گەشەی كشتوكاڵی و ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان

گەشەی كشتوكاڵی و ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان




2019-10-07 20:48:08


شەیما جەماڵ كوێخا 
دەبینین لە ئیستادا شارەكان پڕن لە خەڵك و لادێكان كە بە سەرچاوەی گەشەی كشتوكاڵی و دابینكردنی خۆراك دادەنرین چۆڵ و وێرانە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاولكاریەى لە رابرد,و بەسەر گەلەكەمان هاتووە لەگەڵ نەبوونی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پشتگوێ خستنێكی ڕوون و دیاری ئاسایشی ئاوە لە هەرێمی كوردستان , لەكاتێكدا ئەم نشتمانەی ئێمە خاوەن ژینگەیەكی گونجاوی كشتوكاڵیە و هەروەها خاوەن زەوی وزارێكی بە پیتە كە دەگونجێ بو زۆربەی بەرووبوومە كشتوكاڵی و ئابوریەكان .
زیاتر لە چارەگە سەدەیەك لە ڕاهێنان پێكردنی ژمارەیەكی زۆر لە كادری كشتوكاڵی تێپەڕی و پێش ڕاپەڕینیش بە هەمان شێوە ڕاهێنان پێكردنی كادیرە كشتوكاڵیەكان بەردەوامی هەبوو لە ئێستاشدا بەهەمان شێوە بەردەوامە بەڵام هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری پێداویستیە خۆراكیەكانی لە وڵاتان هاوردە دەكات.
پلانی گەشەی ئابوری كە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو توشی شكست بوو لە سەر ئاستی وڵاتان چونكە نەیتوانی ئامانجە بنچینەیەكانی بپێكی و لە بواری ئابوری بەگشتی و بواری گەشەی كشتوكاڵی و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بەتایبەتی ئەمەش وایكرد كورتهێنانێكى زۆر لە خۆراكدا (العجز الغژائی) سەر هەڵبدات و قوڵ ببێتەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە كە كێبڕكێیەكی زۆر هەیە لە بواری پێشكەوتنی تەكنەلوژیا و بەجیهانبوونى ئابوری و بازاڕی ئازاد كە ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى كە بەكارهێنانی خۆراك وەك كارتێكى سیاسی و ئابوری لە لایەن وڵاتانی پیشەسازی و پێشكەوتووەوە  بەرامبەر بە وڵاتە هەژار و دواكەتووكانەوە .
هۆكاری لاوازی گەشەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان و خراپی دۆخی ئاسایشی خۆراك دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو كێشەو قەیرانانە كە هاوكات بوون لەگەڵ جێ بەجێ كردنی پلانی كشتوكاڵی لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو وە  تا ئیستا ئەمەش وایكردووە كە پەیكەرى  ئابوری توشی داڕوخان و دواكەوتووی بێت وە هەروها بوونی كاریگەری دەرەكی و وایكردوە سەركەوتنی گەشەی ئابوری و كشتوكاڵی ببەسترێ بە تێپەڕاندنی ئەو هۆكارانە و دروستكردنی ژینگەی گونجاو بۆ بەرهەم هێنانی نێوخۆیی و جێبەجێ كردنی سیاسەتێكی كشتوكاڵی پێشكەوتوو كە ئێستا لە جیهاندا هەیە یان هەر هیچ نەبێ ئاستی كشتوكاڵی وڵات بگەیەنین بە ئاستی بەرهەم هێنانی وڵاتانی ئیقلیمی .
ئەمەوێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم كە پێناسەیەكی زۆری گەشەی كشتوكاڵی كراوە بەڵام تا ئێستا ڕێك نەكەوتوون لە سەر پێناسەیەكی بۆ ئەو بوارە , تەنها ئەوەنەبێ كە دەبێ گرنگیەكی ئەواو بدرێ بەبواری ژینگە و سەرچاوە سروشتیەكان و گوندنشینان و پێداویستی جوتیاران بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ بەرەو پێشەوە بچێ .
