ئایا بەتایبەتكردن بۆ ڕەوشى ئابوورى كوردستان گونجاوە؟!

ئایا بەتایبەتكردن بۆ ڕەوشى ئابوورى كوردستان گونجاوە؟!




2019-10-08 11:19:32


بیلال سەعید
رۆژنامەنووس و شیكەرەوەى ئابوورى
ڕۆژ بەڕۆژ پرۆسەى بەتایبەتكردنى لە هەرێمى كوردستان دەخرێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، قۆناغێك تەنیا لەپرۆسەى دابینكردنى خزمەتگوزارى گەیاندن و سووتەمەنی و لە ئێستاشدا بانگەشە یان پرۆسەى قۆناغ بەقۆناغى بەتایبەتكردنى پرۆسەى خویندن و كارەبا و تەندروستى دەخرێتە بوارى جێبەجێكردن. بەڵام پرۆسەى بەتایبەتكردن تاچەند خزمەتى ڕەوشى ئابوورى هەرێمى كوردستان دەكات؟ ئایا ڕووكارە نیگەتیڤەكانى ئەم پرۆسەیە بۆ ژیانى هاوڵاتیان چۆنە؟
پرۆسەی بەتایبەتكردن، لە زۆرێك لە ووڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت و بەبەردەوامى كار لەسەر دەكرێت، بەبیانو و هۆكارى جیاواز بۆ نمونە:
1.     خێراكردنى پرۆسەى ئەنجامدانی چاكسازی
2.    زیادكردنى گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی
3.    كەمكردنەوەی پرۆسەى گەندەڵی 
ئایا هۆكارە جیهانییەكانى پشت پرۆسەى بەتایبەتكردن بەهەمان شیوە لە كوردستان بوونى هەیە؟ بەڵى بەدڵنیایەوە كوردستان لەهەر سێ خاڵى سەرەوە لەگەڵ وڵاتى جیهان یەكدەگرێتەوە، بەتایبەت زیادبوونى گەندەڵى و لەسەرخۆى پرۆسەى ئەنجامدانى چاكسازى. جگە لەوەش پیویستە لەسەر ئەم بابەتە خاڵێكى دیكە زیاد بكەین ئەویش ئەوەیە لە وڵاتانى تاك سەرچاوە وەك عێراق و هەرێمى كوردستان بەبیانوى زیادكردنى سەرچاوەكانى داهات زۆرجار پرۆسەى بەتایبەتكردن دەست پیدەكرێت!
پرۆسەى بەتایبەتكردن لەعێراق مێژووییەكى دور و درێژترى هەیە بەڵام دەكرێت بڵین قۆناغى خێراى بەتایبەتكردن دەگەرێتەوە بۆ دواى ساڵى 2003ە و پرۆسەى ئازادى عێراق، بەتایبەتر لەكوردستان لەدواى ساڵى 2014ەوە دەستى پێكرد، لەكاتێكدا لەپرۆسەى خزمەتگوزارى گشتى بۆ تایبەت لەوكاتەدا لە قۆناغێكى زۆر مەترسیدار بوو چونكە لەیەك كاتدا چەند كێشەى جیاواز بوونى هەبوو وەك:
1.    دروستبوونى قەیرانى دارایى بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت
2.    تێكچوونى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق.
3.    زیادبوونى خەرجییەكانى حكومەت لەژێر كاریگەرى زۆرى ئاوارەى عێراق
4.    زۆرى خەرجییەكانى ڕووبەڕووبوونەوەى شەڕى داعش
ئەم هۆكارە جیاوازانە جگە لەوەى ڕۆژ بەڕۆژ بارى سەرشانى هاوڵاتیانى كوردستانى قورستر دەكردەوە لەهەمانكاتدا گۆرانى لە مووچەى مووچەخۆران دروستكردووە و چەندین مووچە خۆر ژیانیان تێكچوو، بەڵام لەم قۆناغە سەختە بەلەبەرچاوگرتنى هۆكارەكانى بەتایبەتكردن حكومەتى هەرێمى كوردستان پلانى بەتایبەتكردنى لەسەرخۆى دەستپێكردووە و ساڵانى داهاتوو دەكرێت بڵین زیاتر كاریگەریییەكەى دەردەكەوێت، بەڵام ڕەنگدانەوە نیگەتیڤەكەى بەتایبەت لە قۆناغێكى وەك ئێستا زۆر زیاترە چونكە داهاتى تاك لەهەرێمى كوردستان لەهەموو كات زیاتر لە كەمبوونەوەدایە..
