هەنگاوەكانى ڕیفۆرمى ئابوورى لە كوردستان لە بەرخۆرییەوە بەرەو بەردارى

هەنگاوەكانى ڕیفۆرمى ئابوورى لە كوردستان لە بەرخۆرییەوە بەرەو بەردارى




2019-10-07 20:51:10


د. ئەرشەد تەها
مامۆستا  لە زانكۆ سەلاحەددین- هەولێر
مەینەتییەكانى ئابوورى كوردستان لە قوڵبونەوەدان بەهۆى پاشەكشەى نرخى نەوت و دەستەوسان بوونى حكومەتى هەرێم لەدۆزینەوەى سەرچاوەى پارەداركردنى نوێ بۆپاڵپشتى بوودجەى هەرێم. هاوكات بەردەوامى بەرەنگارى وجەنگ لەگەڵ چەكدارە توند ڕەوەكانى داعش و ئەو زیانانەى لە ئابوورى كوردستانیان داوە، سەرەڕاى خەرجیەسەربازیەكان و دۆسیەى هاوكارى ئاوارەكان. لەسەرووى هەمووشیانەوە دۆسیەى گەندەڵى كە سەرۆكایەتى هەرێمى بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە. ئەمانە هەموویان گومان دروست دەكەن كە حكومەتى هەرێم بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەم دۆخەئاڵۆزە تێكهەڵكێشە ئابوورى و سیاسیە. 
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین كە سەرەڕاى ئەمانە هەموویان سەنگەرەكانى پێشمەرگە هێشتا چۆڵ نەكراون و تواناى بەرگرى و بگرە پێشڕەویشیان هەیە.
ئابوورى كوردستان بەدەست دواكەوتوویی كەرتە سەرەكییەكان دەناڵێنێ، وەك كەرتى پیشەسازى و كشتوكاڵى، سەرەڕاى لاوازى ژێرخانى ئابوورى و ناهاوسەنگى بەرهەم هێنان و ڕێژەى بەرزى بێكارى، لە كاتێكدا هەرێم هێزێكى كارى گەورە و سەرمایەى ماددى ومرۆیی زۆرى هەیە. بەڵام پێویستى بە تەكنیكێكى نوێ هەیە بۆ بەرهەمهێنان. 
پشت بەستن بەتەنها بە داهاتى نەوت كەلێنێكى گەورەیە لە سیستەمى بەڕێوەبردنى ئابوورى هەرێم،بۆیە پێویستمان بە دەرچەى ڕزگاربوونە بۆ دەستكردن بە پرۆسەى چاكسازى و بنیادنانى پەرەپێدانى ڕاستەقینە، وەك وەبەرهێنانى بیانى ڕاستەوخۆى ڕاستەقینە! بۆپەرەپێدانى كەرتى نەوتى وكەرتەكانى پەیوەست بە نەوتەوە، وەك پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى لە قۆناغی یەكەم بۆدروستكردنى بەهاى زێدەگى لە نەوت لە جیاتى فرۆشتنى نەوت بەشێوەى خام، چونكە توێژینەوە ئابوورییەكان دەریدەخەن بەهاى زێدەگى پیشەسازى گۆڕینى كەرستەى خاو بۆ بەرهەمى تەواو و نیمچە تەواو بەهاى زێدەگى سەد ئەوەندەى بەهاى زێدەگى پیشەسازى دەرهێنانە! تاكو ببێتە هۆى ڕاكێشانى تەكنیكێكى نوێ ى گونجاو بۆ بەرهەمهێنانى نەوتى و سوود وەرگرتن لە داهاتەكەى بۆ دۆزینەوەى تواناى بەرهەمهێنانى تازەى سەرچاوەى داهات، هەنگاو بەهەنگاو پیشەسازییەكان پشت بەستن بە كەرتى نەوتى كەم بكەنەوە، وە هەڵى كارى تازە بڕەخسێنن كە بەرهەمدارى زیاتر بێت بۆ بەردەوامى پەرەپێدان لەماوەى درێژخایەن، ئەوكات بناغەیەكى ئابوورى پتەومان دەبێت بۆ چاكسازى ڕیشەیی.
حكومەتى هەرێم لەماوەى ڕابردوو چەند هەنگاوێكى گرتەبەر بۆ سوككردنى قەیرانى داریی سەر حكومەت لەڕێگاى پاشەكەوتى مووچەى فەرمانبەران و زیادكردنى باجە جۆراوجۆرەكان(باجى داهاتى خانووبەرە، باجى گومرگى، سزاى هاتوچۆ..هتد) و هەوڵى كۆكردنەوەى قەرزەكانى لاى وەبەرهێنەران و كەمكردنەوەى خەرجى گشتى.سەرەڕاى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى خاو بۆ سەرو پەنجا دۆلار، بەڵام كورتهێنان هەربەردەوامە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، لەوهۆكارانە فشارەكانى پێداویستییەكانى سەنگەر و هاوكارییە مرۆییەكانى ئاوارەكان و دانەوەى مافەداراییەكانى گرێبەستەكانى كۆمپانیا نەوتیەكان!
