406 ملیۆن دۆلار، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سڕبیایە

406 ملیۆن دۆلار، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سڕبیایە




2024-08-18 06:16:15


چوارشەممە، 14/8/2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازی کرد لە میلان پیترۆفیج، یاردەدەری پارێزگاری پیرۆت لە سڕبیا بۆ کاروباری بازرگانی و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەك کۆمپانیای ئەو وڵاتە.

لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە لاوەند مەموندی و کامەران محەممەد ساڵح ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی سڕبیا و هەرێمی کوردستان کرا.

میلان پیترۆفیج، یاریدەدەری پارێزگاری پیرۆت وتی؛ لە ماوەی رابردوو پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی عێراق و سڕبیا زۆر بەهێز بوو، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە بەسەر هەردوو وڵات هات، پەیوەندیەکان زۆر لاواز بوون، یاریدەدەری پارێزگار وتی؛ ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وڵاتی سڕبیا لەگەڵ عێراق ساڵانە 406 ملیۆن دۆلارە، بەمەش پەیوەندیەکان لە ئاستی پێویست نین، هاتووین پەرە بە پەیوەندیە بازرگانیەکانمان بدەین لەگەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.

میلان پیترۆفیج دەربارەی ئەو سێکتەرانەی کە وڵاتی سڕبیا ئەزموونی باشی هەیە، رایگەیاند کە لە گشت سێکتەرەکان و سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و خۆراك بەتایبەتی دەتوانن بەرهەمەکانیان هەناردەی کوردستان بکەن بە شێوەیەکی راستەوخۆ.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور، دوای بەخێرهێنان، ئاماژەی بە پتەوکردنی پەیوەندیەکان دا لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی ئەو وڵاتە و رێکخستنی ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی لە نێوان هەردوولا.

سەرۆکی ژوور وتی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کابینەی نۆ گرنگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵی دەدات، بۆ ئێمەش وڵاتی سڕبیا زۆر گرنگە لەو سێکتەرە هاوکار و هەماهەنگی کوردستان بێت لە رێگەی دانانی کارگە و وەبەرهێنان کردن تیایدا.

هەر لەم دانیشتنە گفتوگۆ کرا لەسەر رێکخستنی کۆنفڕانسێکی بازرگانی بە بەشداری شاندێکی حکومی و بازرگانی هەردوولا هەروەها کارکردن بۆ دامەزراندنی چەند کارگەیەکی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان.