار بكات تا ماوەى مۆڵەتەكەى. هەروەها ئەگەر مامۆستاى زانكۆى حكومى وانەبڵێتەوە لە دەوامى ئێوارانى زانكۆ تایبەتەكان ئەوا با پێویست بە لارینەبوونى زانكۆ حكومیەكەى خۆى نەكات چونكە لەكاتى دەوامى فەرمى خۆیدا نیە.
هەروەها بەكارهێنانى تاقیگە و هۆڵەكانى خوێندن و هۆڵەكانى كۆبوونەوە ئەكادیمیەكانى یەكتر هەنگاوێكى گرنگە بۆ زیاتر لەیەكتر نزیكبوونەوە. لە لایەكى ترەوە پێشنیاز دەكەم توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان دوو توێژەر یاخود زیاتر كە هەندآ جار بۆ بەرزكردنەوەى پلەى زانستى بەكاردێت ببێتە توێژینەوەیەكى هاوبەش لە نێوان دوو توێژەر یاخود زیاتر كە یەكێكیان لە زانكۆیەكى حكومى و ئەویتـر لە زانكۆیەكى تایبەت بێت و ئەمەش ببێتە پابەندیەك بۆ هەر مامەڵەیكى بەرزكردنەوەى پلەى زانستى. هەر لەم سۆنگەیەشەوە دەكرێت سەنتەرەكانى توێژینەوەى زانكۆ حكومى و تایبەتەكان پابەند بكرێن كە پێویستە توێژەرى خۆتەرخانكارى لە هەردوو زانكۆ تێدابێت كە بۆ ماوەى ساڵێك یان زیاتر كاریان بریتى دەبێت لە ئەنجامدانى توێژینەوە لەژێر ناوى دوو زانكۆ.
لە كۆتاییدا دەڵێم بوار زۆرە بۆ ئەوەى زانكۆ حكومیەكان و تایبەتەكان پێكەوە كار بكەن و سوودى گشتى بەدى بێنن و بتوانن پێكەوە ئاستى زانستى خوێندن لە كوردستان پێشبخەن ، بەلآم لە سەرەتاوە دەبآ زالأ بن بەسەر بیـرۆكەى بە نزم سەیركردنى ئەویتـر ، چونكە شەراكەتى حەقیقى واتا یەكسانى لە ماف و ئەركى هاوبەشەكان و نابێت یەكێك لە ئەویتـر بەرزتر بێت و نابێت یەكێك مافى چاودێریكردنى ئەویتـرى پآ بسپێردرێت، چونكە یەكسانى ئەكادیمى پێش شەراكەتى ئەكادیمیە.