2024-08-31 10:05:23
سێشەممە، 27/8/2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور و حاجی ئیسماعیل سورچی، حاجی ئیبراهیم گەردی و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق.
دوای بەخێرهێنان، سەرۆکی ژوور، باسی لە پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی پاکستان و هەرێمی کوردستان کرد، گەیلان حاجی سەعید وتی؛ ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ وەبەرهێنان، بەهۆی بەهێزی ئەزمونیان، پاکستان دەتوانێت هاوکار و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری.
سەرۆکی ژوور هیوای خواست کە لە رێگەی باڵیۆزخانەوە هەوڵبدەن پەیوەندی لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی پاکستان دروست بکەن، خۆشحاڵیش دەبین بە پێشوازی کردن لە شاندە بازرگانیەکانی ئەو وڵاتە.
محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق، وتی؛ هاتوون بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی پەیوەندی ئابووری نوێ لە نێوان وڵاتی پاکستان و هەرێمی کوردستان، وتیشی؛ پێشکەوتن و ئارامی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشام.
باڵیۆز رایگەیاند؛ ئەوان هەوڵدەدەن یاداشتنامە لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی پاکستان و هەولێر واژوو بکرێت، ئەوەشی خستەروو کە لە ئێستادا چەند بەرهەمێکی دیاریکراو هەناردەی عێراق دەکەن، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی نێوان هەردوو وڵاتیش ساڵانە 250 ملیۆن دۆلارە، باڵیۆز ئەوەشی راگەیاند کە سەرنج دەخەنە سەر هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە کوردستان پێویستی پێ یەتی، دواین چالاکی بازرگانی نێوان هەردوولاش واژووکردنی رێککەوتنامەیەك بوو لە نێوان دوو کۆمپانیای پاکستانی و کوردی کە خۆی دەبینێتەوە لە هەناردەکردنی 170 تەن رۆژانە لە گۆشتی فرێش بۆ هەرێمی کوردستان.