2019-10-06 20:18:19
ئەسكەندەر محەمەد
پەیوەندى نێوان راگەیاندن و ئابوورى ئێستا لە جیهاندا قۆناغێكى بەرچاوى بریوە، كە لێرەدا ناتوانین بڵین راگەیاندنى ئابوورى بوونى هەیە تاكو ئابوورى بەشێكى فراوان داگیر نەكات لە پیشەسازى راگەیاندندا ، لە هەمان كاتیشدا راگەیاندن داینەمۆى سەرەكى پرۆسەى ئابوورى نەبێت . لە كاتى پێشڤەچوونى هەر پرۆسەیەكى زانستى و پتەوبوونى پەیوندى نێوان هەر تیۆرێك دەگەین بەسەرهەڵدانى كۆمەڵێك پرس و لق و پۆپى شیكار و پەیدابوونى چەندین چەمك و ئاماژەى نوێ ، كە ئەمەش بە روونى لە ژیانى رۆژنەدا لە پرۆسەى ئابووریدا دیارە، وەكو چۆن ئابوورى لە چوارچێوەیەكى بچووكى ئاڵوگۆرى بازرگانى گۆڕاوە بۆ زانستێكى فراوان كە لە ئەنجامدا بەهۆى سەرهەڵدانى قەیرانە ئابووریەكان لەناو نوسین و پەرتووك بوو بە كارێكى پراكتیكى، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا راگەیاندن لە چوارچێوەیەكى لۆكاڵى سنوورێكى دیاریكراوى ولآت بە ژمارەیەكى كەمى دامەزراوەى میدیاى و ئامێر و كەرەستەى سەرەتایى گۆڕا بۆ زانستێكى فراوان و لێشاوێكى گەورەى دامەزراوەى میدیاى لە جیهاندا هاتە دى كە هەموو جۆرە سانسۆرێكى نێوان ولآتانى بریوە ، كە ئەم دوو گۆڕانكاریە گەورەیە فاكتەرێكى بەهێزبوون بۆ سەرهەڵدانى چەمكى راگەیاندنى ئابوورى كە ئەم هەنگاوەش بۆتە هۆى لەدایكبوونى چەندین چەمك و میتۆدى نوێ لەم پرۆسەیەدا . وەكو رۆڵى دامەزراوەكانى راگەیاندن لە ناساندنى كالآكانى بازرگانى و فرۆشتنى بابەتە بازرگانیەكان و هاندانى خەڵك بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەى وەبەرهێنان و كاركردن لە كەرتى ئابووریدا . لە بەرامبەردا پاڵپشتى ئابوورى هەنگاوێكى بەهێزە بۆ پێشكەوتنى دامەزراوەكانى میدیایى و هاندانیان بۆ بەشداریكردنیان لە پرۆسەكەدا . لەگەڵ ئەوەى ئەم پەیوەندیەش رووبەروى گرفت دەبێتەوە كە زۆر جار ئابوورى دەبێتە هۆى فاكتەرێك بۆ دامەزراندنى میدیایەكى بەهێز ، بەلآم مەرج نیە ئەم میدیایە ببێتەى هۆى ئابووریەكى پتەو بۆ ولآت . ئەم هاوكێشەیە پەیوەستە بە جێبەجێكردنى سیستەمى بازارى ئازاد چونكە میدیاى ئابوورى تەنها لەم سیستەمەدا رۆڵ دەبنێت . بەپێچەوانەوە لە سیستەمى ئابوورى داخراو یان سیستەمى سوسیالیستى پێشوودا ئەم پرۆسەیە لاواز بوو چونكە دەوڵەت خۆى سەرجەم پرۆسەكانى ئابوورى ئەنجامى دەدا و كەرتى تایبەت و بازارى ئازاد رۆڵیان نەبوو لەم پرۆسەیەدا تاكو بەرەو رووى میدیا برۆن بۆ زیادكردنى داهاتیان . زۆر جار تاكەكان تەنها بیریان بۆ ئەوە دەچێت كە راگەیاندن و ئابوورى دوو زانستى فراوانن و كار لەیەكترى دەكەن ، بەلآم جگە لەم تیۆرە ئەركێكى نوێى دێتە پێشەوە كە لەدوو رەهەندى نوێ بەرجەستە دەبێت كە دەكەوێتە نێوان قۆناغى ئابوورى داخرا و بازارى ئازاد كە ئەم قۆناغە پێویستى تایبەتى خۆى هەیە جیاوازە لە قۆناغى پێش خۆى و ئەو قۆناغەى لە دواى خۆشى دێت كە لە وێدا رۆڵى راگەیاندن كارێكى جیاوازتر دەكات ئەویش قۆناغى جێبەجێكردنى سیاسەتێكى ئابوورى حكومەتە كە قۆناغى تایبەتى بوون ( الخصخصە) الخصخصە بەشێوەیەكى گشتى بریتیە لە گواستنەوە یان فرۆشتنى دامەزراوەیەكى كەرتى گشتى دەوڵەت بۆ كەرتى تایبەت كە ئەم گواستنەوەیە سەرجەم بەشەكانى دامەزراوەى كەرتى حكومەت لەخۆ دەگرێت كە دواتر لە لایەن كەرتى تایبەتە بەرێوەدەبرێت ، لێرەدا حكومەت دەیەوێت خۆى رزگار بكات لە شێوازى ئاڵۆزى بەرێوەبردنى ئەم دەمەزراوانە و بیان خاتە ئەستۆى كەرتى تایبەتەوە تاوەكو بتوانن خۆیان لەگەڵ پێشبركێى بازار بگونجێنن ، كە ئەم پرۆسەیەش لەسەر سێ بنەما دامەزراوە كە گواستنەوە و فرۆشتنى كارگە و دامەزراوەى كەرتى گشتیە بۆ كەرتى تایبەت لەگەڵ دروستكردنى ئازادى بۆ پێشبركێ بۆ كەرتى تایبەت و هاندانى كەرتى تایبەتە بۆ ئەوەى بتوانێت خۆى فێرى بەرێوەبردنى پرۆژە و كارگە و دامەزراوەى گەورە بكات . كە ئەم پرۆسەیەش بە چەندین شێوازى جیاواز ئەنجام دەدرێت كە لە ولآتێكەوە بۆ ولآتێك لە سیستەمێكەوە بۆ سیستەمێكى تر دەگۆرێت .
لە كاتى ئەنجامدانى پرۆسەى تایبەتمەندبووندا لە كۆمەڵگادا بیروڕاى جیاواز لەسەر ئەم پرۆسە دروست دەبێت لەناو خەڵكدا چونكە كۆمەڵگا واى بۆ دەچێت كە ئەم پرۆسەیە بە زیانى ولآت تەواو دەبێت ، بۆیە لێرەدا رۆڵى میدیا دەستپێدەكات لە دروستكردنى راى گشتیدا .
بۆ ئەوەى ئەو راستیە روون بكاتەوە كە ئەم كارگە و دامەزراوانە لەوە زیاتر ناتوانن خزمەت بە كۆمەڵگا بكەن و پێشبركێ لەگەڵ كەرتى تایبەت بكەن ، بۆیە پێویستە میدیا كەش و هەوایەكى وا برەخسێنێت كە خەڵك هانبدات بە ئاراستەى بەهێزكردنى كەرتى تایبەت بۆ پاڵپشتیكردنى ئەم كارە ، لەگەڵ ئەوەى ئامانجێكى دیكەى ئەم پرۆسەیە دووبارە دارشتنەوەى پەیكەرى ئابوورى ولآتە كە ئابوورى ئازاد و كەرتى تایبەت رۆڵى نوێ وەردەگرن . كە لەمەودوا رۆڵى حكومەت تەنها دارشتنى سیاسەتە گشتیەكانى دەوڵەت دەبێت ئەمەش پێویستە خەڵك بزانێت و میدیاش رۆڵى هەبێت لە دروستكردنى زەمینەسازى بۆ ئەوەى خەڵك لە دڵە راوكێ رزگار بكات و قەیرانێكى نوێ بۆ حكومەت دروست نەبێت ، لەگەڵ ئەوەى بۆ خەڵك بسەلمێنێت كە بەهێزبوونى كەرتى تایبەت و گواستنەوەى دامەزراوەكان سەرەتایەكى باش دەبن بۆ نەهێشتنى دیاردەى بێكارى و هێنانى تەكنەلۆژیاى نوێ و كەمكردنەوەى رۆتین و نەهێشتنى گەندەڵى لە ولآتدا .
ئێستا لە كوردستان زۆر پێویستیمان بە هەڵمەتێكى میدیایە بۆ ناساندنى تایبەتمەندى بوون ( الخصخصە) بە هەموو بەش و تیۆر و لێكەوتەكانیەوە ، چونكە لە سالآنى رابردوو كە حكومەتى هەرێمى كوردستان هەڵسا بە فرۆشتن و گواستنەوەى هەندێك كارگە و دامەزراوە رایەكى خراپ لاى خەڵك سەرى هەڵدا كە لایان وابوو ئەم دامەزراوانە سەرچاوەى داهاتن بە بێ ئەوەى بیر بكەنەوە كە ئەم دامەزراوانە تواناى كاركردنیان تەواو ببوو نەیان دەتوانى لە بازارى كاردا پێشبركێ بكەن ، لەم كاتەدا بۆشایى راگەیاندنى ئابوورى زۆر بە زەقى بەدیى دەكرا كە نەیتوانى راى گشتى بۆ پرۆسەكە دروست بكات . بۆیە پێویستە لە قۆناغەكانى داهاتوو لە كاتى گواستنەوەى هەر دامەزراوەك لە كەرتى گشتى بۆ كەرتى تایبەت پێویستە سەرەتا میدیاى ئابوورى رۆڵێكى گەورە بگێرێت بۆ ئەوەى راى گشتى لەسەر دروست بكات و خەڵك بە تەواوى هۆشیار بكاتەوە بۆ ئەوەى ببن بە پاڵپشتێك بۆ ئەم پرۆسەیە ، لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى كە میدیاى ئابوورى رۆڵى تەنها كرین و فرۆشتن نیە ، بەڵكۆ هۆشیاركردنەوەى كۆمەڵگاشە لە رووداوە ئابووریەكاندا كە لە ئەنجامدا كۆمەڵگایەكى تەندروست كە بارگراوى كرابێت بە ئابووریەكى سەربەخۆ لە سیستەمێكى سەرمایەدارى دروست بەرهەم دێنێت كە تاك بە ئاسانى پێگەى خۆى تێدا دیارى دەكات .