باشتركردنى بەڕێوەبردنى بودجەى گشتى لەسایەى دارایى ولآتدا

باشتركردنى بەڕێوەبردنى بودجەى گشتى لەسایەى دارایى ولآتدا




2019-10-06 20:16:50


طلعت محمد علی

بودجەى گشتى ولآت بریتییە لە ( ئەو خشتانەى كە خەملآندنى داهات و خەرجییەكان بۆ ماوەى ساڵێك لە خۆدەگرێت كە لە یاساى بودجە جێگیر دەكرێت ). ئەویش ئامرازێكى داراییەو ئەركى كۆكردنەوەى ئەو بڕە پارە خەمڵێنراوەیە بۆ پێداویستییەكانى ساڵ بۆ ولآت و رێكخستنى بوارى ئابوورى و كۆمەلآیەتییە.ئەمڕۆش وەكو فاكتەرێكى گرنگ لە جەستەى دەزگاكانى ولآت سەیرى بودجە ئەكرێت، بۆیە ئەو ئەركەى دەكەوێتە سەرشانى بەڕێوەبەرانى ئەم دەزگایە قورس و گرانە، بەتایبەتیش لەم بارودۆخەى ئێستادا.
هەروەكو هەموو ئاگادارن كە هەرێمى كوردستان بە قۆناغێكى زۆر سەختدا تێدەپەڕێت ئەویش یەكەم، بەهۆى كورتهێنانى دراویى بەهۆى ئەو سیاسەتەی كە حكومەتى ناوەند بەرامبەر هەرێمى كوردستان پەیڕەوى دەكات و، دووەمیش دابەزینى نرخى نەوت لەبازاڕى جیهانیداو، سێیەم ئەو بارودۆخە نوێیەى كە شەڕى داعشى تیرۆریستى هێنایە ئاراوەو زۆریى ئەو هەموو ئاوارانەى كە روویان لە پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان كردووە. ئەم هەموو هۆكارانە بوونەتە هۆى دابەزینى ئاستى داهاتى دارایى هەرێم و كاریگەرى راستەوخۆى كردە سەر بارى دارایى وكورتهێنان لە تواناى دابینكردنى مووچەو كرێى كرێكاران و قەبارەى ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەى پێشكەش بە هاولآتیان دەكرێت. دەبێ ئەوەش بڵێین كە حكومەتى هەرێمى كوردستان لەچەند ساڵى رابوردوودا بەپێى تواناى خۆى درێغى نەكردووە لە خزمەتكردنى هاولآتیان و باشتركردنى ژێرخانى ولآت و جێبەجێكردنى پرۆژەى جۆراوجۆر، تەنانەت سەبارەت بە بەڕێوەبردنى بودجەى گشتیش دەزگاكان بەپێى توانا دانیان بەخۆیانەوە گرتووەو كاروبارەكانیان بەڕێوەبردووە، بەلآم بەراستى ئەم بارودۆخە پێویستى بە پیداچوونەوەیێكى واقیعبینانەو دووربینییەك هەیە. پەیوەنددارەكان دەزانن كە بودجەى ئێستاى عیراق  هەر ئەوەندەیە كە هەیەو ناتوانێت پێداویستییەكانى ولآت دابین بكات وستراتیژییەتى عیراق ئەولەوییەتى داوەتە شەڕى دژە تیرۆرو پاڵپشتى دەزگا سەربازى وئەمنییەكان، بێ ئەوەى گرنگى بە هێزى پێشمەركە بدات و بە ئەنقەست و بۆ مەرامێكى دیار دوورى خستنەوە لە ئەجینداى سەربازى خۆى و، حكومەتى ئێستاش لە سەر هەمان بنەماى حكوومەتى پێشووى خۆى كاردەكات و دەڕوات لە بڕین وكەمكردنەوەى بەشى هەرێم لە داهاتى گشتى بەمەبەستى راگرتنى رەورەوەى پێشكەوتن و گەشەسەندنى ئابوورى كە هەرێمى كوردستان لەماوەى رابوردوودا  بەخۆیەوە بینیویەتى. لەبەرامبەردا دەبێ حكومەتى هەرێم و دەزگا پەیوەنددارەكان چیبكەن بۆ رووبەرووبوونەوەى ئەم هەڵوێست و بارودۆخە سەختە؟. ئێمە ئەو سامان و سەرچاوەیەمان نییە كە هاوكارمان بێت بۆ كۆكردنەوەى دراوى پێویست بۆ دابینكردنى خەرجییەكان، تەنها ئەو بڕە پارەیە نەبێت كە لەبەغداوە بۆمان هەناردە دەكرێت كە بە پێى میزاجى خۆى بەپێى ئەو رێككەوتنەى دوایى نێوان هەرێم و بەغدا بۆمانى رەوانە دەكات و، داهاتى ناوخۆشمان ناتوانێت پێداویستییەكانى ناوخۆیى خۆمان دابین بكات تەنها بەشێكى كەم نەبێت، بۆیە لێرەدا لەسەر وەزارەتى دارایى هەرێمە رێگەچارەیەك بگرێتە بەر ئەویش بە ( باشتركردنى ئیدارەى بودجەى هەرێمە بە گوێرەى ئەو داهاتەى كە لەبەر دەستە) و بەرێنمایى سەرۆكایەتى حكومەتى هەرێم بە پێكهێنانى لیژنە یاخود شانەیەكى كار كە لە پسپۆرو شارەزایانى بوارى ئابوورى پێكبێن كە ژمارەیەكى زۆرمان لێ هەن لە ناو هەرێمدا بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیەى بودجە، هەروەكو چۆن لەزۆر لە ولآتانى دونیاش لە حاڵەتى دروستبوونى قەیران پەیڕەوى دەكەن، كە ئەمەش لە تواناو شارەزایى ئەوانى دیكە كەم ناكاتەوە لەبەر ئەوەى كێشەكە گەورەیەو دۆخەكە هەستیارە، بۆیە دەبێ هەمو خاوەن تواناكان بەشداربن لە چارەسەرى ئەو قەیرانە تا ئەو كاتەى بارى ئابوورى ئاسایى دەبێتەوە.
