2019-10-06 20:22:56
كەرتى تایبەت بەشێكە لە ئابورى گشتى و لەلایەن كەسێك یان گروپێكى خاوەن سەرمایەوە بەرێوە دەچێت و موڵكى خۆیانە و خۆشیان كاروچالاكیەكانیان بەرێوە دەبەن و لەژێر دەستى حكومەتدا نیە، وە رۆڵیكى زۆرى هەیە لە پرۆسەى بەرهەمهێنان و بەردەوامى گەشەى ئابورى كۆمەڵگاگان. لەكۆمەڵگا پیشەسازیى و سەرمایەدارو پێشكەوتوەكان دا كەرتى تایبەت رۆلێكى گەورە دەبینیت بۆ پتەوكردنى ژێرخانى ئابورى. لەبەرئەوەى لەهەموو بوارەكان دا كاردەكاتو لێهاتووی و شارەزاییان لە كارەكانیان دا رەنگى داوەتەوە.
بوونى كەرتى تایبەت لەهەموو كۆمەڵگاكان پێویستە، بەڵام بۆ ئەو كۆمەڵگایانە گرنگیەكەى زیاتر بە دیار دەكەوێت كە بە كۆمەڵگا تازە پێگەیشتوەكان دادەنرێن و لەپرۆسەى ئابوریدا نەگەیشتونەتە قۆناغێك كە حكومەت بتوانن تەنیا پشت بەخۆى ببەستێت و لاوازە لە رووى دارایی و ئابوریەوە. بۆیە بوونى كەرتى تایبەت یارمەتى دەرێكى باشە بۆ كەمكردنەوەى ئەو پاڵەپەستۆیەى كە حكومەت تووشى دەبێت بۆ نمونە ئەو كەرتانەى كە لە بوارى كشتوكاڵ و پیشەسازى یان كەرتى پەروەردەیی و خزمەتگوزارى و بەرهەمهێنان و رێگاوبان و هتد كار دەكەن. لەبەر ئەوەى بوارەكانیان جیاوازە بۆیە هەلى كاركردن لەزۆر بواردا دەرەخسێت. واتە لەلایەكەوە خەڵك هاندەدات كە روو لەكەرتى تایبەت بكەن و كاریان بۆ دەدۆزێتەوە و پیشەى جیاواز فێر دەبن و كاریگەرى لەبوارە جیاجیاكان دەبێت، لەلایەكى تریشەوە رێژەى بێكارى و هەژارى كەمدەبێتەوە كە بوونى ئەمانە چەندان كێشە بۆ كۆمەڵگا دروست دەكەن. جگە لەمانەش كەرتى تایبەت و بەرهەم و كارەكانیان تەنیا لەسەر ئاستى ناوخۆى كۆمەڵگاكان كاریگەرى نابێت، بەڵكو دەتوانێ لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتیش رۆڵى باشى هەبێت بۆنمونە دەیان كۆمپانیا هەن كە بەرهەم و كاڵاكانیان لەسەر تاسەرى جیهان دەفرۆشرێن و بازار بۆخۆیان دەدۆزنەوە. بەمەش هەم سودیان بۆخۆیان دەبێت، لەهەمان كاتیشدا ناو ناوبانگى وڵاتەكەشى بەرزدەكاتەوە.
گرنگە حكومەت دەرفەتى زیاتر بە كەرتى تایبەت بدات و ئاسانكاریان بۆ بكات تا سەرمایەدارو پیاوانى خاوەنكار سەرمایەكەیان بەكار بهێنن بەتایبەتى لەو بوارانەى كە ئەو كۆمەڵگایە زیاتر پێویستى پێى هەیە. لێرەدا كارەكە دوو لایەن دەبێت هەم سوودو قازانج بۆ كەرتى تایبەت دەبێت، هەمیش بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانى ئەو كۆمەڵگایەش، بەڵام نابێ لەكەرتى تایبەتیش دا تەنیا بیر لە سوود و قازانج و پارەو سەرمایە بكەنەوە، بەڵكو لایەنى ئینسانى و ئەخلاقى و ویژدانى لەبەرچاو بگرن. نابێ لەسەر حیسابى بەرژەوەندى گشتى كاربكەن و كەسیش نەبێت چاودێرى كارەكانیان بكات، بۆ نمونە دەیان كۆمپانیا هەن كە لەبوارە جیاجیاكانى كەرتى نیشتەجێبوون و خانوو ئاوەدانكردنەوە و تەندروستى و رێگاوبان كاردەكەن ، بەڵام كارەكانیان باش نین و لەم بوارەدا سەركەوتوونەبوونە لەبەر ئەوەى ئەو كەلوپەل و پێداویستیانەى كە بەكاری دەهێنن یان زۆر هەرزانن یانیش كوالیتیان باش نیەو كارەكانیشیان بە گران و زۆر لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت بۆیە ناكرێ رێگا بەم جۆرە كۆمپانیاو كەرتە تایبەتانە بدرێت. وەك لە ئێستادا لە كوردستان ئەم نمونانە زۆرن و كێشەو گرفتى زۆریان بەدواى خۆیانەوە هێناوە.
