2024-08-31 09:44:37
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29/8/2024، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سوپڕاك پڕۆنگسورا، باڵیۆزی وڵاتی تایلاند لە عێراق و ئوردن، کامەران سەڵاح باجگر جێگری سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ژمارەیەك لە کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تایلاند، لە هۆتێل رۆتانا، لە شاری هەولێر، دیدارێکی بازرگانی سازکرا.
سەرەتای دیدارەکە بۆ بەرچاوروونی کۆمپانیا تایلاندیەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، پەنەلێك بۆ هەریەك لە جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، جێگری بەڕێوبەری گشتی گومرگی هەرێم و نوێنەری بانکە حکومیەکان رێکخرا.
پاشان گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، لە وتەکەی دا جەختی لە هاوکاری و هەماهەنگی ژووری بازرگانی کردەوە بۆیان، داوای کرد کە پەیوەندیە بازرگانیەکان گشت سێکتەرەکان بگرێتەوە، هەوڵبدەن پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمەکانیان لە شاری هەولێر بکەنەوە، وتیشی دوو فاکتەر بەهێز هەن وا دەکەن کە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا فراوان بێت، ئەوانیش بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی تایلاند و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە، سەرۆکی ژوور لە کۆتایی وتەکەی هیوای خواست بتوانن لە داهاتوودا بە ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی گەورەتر، پەیوەندیەکان بەهێزتر بکەن.
دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگی دروستکردنی ئەو پەیوەندیە و هاتنی ئەم شاندە کرد، وتی؛ ئەمە هەلێکی زۆرباشە بۆ هەردوولا، ئێمەش پەیوەندیەکانمان بەرەوپێش دەبەین لەگەڵ تایلاند و هەموو کارئاسانیەکیش دەکەین بۆیەن، سەرۆکوەزیرانیش پاڵپشتی خۆی و گرنگی تەواو دەدات بەم پەیوەندیە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە و هیوای خواست کە جاری داهاتوو بەشێوەیەکی کاراتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
هەر لەم دیدارە باڵیۆزی تایلاند وتی؛ ئێمە پەیوەندیەکان قوڵتر دەکەینەوە، بەشێوەیەك سوود بە هەردوولا بگەیەنێت، ئارەزووی کارکردن لە هەردوولا هەیە، منیش پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەبەمە تایلاند، سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریشی کرد بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە.