بونیاتنانەوەی ژێرخان سەرەتای رێگایە بۆ پەرەپێدان

بونیاتنانەوەی ژێرخان سەرەتای رێگایە بۆ پەرەپێدان




2019-10-08 11:02:57


 
شەماڵ نوری
سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان 

 هەرێمی كوردستان لەرووی جوگرافیای سیاسییەوە لەناو جەرگەی ناوچەیەكی ئاڵۆزو پڕ لە كێشمەكێشی سیاسی و سەربازی دایە، بەتایبەتی لەگەڵ دەركەوتنی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەلایەك و ئەمەریكاو روسیا لەلایەكی ترەوە، لەم روانگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەیە ئاوڕێكی جیدی لە ژێرخانی ئابووریی بداتەوە، ئەم پێویستی و ستراتیژییەتەش زیاتر گرنگی دەركەوت لە دوای ساڵانی قەیران و راوەستانی زۆربەی پرۆژەكان و دەركەوتنی دەیان تەحەددی توندی ئابووری و دارایی، لەناو هەموو ئەو تەحەدییە سیاسی و سەربازی و ئابووری و داراییانەدا بێ پلانی حكومەت زۆر كاریگەرترە لە تەحەددییەكانی شەڕی داعش و ناسەقامگیری بەهای پێترۆل و بڕینی بودجە، تەنانەت نەبوونی پلان كاریگەری گەمارۆكان و جەنگی ئابووری لەسەرمان كاریگەرترو رووخێنەرتر دەكات، چونكە ئەگەر پلان هەبوو توانای پێشبینی ئەگەری قەیرانەكانمان دەبێت و خۆئامادەكردنمان باشتر دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەكان، چیتر ئەوەندەش چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەقامگیری بەغداو هاتنی بەشە بودجەش ناكەین، ئەو كات لەبری ئەوەی لەگەڵ ناوەند بكەوینە گێژاوی گرفت و كێشە سیاسییەكانەوە بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەبێت و بوژانەوەی ئابووری كوردستان بۆ خۆمان و ئابووری عێراقیش گرنگ دەبێت. هەموو ئابووریناسان و شارەزایانی ئەم بوارە ئەو راستیە دەزانن كە ئەو گرفت و كێشانەی رووبەرووی ئابووری كوردستان و سێكتەرەكانی دەبێتەوە ئانی نین و بە گرفت و قەیرانی ئاڵۆز و درێژخایەن دادەنرێن، هەندێكی لەناخی هەیكەلی ئابووری كوردستانەوە  سەرچاوەی گرتووەو هەندێكی دیكەیان كەڵەكەبووی میراتی بەجێماوی بێ بەرنامەیی و بێ پلانیمانە،  لەم روانگەیەوە و لەم قۆناغەدا هیچ رێگایەكی دیكەمان لەبەردەمدا نییە تەنیا رێگای  بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری،  كە شانبەشانی ئەم پلان و ئامانجە ستراتیژییە بەرنامەی كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكانیشمان هەبێت، ریزبەندی لە گرنگ و گرنگتر دابنرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان ، بەو ئاراستەیەدا بچن كە لەلایەك خەرجیەكانی حكومەت و كەمالیات و بەكارهێنان كەمكرێتەوەو لەلایەكی ترەوە داهاتەكانی حكومەت لە كەرتەكانی خزمەتگوزاری جێگیر و زیاد بكرێت، ئەمەش تەنیا لە ئابوورییەكدا پەیڕەو دەكرێت كە ژێرخانەكەی ئاوەدان بێت و خزمەتگوزارییەكانی سەقامگیر بێت و هەموو سێكتەرەكانی بە سیستەم و بەرنامە رێكخرا بن. 
هەموو بەرنامەو پلانێكی حكومەت دەبێت رەچاوی خواست و ویستەكانی خەڵكی تێدا بێت چونكە هەموو پرۆسەكانی  هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراتی و حزبایەتی و حوكمڕانیش دوا ئامانج لە پێناو دەنگدەران و خەڵكیدایە، كاربەدەستانی حكومەت دەبێت باش ئەو وتەیەیان لە بیر بێت حوكمڕانی باش ئابوورییەكی باش لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، هەموو ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا هەر لە بڵنگەكانی ئاسیاوە تاوەكو ئەوروپای رۆژئاواو ئەمەریكاو ئەمەریكای لاتینی ئەوەیان سەلماندووە كە حكومەتی بەهێزو سەقامگیر بە  دروشم و گوتارە سیاسییەكانی  حزبەكان دروست نەبووە، حكومەتە لاواز و ناسەقامگیرەكان ئەو حكومەتانەن كە توانای دابینكردنی ئاوات و خواستەكانی خەڵكیان نییە و ناتوانن لەگەڵ چین و توێژەكانی كەرتی تایبەت و خەڵكدا گفتوگۆو پەیوەندییان هەبێت، كارەبا و ئاوی پاكی خواردنەوەو رێگاوبان و ژینگەو ئاوەڕۆو خزمەتگوزارییە شارەوانییەكانی دیكە و هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندروستی  لە پێشەنگی ئەو خواستانەدا دێن، كە بە ژێرخانێكی وێران و بێ بەرنامە هەرگیز ئەم خواستانە بەهیچ حكومەت و كەرتێكی تایبەت دابین ناكرێت، لەچەند ساڵی رابردوودا هەموو ئامارو داتاكان ئەو راستەیەیان دەرخستووە كە پرۆژەو كاری زۆر لەم هەرێمە كراوەو جێگای دەستخۆشین، بەڵام لە قۆناغێكدا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجەو جەنگی ئابووری هەمووی راوەستانی پێوەدیار بووە، لەروانگەی پەرەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوامیشەوە  هەر راوەستانێك لە كاروانی بونیاتنانەوەی ئابووری و بوژانەوە بە گەڕانەوە بۆ دواوە دادەنرێت، بەو پێیەی خواستەكان روو لەهەڵكشان و زیاد بوون دەچێت و شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەجیهاندا لەگۆڕانكاری بەردەوامدان ، ئابووری جیهانیش هەروایە بە ئابوورییەكی گۆڕاوی خێراو بەردەوام دادەنرێت. 
هەركاتێكیش كەلێنی گەورە لەنێوان خواست و پرۆژەكانی حكومەت دروست بوو ئەوا قەیران و گرفت و كێشە دارایی و ئابوورییەكان و گەیشتن بەلێواری دۆخی بێبازاڕی زیاتر و ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەنگاونان هەیە بەرەو بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری بەتایبەت لەو پرۆژە گەورەو ستراتیژیانەی كە بۆ ئایندەی گەلەكەمان پێویستن وەكو: ( پرۆژەكانی دروستكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی هایدرۆپاوەرو خۆرو باوە یاخود جێبەجێكردنی بەنداوی مامناوەندو گەورە بۆ پاراستنی سامانی ئاوو فراوانكردنی پرۆژەكانی كشتوكاڵی ئەمە وێڕای پرۆژەكانی دیكەی پیشەسازی بەتایبەتی پیشەسازی كشتوكاڵی و خۆراكی كە هەرێم لەم بوارەدا خاوەنی ژینگەیەكی لەبارە و هەموو پرۆژەكانی كەڵكی ئابووری ئەم راستیەیان سەلماندووە، هەر لەبواری بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریدا هەرێم زۆر پێویستی  بە  راكێشانی رێگای پێشكەوتوو خێرا هەیە لەنێوان پارێزگاكان و بەستنەوەیان بە خاڵە سنوورییەكانەوە، بەو پێیەی كەوا زۆر لەو پرۆژانە داهات و كاتێكی باشی دەوێت هەربۆیە پێویستە هەڵمەتێكی هۆشیاریش لەمەڕ بەكارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانەش دەست پێ بكات تاوەكو لە قۆناغی جێبەجێكردندا رووبەرووی گرفت و قەیرانی قوڵتر نەبینەوە. بوونی كێڵگەو ئەمبارێكی نەوتی خاوو غازی سروشتی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمدا لەگەڵ حزوری گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكاو بەریتانیا و روسیا رەنگە لەبەختی كورد بێت.. بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای پێترۆڵ و سەقامگیری پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا، ئەوەی گرنگە قسەی لەسەر بكرێت بەكارهێنانی ئەو داهاتەیە و چۆنیەتی ئاراستەكردنێتی كە ئایا تاچەند ئەو داهاتە لە پێناو ئاوەدانكردنەوەی وڵات و بونیاتنانی ژێرخانەكەیدا بەكار دەهێنرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبێت كاربەدەستانی حكومەت وەڵامی بدەنەوە، حكومەتە بەهێزەكان ئەو حكومەتانەن كە خەرجیەكانیان نەك تەنیا بۆ پەیداكردنی داهات بەكار دەهێنن بەڵكو لەچۆنیەتی خەرجكردنی ئەو داهاتانەشە، چ لەبواری پرۆژەكانی ژێرخان یاخود لەبواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بێت، ئەوان دەزانن چۆن باڵانس لەنێوان داهات و خەرجیەكاندا رابگرن، بەردەوام یەدەگی دراوی ناوخۆیی و بیانی بەتایبەتی دۆلاریان هەیە، گەورە كۆمپانیاكانیان لە رێگەی شارەزایان و پسپۆرانی ئابوورییەوە خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەكردووەو بەرنامەی ئانی و پلانی مامناوەند و دوور مەودایان هەیە. رەنگە زۆر لە سیاسەتمەداران و خەڵكانی ئاسایی ئەو پرسیارە لەلایەن دروست بێت بەوەی بەبێ بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ توانای یاسایی و شەرعی نێودەوڵەتیمان نییە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دارایی و نەختینەیی، تەنانەت توانای ئەنجامدانی گرێبەستی نێودەوڵەتیشمان بەپێی دەستووری عێراق نییە، ئەوەی دەتوانین كاری لەسەر بكەین تەنیا كۆمەڵێك رێوشوێنی ئیداری و داراییە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهات، لەكاتێكدا ئەزموونەكانی تایوان و زۆر لەهەرێمەكانی دنیا ئەم مەقولەیەیان پێچەوانە كردۆتەوەو ئەوان توانیویانە لەرێگەی بونیاتنانی ژێرخان و ئاراستەكردنی ئابووری بەرەو ئابوورییەكی بەرهەمهێن و دووركەوتنەوە لە ئابوورییەكی بەكارهێن هەنگاوی خێراو گەورە بنێن، چونكە  بەهێزكردنی دامەزراوەكان و ئاراستەكردنیانە بەرەو كەرتەكانی بەرهەمهێنان و زیاتر پشت بەستن بەبەرهەمی خۆماڵی رووبەرووی قەیران و ئاستەنگە یاسایی و دەستوورییەكان نابنەوە یاخود شوێنەوارەكانی كەمتر دەبێت لەسەریان.
 گۆڕینی زمانی توندوتیژی و ناتێگەیشتن بۆ زمانی بەرژەوەندی ئابووری گەلان لێك نزیك دەكاتەوەو بەسەر كۆسپ و ئاستەنگەكاندا زاڵ دەبین، ئەم زمانەش تەنیا لەكاتێكدا كاریگەر دەبێت كە بیزنسمان و وەبەرهێنەرانی عێراقی و ئێرانی و توركی و بیانی بەگشتی پێویستیان بەم هەرێمە بێت و لەگەڵ وەبەرهێنەران و بیزنسكارانی ناوخۆدا كۆنتاكتیان هەبێت، بەتایبەتی لەبوارەكانی خواردەمەنی و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازیی و نەوتی و كارەبا و رێگاوبان، ئەوەی لێرەدا زیاتر مەبەستمانە چۆن ئابووری كوردستان بە بونیاتنانەوەی ژێرخان پێش دەكەوێت؟ بۆ نموونە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژووری بازرگانی و پیشەسازی بیەوێت لە پارێزگایەكی كوردستاندا كە ژینگە لەبارە بۆ گرنگیدان بەسێكتەرێك دەبێت سەرەتا ژینگەی ژێرخانەكەی بۆ ئامادە بكات .. تۆ چۆن دەتوانیت لە دهۆك ناوچەیەكی ئازاد دروست بكەیت لەكاتێكدا رێگایەكی نێودەوڵەتی بەهێزت نەبێت ئەو پارێزگایە ببەستێتەوە بە سنوورەكانی عێراق و ئێران و توركیاوە یاخود فرۆكەخانەیەكی پێشكەوتوو نەبێت لەو پارێزگایە و ناوچە ئازادەكە ببەستێتەوە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیەوە بەدنیای دەرەوە، لەرووی كشتوكاڵ و پیشەسازی كشتوكاڵیدا چۆن دەتوانیت لە پارێزگایەكی وەكو سلێمانی هەنگاو بنێیت لەكاتێكدا خاوەنی دەیان كارگەو كارخانەی لەقوتوبەند و كۆگای ساركەرەوە و دانەوێڵەی باش و پێشكەوتوو فراوان نەبیت، یاخود لە پارێزگایەكی وەكو هەولێردا چۆن دەكرێتە پارێزگایەكی گەشتوگوزاری ژێرخانی رێگاوبان و كارەباو خزمەتگوزاریی لاواز بێت، لەسەر ئاستی هەرێمیش چۆن سود لەداهاتی نەوتی خاوو غازی سروشتی وەربگرین بێ ئەوەی ژمارەیەك لە بۆری راكێشانی نەوتی خاوو غازی سروشتیمان نەبێت هیچ نەبێت بۆری غاز بۆ پارێزگاكان و راكێشانی بۆ نێوماڵەكان، سوود وەرگرتن لەداهاتی نەوتی خاو تەنیا بە فرۆشتنی بۆ دەرەوەی سنوورەكان نییە بەڵكو بەشێكی زۆری لە رێگەی پاڵاوتگەكانی نەوت و پیشەسازی پترۆكیمیاویی و پیشەسازی نەوتی دروستكردنی دەیان كارگەی رۆنی ئۆتۆمبێل و سوتەمەنییەكانی دیكە دەبێت، ئەم پرۆژانەش لەدوو حاڵەتدا بونیات دەنرێت:
1-    بوونی ئیرادە بۆ گۆڕانكاری و چاكسازیی. 
2-    سەقامگیری سیاسی  ناوخۆی هەرێمەكە. 
3-    ژێرخانێكی ئابووری بەهێز.
خۆ ئەگەر ئیرادەو سەقامگیری هەبوو كە لە مێژووی نەتەوەكاندا پارتە سیاسییە بەهێزەكان دروستیان كردووە و حكومەت و هەمووان پابەند بەو یاساو رێسایانەوە دەكەن كە نەتەوە دەگەیەنێتە كەناری ئارامی.، ئەو كات رۆڵی پیاوانی دەوڵەت و شارەزایان و پسپۆرانی ئابووری دێت، ووردە ووردە كار بۆ داڕشتنەوەی هەیكەلی ئابووری كوردستان و چاكسازی كارگێڕی و ئابووری و دارایی بكەن و ئابوورییەكەی بخەنە سەر سكەی سەربەخۆیی ئابووری دوور لەپاشكەوتەیی ئابووری، كاروانی هەزار میلیش بەهەنگاوێك دەست پێ دەكات.