بەدەست هێنانی خۆراك گەورەترین و دیارترین كێشەیە كەمرۆڤایەتی پێوە سەرقاڵ بوە بە تێپەڕ بوونی مێژوو و لە ئێستا و داهاتووش بەهەمان شێوە ئەم كێشەیە بەردەوام دەبێ ، ئەگەر پێداویستیە بنچینەیەكانی مرۆڤ بریتی بن لە خۆراك و ماڵ و داپۆشین ئەوە خۆراك لە ئەولەویەتی پێداویستێكانەوە دەبێت, مرۆڤە سەرەتاییەكان بۆ بەدەستهێنانی خۆراك كاری زۆریان كردوە  هەر لە ڕاو لە سەردەمی گەڕوَكیدا دواتر بەخێوكردنی ئاژەڵداری و چاندن و كشتوكاڵ لە سەردەمی نیشتەجێبوونیدا كە ئەوەش نیشانەى ئەوەیە كە كشتوكاڵ و پەرەپێدان و پێشخستنی و زیاد بوونی بەروبوومە كشتوكاڵیەكان چەند گرنگن لە ژیانی مرۆڤایەتی .
بەزیاد بوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشكەوتنی ژیان و ئابوری لە ڕۆشانی گەڕانەوەی ئابوری جیهانی كێشەی دابینكردنی خۆراك لە لوتكەی كێشە جیهانیەكانەوەیە بەتایبەت پاش حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو دۆخى ئاسایشی خۆراك ئاڵۆزتر بووە بەتایبەت پاش قەیرانی خۆراكی جیهانی ساڵی 2008 ئەمەش وای كردوە ئەو كەسانەی كە گرنگی بە بواری خۆراك دەدەن لەگەڵ توێژەرەكانی بواری ئابوری و كشتوكاڵی و كارگێڕی و دەسەڵاتاران پێكەوە كار لەسەر گەشەی كشتوكاڵ و كێشە كشتوكاڵیەكان بكەن چونكە بنچینەی گرنگی خۆراكن .
هەرچەندە سێكتەری كشتوكاڵ لە لایەن لادێ نشینان و خاوەن كێڵگە گەورەكان بەرەو پێشەوە دەچێ و هیوایەكی زۆریان لە سەر گەشەی ئەو سەكتەرە بە خەڵكی لادێكانەوە بەستراوە بەڵام ژیان و گوزەرانی لادێ نشینەكان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریان و نەبوونی پاڵپشتی وەكو بانكى كشتوكاڵى و هێنانى ئامێرى پێشكەوتوو و وەبەرهێنان لەم بوارە جوتیاران و گوندنشینان وای كردوە زۆربەی لادێكان چۆڵ ببن و كاری كشتوكاڵی بەڕادەی پێویست نەبێ، ئەمەش بۆتە بەربەست لە پێشكەوتنی سێكتەری كشتوكاڵ و پاشان دابینكردنی ئاسایشی خۆراك كە كاریگەری دەبێ لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسی و نیشتیمانی ,هەرچەند هەندێ لادێ ئاوەدانی پێوە دیارە بەڵام لە ئاستی تموحی شارەزایانی بواری خۆراكدا نیە  .
ئاسایشی خۆراك ئەمڕۆ بەیەكێك لەبنچینە گرنگەكان دادەنرێ كە كەسانی ئابوری و سیاسیەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە , چونكە بە جومگە گرنگەكانی ئاسایشی نەتەویی دادەنرێ و پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆی هەیە بە ژیان و تەندروستی مرۆڤەوە ، بەرپرسیارێتی دابینكردنی خۆراك دەكەوێتە ئەستوی حكومەتەكانەوە لە ڕێگای بەرهەمهێنانی نێوخۆی و هاوردەكردنەوە , هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێڕاق و ئەوەی توشی عێڕاق دەبێ لە نەبوونی خۆراك تووشی هەرێمی كوردستانیش دەبێ بگرە بە زیاتریشەوە لە مەر خود بژێوی (اكتفاء الژاتی) وزیادبوونی بۆشایی خۆراكی .
عێراق بە یەكێ لەو وڵاتانە دادەنرێ كە توشی بۆشایی گەورە بووە لە بواری گرنگترین كۆمەڵە خۆراكیەكاندا ئەمەش بە هۆی شەڕە یەك لە دوای یەكەكان كە توشی بوە . هەروەها بە هۆی ئەو ئابڵوقە ئابوریەوە كە لە سەری بوو نزیكەی 15 ساڵی خایاند، هەروەها نەبوونی پاڵپشتی جوتیاران ئەمەش وای كردوە بۆ  كەمكردنەوەی ئەم بۆشاییە پشت ببەستێ بە هاوردەكردنی مادە خۆراكیەكان لە بازاڕە جیهانیەكان ئەمەش بە شێوەیەكی ڕاستەخۆ كاریگەری گەورەی هەیە و  دەبێ  وڵات توشی ملكەچ بوونی ئابوری دەكات (تبعیە الاقتصادیە) .
