تورکیا کارەبا بۆ عێراق هەناردە دەکاتەوە

تورکیا کارەبا بۆ عێراق هەناردە دەکاتەوە




2024-07-23 09:23:12


لە عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی کارەباوە؛ قەیرانی کەمیی کارەبا سەری هەڵداوە و تورکیا بەو هۆیەوە هەناردەی کارەبای بۆ عێراق، دەست پێ کردەوە.

ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە دوێنێ یەکشممەوە، 21-07-2024، تورکیا هەناردەی کارەبای بۆ "عێراقی دراوسێمان" دەست پێ کردووەتەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی هێڵی جزیر- کاسەک بۆ عێراق دەگوازرێتەوە.

وەزیرەکەی تورکیا هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، لەگەڵ عێراق لەو ڕێگەیەوە "خۆشگوزەرانی و ئارامی" بۆ ناوچەکە دابین دەکەن، ڕاشی گەیاندووە: "بەو وەبەرهێنانانەی دەیکەین، هاوکات ڕێگەی گەشەپێدان دەکەین بە 'ڕێگەی وزە' ".

لە ساڵی 2004ــەوە، پرۆژەی هێڵی بەستنی کارەبای نێوان عێراق و تورکیا ڕاگیراوە، وەزارەتی کارەبا، ئایاری ڕابردوو بەمەبەستی بەکارخستنی پرۆژەکە، ڕێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا مۆر کرد.

k24