په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانى نێوان وڵاتى تونس و هه‌رێمى كوردستان

په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانى نێوان وڵاتى تونس و هه‌رێمى كوردستان




2021-12-01 14:12:30


رۆژى 24/11/2021 د. دارا جه‌ليل خه‌يات سه‌رۆكى یه‌كیتی ژووره‌كانی بازرگانی وپیشه‌سازی هه‌ریمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى سالار جه‌لال قادر و كه‌مال عه‌زيز حوسێن ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى ژووری بازرگانی هه‌ولیر پێشوازييان كرد له‌ عاتف ئه‌لغه‌ريانى به‌رپرسى نوسينگه‌ى به‌شى بازرگانى له‌ باڵێۆزخانه‌ى تونس له‌ عێراق. له‌م ديداره‌دا رۆشنايى خرايه‌ سه‌ر به‌هێزكردنى په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانى نێوان وڵاتى تونس و هه‌رێمى كوردستان. به‌رپرسى نوسينگه‌ى به‌شى بازرگانى وتى: ئێمه‌ ده‌مێكه‌ شاندى بازرگانيمان نه‌هاتۆته‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هۆى بارودۆخى ناوخۆى وڵاتى تونس و شه‌ڕى تيرۆرستانى داعش و په‌تاى كۆڕۆنا دوايين شاندى بازرگانيمان بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2014. عاتف ئه‌لغه‌ريانى وتى: هه‌رێمى كوردستان بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌، ده‌مانه‌وێت به‌ گڕو تينه‌وه‌ بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووباره‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ين هێڵى ئاسمانى راسته‌وخۆ له‌ نێوان تونس و هه‌رێمى كوردستان بكه‌ينه‌وه‌، بير له‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌شمان له‌ هه‌ولێر كردۆته‌وه‌، وه‌ ده‌ستمان كردووه‌ به‌ رێكخستنى وه‌رگرتنى ڤيزا. ئه‌لغه‌ريانى وتى: راى ژوورى بازرگانيمان ده‌وێت و پاڵپشتى و هاوكارى ئێوه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، ده‌مانه‌وێت وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانياكانى تونس به‌شداربن له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌كانى گه‌شت و گوزار و پيشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ په‌ره‌ به‌ ئاڵوگۆڕى شانده‌ بازرگانييه‌كانمان ده‌ده‌ين ده‌مانه‌وێت سوود له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كاركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ين بازرگانان و كۆمپانياكانى هه‌ردوولا به‌شداربن له‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تيه‌كانى هه‌ردوولا و له‌ داهاتوويه‌كى نزيكيشدا له‌ ئاستێكى باڵا كۆده‌بينه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كارى له‌ رێكخستنى ديدارێكى بازرگانى له‌ نێوان تونس و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شدارى ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌ن كۆمپانياكانى وڵاتى تونس. ئه‌لغه‌ريانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ رێژه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان عێراق و تونس ساڵانه‌ 25 مليۆن دۆلاره‌، ده‌مانه‌وێت ئه‌م رێژه‌يه‌ به‌رز بكه‌ينه‌وه‌. له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ دواى به‌خێرهێنان د. دارا جه‌ليل خه‌يات ده‌ست خۆشى لێكرد بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ هۆى په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتى تونس، پشتگيرى خۆيى دووپات كرده‌وه‌ بۆى بۆ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك.