هێڵە ئاسمانییەکانی فەرەنسا و لوفتانزا گەشەتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت راگرت

هێڵە ئاسمانییەکانی فەرەنسا و لوفتانزا گەشەتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت راگرت




2024-07-30 07:10:20


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند تۆڵەی هێرشی سەر گۆلان دەکاتەوە، کە حیزبوڵڵای لوبنانی بە ئەنجامدانی تۆمەتبارکردووە، هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا و هیڵی ئاسمانیی لوفتانزای ئەڵمانی رایانگەیاند، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت رادەگرن.

لوفتانزا رایگەیاندووە تەواوی گەشتەکانی تاوەکو رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت رادەگرێت.

ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە حیزبوڵڵا کرد، دوای هێرشێک کە بە رۆکێت کرایە سەر بەرزاییەکانی گۆلان و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 12 منداڵ و مێرمنداڵ.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، هێڵی ئاسمانیی یۆنانیش لە ڕۆژی یەکشەممەوە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت راگرتووە.

هێڵی ئاسمانی (میدڵ ئیست) کە هێڵێکی ئاسمانی ناوخۆی لوبنانە لە رایگەیێندراوێدا دەڵێ بەهۆی کێشەی تەکنیکی، گۆڕانکاری لە خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانی دەکات.

گۆلان ناوچەیەکی ستراتیژییە و رووبەرەکەی 1800 کیلۆمەتر دووجایە. ناوچەکە خاڵی بەیەکگەیاندنی ئیسرائیل، ئوردن، سووریا و لوبنانە، 66.6٪ـی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و ئەوی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە.

زیاتر لە 40 هەزار کەس لە بەرزاییەکانی گۆلاندا دەژین کە 25 هەزاریان ئیسرائیلین. 

ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی لێدەکات؛ ئەو گرووپەش رەتیدەکاتەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبێت. 

لە ئۆکتۆبەری پارەوە گرژی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون، کە زیاتر لە 350ـیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، کە 18 سەرباز بوون.