گرنگى كشتوكاڵ لە ئاسایشى خۆراكدا

گرنگى كشتوكاڵ لە ئاسایشى خۆراكدا




2019-10-07 21:02:32


ئازاد دیبەگەیی
بە شێوەیەكى گشتى وشەى ئاسایش هێمایەكە بۆ رێگاگرتن لە تاوان و برسێتى و بێكارى و پێسبوون، كەواتا چەمكى ئاسایش لە چەندین بازنەى تێكهەڵكێشراوى وەك ئاسایشى خۆراك و ئاسایشى ئاو و ئاسایشى ژینگە و ئاسایشى كۆمەلآیەتى و ئاسایشى ئابوورى و ئاسایشى كلتوورى و ئاسایشى نیشتیمانى و.... هتد  پێكدێت ئەگەر یەكێ لەو بازنانە كەموكورتى كەوتێ و نەهاتە دى ئەوە ئاسایشى نەتەوەیی دەكەوێتە مەترسییەوە و بەرژەوەندییەكانى پێشێل دەكرێت. لە سەرتاسەرى جیهان كۆكن لەسەر ئەوەى ئاسایشى خۆراك لە پێشەنگى ئەو بازنانەیەوە دێت یان ئەگەر لە پێشەنگیش نەبێت ئەوە تەواكەرى سەرجەم بازنەكانە و پەیوەندى راستەوخۆى بە سەرجەمیانەوە هەیە.
رێكخراوى خۆراك و كشتوكاڵى جیهانى كە ناسراوە بە (فاو) ئاماژە بەوە دەكات كە ئاسایشى خۆراك دێتە دى كاتێك كە مرۆڤەكان لە گشت كاتەكاندا لە رووى ئابوورى و بژێوى ژیانەوە تواى بەدەستهێنانى خۆراكێكى تەندروست و تەواویان دەبێ بۆ دابینكردنى پێویستییەكانیان بە مەرجێك گونجاو بێت لەگەڵ حەز و ئارەزویان بۆ ئەوەى تەندروستیان باش بێت و چالاك بن. كەواتە لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەكەوێت كە ئاسایشى خۆراك بەندە بە دوو خاڵ هەبوونى خۆراكێكى تەندروست و هەبوونى دەرامەتى ماددى لە لایان مرۆڤەوە بۆ ئەوەى پێویستییە خۆراییەكانى خۆى پڕ بكاتەوە بە بەردەوامى. 
ئەگەر ئێمە باسى خاڵى یەكەم بكەین كە هەبوونى خۆراكە، پێویستە بزانین ئەو خۆراكەش دەبێ چەندین خەسڵەتى هەبێ لە رووى تەندروستى و شیاوى بۆ بەكارهێنانى ئادەمیزاد و كواڵیتى و نرخەوە، بەلآم ئایا مەرجە ئەو خۆراكە لە ناوخۆ بەرهەمهاتبێت یان ئاساییە لە دەرەوە هاوردە كرابێت و تەنها گرنگ ئەوە بێت دەستەبەرە بۆ هاونیشتیمانیان لەو كاتەى كە ئەوان پێویستیان پێیەتى. لە باسكردنى ئەو خاڵەدا بە ناچارى ئێمە دەبێت باسى خودبژێوى (الاكتفاء  الژاتی) بكەین واتا بەرهەمهێنانى خۆراك و پڕكردنەوەى پێویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆدا، بەلآم لەهەمانكاتدا پێویستە بزانین خودبژێوى رەها هەیە كە تیایدا بە رێژەى 100% پشت بە بەرهەمى ناوخۆ دەبەسترێت و خودبژێوى رێژەیش هەیە كە لە هەندێك بەروبوومى خۆراكى پشت بە بەرهەمى ناوخۆ دەبەسترێت كە ئەوەیان لە زۆربەى ولآتانى جیهاندا پەیڕەو دەكرێت. لە خودبژێوى رێژەیی دا گرنگى بە چەند بەرهەمێكى خۆراكى ناوخۆیی دەدرێت لە هەندێك بەروبوومى ستراتیچى كە تواناى بەرهەمهێنانیان لە ناوخۆدا هەیە لە رووى كەرەستەى بەرهەمهێنان و شارەزایی و تواناى مرۆییەوە. ئێمە لە كوردستاندا بۆ هێنانە دى ئاسایشى خۆراك تاكو ئێستا هەنگاوى كردایانەمان هاویژتووە بەلآم هەنگاوەكان زۆر لەسەر خۆن و میكانیزمی كاركردنمان زۆر روون ستراتیجى نین، بۆ نموونە بارودۆخى سیاسی ئەو هەرێمەى ئێستا ئێمە تێدا دەژین و ئەو بارە ناجێگیرە و كاتییەى كە هەیە پێویست دەكات زیاتر ئێمە بیر لە دابینكردنى ئاسایشى خۆراك بكەینەوە و كار بۆ هاتنەدى خودبژێوى لە زۆرێك خۆراكە ستراتیجییەكان بكەینەوە. لە زۆر لەو ولآتانەى كە بارودۆخیان لە ئێمە سەقامگیرترە و سنوورەكانیان دیارە و ئالآیان لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەشەكێتەوە و خاوەن سەروەرین، بۆ پاراستنى ئاسایشى خۆراكیان پشت بە ناوخۆ دەبەستن لە رووى بەرهەمهێنانەوە و لە هەمانكاتدا خاڵێكى زۆر گرنك پیادەدەكەن ئەویش داكردنى ستراتیجى خۆراكە ستراتیجی و سەرەكییەكانە، لێرەدا رۆڵى حكوومەت زۆر بە روونى و ئاشكرایی دەردەكەوێت چونكە ئەو كردارە تەنها لە ئاست و تواناى حكوومەت دایە. لە كاتى سەرهەڵدانى هەر كارەساتێكى سروشتى یان كێشەیەكى سیاسى ناوخۆیی یان كێشەیەك لەگەڵ ولآتانى دەوروبەر دەبێت بۆ ماوەیەكى دیاریكراو خۆراكى سەرەكى وەك ئارد و رۆن و زەیت و شەكر... هتد داكرابێت بۆ ئەوەى بەردەست بێت بۆ هاولآتیان و لەو بارودۆخەدا بە لایانى كەمەوە بۆ ماوەى زیاتر لە 6 مانگ خۆراكى سەرەكى بۆ بەردەوام بوونى ژیان و بە نرخێكى گونجاو لە بازاڕەكان دەست بكەوێت لێرەدا رۆڵ و گرنگى داكردنى ستراتیجى دەردەكەوێت بە زیاد نەكردن و ئاڵۆز نەكردنى كێشەكان بە سەرهەڵنەدانى كێشەى خۆراك. ئایا لە كوردستاندا ئاسایشى خۆراك هەیە یان نییە؟ ئەو پرسیارە زۆر گرنگە و بیروبۆچونى جیاوازیش هەیە لەو بارەوە، بە گەڕانەوە بۆ پێناسەى رێكخراوى خۆراك و كشتوكاڵى جیهانى (فاو) كە دەبێت خۆراكێكى تەندروست دەستەبەر بێ بۆ مرۆڤ لە هەموو كاتێكدا و تواناى مادیش هەبێ بۆ كڕینى، بە گەڕانەوە بۆ ئەو پێناسەیە دەتوانین بڵێن بەڵى ئێستا تا رادەیەكى باش ئاسایشى خۆراك دەستەبەرە چونكە سەرجەم پێویستییە خۆراكییەكان لە ماركێت و بازاڕكاندا هەیە تەنها ئەوە نەبێت بەهۆى ئەو شەڕەى داعش و دابەزینى نرخى نەوت كێشەى كەمبوونەوەى داهاتى تاك سەریهەڵداوە و هەندێك كیشەى بەدەستهێنانى خۆراك بە پێی حەز و ئارەزوو هەیە. بەلآم ئایا بۆ ماوەیەكى درێژخایان و لە كاتى وەرگرتنى بڕیارى نەتەوەیی پێویست ئایا ئاسایشى خۆراكمان لە مەترسییە و لە ژێر هەڕەشەیە یان نا؟ بە بێ یەك دوو ئەو كەسەى دووربین بێ راستەوخۆ وەلآمەكەى ئەوە دەبێت كە ئاسایشى خۆراك لە بارێكى زۆر ناجێگیردایە و هەڕەشەى مەترسیدارى لەسەرە و پێویستە تا زووە كار بكرێت لە چەند بوارێكەوە كە پەیوەندیان بە ئاسایشى خۆراكەوە هەیە بە تایبەتى لە بوارى كشتوكاڵدا بە كاركردن بۆ پتەوكردنى ژێرخانى ئابوورى ئەو كەرتە و پشتى پێ ببەسترێت وەك كۆڵكەیەكى سەرەكى چەسپاندنى ئاسایشی خۆراك لە كوردستاندا. كشتوكاڵ بە هەردوو بەشی خۆراكى و ئاژەڵییەوە سەرجەم كەرەستە سروشتییەكانى بەرهەمهێنانى لە ناوخۆ دەستەبەرە تەنها پێویستى بە پلاندانانى راستگۆیانە و هەڵبژاردنى نەخشەرێگایەكى تایبەت بەخۆمان هەیە بۆ ئەوەى كشتوكاڵكردن بەكەوێتە سەر رێڕەوى راست و دروستى خۆى. گرنگى كشتوكاڵ تەنها ئەوە نییە كە خۆراك بەرهەمدەهێنى بەلكو دڵنیابوون لە جۆر و رادەى تەندروستى ئەو خۆراكە زۆر لەوە گرنگترە چونكە لەكاتى بەرهەمهێناندا دەكرێت چاودێرى بكرێت و رێگا بە بەكارهێنانى زۆر لە قڕكەر و مێروو كوژەكان نەدرێت كە ئەو خاڵەش كێشەیەكى مەترسیدارى دەمامكدارە تاكو ئێستا لە لاى خۆمان زۆر لێكۆڵینەوە و توێژینەوەى زانستى دەربارەى نەكراوە و تاكو ئێستاش بە دەڵنیاییەوە دەیڵێم لە سەرجەم مەرزەكانى سەر سنوورەكاندا تاقیگەى پشكنینمان نییە واتا هەرگیز دڵنیایی لەو خواردنەى هاوردە دەكرێت نییە، وێڕاى ئەو خاڵە كشتوكاڵكردن بژێوەى ژیان بۆ ژمارەیەكى زۆر لە دانیشتوانى كوردستان دابین دەكات بەوەش بەشى دووەمى پێناسەكەى رێكخراوى فاو دێتە دى. بۆ بنیاتنانى ژێرخانێكى پتەوى كشتوكاڵ كە بە كۆڵەكەى ئاسایشى خۆراكمان داناوە پێویستە زۆر بە خێرایی و بە جدیتر كار لەسەر كۆكردنەوەى ئاو و عەمباركردنى بدرێت  ئەو خاڵە پێشەنگییەكى تایبەتى لە ئیشوكارەكانمادا هەبێت ئەویش بە دروستكردنى بەنداوى گەورە و مامناوەندى. خاڵى دووەم گرنگى دانە بە دروستكردنى كۆمپانیاى ناوخۆیی كشتوكاڵى بەرهەمهێن بۆ ئەوەى بە سیستەمێكى ئابووریانە كاربكرێت و ئەركى بەرهەمهێنان بخاتە ئەستۆى خۆى بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حكوومەت ئاسانكارى بكات بۆ ئەوانەى كۆمپانیاى كشتوكاڵى دادەمەزرێنن. خاڵى سێیەم یاساى پاراستنى بەرهەمهێن بخرێتە گەڕ و ئیشى پێبكرێت و سیاسەتى ولآتانى دەوروبەر بۆ لەناوبردنى كشتوكاڵ لە كوردستاندا لێكۆڵینەوەى لەسەر بكرێت و چیدى رێگا بە هاوردەكردن و هاتنى بەروبوومى كشتوكاڵى نامۆ لە بەرهەمهێناندا بۆ ولآتمان نەدرێت. خاڵى چوارەم پاڵپشتیكردنى جوتیارە بۆ ئەوەى تێچووى بەرهەمهێنان كەم بێتەوە ئەویش بە دابینكردنى كارەبا بۆ كێڵگەكەى و كەمكردنەوەى نرخى یەكەى كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و پێدانى قەرزى كشتوكاڵی. خاڵى پێنجەم دۆزینەوەى بازاڕ لە ولآتانى دیكە بە تایبەتى بۆ ئەو بەروبوومانەى كە تایبەتمەنى خۆیان هەیە لە رووى كوالیتى و تامەوە ئەویش بە ناساندنى ئەو بەرهەمى ناوخۆ بە شێوەیەكى سیستەمیانە و زانستیانە و ئەو خاڵە پێویستە بە ئەركێكى سەرەكى حكوومەت دابندرێت لەم قۆناخەدا.
لەو كاتەى كە كشتوكاڵێكى بەهێزمان هەبوو و بە دڵنیاییەوە خودبژێوى لە زۆر بەروبوومى خۆراكى دێتە دی و ئاسایشى خۆراكى راستەقینە بەرقەڕار دەبێت و هەڕشەى لەسەر نابێت و مەترسییەكانى كەمتر دەبێت و سەبەتەى خۆراكى خۆمان لە دەست خۆمان دەبێت و كوردستانیش زیاتر ئاوەدان دەبێت.