تورکیا.. سەدان هەزار کەس ناتوانن قەرزی بانک بگەڕێننەوە

تورکیا.. سەدان هەزار کەس ناتوانن قەرزی بانک بگەڕێننەوە




2024-07-22 08:41:44


لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 750 هەزار کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان، تووشی رێوشوێنی یاسایی بوونەتەوە، چونکە نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بدەنەوە.

بارودۆخی خراپی ئابووریی وای کردووە هاووڵاتیانی تورکیا قەزرداری بانکەکان بن، بەرزیی رێژەی سوودی بانکیش کێشەی زیاتری بۆ خەڵک دروست کردووە. پەرلەمانتارێکی جەهەپە ئاماژەی بەوە دەکات، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بدەنەوە، گەیشتووتە 750 هەزار کەس و داوا لە ئاک پارتی دەکات ئەگەر کێشەکانیان بۆ چارە ناکرێت با هەڵبژاردن بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکی جەهەپەش بۆ چارەکردنی کێشەکان داوای هەڵبژاردنی پێش وەختەی کردووە.

سیرکان ساری دەڵێت: "داوا لە حکوومەتی ئاکەپە دەکەم هاووڵاتییانمان بە قەرزەوە دەژین، لە کاتێکدا ئێوە لە کۆشکەکان سەرقاڵی خۆشیی خۆتانن. ئەم خشتەیە کە نیشانی دەدات لە دەستپێکی ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی قەرزەوە رووبەرووی یاسا بوونەتەوە گەیشتووتە 750 هەزارکەس". 

ئەرهان قەرە، هاووڵاتیەکی تورکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە بەر سەختی بارودۆخ ناچارین قەرز وەربگرین، ئەگەرلە کاتی دیاریکراو قەرزەکە نەدەینەوە بانک باجی زیاتر دەخاتە سەر، بۆ نموونە 30 هەزار قەرز بکەیت دەبێت 45 هەزار بدەیتەوە، ئەگەر توانای دانەوەت نەبێت ڕێوشۆێنی یاسایی لەبەرامبەرت دەگرنەبەر".

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا مانگی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی پارەیان لە بانکەکان قەرزکردووە، گەیشتووەتە 750 هەزار کەس، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 40% زیادی کردووە، ئەو قەرزانەشی نەدراوەتەوە 200 ملیار لیرەی تێپەڕاندووە. پەرلەمانتارێکی دەم پارتیش هۆشداری لە داڕمانی ئابووری تورکیا دەدات.

ئیبراهیم ئاکن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئیزمیر بە کوردستان24ـی گوت: "لە راستیدا تورکیا بەرەو داڕمان دەچێت و ئەم داڕمانەش بۆ ئەو کەسانەیە کە داهاتیان کەمە، ئەویش لە رێگەی قەرزکردن لە بانک دەستی پێ کردووە، وا دەری دەخەن کە سیاسەتەکانی محەممەد شیمشەک زۆر باشە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەژاری زۆر بووە و تورکیاش لە ریزبەندی یەکەمەکانی جیهاندایە بۆ گرانیی خۆراک".

باروودۆخی خراپی ئابووری تورکیا زاڵ بووە بە سەر کێشە سیاسیەکانی نێوان پارتەکان و دەسەڵاتدا، ئێستا شەڕ شەڕی ئابوورییە، ئۆپۆزسیون دەڵێت، بە هەڵبژاردنی پێش وەختە دەتوانێت سەرجەم کێشە ئابوورییەکان چارە بکات. ئابووریناسانیش لەو بڕواییەدان کێشەی ئابووری تورکیا چەندین ساڵی پێویستە تا چارە بێت.

k24