2019-10-06 20:10:37
ئەو تەنگژە دارایی و ئابوورییەی ماوەی دوو ساڵە دووچاری هەرێمی كوردستان بووە؛ جگە لە هۆكارە سیاسی و ئابوورییەكانی كە بەستراوەتەوە بەشەڕی داعش و دۆخی سیاسی و سەربازی عێراق و ناوچەكە و داشكانی نرخی جیهانی نەوت، چەندین تەحەددای بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە. بەڕادەیەك حكومەت توانای لاواز بووە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان و پێدانی مووچە، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر كەرتی تایبەت هەبووەو دۆخی بێبازاڕی لێكەوتۆتەوە. لەمەش مەترسیدارتر ئەو ئاماژانەیە كە كاربەدەستدانی حكومەت و شارەزایانی ئابووری باسی دەكەن بەوەی لە 2016 قەیرانە ئابوورییەكە دژوارتر دەبێت، ئەوەشیان نەشاردۆتەوە ئەگەر ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییە چارەسەر نەكرێت و بەردەوام بێت مەترسیەكانی لەشەڕی داعش كەمتر نابێت، دەبێتە هۆكارێك بۆ كەوتنەوەی مەترسی لەسەر دیموكراتی و ناسەقامگیری ناوخۆ، ئەو بۆچوونە كەشارەزایانی ئابووری بۆ ئەم پێشبینیە پشتیان پێ بەستووە بوونی 18 ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتە كە 2 ترلیۆن و 600 ملیار دیناری قەرزی موچەی سێ مانگی موچەخۆرانەو 1 ترلیۆن دیناری دیكەشی قەرزی كارەبایەو.. لەلایەكی تریشەوە ئاڵۆزیەكانی كوردستانی باكورو سوپای توركیاو داخستنی دەروازەی برایم خەلیل و كەمبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانی و داشكانی بەردەوامی نرخی نەوت ئەوەندەی تری رەشبینیەكانی زیاتر كردووە، هەربۆیە لەم روانگەیەوە هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیە دەچێت كە رێگە چارەسەر چی یە؟ لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا پرۆژەی چاكسازیی راگەیەنرا تاوەكو لەساڵی نوێ دا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای ئەوەهات كە قەیرانە داراییەكە دەریخست ئابووری هەرێمی كوردستان پێویستی بە شۆڕش و وەرچەرخانێكی گەورە هەیە، بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهاتەكانی. وەرچەرخانێك لەئاستی داخوازییەكانی خەڵكدا بێت و دوور بێت لە ویست و داخوازی حزبیانەو بۆچوونی تەسكی ئایدیۆلۆژییەت و وەلائی گوێرانە بۆ حكومەتی مەركەزی ، ئەو كەس و لایەنانەی بەپێی بەرژەوەندی تەسك و حزبیانە دەڕواننە هۆكارو چارەسەری قەیرانەكە توانایان نییە سیستەماتیك و ژیرانە بڕوانێتە تایبەتمەندێتی واقیعی هەرێمی كوردستان ئەو هەرێمەی كە دەبێت نەك تەنیا وەكو وڵاتێكی دوای شەڕ سەیر بكرێت بگرە وەكو هەرێمێك سەیر بكرێت كە تائەمڕۆ پیلان و مەرامی دوژمنكارانەی بەرامبەر دەكرێت لە راگرتنی بەشە بودجەی هەرێم و ئابڵوقە ئابوورییەكەی حكومەتە مەزهەبیەكەی بەغدا ئەو واقیعە بەروونی دیارو لەبەرچاوە. پێویستە سەرەتا بیر لەوە بكەینەوە ئەم هەرێمە چی پێویستەو ئەولەوییەتەكانی چی یە، چی وامان لێدەكات ئابووری بخەینە سەر سكەی پرۆسەی پەرەپێدان ئەو پرۆسەیەی كە زۆر فراوان و گەورەیە هەر لە بنیاتنانەوەی ژێرخانەوە دەست پێدەكات تا پەرەپێدانی مرۆیی، راستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كەمكردنەوەی دەرماڵەی بلە باڵاكان و چاوخشاندنەوە بە دەرماڵەی وەزارەت و مووچە و بودجەكانی دەتوانێت تارادەیەكی كەم خەرجیەكانی كەم بكاتەوە، بەڵام لە داهاتوودا لەگەڵ بەردەوامبوونی داشكانی نرخی جیهانی نەوت كە بەرێژەی زیاتر لە 95%ی بودجەی كوردستان و عێراق پشتی بە پێترۆدۆلار بەستووە ئەو چاوخشاندنەوەیە بە خەرجیەكان هیچ واتاو مانایەكی واقیعیانەی ئابووری و دارایی نابێت، بەڵكو ئەو كات پێویستمان بە دووبارەو سێ بارەی كەمكردنەوەی دەرماڵەو مووچەكان دەبێت و داشكانی نرخ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ناوچەكە كە زیانی گەورەی بە وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەو پرۆژەكان گەیاندووە .
بەمشێوەیە بیروبۆچوون و پێشنیارو پرۆژەكان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكەو گەیشتن بەقۆناغی پەرەپێدانی ئابووری هیچ ماناو گرنگیەكیان نامێنێت گەر بێتوو نەبینە خاوەنی دامەزراوەی بەهێز، بگرە ئومێدی سەركەوتنیشی زۆر قورسە. دەكرێت ئەو دامەزراوانەی لە ساڵی 1991 ەوە لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە بەهێز بكرێن ، هەر لە پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمپانیاكان ، لەمونتەدا داڤۆسیشدا مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرد بەوەی هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن تا وەكو ببێتە هەرێمێكی دامەزراوەیی.
بەمشێوەیە بەتایبەتكردنی هەندێك لەكاروچالاكیەكانی حكومەت و هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ هەنگاوێكی باشن بۆ ئەوەی ئابووری كوردستان دووبارە هەناسەیەك بداتەوە تاوەكو لەقۆناغی داهاتوو واتا بەلانی كەم لەماوەی 5 ساڵی داهاتوو كوردستان لەكۆمەڵگەیەكی بەكاربەرەو ببێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن، تەنیا لەكۆمەڵگەی بەرهەمهێن دا ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەت كەم دەبێتەوەو كەرتی تایبەت دەبوژێتەوەو سیولەی نەختی قورس كە دۆلارە كەمتر دەچێتە دەرەوەی وڵات و بەهای دیناری عێراقیش بەرز دەبێتەوە، لەمەش گرنگتر هەنگاونانە بەرەو ریفراندۆم تاوەكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بەو راستیە بنێت كە نەخشەی سایكس بیكۆ كۆتایی هاتووە دەوڵەتی كوردستانی ( دایك ) دەبێت دابمەزرێت و ئەو كات حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی تایبەت بەخۆیی و حكومەتێكی مەركەزی تایەفەگیریش توانای دژایەتیكردنی ئەو دەوڵەتە نوێیەی نامێنێت.
چونكە بەبێ بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ توانای یاسایی و شەرعی نێودەوڵەتیمان نییە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دارایی و نەختینەیی تەنانەت توانای ئەنجامدانی گرێبەستی نێودەوڵەتیشمان بەپێی دەستووری عێراق نییە ئەوەی دەتوانین كاری لەسەر بكەین تەنیا كۆمەڵێك رێوشوێنی ئیداری و داراییە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهات. تا ئەو رۆژەش دێت پێویستە ئابووری كوردستان دووبارە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر سكەی پەرەپێدان و سەربەخۆیی ئابووری بونیات بنرێت، هاوكات دامەزراوەكانیش لەئاست قۆناغەكە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو جیهاندا بن، ئەو دامەزراوانەی كۆڵەكەی جێبەجێكردنی ستراتیجیەتی پەرەپێدانی ئابوورییە، لەمەشدا نەتەوە زۆر پێویستی بەو پارتە سیاسییە بەهێزانەیە كە حكومەت بەهێز دەكەن و پابەندی ئەو یاساو رێسایانەن كە نەتەوە دەگەیەننە كەناری ئارامی ، ئالێرەدا رۆڵی كەرتی تایبەت دێتە پێشەوە كە هاوكارە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەو كارانەی كە حكومەت چ لەرووی دارایی چ لەرووی بەڕێوەبردن ناتوانێت بەباشی بیبات بەڕێوە. راستە لیبرالییەتی ئابووری باشترین سیستەم و سیاسەتی ئابوورییانە نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم بەڵام مرۆڤایەتی تا ئەمڕۆ لەم سیستەمە باشتری نییە، دەكرێت ئێمە كۆپی ئەزموونەكانی پەیڕەوكراوانی ئەم رژێمە ئابوورییە نەبین. بەڵام هەموو ئابووریناسان و بیرمەندانی ئابووری باش ئەو راستیە دەزانن كە فاكتەری سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتی بریتییە لە پرۆسەی پەرەپێدان، ئەم پرۆسەیەش لەم ناوچە ئاڵۆزو پڕ لە كێشمەكێشەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بێ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و سەربازی بونیات نانرێت چونكە خاڵی بەهێزی پرۆسەكە لەسەر بەگەڕخستنی وەبەرهێنانی ناوخۆو دەرەوە هەیە، كە لەلایەك رێگرە لەچوونە دەرەوەی سەرمایە لەلایەكی ترەوە هۆكارێكە بۆ باشتركردنی كوالێتی و دابەزینی نرخ و بەدەستهێنانی هەلی كار. خاڵێكی تری پرۆسەكە رێگرییە لە گەندەڵیی كە ئەم ئاستەنگە وایكردووە خەڵكی ئارەزووی باجدان و رسوماتیان نەبێت. بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری و یارمەتی دارایش پێویستە پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان بەجۆرێك سوودی لێوەربگیرێت لەخزمەتی هەردوو لا دا بێت واتا لەخزمەتی ئابووری و خەڵكی كوردستان و گەیشتن بەقۆناغی پەرەپێدانی ئابووری.
ئامادەكردنی : شەماڵ نوری
ئەندامی رۆشنبیری و توێژینەوەی زانستی لە سەندیكای ئابووریناسانی كورستان