پریپەید پرۆژەی پارەدانی پێش وەختەی كارەبا 

پریپەید پرۆژەی پارەدانی پێش وەختەی كارەبا 




2023-07-25 14:37:54


تاچەند دەتوانێت خەونی 24 كاتژمێری كارەبا بەدیبهێنێت؟
لەشاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك ژمارەیەكی زۆر كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و بازاڕ سیستەمی پێدانی كارەباكەیان كرایە ( پریپەید ) واتا پرۆژەی پارەدانی پێش وەختەی كرێی كارەبا ، ئەم پرۆژەیە بە سوود وەرگرتنە لە پێوەری زیرەك كەیەكێك لە مواسەفاتی ئەمجۆرە پێوەرە بەكارهێنانی كارتە بۆ پڕكردنەوەی وزەی كارەبای هاوبەشەكە ، واتا هاوبەشەكەی كارەبا ماڵان بێت یاخود بازرگانی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی و میری بێت دەكرێت لە رێگەی كارتەوە یاخود لە ئەپڵیكەیشنێكی سەر مۆبایلەكەیەوە كرێی كارەباكەی پێش وەختە بدات ، بەمەش زیاد بەكارهێنانی كارەبا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەم دەبێتەوە، چونكە بەكارهێنەر پارێزگاری لە یەكەی ناو كارتەكەی دەكات بۆ ئەوەی ناچار نەبێت یەكەی دیكە بكڕێت و بە تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەپێی داهاتی تاكەكەسی و توانای ماددی كەسەكە و خێزانەكەی راستەوخۆ خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو بڕە كارەبایەی لەماوەی مانگێكدا بەكاری دەهێنێت ، رەخنە و تێبینی و بۆچوونەكان هەرچۆنێك بێت لەنێوان لایەنگران و بەرهەڵستكارانی ئەم پرۆژەیە ئەوە ناشارێتەوەن  كە لەسەرجەم وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بەمشێوەیە گرفتی كارەبایان چارەسەر كردووەو،  گەیشتوونەتە پێدانی كارەبایەكی 24 كاتژمێری ، كاربەدەستان و بەرپرسانی پرۆژەكە دەڵێن ئەم پرۆژەیە لە 100% لەخزمەتی هاوڵاتیان و هاوبەشاندایە ، لەبەرامبەردا بەرهەڵستكارانی مەترسی ئەوەیان هەیە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانێت ماوەكانی پێدانی كارەبا بگەیەنێتە 24 كاتژمێر یاخود ئەو نرخەی كە لەئێستادا بۆ كۆمەڵگە – بەرزەكانی – نیشتەجێبووەكان کۆمەڵگە نیشتەجێبوەکانی High Cost دانراوە زۆر بەرزە و لەسەر ئەوانیش بەهەمان نرخ بێت ،  كە بۆ یەك كاتژمێر كارەبا  156 دینارە  و لە 1/6/2023 لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان ئەم نرخە نوێیە بۆ کۆمەڵگە نیشتەجێبوەکانی High Cost بڵاوكراوەتەوە .
-------------------------------------------------------------------------------
ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كارەبا و ئەندامی لێژنەی باڵای پێوەری زیرەك بۆ ( سامان ) : 
پریپەید یەكێكە لە پرۆژە پێشكەوتووەكانی دنیا بۆ گەیشتن بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا.
ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كارەبا كە هاوكات ئەندامی لێژنەی باڵای پێوەری زیرەكە لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری ( سامان ) دا جەختی لەسەر گرنگی پرۆژەكە كردەوەو وتی : ژمارەی هاوبەشانی كارەبا 1,800.000 تێپەڕاندوو لەم ژمارەیە بۆ 1,350,000 هاوبەش پێوەری زیرەكی بەستراوە ، وەزارەت بۆ كڕینی پێوەری زیرەكی دیكەش هەنگاوی گەورەی ناوە ، پێوەری زیرەك پارەو خەرجییەكی گەورەی بۆ حكومەت و گەنجینەی هەرێم گەڕاندۆتەوەو ماوەكانی پێدانی كارەباشی بەراورد بەساڵانی پێشوو زیادكردووە ، گەڕانەوەی ئەم بڕە پارانە چ لەكڕینی سوتەمەنی و كارەبا بێت لە وەبەرهێنەر یاخود لە بەفیڕۆنەدانی كارەبا بێت بەهۆی پێوەری زیرەكەوە  بۆ بواری دابینكردنی مووچە و بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خەرجییەكانی دیكەی حكومەت بۆ هاوڵاتیان لەرووی پاراستنی سەروماڵ و بەڕێوەبردنی كەرتەكانی پەروەردەو تەندروستی و چەندین بواری دیكەی خزمەتگوزاریی شارەوانی و ئاو بێت زۆر پێویست بوو ، ئەمە جگە لە دیاریكردن و بنبڕكردنی دەیان هەزار سەرپێچی كە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان كارەبایان بەهەدەر دەدا، بەمەش رێژەی بەفیڕۆدانی كارەبا لە 40% بووە لە 30% ، لەئێستاشدا یەكێك لە مواسەفاتەكانی ئەم پێوەرە بەكارهێنانی كارتە یاخود ( پریپەید ) كە پێی دەوترێت پارەدانی پێش وەختەی كارەبا، كە یەكێك لە سیستەمە پێشكەوتووەكانی دنیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و گەیشتن بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری ، ئەم بابەتە دوور لە موزایەدە و هەڵچوونی ناو سۆشیال میدیاوە چارەسەری بنەڕەتی كێشەی كارەبایە كە زیاتر لە 30 ساڵە بەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی كردووە ، پرۆژەی پریپەید ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات و دەیگەیەنێتە نزیكەی 24 كاتژمێر و هاوڵاتیان ناچار نابن دوو سەرچاوەی پارەی كارەبا بە كارەبای حكومەت و موەلیدە بدەن ، ئەمە وێڕای ئەوەی بەدادپەروەرانە كارەباكە دابەش دەكات نەوەكو هەر كەسێكی سەرپێچیكار بەئارەزووی خۆی و لەسەر حسابی تۆی هاوڵاتی كارەبایەكی باش و بەلاشی هەبێت و كاریگەریی خراپ لەسەر تۆ دابنێ ، لەمەش گرنگتر لەو هەموو ژاوەژاوو دەنگ و دوكەڵ و پیسبوونی ژینگە دەمانپارێزێت، كە بووەتە هۆی سەرچاوەی زۆری نەخۆشی و زیانگەیاندن بەهاوڵاتیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی قورس .
سەبارەت بەدوا هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا و تیمە پەیوەندارەكانی پرۆژەی پریپەید ئەردەڵان دۆسكی  وتی : لە ئێستادا تیمەكانی پێوەری زیرەك لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پریپەید- دان و وەكو نموونە ژمارەیەكی زۆری كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی بە High cost واتا سیتییەكان لەئاستێكی بەرزدان و زۆربەیان پێشتر بەنرخێكی زیاتر لە رێگەی كڕینی كارتەوە كارەبایان بەكار دەهێنا دەستیان پێكردووە، پرۆژەكەش لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستانی بڵاوكرایەوە. 
سەبارەت بە ترسەكانی زۆر لەهاوڵاتیان و لێدوانەكانی ناو سۆشیال میدیا دۆسكی وتی: هاوڵاتی مافی خۆیەتی بپرسێت لەكاتی جێبەجێكردنی پریپەید سوودەكانی پرۆژەكە چییە و ئایا نرخەكان بەشێوەیەك گران دەبێت لەوەی لە ئێستادا لەسەری دەكەوێت بە پارەی موەلیدە و كرێی كارەبای نیشتمانییەوە، ئەو نرخەی ئێستا بۆ كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی High cost و ئەگەر پرۆژەكە گەیشتە هاوڵاتییان ئەو دەمە رەنگە گۆڕانكاری لە نرخەكاندا بكرێت ، لە ئێستادا دەبێت هەمووان بزانن سوودەكانی پریپەید چییە ، گرنگترین سوودی گەیشتنە بەكارەبایەكی باش و بەردەوام دواتر سەرپێچییەكان بەتەواوەتی ناهێڵێت بۆ نموونە لە 14 پرۆژەی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی شاری هەولێردا كە 15,181 هاوبەشی هەیە 3320 سەرپێچی یاخود نەبوونی هاوبەش دەستنیشان كراوە ، ئەمەش گەڕانەوەی دادپەروەریی و وزەی كارەبایە بۆ ناو تۆڕی كارەبا و دواجار بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی، قەرزی كەڵەكەبوو بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێنێتەوە ، لەمەش گرنگتر كەمكردنەوەی بارزۆرییە لەسەر فیدرەكان كە لەگەڵ فراوانبوونی شارو زۆربوونی هاوبەشان و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر كارەبا بەردەوام بچڕانی كارەبا و سووتانی محاویلە و شكاندن و شۆڕت روودەدات، هەرچەندە بەهۆی بەستنی پێوەرەوە ئەم دیاردەیە كەم بووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بەتەواوەتی نامێنێت.  