وەزارەتى دارایى بە هەماهەنگى وراوێژ لەگەڵ  دەزگاكانى دیكە دەتوانێت چەند هەنگاوێكى خێراو بەپەلە بنێت بۆ رووبەرووبوونەوەى ئەم دۆخە سەختەدا، بەم شێوەیە:ـ
1.    هەڵپەساردنى خەرجییە سەرمایەدارییەكان بەشێوەیەكى گشتى.
2.    كەمكردنەوەى خەرجییەكان بەرێژەیێكى دیاریكراو لە سەرجەم بوارو بەشەكانى بودجە.
3.    جەختكردنەوە لەسەر وەرگرتنەوەى ئەو داهاتەى ئێستا هەیەو پشتگوێ نەخستنى لە وەرگرتنەكەى و دانانى لە حیسابێكى داخراوى وەزارەتى دارایى و بەفیڕۆنەدانى.
4.    گەڕان بەدواى سەرچاوەكانى دیكەى داهات.
5.    پشتگیریكردنى كارمەندانى باج وەرگرتن.
 هەرچەندە ناتواندرێ ئەم كردارو رێككارییانەى سەرەوە بە ئاسانى جێبەجێ بكرێن، بەلآم ئەوەى گرنگە لەم قۆناغەى ئێستاداو وەكو ئامادەكارى بۆ داهاتوو، چاكسازى ئابوورییە لەرێگاى:ـ
1.    دووبارە داڕشتنەوەى هەیكەلییەتى ئابوورى هەرێم بەپێى پرەنسیپەكانى ئابوورى سەردەم.
2.    دابینكردنى پێداویستییەكانى گواستنەوە بۆ ئابوورى بازاڕ.
3.    ئەكتیڤكردنى هاوبەشیى نێوان هەردوو كەرتى گشتى وتایبەت.
4.    پەیرَەوكردنى میكانزمى ئازادكردنى بازاڕ بۆ هەردوو بازرگانى دەرەكى و ناوخۆیى.
5.    گەرەنتى دابینكردنى ركابەرى دادپەروەرانە لە نێو سێكتەرە جیاوازەكان بۆ پشتگیرى لە ئابوورى هەرێم.
6.    كەمكردنەوە یان نەهێشتنى رۆڵى حكومەت لە نێو بازاڕى خۆماڵى بۆ ئەوەى رۆڵى خۆى لەبوارەكانى سیاسیدا ببینێت  وەكو بەرگرى و ئاساییش و دادوەرى و خزمەتگوزارییە كۆمەلآیەتییەكان.
7.    بەكارهێنانى تەكنەلۆژیاى نوێ لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنى نەوت و گواستنەوە لە قۆناغى فرۆشتنى نەوت بۆقۆناغى چاكتركردنى بەرهەمەكە بەمەبەستى بەدەستهێنانى داهاتى زیاتر.
8.    كاراكردنى پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ولآتە پێشكەوتووەكان وسوود وەرگرتن لە شارەزایی و زاناییان بەمەبەستى بەدەستهێنانى ئەو زانیارییەى كە چۆن ئەوان توانیویانە هەیكەلییەتى ئابوورى خۆیان بونیاد بنێن.
9.    دەكرێ سوود لە بیرۆكە پێشنیاركراوەكانى سندووقى دراوى نێودەوڵەتى لە پرۆسەى چاكسازى ئابووریى، وەربگیرێت.
10.    هەروەها دەكرێ كۆنگرەیەكى بچووككراوە یان گفتوگۆیەكى كراوە لەگەڵ شارەزایانى ئابوورى ببەسترێت بۆ سوود وەرگرتن و گەییشتن بە دەرەنجامێكى باش و بەسوود.
لەكۆتاییدا دەڵێم با بابەتى بەڕێوەبردنى بودجە بكەینە بەرپرسیارەتى گرووپێكى نیشتیمانپەروەرو ئاسۆیەكى گەورەو كراوە بۆ وەرگرتنى پێشنیارە بونیادنەرەكان و بەڕێوەبردنى ئەو دۆسیە قۆرخ نەكرێت و قەتیس نەبێت لەدەستى چەند كەسانێك لەترسى ئەوەى نەوەك نەتوانرێت كارەكە وەكو پێویست بەڕێوەببرێت و، با كەشێكى بە دیموكراتى كردنى گەشەسەندن دروست بكرێت و، چونكە ئەگەر بودجە بە خۆشى و ناخۆشییەوە پەیوەندى بە هەموانەوە هەیە و هەمووش لە هەرێمى كوردستان پێى كاریگەر دەبن، با بەرپرسیارەتى ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنى بكەینە بەرپرسیارتى جەماعى بەشێوەیەیێكى زانستاینەو دیراسەتكراو.