2024-08-20 17:02:27
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گرژییە بەردەوامەکانی نێوانیان، چین و ئەمریکا لەسەر رێگریکردن لە ناسەقامگیریی دارایی کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون.
بانکی ناوەندیی چین دەڵێت، کۆبوونەوەیەکیان لە شانگهای لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا، رێککەوتنێکی لێ بەرهەمهاتووە بۆ راسپاردنی کەسانی پەیوەندیدار بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر "رووداوێکی ناسەقامگیریی دارایی" لە داهاتوودا.
ئەمە نموونەیەکی دەگمەنە لە زەمینەی هاوبەشی هاوئاهەنگیی دوو گەورەترین ئابووریی جیهان.
بانکی ناوەندیی چین دەڵێت لە پێنجەمین کۆبوونەوەی گرووپی کاری دارایی، دوای سەردانەکەی ساڵی رابردووی جانێت یێلێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ چین، هەردوولا "لیستی پەیوەندییەکانی سەقامگیری داراییان ئاڵوگۆڕ کرد".
بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژانی 15-16ـی ئەم مانگە، "بانکی ناوەندیی چین و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمەڵە یاداشتێکیان لەبارەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەبارەی سەقامگیری دارایی واژۆکردووە.
ئەمە یەکەم دانیشتنی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای ئابووریی ئەمریکا و چین بووە لە مانگی رابردووەوە.
بەپێی گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا کە پێش کۆبوونەوەکە قسەی کردووە، کۆبوونەوەکانی شانگهای پەیوەست بوون بە چەندین بابەت کە بریتین لە سەقامگیریی ئابووریی دارایی، بەڕێوەبردنی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و کێشەکانی بازاڕەکانی سەرمایە.
بەپێی گوتەبێژەکە، رێککەوتنەکان دەسەڵات دەدەنە بەشەکانی بەڕێوەبردنی دارایی هەردوولا بۆ ئەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنیان بەشێوەیەک بهێڵنەوە کە لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی نەرم کاربکەن، هەروەها نادڵنیایی کەم بکەنەوە کاتێک رووداوێک رووبدات، کە ناسەقامگیریی دارایی دروستبکات یان مەترسی بخاتە سەر کاری دامەزراوە داراییەکان