هەروەها كوژانەوەی موەلیدەكان ژینگە پارێزی دروست دەكات و خەڵكانێكی زۆر لە رێگەی پاراستنی ژینگەوە سوودمەند دەبن ، چونكە پیسبوونی ژینگە هۆكاری سەرەكی زۆر لەو نەخۆشییە مەترسیدارانەیە كە دەگاتە مردن و چارەسەركردنی پارەو كاتێكی زۆری پێویستە ، لەلایەكی دیكەوە دەگەینە قۆناغی پێدانی یەك سەرچاوەی پارەی كارەبا لەبری دوو سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە، كە زۆربەی جار بارگرانی بووە لەسەر هاوڵاتیان. بەفیڕۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی زیاد مەسرەفی لەبەكارهێنانی كارەبای زیادە سوودێكی دیكەی پرۆژەی پریپەیدە كە لەهەردوو وەرزی زستان و هاویندا دەێتە هۆی بچڕ بچڕ بوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا و بگرە زیانگەیاندن بەئامێرە كارەباییەكان .
سەبارەت بە بەدەستهێنانی داهات بۆ وەزارەتی كارەبا و گەڕانەوەی پارەیەكی زۆر كە لەبەهەدەردانی كارەبادا هاوڵاتیان و حكومەتیش خەرجی دەكەن ، ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كارەبا وتی : بەكارهێنانی لە 8% ئەو داهاتەی دەست وەزارەتی كارەبا دەكەوێت بۆ ئەنجامدانی پرۆژەو كاری نوێ و باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا بەكاردەهێنرێتەوە ، بەمەبەست لەم پرۆژەیە تەنیا بەرزكردنەوەی داهات نییە كە دواجار بۆ پرۆژەكان و باشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا بەكار دەهێنرێتەوە بەقەد مەبەست لەوە گەیشتنە بەكارەبایەكی بەردەوام و یەك سەرچاوەیی .. لەدەڵ دەستپێكردنی پرۆژەكە خەڵكانێك بۆ بەلارێدانەبردنی پرۆژەكە كەوتوونەتە رەخنەو توێژینەوەی هەڵە و نازانستی گوایە ئەمە لەبەرژەوەندی خەڵكدا نییە ، ئەوەیان لەبیر كردووە لەدنیای سەردەمدا هیچ وڵاتێك نییە كارەبا بەخۆڕایی پێشكەش بكات و پێوەرێكی نەبێت بۆ دابەشكردنێكی دادپەروەرانە ، خۆ ناكرێت هاوڵاتییەكی كەم دەرامەت وەكو هاوڵاتییەكی دەوڵەمەند حسابی بۆ بكەیت. لە سیستەمی پریپەید ئارەزوومەندانە هەر كەسێك بەپێی توانای دارایی خۆی و خێزانەكەی كارەبا بەكاردەهێنێت بەڵام كارەبایەكی بەردەوام ، دانانی پێوەر و نرخ و بگرە جێبەجێكردنی پرۆژەی پریپەید لە چارەسەرە سەردەمیانەكانە بۆ چارەسەری بنەڕەیتی گرفت و كێشەكانی كارەبا ،  هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خەمخۆری راستەقینە و بەكرداری خەمەكانی هاوڵاتیانە بە جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە كارەبایەكی باشتر و دادپەروەرانە دەگاتە دەستی خێزانەكان و ماڵەكانی كوردستان هەر بە رووناكی دەهێڵینەوە . 
-----------------------------------------------------------------------------
ئەو شوێنانەی کارەبایان کراوەتە پریپەید( پرۆژەی پارەدانی پێش وەختەی كارەبای 24 کاتژمێریی. 

-     لۆدی سەر فیدەرەکانی کارەبا نزیکەی لە 50% کەم بووەتەوە. 

-    کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە و بیرەکانی ئاو و رووناکیی شەقامەکان دابین کراوە. 

-    بار زۆری و کێشەی ڤۆڵتیەی کارەبا چارەسەر کراوە. 

-    بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیان بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر بووە. 

-    سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیارکەوتوون. 

- داهاتی کارەبا لە ڕێژەی 7.5% بۆ 100% بەرز بووەتەوە و بەهۆیەوە پرۆژەکانی کارەبا زیاتر دەبن.