شاندێك لە خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتی فلیپین سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد

شاندێك لە خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتی فلیپین سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد




2024-11-06 07:51:51


بە ئامانجی کارکردن، وەبەرهێنان و دامەزراندنی کارگەی جۆراو جۆر، ئەمڕۆ دووشەممە، 2024/11/4، شاندێکی وڵاتی فلیپین لە خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەران بە سەرۆکایەتی د. خالد ئیبراهیم، نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی فلیپین و بە یاوەری کونسوڵی فەخری فلیپین لە هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد لە لایەن گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور پێشوازیان لێکرا.

لە دانیشتنێکدا کە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوون، پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی فلیپین و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.

سەرۆکی ژوور خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەم شاندە نیشاندا، وتی؛ ئێمە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان دەدەین، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیە ئابووریەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

سەرۆکی ژوور کەشی لەبار و دەرفەتی وەبەرهێنان و کارکردن لە هەرێمی کوردستانی بە شاندی میوان راگەیاند، ئامادەیی ژووریشی نیشاندا بۆ هەموو پاڵپشتی و هەماهەنگیەك بۆیان.

شاندی میوان رایانگەیاند، بە ئامانجی کارکردن و وەبەرهێنان و دامەزراندنی کارگە لە سێکتەری جیاواز سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هیوایان خواست بتوانن لە داهاتوودا شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستانیش سەردانی وڵاتەکەیان بکات بە ئامانجی وەبەرهێنان.

هەر لەم دانیشتنە گفتوگۆ کرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوو ژووری بازرگانی فلیپین و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پێشخستنی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکان.