چى پێویستە بكرێت بۆ چارەسەرى قەیرانى ئابورى

چى پێویستە بكرێت بۆ چارەسەرى قەیرانى ئابورى




2019-10-07 20:49:38


ئەسكەندەر محمد
لە سادەترین ئاڵوگۆرى دەستا و دەستكردنى كەلوپەل و لە نێوان خەڵكدا بیرۆكەى قازانج سەرى هەڵداوە، كە تیایدا مرۆڤەكان بە دواى دەستكەوتى زیاتر گەراون لە ژیاندا . ئەمەش لەگەڵ فراوانبوونى كۆمەڵگە ئاڵۆزى زیاترى بەخۆیەوە بینیوە ، بۆیە بەبێ سەرهەڵدانى پارە دروستبوونى بازار نەتوانراوە درێژە بەم رەوشە بدرێت ئەم گۆرانكاریە بەردەوام بووە تاوەكو گەیشتۆتە ئاستى گواستنەوە و بازرگانى نێوان ناوچە دوورەكان . 
لە دواى سەرهەڵدانى دەوڵەت و زیادبوونى بەرژەوەندى ئابوورى و پێشكەوتنى زانستى ئابوورى چەندین قوتابخانە و رەوتى ئابوورى سەریان هەڵداوە كە لە سەدەى بیستەمدا دوو رەوتى ئابوورى لەبەرگێكى سیاسى لە پێشبركێ بوون كە سیستەمى سۆسیالست و سیستەمى سەرمایەدارى بوو . كە باس لە قەیرانى ئابوورى دەكەین دەتوانین یەكەمین قەیرانى ئابوورى لەسەردەم هاوچەرخ بگەرێنینەوە بۆ ساڵى 1825 كە لە ئینگلتەرا سەرى هەڵدا بەهۆى كەمى بەرهەم بوو هەرەسهێنانى كەرتى بەرهەم و بلآوبوونەوەى بێكارى بەدواى خۆیدا هێنا ، دواتریش چەندین قەیرانى ئابوورى دیكە سەرى هەڵداوە بەلآم لە سەدەى بیستەمدا گەورەترین قەیران كە سەرى هەڵدا قەیرانى داكشانى گەورە بوو لە ساڵى 1929 كە گۆرانكارى گەورەى لە ئابوورى جیهان بەدواى خۆیدا هێنا . دواتریش لە سالآنى حەفتاكان و هەشتاكان چەندین قەیرانى دیكە سەرى هەڵدا . لە هەر كاتێكدا كە قەیرانى ئابوورى سەرى هەڵدابێت لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكى دیكە بەپێى شوێن و كاتى سەرهەڵدان گۆراوە . بۆیە دەتوانین بڵێین قەیرانە ئابووریەكان دابەشى سەر چەند جۆر بوون . لە هەندێك سەردەمدا خستنەروو گەورەترین كاریگەرى هەبووە لەسەر روودانى قەیرانەكە بەلآم لە هەندێك كاتیشدا نەوت سەرچاوەى روودانیان بووە . كە هاوتەریبى هەموو قەیرانەكانیش رووداوە سیاسیەكانن كە رۆڵى سەرەكیان گێراوە لە گەورەیى و بچووكى قەیرانەكان لە جیهان . بەلآم بە شێوەیەكى زانستى قەیرانى ئابوورى دەكرێن بە سێ جۆر كە ئەوانیش قەیرانى خولى لە ئەنجام بەرهەمهێنان سەرهەڵدەدات ، یەكێكى دیكەش قەیرانى نێوەندگیریە كە لە بەشێكى ئابوورى نیشتیمانى روودەدات ، جۆرى سێیەمیش قەیرانى پەیكەر بەندى ئابووریە كە سێكتەرەكانى ئابوورى دەگرێتەوە وەكو نەوت و خۆراك و سامانى خاو . 
