رێوڕه‌سمى واژووكردنى گرێبه‌ستى هه‌نارده‌كردنى 5,000 تۆن په‌تاته‌ بۆ وڵاتى ئيمارات به‌ڕێوه‌چوو

رێوڕه‌سمى واژووكردنى گرێبه‌ستى هه‌نارده‌كردنى 5,000 تۆن په‌تاته‌ بۆ وڵاتى ئيمارات به‌ڕێوه‌چوو




2024-07-23 09:28:04


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/7/2024، به‌ ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، سه‌روه‌ر كه‌مال، بريكارى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پيشه‌سازى،كه‌ريم سلێمان، بريكارى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، د. محەممەد شەهاب، سەرپەرشتیاری یەکێتی ژوورەکان، گه‌يلان حاجى سه‌عيد، سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێر، كامه‌ران سه‌ڵاح باجگر و مه‌عروف عه‌زيزخان هه‌ركى جێگرانى سه‌رۆكى ژوور، نوێنه‌رى كونسوڵگه‌رى گشتى وڵاتى ئيمارات و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌ڕێوبه‌رانى گشتى دام و ده‌زگاى حكومى و ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى ژوور و بازرگانان و خاوه‌ن كۆمپانياكان، له‌ باڵاخانه‌ى ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێر رێوڕه‌سمى واژووكردنى گرێبه‌ستى هه‌نارده‌كردنى 5,000 تۆن په‌تاته‌ى خۆماڵى هه‌رێمى كوردستان بۆ وڵاتى ئيماراتى عه‌ره‌بى يه‌كگرتوو له‌ نێوان هه‌ردوو كۆمپانياى ئاوڕاى خۆماڵى و كۆمپانياى نجوم صفوانى ئيماراتى سازكرا.

له‌ سه‌ره‌تاى رێوڕه‌سمه‌كه‌ گه‌يلان حاجى سه‌عيد سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێر دواى به‌خێرهێنانى ميوانان، وتارێكى پێشكه‌شكرد، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

به‌ ناوى خۆم و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێر به‌خێرهاتنێكى گه‌رمتان ده‌كه‌م

بەڕێزان ئیمڕۆ لە رێوڕه‌سمێكى گرنگ کۆبووینەتەوە ئەویش رێوڕەسمی واژوکردنی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای (ئاوڕا)ی خۆماڵی و کۆمپانیای (نجوم صفوان) ئیماراتیە.

وێڕای دەستخۆشیمان لەم دوو کۆمپانیایە و کارەکەیان بەرز دەنرخێنین ، دەمەوێت ئەوە رابگەێێنم کە ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرهەردەم پاڵپشتی ئەم جۆرە کارانەین وتوانای ژوورمان دەخەینە خزمەتیان.

بەڕێزان:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان به‌سه‌رۆكايه‌تى رێزدار مه‌سرور بارزانى لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە بە گوێرەی توانا و هەل و مەرج درێغی نەکردوە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئەمەش رەنگدانەوەی کارنامەی کابینەکەیە.

بەڕێزان :

بۆ گەشەکردنی ئابووری وڵات پێویستە سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکرێت و یەکێكيش لەم سەرچاوانەی کە دەتواندرێت پشتی پێببەسترێت بەرهەمە کشتوکاڵیە خۆماڵیەکانە، ئەمە لەلایەك لە لایەکی تریش زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی رێخۆشکه‌ر دەبێت بۆ دامەزراندنی جۆرەها پرۆژەی پیشەسازی خۆراك کە سەرچاوەکەی مادەی خاوی خۆماڵیە .

بۆ زانینیش ئەو تێچوونانەی لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی خەرج دەکرێت لە ئامادەکردنی زەوی تا دەگاتە بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ناوخۆ و دەرەوە هەمووی لە ناو وڵات دەخولێتەوە و دراوی گرانبەها ناڕواتە دەرەوە وهەزاران خێزان سوودمەند دەبن لێیان، ئەمەش رێگایەکە بۆ گەشەپێکردنی ئابووری وڵات.

بەڕێزان :

لێرە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین داوا لەدام و دەزگاکانی حکومەتی خۆمان بکەین بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و هەموو کەرتەکانی تر بۆ ئەوەی ئابووریمان خۆڕاگر بێت بەرامبەر گۆڕانکاریە ئابووریەکان و دوور بکەوینەوە لە تاك سەرچاوەی داهات و بەرهەمە خۆماڵیەکان توانای رکابەری بەرهەمی وڵاتانی تر بکات.

