عێراق.. پەرە بە چاندنی جۆرێکی نوێی برنج دەدرێت

عێراق.. پەرە بە چاندنی جۆرێکی نوێی برنج دەدرێت




2024-08-12 06:19:16


K24 – هەولێر:

بێئاوی و ترسی لەناوچوونی کشتوکاڵ وای لە توێژەرانی پارێزگای نەجەف کردووە، پەرە بەجۆرە تۆوێکی برنج بدەن کە ئاوی زۆری پێویست نییە. برنجەکە ناوی غەرییە و لە جۆری عەنەبەرە. جووتیارانی نەجەف دڵخۆشن بەوەی لە ڕێگەی برنجی غەرییەوە هیوایەکییان بۆ گەڕاوەتەوە بۆ ڕزگارکردنی بەربوومەکانیان لە وشکەساڵی و لەناوچوون.

لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلە گەرمایەی جیهان و بەتایبەتی عێراقی گرتووەتەوە، خەڵکی پەنایان بۆ داهێنانی نوێ بردووە بۆ کشتوکاڵ و بەردەوامیدان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئەوەش لە ڕێگەی پشتبەستنی کەمتر بە ئاو. توێژەرانی نەجەف توانیویانە تۆێکی تایبەتی برنج بەرهەم بهێنن کە پێویستی  بە ئاوی زۆر نییە.

کازم جەواد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی تۆوە نوێیەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ ئەم بێئاوییەی عێراق، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی تۆوی برنجی عێراقی و برنجی وڵاتانی دیکەوە جۆرە تۆوێکیان پەرە پێ داوە کە پێویستی  بە ئاوی زۆر نییە. ماوەی دوو ساڵە ئەزموونیان لەگەڵ هەیە، ئەم تۆوە بەرگەی بێئاوی دەگرێت و بەرهەمەکەشی باشە.

ئاسوودەییەکی زۆر بە ڕووی جووتیارانی قەزای مەشخاب لە سنووری پارێزگای نەجەفەوە دیارە، چونکە زەوییەکانیان بەو جۆرە برنجە چاندووە کە ئاوی زۆری پێویست نییە و ناوی برنجی غەرییە، ئەم بەرهەمە بازدانێکی نوێی جیناتی تێدایە.

له‌م باره‌وه‌ مەهدی سه‌هر جبووری، یاریدەدەری وەزیری کشتوکاڵی عێراق ڕاگەیاندووه‌، عێراق لەم وەرزەدا 150 کیلۆمەتر چوارگۆشەی بۆ چاندنی برنج تەرخان کردووە و پێشبینی ده‌كرێت 150 هەزار تۆن بەرهەم بهێنرێت. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م ساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی زستاندا ڕێژه‌ی باران زۆر بوو و ئاستی ئاو له‌ ڕووبار و ده‌ریاچه‌كان به‌رز بووه‌وه‌ و زیاتر بوو، به‌رهه‌مهێنانی برنج زیاتر ده‌بێت، هاوكات توركیایش به‌ڵێنی داوه‌ ئاوی زیاتر به‌ربداته‌وه‌.

عێراق یەکێکە لە دە گەورەترین هاوردەکاری برنج و گەنم لە جیهاندا، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بەرنامەیەکی گەورەی بەشەخۆراکی مانگه‌ كه‌ نزیكه‌ی سی ساڵه‌ به‌ هاووڵاتییان ده‌درێت.

عێراق دەیان ساڵ لەمەوبەر، زۆربەی جۆره‌كانی به‌رهه‌می برنج ده‌چێنێت و گه‌شه‌ی پێ ده‌دا، به‌ڵام هێشتا پێویستی به‌ بڕی نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار تۆن برنجی ساڵانه‌ هەیە.

چاندنی برنج لە عێراق بە زۆری لە مانگی حوزەیران دەست پێ دەکات و لە مانگی تشرینی دووەمدا دەدروێتەوە. عێراق چەند جۆره‌ برنجێك دەچێنێت، بە ناوبانگترینیان برنجی عه‌نبه‌ره‌، کە بە بۆن و تامەناوازەکەی ناسراوە.

یاریدەدەری وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتوویه‌تی: پلان هەیە بۆ فره‌وانکردنی چاندنی ئه‌م جۆره‌ لە وەرزەکانی داهاتوودا. ڕوونیشی كردووته‌وه‌ مه‌به‌ستیانه‌ بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و جۆره‌ برنجه‌ بچێنن و به‌رهه‌م بهێنن، كه‌ پێویستی به‌ ژێرئاوخستن نییه‌، به‌ڵكوو له‌ ڕێگه‌ی ئاوڕێژه‌وه‌ ئاو ده‌درێت.

جبووری باسی له‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌و جووتیارانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بچێنن، ده‌توانن له‌ هاوكارییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان سوودمه‌ند بن و پشتیوانیان لێ ده‌كه‌ن.