((هه‌رده‌م ماف به‌ كڕیاره‌))

((هه‌رده‌م ماف به‌ كڕیاره‌))




2019-10-06 20:24:09


ئاواره‌ به‌ختیار ڕه‌سوڵ
مامۆستا له‌ كۆلێژی به‌ڕیوه‌بردن و ئابووری
بازار ئەو شوێنەیە کە کریار و فرۆشیار تێیدا کۆدەبنەوە و کرداری کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان ئەنجام دەدەن. دەتوانین بلێین کە ئەو پێناسەیە تا ڕادەیەک کۆنە چونکە چەمکەکان و شێوازەکان زۆر گۆڕانکاریان بەسەر داهاتووە، پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ئەرک و مافەکانی هەر یەک لە کڕیار و فرۆشیار لە بازاردا با بەکورتی تیشکێک بخەینە سەر چۆنیەتی دروست بوونی بازار و هۆکاره‌كانی هەبونی ئەو مامەلەیەی نێوان كڕیار و فڕۆشیار و ئەرک و مافەکانیان.
مێژووی بازار:-
لە نێوان سالانی (12000 تا 1000)ی پێش زایین کە بەسەردەمی چاخی بەردین ناسراوە، یەكه‌م جۆری بازاڕی هاوچەرخو گرینگ بۆ مانەوەی مرۆڤایەتی دروست بوو، ئەمەش لەکاتێک دابوو کە مرۆڤ لە پێکهاتەی قەومو قەبیلەکاندا ژیاوە هەر قەبیلەیەک شارەزاییان لە جۆرێک لە بەدەست هێنانی خۆراک هەبووە ، پیشەکانی وەکو ڕاو کردن ، خانو دروست کردن ، ئامێر دروست کردن و جل و بەرگ دروست کردن بەباشی پەرەیان سەندو بون به‌ هۆکاری ئەوەی کە مرۆڤەکان بتوانن لە یەک شوێن بمێننەوەو گوند و شارەکان دروست بکەن، لەگەل گەورەبوونی ئه‌و کۆمەلگایانە و پێداویستیەکانیان، شوێنەکانی وەکو پەرستگا و دادگاو بازارەکانیش دروست بوون،  دواتر لە سالی (6000)ی پێش زایین نیشانەکانی بازارێکی بە سیستەم کراوەی سەرەتایی لە میزۆ پۆتامیا بینرا :-
ئەگەر مەریوان 20 مانگای هەبێت و سیپان 8 مریشکی هەبێت و هەردووکیشیان رێک بکەون كه‌ بەهای ٤ مریشک بەرامبەرە بە مانگایەک ئەوا گۆرینەوەیەک دەکرا له‌ نێوانیان کە هەردوکیان شتێکی تازەیان دەست دەکەوت، بەلام کێشەی هەرە گەورەی سیستەمی ئاڵوگۆر ئەوەبوو کە ، بۆ ئەوەی کە مامەڵەکە سەر بگرێ پێویست بوو کە هەردوو لا هەمان شتیان بوێ کە به‌رامبه‌ره‌كه‌ی هەبوو،  هەربۆیەش زۆر جار ئەو کۆویستیە روینەدەدا ئەمەش وای کرد کە شتێکی نوێ بێتە ناو مامەلەکانەوە کە پێی دەگوترا دراو مێژوونوسان بەکارهێنانی ئەلقەی زیو و پارچە زیو دەگێرنەوە بۆ سالی (2000)ی پێش زایین لە عێراق. 
له‌ گه‌ڵ دروست بوون و په‌ره‌پێدانی دراو وه‌رچه‌رخانێكی گرینگ له‌ به‌ره‌و پێش چونی بازرگانی و مامه‌ڵه‌ كردن دروست بوو، قبوڵ كردنی نیوان چیه‌ك وه‌كو به‌ها بۆ شته‌كانی گاریگه‌ری زۆر ئه‌رێنی له‌ سه‌رژیانی ئه‌وسا و ئێستا و داهاتووی مرۆڤایه‌تی دروست كرد. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به‌ هۆكاری دروست بوونی بانكه‌كان و له‌ ساڵی (1470) له‌ میزۆپۆتامیا و هه‌بوونیان وای كرد له‌ ساڵانی 1550 تا 1880 به‌ سه‌رده‌می بازرگانی له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت كه‌ تێدا كاپیتالیزم له‌ دایك بوو. 
له‌ گه‌ڵ  به‌ره‌وپێش چوونی چه‌مكی بازاڕ كه‌ وا ده‌بیندرا له‌ پێناو باشتركردنی ژیانی مرۆڤه‌كان بێت، چه‌ندین كێشه‌ و گرفتی به‌ دوای خۆێدا هێنابوو، بۆ نمونه‌ له‌ وه‌رگرتنی ڕێژه‌ی سود له‌ پێدانی قه‌رز كه‌ دواتر كه‌نیسه‌ هاته‌ ده‌نگ و بڕیاری نه‌هی لێدا و ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌یان بكردبا له‌ دار ده‌دران.
له‌م ئان و ساته‌دا، خۆشبه‌ختانه‌، له‌ ئه‌وروپا قوتابخانه‌یه‌كی نوێ سه‌ری هه‌ڵدابوو كه‌ زیاتر ده‌هه‌ویست په‌ر به‌ بازرگانی ڕاسته‌قینه‌ بدات نه‌ك به‌ ده‌رهێنانی زێڕ و خشڵه‌كانی تر. (ئاده‌م سمیس) ئه‌و ناوه‌ بوو كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و ڕه‌وته‌ی ده‌كرد، ئه‌و توانی ڕوحی بازاڕ و شێوازی كاركردنی له‌ كتێبێكدا  به‌ ڕوون و ئاشكرایی بنوسێت به‌ ناوی ( به‌دواداچونێك بۆ ژینه‌گه‌ و هۆكاره‌كانی دروست بوونی سامانی وڵات) ئه‌و له‌ كتێبه‌كه‌یدا زۆر به‌ سه‌ر بێ ویژدانی بازرگانه‌كاندا ده‌ڕوات و لۆمه‌یان ده‌كات و پێشنیاری چه‌نده‌ها یاسا ده‌كات بۆ ڕێكخستنی ئه‌و شوێنه‌ كه‌ پێده‌گوترا بازاڕ. 
سمیس له‌ به‌شێكی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵی: “كه‌ (ویستی تاك) ئه‌ هێزه‌یه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی شێوازی ژیانی كۆمه‌ڵگا دیاری ده‌كات. ئه‌و پێوایه‌ كه‌ كاركردن له‌ پێناو سامان (دوڵه‌مه‌ندی) له‌ خۆشه‌ویستی قه‌ساب، دارتاش، به‌رگدوور وه‌ یان نانه‌واوه‌ نیه‌ كه‌ تێرمان ده‌كات بۆ ده‌وروبه‌ری به‌ڵكوو له‌ به‌ر هۆكاری تاكه‌كه‌سیانه‌”.
له‌وانه‌یه‌ لێره‌دا بڵێین كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سه‌و له‌ هه‌وڵی به‌دیهێنانی مافی تاكه‌ كه‌سی خۆی بێت ئه‌وه‌ چ جۆره‌ كۆمه‌ڵگایه‌كه‌؟ به‌ڵام به‌ بۆچونی سمیس ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ڕێگری ده‌كات له‌ ئه‌م خۆپه‌رستیه‌ له‌ به‌ده‌ست هێنانی سه‌روه‌ت له‌ بازاڕدا بریتیه‌ له‌ ده‌سته‌ واژه‌ی (ڕكابه‌رایه‌تی).
ئەم پرەنسیپەی ڕێکخستنی بازاڕ زۆر بەباشتر لەلایەن ڕوبەرت هیلبورنەر لەکتێبی (فەیلەسوفە جیهانییەکە) ڕونکراوەتەوە:
" ئەگەر کەسێک ڕێگابدات کە ویستی تاکەکەسی بەسەریدا زاڵ بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕکابەرەکانی بازاڕەکەی لێدەستێنن، چونکە ئەو کاڵاکانی بەگران دەفرۆشی و مووچەشی کەم دەدات بەکرێکارەکانی. کەواتە لەکۆتاییدا یان بێ کڕیار دەبێت وە یان بێ کریکار".
کرێکارەکان دەچنە لای ئەو ڕکابەرەی کە مووچەی زیاتر دەدات و کڕیارەکانیش هەر دەچنە لای ئەو ڕکابەرەی کە کاڵاکانی بەهەرزانتر دەفرۆشی. ئەمەیە ئەو ناکۆکییە جوانە کە لەنێوان (خواست و دەرخستە) هەروەها (ڕکابەرایەتی) دا هەیە کە حوکم بەسەر بازاڕدا دەکات کە چ نرخێک لەسەر کاڵاکانیان دابنێن وەیان ڕێژەی چەند بەرهەم بنێن.
هەرچەندە شتەکانی وەکو تاوانەکان، ناشەفافیەت و داڕوخانی بازاڕەکان بوونیان هەیە و نکۆڵی لێنەکراون، هەرچەند کە نەشتوانن ژیان بەئەو سادەییەی (ئادەم سمیپ) ەوە ببینین. بەڵام بەدڵنیاییەوە داهێنانی بازاڕ یەکێک بووە لە گرنگترین داهێنان لە وێسگەکانی ژیانی مرۆڤایەتی. هەر لەبەرئەم هۆکارە گرنگانە بووە کە لەکاتی دروست بوونیەوە بەهەزارەها زانا و ئابووریناس و کۆمەڵناس و فەیلەسوف ویستویانە لە ئەم بازاڕە ئاڵۆزە تێبگەن و یاساو ڕێساکانی ڕێکخستنی مامەڵەی ئەم دوولایەنە گرنگە کە (کڕیار و فرۆشیارن) ڕێکبخەن بەتایبەتی له‌ ئەو سەردەمەی ئێستا کە لەدوای پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و داهێنانی ئینتەرنێت کە بووە هۆکاری گۆڕانکاری سەرەکی لەواتا و شێوازی بازاڕ. ئەمرۆ هیچی تر پێویست ناکات سەردانی شوێنێک بکەیت بەمەبەستی کڕین، بگرە دەتوانی لە ماڵەکەی خۆتەوە وە لەپشت ئامێرێکەوە کاڵاو خزمەتگوزاری و زانیارییەکانیش بکڕیت هه‌رچه‌نده‌ کە بەهەزاران کیلۆمەتر لێت دووربن.
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی شێوازی پەیوەندییەکان کێشەکان وەکو تەزویر و فێڵ و نەناردنی کاڵا و دروستکردنی کاڵاکان بە شێوازی کوالیتی نزم لەلایەن فرۆشیارەکانەوە سەریان هەڵداوە و هەروەها کێشەکانی وەکو پابەند نەبوون بەگرێبەست و نەدانی پارەو چەندەها کێشەی تریش لەلایەن کڕیارەکانەوە ڕێچکەیان گرتووە.
هەربۆیە دامەزراوەی تایبەت لەپێکهاتەی حکومەتەکان تەنها بۆ چارەسەکردنی کێشەی نێوان کڕیار و فرۆشیار سەریان هەڵداو چەندەها پڕۆژە یاسا لەپەرلەمانەکان بۆ مەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوانیان گەڵاڵە کراوه‌. یاساکانی وەکو پاراستنی مافی کڕیار و یاساکانی بازرگانی کردن نموونەی ئەو یاسایانەن کە هەر وڵاتە و بەپێی کەلتور و ئایین و شێوازی خۆی داڕشتووە. هەربۆیەش ئەستەمە کە بتوانین هەموو ئەرک و مافەکانی کڕیار و فرۆشیار لێرەدا باس بکەین بەڵام بەشێوازێکی گشتی و کورت کراوە. ئەمانەی خوارەوە بریتینلەچەند ئەرک و مافێکی کڕیار و فرۆشیار:
ئەرک و مافەکانی كڕیار:
1-    کوالیتی بەرهەمەکە جێگای ڕەزامەندی بێت هەروەکو چۆن باسی لێوەکراوە.
دەبێت کوالیتی کاڵاکە جێگای ڕەزامەندی کڕیار بێت، بەشی دووەمی ئەم ڕستەیەی سەرەوە زۆر گرنگە کە دەڵێ هەروەکو چۆن باسی لێوەکراوە ئەمەش مەبەستی ئەوەیە کەچیت نووسیوە لەسەر کارتۆنی کاڵاکە دەبێت ڕاست و دروست بێت و تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندن نەبێت. ناکرێت بنووسی کراسەکە 100% لۆکەیەو لەکاتێکدا 80% لۆکەبێت.
2-    بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێت کە نووسراوە بۆ ماوەیەکی باش کاربکات
ئەو کاڵایەی کە دەیکڕێت دەبێت بۆهەمان مەبەست بەکاربێت کە کۆمپانیای بەرهەمهێن ڕێکڵامی بۆ کردووە، بۆ نموونە ئەگەر لەسەر جانتای لاپتۆپێک نووسرابێت بۆ لاپتۆپی شاشە 18 دەشێت، وە وانەبوو، ئەوا تۆ مافت هەیە کە کاڵاکە ببەیتەوە و دەبێت فرۆشیاریش لێت وەربگرێتەوە.
لەهەمان کاتیشدا ناکرێت جانتای لاپتۆپێک بەیەک مانگ پارچە پاچە بێت و بدڕێت وە یان ڕەنگی بگۆڕدرێت، یان گڵۆپێک تەنها بۆ سێ یان چوار کاتژمێر کاربکات.
ئەرک و مافەکانی فرۆشیار:
1-    دەبێت کاڵاکە بە کوالیتی بەرز بگەینیتە دەستی کڕیار
2-    دەبێت پسوولەی فرۆشتن بداتە کڕیار
3-    لەبەرامبەر گۆڕینەوەکەدا بەهای خۆی وەردەگری و دەتوانی کاڵاکە نەنێرێت تاهەموو پارەکە وەردەگرێت.
4-    دەتوانێت کڕیار پابەند بکات بەمەرج و یاساکانی خۆی بەمەرجێک گرێبەستێک لەگەڵ کڕیاردا واژوو بکات.
یاسا و ڕێساكان به‌ نوسراوی و به‌ ده‌ق بوونیان هه‌یه‌، یاسای پاراستنی مافی كڕیاڕی عیڕاقی له‌ ساڵی (2010 هه‌مواركراو) و ئێستاش له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هێزی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای هه‌ڵوێسته‌یه‌ زۆر به‌ هاونیشتیمانین له‌ هه‌بوونی ئه‌م یاسایه‌ ئاگادارنین و نازانن ڕوو له‌ كوێ بكه‌ن له‌ كاتی دروست بوونی كێشه‌ له‌ كاتی كڕین وه‌ یان فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان. زۆربه‌یان له‌ بوونی داواكاری گشتی و چۆنیه‌تی كاركردنی ئاگادارنین وه‌یان ئه‌گه‌ر ئاگاداریش بن له‌ به‌ر هۆكاره‌ بیرۆكراسیه‌كان خۆیانی لێ ده‌پارێزن و پێشل كردنی مافه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن. 
ئه‌وه‌ی جیگای خۆشحاڵیه‌، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان چه‌نده‌ها كۆمپانیای پرۆفیشناڵی جیهانی كه‌ به‌باشترین شێوه‌ كرداری به‌بازاڕكردن ئه‌نجام ده‌دن وه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و و درێژخایه‌ن له‌ گه‌ڵ كڕیاره‌كانیاندا بنیات ده‌نێن، ئه‌وان له‌ سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی (( هه‌رده‌م ماف به ‌كڕیاره‌)) كارده‌كه‌ن و كڕیار له‌ سه‌روی هه‌موو شتێكی خۆیانه‌وه‌ داده‌نێن، هه‌ر بۆیه‌ش قازانجێكی باش به‌ده‌ست دێنن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ بازرگانی كردن، بیریشمان نه‌چێت كه‌ وه‌رده‌ وه‌رده‌ خه‌ریكه‌ ڕكابه‌ر خۆماڵیه‌كانیشمان له‌ ئه‌وانه‌وه‌ فێر ده‌بن به‌ ئه‌م په‌ره‌نسیپی كاركردنه‌ش ده‌گوتری (به‌بازاڕكردن) Marketing، كه‌ به‌نه‌ما سه‌ركیه‌كانی له‌ سه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندی زۆر گرینگ ده‌وه‌ستێته‌وه‌: یه‌ك، تێر كردنی حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانی كڕیار وه‌ دوو، به‌ده‌ستهێنای قازانج. هه‌ر كۆمپایایه‌ك بتوانێت ئه‌مه‌ ماسته‌ر بكات ئه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتووی ده‌مێنێته‌وه‌.