2022-04-07 15:20:15
رێکەوتی 25/3/2022 دکتۆر دارا جلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی بە یاوەری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربکریان کرد و لەلایان مەمەد کایا سەرۆکی ژووری دیاربکر پێشوازیان لێکرا، لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیار بەكر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی هەرێم خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشان دا و دووپاتی كردەوە ئەوان هیچ جیاوازیەك لەنێوان هەولێر و ئامەد نابینن و هەردوولا بران و قازانج و زەرەری ناوچەكە بەسەر هەردوولا دا هەیە ،
هاوكات ڕیز وسڵاوی خۆی بەناوی ژووری بازرگانی و خەڵكی ئامەد گەیاندە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومهت و دەستخۆشی پێشكەوتنی بەرچاوی هەرێمی كوردستانی لێ كردن .
لەلای خۆشیەوە پارێزگاری هەولێر سڵاوی خەڵكی هەرێمی كوردستانی گەیاندە خەڵكی دیار بەكر وستایشی پێشكەوتنەكانی دیار بەكری كرد كە لەئەنجامی سیاسەتی كرانەوەی توركیا بوو بەڕووی ئاشتی و ئاشتەوایی و ئاماژەی بەوەش كرد دیار بەكری ئێستا لەگەڵ دیار بەكری پێشی 10-20 ساڵ زۆر جیاوازە.
هاوكات پارێزگار جارێكی دیكە داوای كرد وەبەرهێنەرانی توركیا سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان وەربگرن لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەو ئاسانکاریانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشیان دەكرێت هەروەها بۆ كۆنفڕانسی گەشت و گوزار لە دوای كۆڕۆنا داوەتیكردن .
ئەوەشی نیشان دا كە ڕێكخستنی پیشانگای میزۆپۆتامیا هەنگاوێكی گرنگی پێشكەوتنی پەیوەندی نێوان هەردوولا دەبێت و پاڵپشتی خۆی بۆ زیاتر پێشخستنی ئەم. پیشانگایە دەربڕی.
دواتر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكی كورت دا سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیار بەكری كرد بۆ داوەت كردنی شاندی هەرێم و دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان هەمیشە دەرگاكانی بەڕووی بازرگان و خاوەن كارانی توركیا كراوەن .
شایەنی باسە لە دیدارەکەدا ئەیاد حسن سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆک ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوورەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشدار بوون.