هەرچەند حكومەت تا ئێستا بەشێوەیەكى ڕوون و ئاشكرا نایەوێت بڵێت پرۆسەى بەتایبەتكردن لەكوردستان دەست پیدەكەین بەڵام هەنگاو و كردارەكانى بەبیانوى:
1.    باشتركردنى سیكتەرەكانى خزمەتگوزارى
2.    ئەنجامدانى گۆرانكارى و چاكسازى
بەڵام لەڕاستیدا بەداخەوە هەنگاوەكەى حكومەتى هەرێمى ئەوەندەى لى دەخوێنرێـەوە زیاتر بۆ زیادكردنى داهات و كەمكردنەوەى كورتهێنانى بودجە و پشتكردنە ئابوورى و دارایى عێراقە، نەك خەونێكى ستراتیژى ئابوورى و دارایى و پلان بۆ دارێژراو لەپێناو فڕەڕەنگكردنى ئابوورى...
هەرچەند هێشتا پرۆسەكە بەتەواوەتى نەخراوەتە بوارى جێبەجێكردن بەڵام بەخویندنەوەى واقیعى ئابوورى هەرێمى كوردستان نەبوونى سیاسەتى فڕەڕەنگكردنى ئابوورى لەم قۆناغە هەر هەولێكى خێراكردن لەپرۆسەى بەتایبەتكردن لەكوردستان ڕەنگدانەوە ئابووریى و داراییەكانى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان زیاتر دەردەكەوێت...
بۆیە وەك رۆژنامەنووس و شیكەرەوەیەكى ئابوورى پیشنیارى كۆنفرانسێكى ئابوورى بۆ هەرێمى كوردستان دەكەم كە پرسى بەتایبەتكردنى سیكتەرەكانى ئابوورى بەشێكى گرنگى ئەم كۆنفرانسە بێت و ئامانجەكانى ئەم پرۆسە و لیكەوتەكانى زیاتر خویندنەوەى بۆ بكرێت لەبەرئەوە ئەگەر سەیرى ئامانجى وڵاتان بكەین لە بەتایبەتكردن خۆى لەم چەند خاڵە دەبێنتەوە بەڵام ئایا لەكوردستان و وڵاتانى جیهان ڕەوشە ئابوورى و دارایی و سیاسیەكانیان وەك یەكە یان نە؟!
بەهەمان شیوە زیانى جوراوجۆر لە پرۆسەى بەتایبەتكردن هەستپیدەكرێت و لە ئێستادا بەتایبەت لە پرۆسەى خزمەتگوزارى گەیاندن و سووتەمەنى هەستى پیدەكرێت بۆ نمونە:
1.    بەهۆى نەبوونى ئیجرائات و نەبوونى ژیرخانى یاسایى  زۆرێنەى جارەكان باشتركردنى و چالاككردنى پرۆژەكان زیاتر لەخزمەتى خاوەن پرۆژەكان بووە نەك هاوڵاتیان.
2.    لەبەرئەوەى تا ئێستا ڕیكارو پەیوەندیى رێكخراوى نێوان كەرتى گشتى و تایبەت دیارنییە، بۆیە لەو پرۆسانەى سەرەوە حكومەت بەتەواوەتى دەستبەردارى كەرتى گشتى بووە و تەواوى كەرتەكە گواستراوەتەوە بۆ كەرتى تایبەت و زۆرجار قۆرخكارى تاك لایەنە هاتووەتە كایەوە لەكەرتى تایبەت و زیادبوونى قازانجى بى ئەندازەى كەرتى تایبەت بەئاسانى هەستپیدەكرێت.
3.    زیادبوونى بیكارى لەناو لاوان بەهۆى ئەوەى كەرتى تایبەت بەبەردەوامى پشت بەباشترین هێزى كارى دەرەوە و هەروەها بەرزترین ئاستى تەكنەلوجیا دەبەستێت لەكاتێكدا تواناى ناوخۆیى بۆ بازارى كارى تایبەت ئامادەنەكراوە بەهۆى نەبوونى پەیوەندى نێوان بازارى كارو و زانكۆكان.
چەندین هۆكارى جیاوازى دیكەى نیگەتیڤ هەستپیدەكرێت لە پرۆسەى بەتایبەتكردنى كەرتەكانى گەیاندن و سووتەمەنى لەكوردستان بۆیە مەرج نییە تەواوى پرۆسەى بەتایبەتكردن لەبەرژەوەندى وڵاتان بێت بەتایبەت لەو ناوچانەى كە هێشتا دەسەڵاتەكانى جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەرى ناتوانن رۆڵى خۆیان بگیرن...