چین.. ڕێژەی بێکاریی گەنجان سەدا 17 بەرزبووەتەوە

چین.. ڕێژەی بێکاریی گەنجان سەدا 17 بەرزبووەتەوە




2024-08-19 06:12:13


بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، ڕێژەی بێکاریی لە نێو گەنجانی چین لە مانگی تەمموزدا گەیشتووەتە 17.1% ، ئەمەش بەرزترین ئاستی ڕێژەی بێکارییە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانی هەیە.

چین، بەدەست بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی گەنجان و کەرتی خانووبەرەی قەرزدار و کێشەی بازرگانیی لەگەڵ ڕۆژئاوا گیرۆدەیە.

ئاژانسی هەواڵی 'شینخوا' بڵاوی کردەوە، لی چاینگ، سەرۆکوەزیرانی چین، کە بەرپرسی سیاسەتە ئابوورییەکانیشە، داوای کردووە "گوێ لە کۆمپانیا بە ئەزموونەکان بگرن تاوەکو چارەی کێشەکانیان بکەن".

ئامارەکانی نووسینگەی سەرژمێری نیشتمانی دەریان خستووە، ڕێژەی بێکاری لە نێوان گەنجانی نێوان 16 بۆ 24 ساڵدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا 13.2% بووە، ئەو ڕێژەیە لە مانگی حوزەیرانی 2023دا گەیشتبووە لووتکە و لەسەدا 21.3 بوو

نزیکەی 12 ملیۆن قوتابی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا خوێندنی زانکۆیان لە چین تەواو کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی کێبڕکێ لە بازاڕی کاردا کە ئێستە سەخت بووە، ئەمەش ڕەنگە هۆیەک بێت بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بێکاری.

شی جینپینگ، سەرۆککۆماری چین لە مانگی ئایاری رابردوو ڕایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی بێکاریی گەنجان دەبێت بە ئەولەویەتی سەرەکی هەژمار بکرێت.

لە مانگی تەمموزدا ڕێژەی بێکاریی لەنێو گەنجانی تەمەن 25 بۆ 29 ساڵدا 6.5% بووە، لەکاتێکدا لە مانگی ڕابردوودا 6.4% بووە.

سەبارەت بە هێزی کار بە گشتی، ڕێژەی بێکاری گەیشتە 5.2 لەسەد.

ئامارە نوێیەکانی بێکاریی لە چین، لاوازیی پیشەسازی لەو وڵاتە نیشان دەدەن، سەرەڕای ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییەی حکوومەت کە ئامانجیان گەشەکردنی ئابووریە.

گەشەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە مانگی تەمموزدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لەسەدا 5.1ی تۆمارکردووە لە کاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا 5.3% بووە.

هەروەها مانگی ڕابردوو لە شارە گەورەکانی چین نرخی خانووبەرەیان دابەزی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر خانوبەرە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەسەرەتای ئەو هەفتەیە بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا یەکەم جارە خواست لەسەر قەرزی بانکی کەم دەبێتەوە.

ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەبن، چونکە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا بەربەستی زیاتر بەسەر بازرگانیدا دەسەپێنن بۆ پاراستنی بازاڕەکانیان لە بەرهەمە چینییەکان.

k24