بورجى ئیڤڵ لە بەردەم قەڵاى هەولێرە!

بورجى ئیڤڵ لە بەردەم قەڵاى هەولێرە!




2019-10-07 21:01:15


*بیلال سەعید
زۆرێك لە هاوڵاتیانى كوردستان یان گەشتیارانى بیانى ئەگەر بۆ یەكجاریش سەردانى هەولێریان كردبێت، بەدڵنیایەوە سەردانى قەڵا جوانەكەی هەولێریان كردووەو دیمەنە جوانەكەیان بینیوە، بەڵام زۆر بەكەمى ڕوویداوە جگە لە وێنەیەك كە لەگەڵ قەڵا كە گرتبیتمان،  دیارییەكى لەگەڵ خۆیان بردبێتەوە كە تەعبیر لە سەردانكردنى هەولێر و قەڵایان كردبێتەوە.
بۆخۆم چەند جارێك كە سەردانى قەڵام كردووە زۆرجار دیمەنى فەرش و گڵێم و چەند گۆزە و كەل و پەڵێكى كوردەوارى لە رێزى پیشەوەى قەڵا زۆرجار سرنجى ڕاكیشاوم و زۆرجاریش هاوڵاتیانى گەشتیارم بینیوە كە وێنەیان لەگەڵ ئەو دیمەنانە گرتووە.
بەڵام ئەوەى بەلامەوە سەیربوو لەدەوروبەرى قەڵا لە جیاتى فرۆشتنى مەدالیا و وێنە و دیارى تایبەتمەند كە تەعبیر لە قەڵاو و شارى هەولێربكات، بورجى ئیڤڵ و مەدالیاى ئازادى ئەمریكام دەبینى كە دەفرۆشرا!
هەرچەند ئاگادارم هەوڵى جۆراوجۆر هەیە لەلایەن دەستەى گەشتوگوزار بۆ ئەوەى پەرە بەكارى دەستى بدرێت و بازارى تایبەتمەندیان بۆ بكرێتەوە، بەڵام ئەوەى تا ئێستا لە شوێنە گەشتیارییەكانى كوردستان دەگوزەرێت كارەستبارە و پیویستى بەڕاگرتن و رێكخستنەوە هەیە..
ڕۆژ بەڕۆژ هەوڵەكان بۆ پەرەپیدانى كەرتى گەشتیارى لەهەرێمى كوردستان دەبێنرێت، جگە لەوەى هاتنى گەشتیارى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و بیانى ئەمساڵ لەچاو ساڵى ڕابردوو زیادبوونێكى زۆرى بەخۆییەوە بینیوە، بەڵام ئایا توانراوە بەپى بەرەو پیشچوونەكان خۆمان ئامادەبكەین؟!
پیویستە وردتر لەسەر كۆى ئەو دەرفەتانە قسە بكەین كە دەبێتە پاڵپشت بۆ كەرتى گەشتوگوزارى كوردستان، بۆ نمونە چۆن بتوانین سود لە دیمەن و شوێنە گەشتیارییەكانى كوردستان وەربگرین و لەلایەك زۆرترین گەشتیارى بۆ ڕابكیشین و لەلایەكى دیكە بەبازاركردنى زیاتر بۆ كەرتى گەشتیارى بكەین و بەشێوەیەك شوێنە گەشتیارییەكان تەنیا لەناو وێنەكان نەبن، بەڵكۆ لەسەر دیوارى بازارو ماڵانى گەشتیاران و  گیرفان و ناو ئۆتۆمبیل و دەرگاى كەوانتەرى ماڵان بوونى هەبێت..
ئەم پرۆسەیە كە باسى لیوە دەكەین پیویستى بەچییە؟
1.    دەستكردن بەگفتۆگۆكردن لەگەڵ بازارگان و سەرمایەدارانى كوردستان بۆ ئەوەى بتوانن بەنرخێكى هەرزان دێمەنە جوانەكانى كوردستان لەسەر شێوەى وێنەى گەورە و مەدالیا و دیارى جۆراوجۆر ئامادەبكەن بۆ بازارەكانى كوردستان.
2.    پیویستە پاڵپشتى تەواوى ئەو كەسانە بكرێت كە كارى دەستى ئامادە دەكەن بۆ فرۆشتن و توانیویانە شوێنە دڵگێرەكانى كوردستان لەسەر كارى دەست بنەخشێنن.
3.    هەوڵدان بۆ كردنەوەى پیشانگاى گەورەى دەستى كارو پاڵپشتى كردنى بازرگان و كەسانى دەست ڕەنگین بۆ ئەوەى كار لەسەر پەرەپیدانى پرۆسەى بەبازاركردنى كەرتى گەشتیارى كوردستان دەدەن لەرێگەى نەخشاندنى شوێنە گەشتیارییەكانى كوردستان.
قازانجەكانى جێبەجێكردنى ئەم هەنگاوە:
ئەم هەنگاوە دەرهاویشتە ئیجابى زۆر گەورە دادەنێت بۆ كەرتى گەشتیارى بەڵام چەند دەرهاویشتەیەكى ئاماژە پیدەكەین:
1.    دەبێتەهۆى زیاتر ناساندنى شوێنە گەشتیارییەكانى كوردستان و دەتوانین بڵێن دەكرێت وەك رێكلامێكى بەردەوام سەیربكرێت كە جگە لەوەى تێچووى لەسەر حكومەت نابێت، بەڵكۆ دەبێتە سەرچاوەیەكى داهات.
2.    دەتوانرێت لەرێگەى ئەم پرۆسەیەوە ئەگەر حكومەت پاڵپشتى بكات، بە دیمەنە جوانەكانى كوردستان كە گەشتیاران لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە بڕۆێنە زۆرترین شەقام و ماڵ و ئۆتۆمبیل لە وڵاتە جیاوازەكان بەتایبەت لەناو هاوڵاتیانى باشوورو و ناوەڕاستى عێراق.
3.    دەبێتە سەرچاوەیەكى گرنگى داهات بۆ هاوڵاتیانى كوردستان بەتایبەت فرۆشیارو بازرگانانى كوردستان.
4.    هۆكارى گرنگە بۆ ئەوەى رێگرێى بكرێت پارەى هەرێمى كوردستان ببرێتە دەرەوە بەتایبەت ئەگەر بتوانرێت برەوى زیاتر بەكاڵاو شمەكى دەستى بدرێت.


*رۆژنامەنووسى ئابوورى