ئاسایشی خۆراك واتا دابین كردنی خۆراك بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانن چالاكی جەستەیی و تەندروستییەكانیا بەتەواوەتی بكەن ,جا دابین كردنی پێداویستە خۆراكیەكان لە ڕێگای بەرهەم هێنانی نێوخۆی یان هاوردەكردنەوە بێت, ئەمەش وای كردوە زیاتر پشت بە هاوردەكردن ببەستێ و بەرهەمی نێوخۆیی تا ڕادەیەكی زۆر پشت گوێ بخان بۆیە لێرەدا  ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی هۆشداری داوە لە بارەی كەمی خۆراك و ترسی ئاسایشی خۆراك لە عێڕاق بەجۆرێك كە لە ڕاپۆرتێكیاندا ئاماژەیان بەوە داوە كە زیاتر لە 6 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی كە دەكاتە نزیكەی ڕێژەی20%  لە دانیشتوانی عێڕاق لەژێر هێڵی هەژاریەوە  دەژین و ڕۆژانە بە سەدان كەسیان لی دەمرن , ئەم ڕێژە ترسناكە كە لە عێڕاقدا هەیە ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەكاتەوە كە ئابوری عێراق بەرەو داڕوخانێكی ترسناك دەڕوات و حكومەت و بەرپرسان بەتەواوەتی پشتیان لە سێكتەری كشتوكاڵ كردوەو تەنها گرنگیان داوە و دەدەن بە پترۆل ، ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی گەورەی داڕوخانی كشتوكاڵ و ئاسایشی خۆراك لە عێراق و كاریگەریشى لەسەر هەرێمى كوردستان دەبێت .
لە هەرێمی كوردستان كشتوكاڵ لە پلەی دووەم دێ پاش سامانە سروشتیەكان، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا بەهۆی گۆڕانكاری لەكەش و هەوا و گۆى زەوی ، كێشەی زەویە كشتوكاڵیەكان و بە بیابان بوون زۆر زیادی كردوە بە جۆرێك كە مەترسیەكى  گەورەی هەیە لەسەر سێكتەری كشتوكاڵ بۆیە دەبێ شارەزایان و توێژەران زیاتر كار لە سەر چارەسەر كردنی ئەم كێشانە بكەن و حكومەتیش لە بوجەدا پارەیەكی زیاتر بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بكات بۆ ئەوەی كێشە كشتوكاڵەكان چارەسەر بكرێ و ئاسایشی خۆراكى هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە دوژمنان بپارێزێ و زیاتر پشت بە بەرهەمی نێوخۆی ببەسترێ بۆ ئەوەی چی دی وڵاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان نەتوانن وەك كارتی فشار بەكاری بێنن دژی وڵاتەكەمان .
ماموستای زانكۆ – ماستەر لە بواری ئابورى ئاسایشی خۆراك.
سەرچاوەكان :-
1-    التنمیە الزراعیە ومتگلبات اڵامن الغژائی فی العراق , سلام منعم زامل الشمری , مجلە الغری للعلوم الاقتصادیە والاداریە .
2-    التحدیات التی تواجە الامن الغژائی العراقی فی ڤل تاپیر العوامل الداخلیە والخارجیە والبیئیە  ,مجلە تكریت للعلوم الاداریە والاقتصادیە , العدد 6/ 2010م .
3-    منڤمە الأغژیە والزراعە التابعە للأمم المتحدە، حالە انعدام الأمن الغژائی فی العالم"، روما، 2010م.
4-    فهمی بشای، نحو التنمیە الزراعیە المستدامە فی العراق، التحول من المعونات الإنسانیە والأعمار إلى التنمیە، منڤمە الأغژیە والزراعە للامم المتحدە، روما، 2003م.
5-    خارگە گریق لمدیریە العامە والتخگیگ والمتابعە، وزارە الزراعە والموارد المائیە، حكومە إقلیم كردستان– العراق، 2014-2018م.