لێرەدا هەرێمى كوردستان لە سەرهەڵدانى قەیرانى ئابوورى دەكەوێتە جۆرى پەیكەربەندى ئابوورى كە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت لە جیهان و كێشە سیاسیە هەرێمیەكان سەرى هەڵداوە . بۆیە پێویستە بۆ دۆزینەوەى چارەسەركردنى ئەم دۆخە وێنەیەكى روونمان لەبەر چاو بێت تاوەكو خاڵە نەرێنیەكان دەستنیشان بكەین ئەویش لە رێگەى دیاریكردنى تایبەتمەندیەكانى قەیران ، چونكە تایبەتمەندیەكانى قەیرانى ئابوورى رێبازێكى روونمان بەدەستدەخات بۆ دەربازبوون لەم رەوشە . 
كە یەكێك لە تایبەتمەندبووەكانى قەیران لە نەبوونى داتاى زانیارى دەستپێدەكات كە ئەمەش كاریگەرى دەبێت لەسەر بریاردان لە دۆزینەوەى چارەسەر و دیاریكردنى بڕى پێویستى توانا بۆ چارەسەركردن ، یەكێكى دیكە لە تایبەتمەندیەكانى قەیرانە ئابووریەكان بەردەوام روودانى لەناو دێنە ناو رەوشەكە كە بیركردنەوە لە بنبركردنى قەیرانەكان دەگۆرێت بۆ چارەسەركردنى كاتى كە ئەمەش دۆخێكى نەخوازراو بەدواى خۆیدا دەهێنێت كە ترس و تۆقێنەرە كە لە ئەنجامدا خەڵك هاندەدات بیریان بۆ رووداوى خراپ و نەخوازراو بروات . كە ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى كە كەسانى خاوەن بریار نەتوانن بریارى دروست بدەن لێرەدا بۆشاییەك دروست دەبێت لە بیركردنەوە لە هزرى كەسانى خاوەن بریار و كەسانى خاوەن پسپۆرى كە هاوڕانین لەسەر چارەسەركردنى كێشەكان ، ئەم تایبەتمەندیانەش بەروونى لە قەیرانى ئابوورى هەرێمى كوردستان بەرچاون .  بۆیە بۆ تێپەراندنى ئەم دۆخە پێویستە هەر كەسێك لە ئاست تواناى خۆى هەڵسێ بە دەستپێشخەرى بۆ لە ئەستۆگرتنى بەرپرسیارەتى ، ئەوەى لێرەدا گرنگە كە پێویستە كارى لەسەر بكرێت پەیداكردنى پارە و قەرز و مووچە نیە بەقەتەد ئەوەى چارەسەركردنى چەندین سێكتەرى گرنگى بونیادى ئابووریە . دوو سێكتەر كە گرنگترینیانن ئەوانیش سیستەمى بانكى و سیسەمى خوێندنى بالآیە چونكە بەچارەسەركردنى ئەو دوو سێكتەرە دەرگا والآ دەبێت لەسەر پێشخستنى كەرتى كشتوكاڵ و پیشەسازى بە تایبەتى پیشەسازى خۆراك . 
بۆ چارەسەركردنى سیستەمى بانكى پێویستە بیر لە میكانزمى رێكخستنەوەى پەیكەرى بانكەكان بكرێت ئەویش بەبەهێزكردنى بانكى ناوەندى كە وەكو دەزگایەكى ئابوورى سیاسەتى نەختینەى ولآت دابرێژێت و ببێت بە ئەنجوومەنێك كە سەرپەرشتى بانكە ئەهلیەكان بكات و بەردەوام چاودێریان بكات و رێنمایى نێویان بۆ دەربكات ، ئینجا بانكە بچووكەكانى دیكەى حكومى بگوازرێنەوە بۆ كەرتى تایبەت لەگەڵ ئەو بانكە ئەهلیانەى كە هەن تۆرێكى بانكى بەهێز دروست بكرێت ، ئینجا ئەم بانكانە سەرجەم كارەكانى دارایى حكومەت بەرێوەببەن و بەشداربن بە شێوەیەكى راستەوخۆ لە دابینكردنى پارە بۆ هەردوو كەرتى گشتى و تایبەت و دابینكردنى مووچەى فەرمانبەران بۆ ئەوەى لە قۆناغى دواتر سالآنە پارەیەكى نەختینەیى كاشیان بخرێتە بەر دەست بۆ ئەوەى دەست بكەنەوە بە پێدانى پێشینەكانى هاوسەرگیرى و خانوبەرە و پیشەسازى و گەشتیارى و كشتوكاڵ كە هەر ئەم بانكانە خۆیان رێنمایى پێدانى ئەم پێشینانە جێبەجێ بكەن ئەمەش دەبێتە فاكتەرێكى گرنگ بۆ گێرانەوەى متمانە بۆ سیستەمى بانكى و دەربازبوون لە پارەى نەختینەكى . 
لەگەڵ سەركەوتنى ئەم پرۆسەیە حكومەت دەتوانێت هەنگاوێكى دیكە بهاوێژێت بۆ چارەسەركردنى ئەم قەیرانە ئەویش بەرزكردنەوەى ئاستى زانستیە ، چونكە زۆر لە مێژە ئێمە بەردەوام باس لە خراپى ئاستى زانستى زانكۆكانى كوردستان دەكەین لە زۆر كاتدا دەگەین بەو وەلآمەى كە زانكۆكانى كوردستان سەربەخۆ نین لە رووى ئابوورى بریاردان بۆیە ناتوانن هەنگاوى پراكتیك بهاوێژن بۆ چارەسەركردنى ئەم بابەتە و دەربازبوون لە قەیرانى دارایى لە ناوەندە زانستیەكان . دەتوانرێت بریار لەوە بدرێت كە قۆناغ بە قۆناغ زانكۆكان بفرۆشێنە كەرتى تایبەت . بۆ نموونە لە قۆناغى سەرەتایدا دوو زانكۆ لە هەرێمى كوردستان هەڵبژێردرن رادەستى دوو كۆمپانیاى تایبەت بە وەبەرهێنان لە بوارى زانستیدا بكرێت بۆ ئەوەى وەكو زانكۆ تایبەكانى دیكەى كوردستان لەلایەن كەرتى تایبەت بەرێوەببرێت و لەلایەن وەزارەتى خوێندنى بالآوە رێنمایى بۆ هەموو سێكتەرەكانى ئەم پرۆسەیە دەربچێت بۆ ئەوەى مافى مامۆستا و قوتابى و دامەزراوەكان و ئاستى زانستى بپارێزرێت .ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا لە ساڵى دووەمى خوێندن سەرجەم زانكۆكانى كوردستان بخرێنە چوارچێوەى ئەم پرۆژەیە تەنها سێ زانكۆ بە شێوەیەكى بچووكراوە لە هەولێر و سلێمانى و دهۆك وەكو چاودێرى زانستى لەلایەن حكومەتەوە سەرپەرشتى بكرێن . 
بە سەركەوتنى ئەم پرۆسەیەى كە لەم دوو سێكتەرە باسمان كرد قۆناغێكى نوێ دێتە پێش بۆ گەشەپێدانى كەرتى كارەبا و كشتوكاڵ و پیشەسازى و گەشتیارى و بازرگانى ئەویش بە پێدانى تیۆرى زانستى لەلایەن زانكۆكان و پاڵپشتیكردنى دارایى لەلایەن بانكە ئەهلیەكان . كە ئەمانەش دەبنە هۆى بەهێزبوونى بوژانەى ئابوورى هەرێمى كوردستان و ریشەكێشكردنى قەیرانى ئابوورى بۆ ئەوەى ئەگەر جارێكى دیكە قەیرانى ئابوورى سەرهەڵبداتەوە جارێكى دیكە ئەو سێكتەرانە نەگرێتەوە .