2019-10-06 20:12:29
سەهەند فەرهاد
گەشتوگوزار، یەكێكە لە بنەما گرنگەكانی پێشخستنی گەشەی ئابووری دەوڵەت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەشتیاری دیاردەیەكی مرۆیی و پێویستییەكی كۆمەڵایەتییە و بارودۆخێكی باشتر بۆ ژیانی مرۆڤ دروست دەكات. بەهۆی ئەوەی گەشتیاری دیاردەیەكی مۆدێرنە، لە چەند ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی و كولتووری پێكهاتووە، پێداویستییە قووڵەكانی ناخی مرۆڤ دابین دەكات، چونكە مرۆڤ خواست و ویستی گەشتكردنی هەیە بۆ ناسینی شوێنانی دیكە، گەشت وەكو خۆراكێكی دەروونی و ڕۆحیی و كولتووری، یارمەتی ڕاهێنان و فراوانكردنی هەستەكانی دەدات، یەكێكە لە ئامرازەكانی پەیوەندی فیكریی نێوان گەلان بۆ ئاڵگوگۆڕكردنی كولتوور و دابونەریتەكان و بەشدار دەبێت لە دەوڵەمەندكردنی كەسایەتی مرۆڤ. گەشتیاری، گواستنەوەی تاكە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە، چ لە ناوخۆی دەوڵەت بێت یان لە دەرەوە، بۆ ماوەیەك كە لە (24) كاتژمێر كەمتر نەبێت، بە ئامانجی بازرگانی یان پشوودان یان ڕابواردن، یان بەسەربردنی كات، یان هەر مەبەستێكی دیكە.
بەهۆی گرنگیی گەشتیارییەوە، لەسەر هەموو ئاستەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری، هەموو وڵاتێك سەرەڕای جیاوازی ئاستی پێشكەوتنیان، گرنگیی زۆر بەم كەرتە دەدەن، چونكە گەشتیاری تایبەتمەندییەكی سەرەكی هەیە كە لە هەموو كەرتەكانی دیكەی پیشەسازی جیاوازە، ئەویش ڕاكێشانی خەڵكە بۆ ئەو وڵاتانەی شوێنی گەشتوگوزارییان هەیە و گەشتیاریش هەمیشە پارە لەگەڵ خۆی دێنێت، بەمجۆرەش چالاكییەكانی كەرتی گەشتیاری زیاد دەبێت و داهاتی گەشتیاریی هەرێمیی و نیشتمانی زیاد دەكات و تەرازووی پارەوەرگیراوەكان باش دەكات و دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی پارەی قوڕس، هەروەها دەرفەتی كار و بەكارخستنی كرێكارانی ناوەخۆ زیاد دەكات.
بۆ ئەوەی دامەزراوە گەشتیارییەكان لە جێبەجێكردنی ستراتیژی بەبازاڕكردنەكەیان سەركەوتوو بن، لەو بازاڕەی كردوویانەتە ئامانج، دەبێ ڕێگایەكیان هەبێ بۆ بەبازاڕكردن و خزمەتگوزاری گەشتیاری، كە هیچ دەوڵەتێك ناتوانێ پەیڕەوی لەم ڕێگەیە نەكات، یان خۆی لە یەكێك لە ڕەگەزەكانی ببووێرێ، لەم چوارچێوەیەشدا (پەیوەندی بەبازاڕكردن) یان ئەوەی هەندێك پێیدەڵێن (تەرویج) بە یەكێك لە ڕەگەزە تێكەڵاوەكانی بەبازاڕكردن دادەنرێ بۆ بەبازاڕكردنی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ تەواوكردنی ڕەگەزەكانی دیكەی ئەم بەبازاڕكردنە و دەبێتە گرەنتییەك بۆ بەردەوامبوونی كاری خزمەتگوزاری بە هەماهەنگی و بەشێوەیەكی ڕێكخراو.
پەیوەندی بەبازاڕكردن یان تەرویج، یەكێكە لە ڕەگەزە گرنگەكان، چونكە بەرپرسە لە ناساندنی ئەو چالاكییە گەشتیارییانەی دامەزراوە گەشتیارییەكان پێشكەشی دەكەن و چۆنییەتی گەیاندنی گەشتیارە بەم چالاكییانە، یەكێك لە بەرپرسیارێتییەكانی نوێنەری بەبازاڕكردن لە پیشەسازی گەشتیاری ئەوەیە كە سیستەمێكی چالاك بۆ پەیوەندییەكانی بەبازاڕكردن و تەرویجكردن دابنێت، بەشێوەیەك بتوانێ ڕەگەزەكانی تەرویج وردكاتەوە بۆ ڕەگەز و ئامرازی دیكە و سەرنجی ئەو گەشتیارانە ڕابكێشێت كە بە نیازن بێن، یان ئەوانەی ئێستا لێرەن و كاریگەری بخاتەسەر بڕیارە گەشتیارییەكانیان، ئەمەش لە ڕێگای كۆمەڵێك چالاكی وەكو (ڕێكلام و چالاككردنی فرۆشراوەكان و فرۆشتنی كەسیی و پەیوەندییە گشتییەكان):
- ڕێكلام: بریتییە لە ئامادەكردنی پەیامێكی ڕێكلامیی و هەڵبژاردنی ئامرازێك بۆ ڕێكلامەكە و دیاریكردنی كاتەكانی ڕێكلامكردن، هەروەها چەندبارەكردنەوەی ڕێكلامەكە بۆ وەبیرخستنەوەی بەردەوامی پەیامە ڕێكلامییەكە، وەكو ئەوەی هەندێ كۆمپانیا لە ناوەخۆی هەرێم، بە نرخێكی دیاریكراو و لە كاتێكی دیاریكراو، ڕێكلام بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی ناوەوەی هەرێم دەكەن.
- هاندانی فرۆشتن: بریتییە لە پێشكەشكردنی نموونەی بەخۆڕایی و دیاری و داشكاندنی نرخەكان، زۆربەی جاریش پشت بە نوێكاری و داهێنان دەبەستن، وەكو ئەوەی هەندێ كۆمپانیای گەشتیاری نرخی كرێی هاتووچۆ و گەشتەكان دادەبەزێنن بە مەبەستی ڕاكێشانی گەشتیار لە ناوەڕاستی عێراق.
- فرۆشتنی كەسی: پێویستە كۆمپانیا گەشتیارییەكان، كەسانی گونجاو وەكو فرۆشیار و نوێنەری فرۆشتن دیاری بكەن، لە ڕووی پێدانی زانیاری و چۆنییەتی كاریگەریكردن لەسەر گەشتیاران، پێویستە ئەو كەسانە توانا و لێهاتووییان هەبێ بۆ ڕازیكردنی گەشتیاران و ئەمەش پشت بە تەكنیكێكی تایبەتی ڕازیكردن و لێهاتوویی كەسایەتی فرۆشیار دەبەستێت، وەكو ئەو نوێنەری فرۆشتنەی كە گەشتیاران بۆ ئەوە ڕازی دەكات بۆ ئەوەی لە ڕێگای كۆمپانیاكانی ئەوانەوە گەشتەكانیان بكەن، بەجۆرێك زۆر جار كەسانێك بۆ گەشت ڕازی دەكەن كە ئەو كەسانە بە هیچ شێوەیەك نیازی گەشتیشیان نەبووە و پلانیان بۆ دانەناوە.
- پەیوەندییە گشتییەكان: بریتییە لە هەموو جۆرەكانی پلاندان بۆ پەیوەندییەكان، چ لە ناوەخۆی دامەزراوە گەشتیارییەكان بێت یان لە دەرەوە و باشكردن و جوانكردنی وێنای كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە پەیوەندییان بە گەشتیاران لەبارەی بابەتێكی دیاریكراو، كە لەمیانەی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوولا دروست دەبێت.
لە بواری كێبڕكێشدا، زۆر گرنگە لەگەڵ هەبوونی دامەزراوەی گەشتیاری دیكە، كۆمپانیا و دامەزراوەیەكی گەشتیاری دیاریكراو، بتوانێ وا لە گەشتیار بكات هەر لەگەڵ ئەودا بمێنێتەوە و هەمیشە لەگەڵ ئەودا گەشت بكات. باشترین نموونەش هەرێمی كوردستانە، چونكە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جوگرافی زۆر باشی هەیە، جێگە و پێگەی دڵڕفێن و جوانیش، گرنگترین بنەمای ڕاكێشانی گەشتیارن چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە كە پەرە بەم كەرتە گرنگە بدات، سەرەڕای گرفت و لەمپەرەكانیش، حكوومەتی هەرێم لەوەدا سەركەوتوو بووە كە بەگوێرەی پلانی زانستی دیراسەكراو، كەرتی گەشتیاری ببووژێنێتەوە. ئەمەش لەمیانەی شیكردنەوەیەكی وردی واقیع و مامەڵەكردنێكی پیشەییانەی بەرز لەگەڵ پێدراوەكانی ئێستا و پێداویستە گرنگەكانی ئایندە، هەروەها دەستەی گەشتیاری لە پارێزگای هەولێر، پشت بە كەسان و پسپۆرانی خاوەن ئەزموون دەبەستێت و كەسانی بیانیش لە دەستەكەدا بەشدارییان پێ دەكرێت و لە دەرەوەی وڵات خول و كۆنگرە و سمیناری تایبەت بە كەرتی گەشتیارییان بۆ ڕێكدەخرێت، بەمەبەستی باشكردن و بەرزكردنەوەی شارەزایی و لێهاتوویی تاكەكان كە دەبێتە هۆی سەركەوتنی پلانی ستراتیژیی دەستەكە. هەر بەهۆی دەستكەوتەكانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە ساڵی (2014)دا پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا.