2024-08-04 10:21:59
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا، خاوەنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا پوختەی قازانجی 13 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە زیاترە لە ئاستی پێشبینییەکان.
داهاتەکانی کۆمپانیای مێتا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 22٪ بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە بۆ 39 ملیار دۆلار.
بەپێی راپۆرتی دارایی مێتا، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1-8-2024 بەکاتی هەولێر) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیاکە لەڕووی خزمەتگوزاریی ژیریی دەستکردەوە گەشەی بەرچاوی کردووە.
رێژەی 98% داهاتی کۆمپانیای مێتا بەهۆی ریکلامی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمپانیایە بووە.
قازانجەکانی فەیسبووک لە ریکلام دووهێندەی قازانجی کۆمپانیای ئالفابێتی خاوەن گووگڵ و یوتیووب بووە.
کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی وەتسئاپ، فەیسبووک، ئینستاگرام و سرێدزە، چوار ملیار بەکاربەری لە سەرجەم ئەو تۆڕانە هەیە، بەوپێیەش مێتا رۆژانە لە هەریەک لەو بەکاربەرانە، زیاتر لە دۆلارێک قازانجی کردووە لەماوەی ئەم سێ مانگەدا.
بەپێی مارک زۆکەربێرگ، پێشکەوتنەکانی کۆمپانیای مێتا لە بواری ژیریی دەستکرد، باشتر بووە لە هەر کۆمپانیایەکی دیکەی تەکنۆلۆجی.
مارک زووکەربێرگ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا لەگەڵ سوزان لی، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە لە دوای بڵاوبوونەوی راپۆرتی دارایی مێتا تیشکیان خستەسەر ئەوەی؛ وەبەرهێنانی مێتا لە بواری ژیریی دەستکردا بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی داهاتەکانی کۆمپانیاکە لەڕێگەی ریکلامەوە.
زووکەربێرگ لەو بارەیەوە رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی خەڵک و بەکاربەران ئێستا باشتر لە جاران دەتوانن ناوەڕۆکی بابەتی دڵخوازی خۆیان دەستکەوێت، بابەتی ریکلامی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمپانیای مێتا، کاریگەرییان زیاتر بووە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا دەڵێت لە داهاتووشدا زیاتر پەرە بە لایەنی ژیریی دەستکرد دەدەن لە خزمەتگوزارییەکانیاندا.
سوزان لی، "داهاتی کۆمپانیاکە لەڕێگەی ریکلام بەهۆی پەرەسەندنی بازرگانیی ئۆنلایین، هەروەها پارەی کۆمپیوتەری و پەخشی ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنی زیادیکردووە."
لی رایگەیاند، بەشی زۆری گەشەی داهاتی کۆمپانیای مێتا لە ناوچەی ئاسیا-پاسێفیک روویداوە.
مارک زووکەربێرگ راشیگەیاندووە بەربەستەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە سیستمی نوێی (ئای ئۆ ئیس)ـیدا، رێگرە لەبەردەم کۆمپانیای مێتا تاوەکو لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، بتوانێت باشتر بەکاربەرانی بکاتە ئامانج.
بەرزبوونەوەی داهاتەکانی کۆمپانیای مێتا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 7٪ لە بازاڕەکانی بۆرسەدا.
کۆمپانیای مێتا هاوچەشنی کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنۆلۆجیا، ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانی لە بەرهەمی چیپی کۆمپانیای ئێن ڤیدیا کردووە، بۆ ئەوەی ەڵک لە تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکرد وەربگرن.
بەهای یەک پشکی کۆمپانیای مێتا، ئێستا 474 دۆلارە، بەو پێیەش بەهای کۆمپانیاکە 1 تریلیۆن و 200 ملیۆن دۆلارە.