بارودۆخى سیاسى و ئابوورى كوردستان و گواسترانەوە بەرەو ئابوورى ئازاد و قبوڵكردنى مەرجى دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ئازادى كارى كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان، گۆڕینى كەرتى گشتى بۆ كەرتى تایبەت كاریگەرى نەرێنى وخراپى هەبووە لەسەر ئابوورى كوردستان، چونكە كۆمەڵگەى كوردستانى كردە بەرخۆر (بەكاربەر) بەهۆی ئازادى بازرگانى و لاوازى ئاستى بەرهەمى ناوەخۆ و ڕكابەرى ناهاوسەنگ لە نێوان بەرهەمى خۆماڵى و بەرهەمى هاوردەكراو، ئەوەش پێویستى بەدانانى یاسا و ڕێساى تایبەت هەیە بە ئابوورى ئازاد و گۆڕاوەكانى تاكو سوودەكانى زیاتربكەین لە زیانەكانى .
 هەنگاوەكانى چاكسازى:
1.    چاكسازى پەیكەرى بەرهەمهێنان:
ئامانج لە جۆراوجۆركردنى پەیكەرى بەرهەمهێنان دروستكردنى كەرتى نوێ ى داهات دروستكارە بەمەبەستى كەمكردنەوەى پشت بەستن بە كەرتى نەوتە، چونكە ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی كردنەوەى بوارى نوێ كە بەهاى زێدەگى زیاتربێت و هەڵى كارى زیاتر و بەرهەمدارتر بڕەخسێنێ بۆ كۆمەڵگاكەمان، وە ببێتە هۆی بەرزكردنەوەى گەشەی ئابوورى لە ماوەى درێژخایەن.
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بەرنامەى وەبەرهێنانى چڕ دابڕێژرێت بۆ سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندییەكانى كوردستان بۆ جۆراوجۆركردنى پەیكەرى ئابوورى و مسۆگەركردنى گەشەی ئابوورى سەقامگیر و بەردەوام و خۆدەربازكردن لە مەترسیەكانى تاكە سێكتەرى و خۆبەستنەوەى تەواو بە فرۆشتنى نەوتى خاو.
لەسەرەتا بە پیشەسازیانە دەست پێبكەین كە بڕێكى زۆر نەوتى تێدا بەكار دێت، وەك پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى، وە ئەو پیشەسازیانەى بڕێكى زۆرى ووزە و پتڕۆكیمیاوى بەكار دەهێنن،  وەك پیشەسازى ئاسن و هەروەها پیشەسازى بچوك. لەسەرەتا ناچارین پشت بەو جۆرە پیشەسازییانە دەست پێبكەین بەمەبەستى زیادكردنى داهاتى نەوت و غاز تاكو سوودى هەبێت بۆ پەرەپێدانى كەرتەكانى تر، وەك مەرتى كشتوماڵى و گەشت و گوزارو ..هتد.
هەروەها پشتگیرى كەرتى كشتوكاڵ بكەین لە ڕێگاى قەرزى وەبەرهێنان بۆ جووتیارەكان بەمەرجێك پابەند بكرێن بە پێی یاسا بڕە پارەكە تەنها لە بوراى كشتوكاڵى خەرج بكەن، هەروەها كردنەوەى خولى ڕاهێنانى بەردەوام بۆیان بەمەبەستى بەرزكردنەوەى تواناى بەرهەمهێنانیان لە ڕێگاى سوود وەرگرتن لە تەكنیكى نوێ ی بەرهەمهێنان. گرنگتر لەوەش دامەزراندنى پڕۆژەى هاوبەشى نێوان كەرتى گشتى و كەرتى تایبەت لە بوارى كشتوكاڵى، چونكە حكومەت زەوى كشتوكاڵى و ژمارەیەكى زۆر دەرچووى بەشە كشتوكاڵییەكانى لە كوردستان هەیە، بەهاوكارى بیرۆكە و سەرمایەى كەرتى تایبەت وپاڵپشتى سیاسەتى گشتى حكومەتى هەرێم پڕۆژەى سەركەوتوو دادەمەزرێن، بەهەمان شێوە لەكەرتەكانى تریش. 
پڕۆژە كشتوكاڵیەكان و هەندێك پڕۆژەى پیشەسازى خۆراك لە سەر هەمان زەوییە كشتوكاڵییەكان هەڵى كارى زۆر دەڕەخسێنێ و دێهاتەكان ئاوەدان دەكاتەوە وكۆژى پێچەوانە دەست پێ دەكات لە سەنتەرى شارەكانەوە بۆ دێهاتەكان، بەمەش قەیرانى جەنجاڵى شارەكان و قەیرانى نیشتەجێ بوون چارەسەر دەبێت، سەرەڕاى كەمبوونەى خواست لەسەر خزمەتگوزارییەگشتییەكان.
بەكورتى ئەو باسەى سەرەوە دەتوانم لەو شێوەیە كورتبكەمەوە:
    جۆراوجۆركردنى پەیكەرى بەرهەمهێنان لە كوردستان    
    

    سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندى ڕكابەرى كردن    
    

نەوت    غاز
    

    پەرەپێدانى پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى    
    

پیشەسازى كەرستە    پیشەسازى پەینى كیمیاوى
    

    پەرەپێدانى كەرتى كشتوكاڵ    
    

دانەوێڵە    بەرهەمى ئاژەڵى
    

    پیشەسازى خۆراك    

2.     پەرەپێدانى فێركردن و توانا مرۆییەكان:
زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و كەمى خەرجى گشتى لەسەر كەرتى خوێندن دەبێتە هۆی بێكارى و گەنجەكانمان و دابەزینى ئاستى لێهاتوویى دەستى كار لەكەرتە ئابوورییەكان، چونكە خوێندن توخمێكى گرنگە لە پرۆسەى چاكسازى ئابوورى و ڕاستكردنەوەى هەڵە پەیكەرییەكانى ئابوورى، چونكە بنیاتنان و ئامادەكردنى تواناى مرۆیی مەرجێكى سەرەكى ڕابەرایەتى پرۆسەى پەرەپێدانى ئابووییە بە شێوەیەكى دروست، لەبەر ئەوەى مرۆڤ سامانى ڕاستەقینەیە، بەرزكردنەوەى توانا و لێهاتووییەكان دەبنە هۆی سەركەوتنى پڕۆسەى پەرەپێدان، ئەمەش لەڕێگاى بەهێزكردنى سیستەمى خوێندنى سەرەتایی و باڵا لە ناوەندەكانى خوێندن و زانكۆ و پەیمانگاكان، كە پێویستى بە دووبارە پێداچوونەوەى ڕیشەیی هەیە، بە داخەوە ساڵى ڕابردوو كوردستان وعێراق لە ڕیزى سۆماڵ و میانماڕ و ئەفغانستان ناویان نەبوو لە ڕیزبەندنى كوالیتى خوێندنى نێودەوڵەتى! دووبارە بەداخەوە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان زیاتر لەوە دەچن ناوەندنى بازرگانى كردن بن بە بڕوانامە و فڕۆشتنى لە جیاتى خوێندن و فێركردن!
3.     بەشدارى كەرتى تایبەت و ڕۆڵى حكومەت:
كشانەوەى حكومەت لە زۆرێك لە چالاكییە ئابوورییەكان و سپاردنى كارەكان بەكەرتى تایبەت سەركەوتوو نەبووە، بگرە بەشێكى زۆرى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى نەتەوەیی كوردستان لەو ڕێگایەوە بووە. لەبەر ئەوە پێویستە چاوبخشێنرێتەوە بە سیاسەتى كەرتى تایبەت و ڕۆڵى حكومەت زیاد بكرێتەوە لە قۆناغى ئێستا و داهاتوو، وە پڕۆژەكان بە هەماهەنگى هەردوو كەرتى گشتى و تایبەت بەڕێوە بچن لە شێوەى پڕۆژەى هاوبەش، لەگەڵ كاراكردن وتوندكردنى چاودێرى دارایی و حكومى و سزادانى توندى هەر پێشێلكارى و گەندەڵییەك. 
پێویستە هاوكارییەكان و پشتگیرى حكومى بۆ پڕۆژەكان پاڵپشتى ئامانجدار بێت و ببێتە پاڵپشتى چینەلاوازەكان لە كۆمەڵگا.
بنەماى هاوبەشى و تەواوكارى نێوان هەردوو كەرتى گشتى وتایبەت زۆر پێویستە بۆ دووبارە داڕشتنەوەى ڕۆڵى حكومەت و زیادكردنى داهات بۆ هەردوولا، سەرەڕاى كەمكردنەوەى فشارى خواستى دامەزراندن لە كەرتى گشتى، چونكە حكومەت زەوى و كەرستەى پێویست و دەستى كارى زۆرى لەبەر دەستە (فەرمانبەرەكانى)، بەهاوكارى بیرۆكەى كەرتى تایبەت و سیاسەتى گشتى حكومەتى هەرێم پڕۆژە هاوبەشەكان سەركەوتوو دەبن و دەبنە ڕكابەرى هاوتا بۆ بەرهەمى هاوردەكراو.
واز هێنانى حكومەت لە ڕۆڵى ئابوورى لە ژێر سێبەرى بازاڕى ئازاد لەبەرژەوەندنى چینە هەژارەكان نابێت، وە ڕێژەى هەژارى بەرز دەكاتەوە، وەك ئەوەى بینرا لەماوەى ڕابردوو لە هەرێمى كوردستان، لەبەر ئەوە پێم وایە بۆ ئێستاى كوردستان سیستەمى (هاوبەشى بازاڕ) (اشتراكیە السوق)  باشترین سیتەمى ئابوورى دەبێت، بە جۆرێك هاوسەنگى ڕادەگرێت لە نێوان خاوەدارییەتى سەرمایەى تایبەت و سەرمایەى گشتى، چونكە ناكرێت بازاڕ لە پڕێك ئازاد بكرێت و ببێتە كێشە بۆ زۆرینەى خەڵكى داهات نزمى كوردستان.