گوند.. وەك سەرچاوەیەكی گرنگی پیشەسازیی گەشتیاری

گوند.. وەك سەرچاوەیەكی گرنگی پیشەسازیی گەشتیاری




2019-10-07 20:52:36


سەنگەر زراری

گەشتیاری ئێستا مانا كۆن و كلاسیكییەكەی جارانی نەماوە كە تەنیا هاتوچۆیەكی سادە و سەرپێی بێت لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە، گرنگیی بواری گەشتیاری گەیشتووەتە ئاستێك كە وەكو پیشەسازییەكی گرنگ و سەرچاوەیەكی داهات و دیاردەیەكی سەردەمییانە چاوی لێ دەكرێت، پیشەسازیی گەشتیاری، پشت بە جووڵەی مرۆڤەكان دەبەستێت و جووڵەكەش بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە، چ لە ناوخۆی یەك وڵات بێت یان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە. پیشەسازی گەشتیاری لە قەبارە و دابەشبوونی جوگرافی و كاریگەرییە كۆمەڵایەتی و ئابووری و شارستانییەكانی ئەم جووڵە و بزاوتە دەكۆڵێتەوە.
توێژەرێكی ئەڵمانی بە ناوی (جوبێر فرۆیلەر) پێی وایە گەشتیاری، دیاردەیەكی سەردەمییانەیە و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە مرۆڤ پێویستی بە پشوودان و هەواگۆڕین و هەستكردن بە جوانی سروشت و ئاسوودەیی و چێژ هەیە، لە ناوچەگەلێك كە خاوەنی سروشتێكی تایبەت بن.
ناوچەیەك مرۆڤ بتوانێ ئەو هەستانەی لێ وەرگرێ كە توێژەرە ئەڵمانییەكە باسی دەكات، حەتمەن ئەو ناوچانەیە كە دوورە لە جەنجاڵی و قەرەباڵغییەكانی شار، بۆیەش لە وڵاتان، زۆربەی كات شوێنی گەشتیاری لەو جێگایانە دروست دەكرێن، كە دەكەونە دەرەوەی شارەكان، بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی دیمەنی دڵڕفێن و ئاوی سازگاری لێیە، یان توانای ئەوەی هەیە ئاو و خزمەتگوزاریی گەشتیاریی بۆ دابین بكرێ. ئەم جۆرە شوێنە لە كوردستان ئەوەندە زۆرە ناژمێردرێ، بەڵام گرنگینەدان بەم شوێنانە وای كردووە كەمترین بایەخیان هەبێت، لەكاتێكدا ئەگەر بكرێنە شوێنی گەشتیاری، دەبنە سەرچاوەیەكی باشی داهات و هەلی كاریش بۆ گەلێ كەسی دەڤەرەكە دابین دەكەن. ئەم قسەیە هەڕەمەكی نییە، بەڵكو هەر كەسێك لە كوردستان بژی، ئەو ڕاستییە دەزانێ. لەو مانگانەی كە گەشت و سەیرانیان تێدا دەكرێت، هەموومان ڕوو لەو دەشت و دەرە دەكەین، هەست بەوە دەكەین كە ئەم شوێنانە پێویستیان بە ڕێكخستن و دروستكردنی فرۆشگا و كەپری حەوانەوە و توالێت و ئاوێكی ڕێكخراو هەیە و ئەم ئامادەكارییە لە زۆر شوێن نییە و نەكراوە. لە زۆر ناوچە و خاڵی گەشتیارییدا، نەك نەتوانراوە سەرچاوەیەكی داهات دروست بكرێت، بەڵكو حكوومەت ساڵانە لە ڕێگای كۆمپانیاكانەوە و بە پارەیەكی زۆر ناوچە گەشتیارییەكان پاك دەكاتەوە و زەرفی نایلۆن بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەكات، واتا لەجیاتی ئەوەی داهاتیان لێوە بەدەست بێنێ، پارەشیان لێ خەرج دەكات، خۆ ئەگەر ئەم ناوچانە بكرێنە شوێنی گەشتیاریی فەرمی و فرۆشگا و كەپر یان كابینەی گەشتیارییان تێدا دروست بكرێت، پاككردنەوەی شوێنەكانیش دەكەوێتە ئەستۆی خاوەن فرۆشگا و كابینەكان، بەمەش هەم پارەی حكوومەت دەگەڕێتەوە و هەم ناوچەكانیش پاك دەبنەوە و دەبێتە دەرفەتێكی كاریش بۆ خەڵك.
لە كوردستان گوندی ئەڵمانی و ئیتاڵی و كەنەدی و لوبنانی.. لەناو شارەكان دروست دەكرێن، لەكاتێكدا شار دەبێ بەشارستانی بكرێت، نەك گوندی تێدا دروست بكرێت و (بەگوند) بكرێت، لە لایەكی دیكەش دیار نییە كە ئەو گوندانەی بە ناوی گوندەكانی ئەم وڵاتانە دەكرێنەوە، بەڕاستی بیرۆكە و شێوازی دروستكردنیان لە گوندەكانی ئەم وڵاتانە وەرگیراوە، یانیش تەنیا بۆ چاوبەست و بازرگانی و پارەپەیداكردنە؟! چونكە ئەوەی دەبینرێ ئەوەیە كە ئەم گوندانە تەنیا بوونەتە شوێنی دەوڵەمەند و پارەدارەكان و بە هیچ شێوەیەك كەسێكی مامناوەندیش توانای كڕینی خانوو و ژیانی لەم گوندانە نییە.
لە بەرامبەر ئەو بەگوندكردنەی شارەكانیش، گوندەكان فەرامۆش كراون و تەنانەت لە ڕووی ژیانی كەسەكانەوە خەریكە هاوشێوەی شاریان لێ دەكرێت، بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی هانیان بدەن سەرچاوەی داهاتیان لە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و بەكارخستنی ئەو شوێنانە بێت كە بۆ گەشتیاری دەشێن و سروشتێكی جوانیان هەیە، خەڵكێكی زۆریان دامەزراندووە و تووشی تەمبەڵی بوونە.
بەهۆی سروشتە جوانەكەیەوە، دەشێ گوندەكانی كوردستان، بەتایبەتیش ئەو گوندانەی لە ناوچە شاخاوییەكانن و كەمتر دەرفەتی ئەوەیان هەیە ئاژەڵداریی و كشتوكاڵیان تێدا بكرێت، بكرێنە شوێنی گەشتیاری، یان لێواری زێ و ڕووبارەكان شوێنی گەشتیارییان تێدا دروست بكرێت و لە لایەن دامەزراوە گەشتیارییەكانەوە بە كۆمپانیا گەشتیارییەكان ئاشنا بكرێن بۆ ئەوەی خەڵكی بۆ بێنن و لە هەمووشی گرنگتر ڕێگای باش و ئاسان دروست بكرێت بۆ گەیشتن بەم شوێنانە.
ڕێكخستنەوە و گرنگیدان بە گوندەكان، ڕێگا خۆش دەكات كە نەك تەنیا گەشتیاران، بەڵكو خەڵكی خودی ئەم گوندانەش (كە ئێستا زۆربەیان لە شار دەژین و بە جۆرێك لە جۆرەكان لە گوندەكان تۆراون)، لە وەرزە گەشتیارییەكان سەردانی گوندەكانیان بكەنەوە و گرنگی پێ بدەن و وەكو شوێنێكی گەشتیارییش بەكاری بێنن.