چین دەیەوێ لە سیستمی باج قەرز کەمبکاتەوە

چین دەیەوێ لە سیستمی باج قەرز کەمبکاتەوە




2024-07-22 08:48:52


 

حکومەتی چین دەڵێت، لە رێگەی گۆڕانکاریکردن لە سیستمی باج، قەرزی سەرشانی حکومەتە خۆجێییەکان کەمدەکاتەوە، تاوەکو دەستیانکراوە بێت بۆ هاندانی ئابووری و بازاڕەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتە خۆجێییەکان لەو وڵاتە 5.6 تریلیۆن دۆلار قەرزدارن.

هان وێنشیو، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ئابووری و دارایی چین رایگەیاند: "دەبێت هاندانی ئابووری باشتر جێبەجێبکەین. دەبێت لە بواری بودجەداناندا رەچاوی هاندانی ئابووری بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش، دەبێت سیاسەتی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ئابووری بە چەشنێک دابرێژرێن، بکەونە خزمەت گەشەپێدانی وڵاتەوە".

بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری چین، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە 4.7% بووە، بەمەش کەمتر بووە لە ئامانجی حکومەت کە 5.1% ـە. هۆکاری سستبوونی بازاڕەکان لە چین کەمبوونەوەی خواستی بەکارهێنانە لەلایەن هاووڵاتییەکانییەوە.

چین یو، یەکێکە لە فرۆشیارانی جلوبەرگ لەو وڵاتە و باسی دۆخی بازاڕ دەکات و دەڵێت: "لە دوو ساڵی رابردوودا لە بازاڕی جلوبەرگ کارم کردووە. دەتوانم بڵێن کارکردن سەخت بووە، بەڵام ئەوە دەبێتە گلەییەکی گشتی. با باسی یەک ساڵی رابردووت بۆ بکەم، بەڕاستی کارکردن و پارە بەدەستهێنان سەخت بووە. ئاسانە پارە خەرج بکەی، بەڵام سەختە پارە بەدەستبهێنیت". 

لو، خاوەنکارێکی دیکەیە لە چین و باس لەوە دەکات، کە "خەڵک پارەی کەمتریان لە گیرفاندا هەیە. لەبەر ئەوە بە وریاییەوە پارە خەرج دەکەن. زۆر ئەستەمە کارێک وەربگری و پرۆژەیەک جێبەجێبکەیت". 

ئاژانسی فێچ، تایبەت بە هەڵسەنگاندنی رەوشی دارایی وڵاتان، لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداری دەداتە چین لەسەر زیادبوونی قەرزە گشتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ 63%ی کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتە.

چین خاوەنی ئابوورییەکی 18 تریلیۆن دۆلارییە و لە دوای ئەمریکا، بە دووەم ئابووریی گەورەی جیهان هەژماردەکرێت.

رووداو دیجیتاڵ