ئەو كەسانەشى كە كەرتى تایبەت بەرێوەدەبەن و سەرپەرشتى كارەكانى دەكەن دەبێ كەسانى شارەزاو پسپۆرو لێهاتوو بن، هەبوونى پارەو سەرمایە بەس نین بۆ وەبەرهێنان و كارى بازرگانى، بەڵكو دیاریكردنى سیاسەت و شێوازى كاركردنیش دەبێتە بنەمایەكى گرنگ بۆ سەركەوتووبون و بەردەوام بوون.
لەكۆمەڵگاى خۆماندا بەتایبەتى لە دواى 2003 وە كۆمەڵگاى كوردى تارادەیەك كرانەوەیەكى ئابورى و كۆمەڵایەتى و سیاسى بەخۆیەوە بینیوەو هاوڵاتیان وشیاریان زیاتربووە، بۆیە بیر لەكەرتى تایبەت كراوەتەوە هەروەك دەیان كۆمپانیاى ناوەخۆ دروست بوونە كە لەبوارى جیاواز كاردەكەن و تەنانەت دەرگا كردنەوە بەرووى دەرەوە بۆتە هۆكار بۆ هاتنى هەزاران كۆمپانیاى گەورە ، هەرچەندە ئەمانیش بەدواى سوودو قازانجى خۆیاندا دەگەرێن، بەڵام سوودى بۆ كۆمەڵگاو هاوڵاتیانى ئێمەش هەبووە دەرفەتى كاریان رەخساندووە، هەرچەندە گلەیی ئەوە لە هەندێ كۆمپانیا دەكرێ لەبەرئەوەى زۆر لە كرێكارەكانیان هى خۆیانن بەمەش دەرفەتى كاركردن بۆ هاوڵاتیانى ئێمە كەمبۆتەوە ،بەڵام هاوڵاتیان و ئەو كەسانەى كە كاریان لەگەڵدا دەكەن هەم لەرووى مادیەوە، هەمیش لەرووى پیشەییەوە دەتوانن سودیان لێوەربگرن.
لاوازى كەرتى تایبەت یان كەم ئەزمونیان كێشەى زۆر بۆ كۆمەڵگاكان دروست دەكەن. ئەوەى ئەمرۆ لەكوردستاندا روودەدات یەكێك لەهۆكارەكانى بەهێز نەبونى كەرتی تایبەتە، بۆ نمونە زۆر لەهاوڵاتیان و دەرچوانى زانكۆو پەیمانگاكان داواى دامەزراندن دەكەن لەكەرتى گشتیدا، لەبەر ئەوەى ئەمە بوە بە كلتور لە ناو هاوڵاتیان، لەلایەكى تریشەوە ئەو مەرجانەى كە كەرتى تایبەت داواى دەكات بۆ ئەوەى كەسێك كاریان لەگەڵدا بكات هۆكارێكى ترە ، بۆ نمونە بۆ ئەوەى هاوڵاتیەك لەكۆمپانیایەك كاربكات دەبێ چەند زمان بزانێت، شارەزاى تەواوى لە كۆمپیوتەر دا هەبێت، ئەزمونى چەند ساڵى هەبێت، تواناى كاركردنى هەبێت لە بەیانیەوە تا ئێوارە هتد...
هەموو كۆمەڵگاكان پێویستیان بە بوونى هەردوو كەرتى تایبەت و گشتى هەیە، دەكرێ ئەمانە لەزۆر بواردا هاوكارو تەواوكەرى یەكترى بن. لەهەمان كاتدا ململانیش لەنێوانیاندا هەبێت لەپێناو سوودگەیاندن بەهاوڵاتیان و كۆمەڵگاكەیان كە تیایدا كاردەكەن.
سوارە سەباح
07504991525