دووبارە بەخێر هاتنتان دەکەم

پاشان نوێنه‌رى كۆمپانياى ئاوڕا وتارى كۆمپانياكه‌يانى خوێنده‌وه‌، له‌ وته‌كه‌يدا تيشكى خسته‌ سه‌ر قه‌باره‌ى هه‌نارده‌كردنى به‌رهه‌مى كشتوكاڵى كۆمپانياكه‌يان، رايگه‌ياند، به‌ پاڵپشتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى پار 13,000 تۆن په‌تاته‌يان بۆ وڵاتى ئيمارات و سعوديه‌ هه‌نارده‌كردووه‌، ئه‌مساڵيش به‌نيازين هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ به‌رزبكه‌ينه‌وه‌ بۆ 25,000 تۆن، له‌ درێژه‌ى وته‌كه‌يدا نوێنه‌رى كۆمپانياى ئاوڕا باسى له‌ به‌رنامه‌ و چالاكى كۆمپانيايه‌كه‌يان كرد و هه‌روه‌ها ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ى باسكرد كه‌ بنيازه‌ له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا بكرێته‌وه‌ كه‌ خۆى له‌ پڕۆژه‌يه‌كى كوشتوكاڵى پيشه‌سازى مۆدێرن ده‌بينێته‌وه‌ چه‌ندين به‌شى جياواز له‌خۆ ده‌گرێت.

دواتر كه‌ريم سلێمان بريكارى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، وتارى خۆى پێشكه‌شكرد، ئه‌م واژووكردنه‌وه‌ى به‌ ده‌ستپێكێكى گرنگ وه‌سف كرد، وتى وه‌كو وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ كارى به‌رده‌وام ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى زياتر هه‌نارده‌ بكه‌ين، وتيشى، پاڵپشتى سياسه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌مه‌جۆركردنى داهات.

بريكارى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌ستخۆشى له‌ ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێر ده‌كه‌ينم كه‌ هه‌ميشه‌ هه‌ماهه‌نگمان بووه‌ له‌ پێشخستنى كه‌رتى كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌روه‌ر كه‌مال بريكارى وه‌زاره‌تى بازرگانى وته‌يه‌كى پێشكه‌شكرد، ده‌ستخۆشى له‌ ژوورى بازرگانى هه‌ولێر كرد بۆ رێكخستنى ئه‌م رێوڕه‌سمه‌، وتى ديدگاى سه‌ره‌كى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمه‌، وتيشى به‌ گرنگيدانى كشتوكاڵ وه‌ك بنه‌مايه‌ك بۆ به‌هێزكردنى پيشه‌سازى خۆراك زۆر پێويسته‌ چونكه‌ وڵاتێكى كشتوكاڵين.

هه‌ر له‌م رێوڕه‌سمه‌دا ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، رايگه‌ياند كه‌ جارێكى ديكه‌ ئامانجێكى ترى حكومه‌ت به‌دى دێت له‌ پێناو به‌هێزبوونى كوردستان له‌ ئابوورى و هه‌مه‌چه‌شنكردنى داهات له‌ كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌هێزكردنى ژێرخانى ئابوورى.

پارێزگار وتى: ئامانجمانه‌ له‌ به‌كاربه‌ره‌وه‌ ببين به‌ به‌رهه‌مهێن، ئه‌م رێڕه‌سمه‌ى ئه‌مڕۆش سه‌ره‌تايه‌كى زۆر گه‌وره‌يه‌، وتيشى گرنگيدان به‌ كشتوكاڵ و پيشه‌سازى خۆراك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كيه‌كانى كاره‌كانى حكومه‌ته‌، زۆر ده‌ستخۆشى له‌ ژوورى بازرگانى و پيشه‌سازى هه‌ولێريش كرد بۆ رێكخستنى ئه‌م گرێبه‌سته‌.

له‌ كۆتايى رێوڕه‌سمه‌كه‌ گرێبه‌ستى هه‌نارده‌كردنى 5,000 تۆن په‌تاته‌ له‌ نێوان كۆمپانياى ئاوڕا و كۆمپانياى نجوم صفوان واژووكرا.