سەرۆکی یەکەی ئابووری لە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەولێرسەردانی ژووری بازرگانی هەولێر دەكات

سەرۆکی یەکەی ئابووری لە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەولێرسەردانی ژووری بازرگانی هەولێر دەكات




2024-08-13 08:59:22


چوارشەممە، 7/8/2024، گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازی کرد لە نیل گاڤداندا سەرۆکی یەکەی ئابووری لە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەولێر.

لە دانیشتنێکدا کە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوون، دوای بەخێرهێنان، سەرۆکی ژوور بەشێوەیەکی گشتی باسی لە کار و چالاکی ژوور و گرنگترین ئەو بەرنامە و پڕۆژانە کرد، کە بەنیازن لە داهاتوو ئەنجامی بدەن، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە بازرگانان و پیشەوەران.

لە دانیشتنێکدا گەیلان حاجی سەعید جەختی لە فراوانترکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندیەکان و دروستکردنی پەیوەندی نوێ ی ژوور لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکان و رێکخراوە ئابووریەکان و بەشداریکردن لە بۆنە ئابووریەکانی وڵاتی ئەمریکا کردەوە، بە مەبەستی راکێشانی سەرمایەگوزارانی ئەو وڵاتە و گواستنەوەی ئەزموونەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

دەربارەی هەلی کار و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژوور وتی؛ بەهۆی ئەوەی هەرێم 85% کەلوپەل و پێداویستیەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات، بۆیە پێویستمان بە وەبەرهێنانە لە گشت سێکتەرەکان، هاوکات بەرنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان فرەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستانە، ئێمەش وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پلانەکانمان هاوتەریب لەگەڵ حکومەت دەبەینە پێش.

هەر لەم دانیشتنە سەرۆکی ژوور تیشکی خستەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، وتی؛ لە ماوەی رابردوو کارگە و پڕۆژەکان بەرەوپێشچوونێکی باشیان بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام پێویستمان بە گەشەسەندنی زیاتر هەیە بەتایبەت پڕۆژە بچوك و مامناوەندیەکان، گرنگترین کێشە و گرفت بۆ ئەو پڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان بێبەشبوونیانە لە ماف و ئیمتیازەکانی حکومەتی ناوەند بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق و دروستکردنی لەمپەر بۆیان.

لە بەشێکی تری دانیشتنەکە، سەرۆکی ژوور باسی لەو بڕیارە کرد کە حکومەتی ناوەند بەرامبەر بە کارگە و کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان داویەتی، کە ناهێڵێت کەلوپەل لە هەرێمی کوردستانەوە بچێت بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە رێگای دانانی چەند بازگەیەكەوە، کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر خاوەنکاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بەگشتی دروستدەکات، گەیلان حاجی سەعید وتی؛ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر نامەیەکی ناڕەزایی بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، یەکێتی ژوورەکان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عێراق ناردووە، کۆپیەکی ئەم نامەیە پێشکەش بە سەرۆکی یەکی ئابووری کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا کرد، داواشی کرد کە رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە و چونکە لە ئەگەری بەردەوامبوون بە زیان بۆ هەموو لایەك دەشکێتەوە.