گرفتەكانى بەشى ئابوورى میدیاكانى كوردستان

گرفتەكانى بەشى ئابوورى میدیاكانى كوردستان




2019-10-06 20:01:49


بیلال سەعید
میدیا لە كوردستان بە ئەندازەى بەرەو پێشچوونەكان و گەشەسەندنە خێراكانى بوارەكانى دیكە بەرەوپیشچوونى باشى بەخۆییەوە بینیوە، بە تایبەت لەرووى كواڵێتى و هونەرى و ناوەرۆكى هەندێك پرۆگرامەوە، بەڵام ئەگەر سەبارەت بە  جۆرى كەناڵ و تایبەتمەندى كەناڵ شیكردنەوە بكەین بەدڵنیایەوە زۆر هەڵدەگرێت.
لەبەرئەوەى  لەكوردستان رۆژ بەرۆژ میدیا لەزیادبووندایە و تا ئێستا لەكوردستان میدیایەكى تایبەتمەندى ئابوورى نییە، ئەوەى هەیە بەشى ئابوورییە لە پاشكۆی میدیاى حیزبەكان و ئەهلى و ئازاد، بۆیە  شیكردنەوە بۆ گرفت و كیشەكانى بەردەم پرۆگرام و هەواڵە ئابوورییەكان لەمیدیاكانى كوردستان زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئایا گرفتەكانى بەردەم میدیاى ئابوورى چییە؟ ئایا چارەسەرى گرفت و كیشەكانى میدیاى ئابوورى چۆن دەبێت؟

گرفتەكان
1.    بەشێكى زۆرى میدیاكانى كوردستان بەرێوەبەر و سەرنوسەرەكانى كەسانى سیاسین و لەلایەن حیزبەوە دانراون یان باگراوندى سیاسیان زیاترە بۆیە بەشى سیاسەت ئەولەویەتى زیاتر بووە و بەشى ئابوورى وەك پاشكۆى سیاسى مامەڵەى لەگەڵ كراوە.
2.    لەژێر كاریگەرى تیگەیشتنى هەڵەى بەرێوەبەر و ستافى بەرێوەبردنى بەشێك لەمیدیاكان لەكوردستان، زۆرێنەى جار خراپترین كاتى كەناڵ یان لاپەڕەى رۆژنامە و ماڵپەر بۆ بەشى ئابوورى  بۆ دیاریكراوە.
3.    كەمى و نەبوونى ڕۆژنامەنووسى ئابوورى یەكێكى دیكەیە لە گرفتەكان لە كوردستان، بەئەندازەییەك بەشێكى زۆر لەو دامەزراوە میدیایانەى بەشى ئابوورییان هەیە پیویستیان بە رۆژنامەنووسى ئابووری هەیە و ئەوانەشى كە بەشى ئابوورییان نییە بیانویان نەبوونى رۆژنامەوانى تایبەتمەندى ئابوورییە.
4.    كەمى پسپۆر و شارەزا و شیكەرەوەى ئابوورى لە كوردستان یەكێكى دیكەیە لە گرفتەكانى میدیایى ئابوورى لە كوردستان، لەبەرئەوەى لەگەڵ خستنەڕووى زانیارى و هەواڵى ئابوورى پیویستە شیكردنەوە و پێشبینى بخاتەڕوو.

چارەسەر:
1.    پیویستە هەموو هەوڵەكان بخرێتەگەر بۆ ئەوەى كوردستان وەك هەرێمێكى تازە گەشەسەندو كار بۆ دروستكردنى میدیایەكى تایبەت بە ئابوورى بكات و ئەو میدیایانەش كە بەشى ئابوورییان هەیە هەوڵى گرنگیدانى زیاتر بەبەشەكە بدەن.
2.    رۆژنامەنووسانى ئابوورى پیویستە بەهەوڵەكانیان لە بوارى ئامادەكردن و خستنەڕووى زانیارى و هەواڵ بیسەلمینن كە هەواڵ و بەرنامەى ئابوورى هێچى كەمتر نییە لەبەشەكانى دیكە وەك سیاسى و وەزرشى و هتد...
3.    پیویستە دامەزراوە ئەكادیمییەكان لەبوارى زانستى میدیا و ئابوورى گرنگى زیاتر بەپێگەیاندنى تواناى مرۆیى زیاتر بدەن لە پێناو هێنانە كایەى رۆژنامەنووسى ئابوورى و پسپۆرى ئابوورى.
4.    سەندیكاى رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانى تایبەتمەند بەبوارى میدیا زۆر گرنگە كار بۆ كردنەوەى خولى تایبەت بەپیگەیاندنى رۆژنامەوانى ئابوورى بكەن، لەبەرئەوەى زیادبوونى میدیا لەكوردستان بەپى زیادبوونى رۆژنامەنووس نییە بەتایبەت رۆژنامەوانى ئابوورى.
5.    زۆر گرنگە هەوڵەكان یەكبخرێت بۆ ئەوەى كەسانى ئەكادیمى بوارى ئابوورى ئاستى زانیارییەكانیان بەپى رۆژ تازە بكەنەوە و رۆڵیان پێبدرێت بۆ ئەوەى لەبەشى ئابووری میدیاكان دەربكەون.