2019-10-06 19:58:09
پاش ئەو قەیرانە گەورەیەى بەسەر كوردستان هاتووە و بەدەر لە كێشە ناوخۆییەكان لەگەڵ حكومەتى عێراق سەبارەت بە پێنەدانى مووچە و بودجە ،هەڵبەتە گرفتێكى ئابورى زەق باڵى بەسەر ئەم وڵاتە كێشاوە ئەوێش كێشەى نەبوونى یا لاوازى پلانێكى ئابورى بۆ ئەم دۆخە ، كوردستان جگە لە دابەزینى نرخى نەوت ، كۆمەڵێك هەڵەى ئابورى بە كەڵەكەبوویى لە هەموو سیكتەرەكانى بە روونى دەردەكەوێت ،كەواتە ئەگەر پەنجە لەسەر لایەنێكى دانێن كێشەى دابینكردنى مووچەى فەرمانبەرانە و لەبەرامبەریشدا زیادبوونى رێژەى بێكاریشە، لە دونیادا هەموو هاوڵاتیەك كەڵك و سودى بۆ حكومەتى خۆى هەیە بەنمونە رێژەیەك لە مووچەكەى گەر لە كەرتى حكومى یا تایبەت كاربكات بۆ حكومەت دەڕوات جگە لەوەش زۆربەى خزمەتگوزراییەكان هەموو هاوڵاتیەك پشكى بەردەكەوێ ، ئەمانە وەكو دارێكە كەچەندەها لق و پوپێ لێ دەبێتەوە بۆیە تەنها یەك لق وەردەگرێن و شرۆڤەى بۆ دەكەین ، ئێستا لە كوردستان قەیران بووە و بووتە شتێكى واقع ئەوەى پێویستە بوترێت چێ بكرێت بۆ چارەسەر ، سەبارەت بە گەورەترین بارگرانى لەسەر ئابورى ئێستاى حكومەتى هەرێم مەسەلەى مووچەیە كە خۆى لە 800 ملێون دۆلار دەدات بۆ مانگیك واتە ئەگەر بە بڕى 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردەبكرێت و بێگومان ئەوەشمان لە بیر نەچێت بۆ هەریەك بەرمیلیك نرخەكەى لە 45 دۆلار كەمتر نەبێت ئینجا بەشى ئەو مووچە زەبەلاحە دەكات، ئەمەش لە رووى ئابورییەوە وەك گەمەیەكى ئابورییە و یاریكردنە بە چارەنوسى داهاتووى ئابورى وڵات ، كەوایە پێویستە حكومەت بۆ رێگایەك بگەرێت جێگرەوەو رێكخەرى ئەم كێشانەى پێشوو بێت ئەویش تەنها گرنگیدانە بە كەرتى تایبەت ، ئەم كەرتە رۆڵى هەیە لە پەرەپێدانى ئابورى لە رێگەى بەرهەمهێنانى كاڵا و دەستەبەركردنى خزمەتگوزارى ، كۆمپانیا ناوخۆییەكان هاوكارن لە باشتركردنى بژێوى هاوڵاتیان ئەوێش بە دابینكردنى هەلى كاركردن ، و پێشكەوتنى تەكنەلوژیا لە رووى دروستكردنى كاڵاى ناوخۆیى و لە هەمووشیان گرنگتر پێك هێنانى كەش و هەواى پیشبركێ بازاڕ ئەمەش كارێگەى ئەرینى هەیە لە دابەزینى نرخى كاڵا و بە دڵنیاییەوە بە قازانج ئەگەرێتەوە بۆ هاوڵاتیان ، جگە لەو خاڵانەش حكومەت سودمەندەبێت لە وەرگرتن و یا زیادكردنى باجى سەر كۆمپانیاكان و ئەبێتە داهاتێك بۆ دوارۆژى ئەو وڵاتە و بەهێزبوونى ژێرخانى ئابورى .
بەڵام كێشەى ئەم وڵاتە و زۆربەى وڵاتەكانى رۆژهەڵاتى ناوەراست نەبوونى ئابورییەكى جێگیرە لە رووى بەدەست كەوتنى سەرمایە یا قەرز لە بانكەكانى هەرێمى كوردستان ،لە لایەكێ ترەوە تەنانەت زۆرجار ئەم حاڵەتە وایكردوە كە زۆربەى سەرمایەكانى ئەم وڵاتە لە وڵاتێكى تر جگە لە كوردستان دەخرێتە كارەوە و هەندێ كۆمپانیاى ناوخۆیى پشت بە دەستى كارى بێگانە دەبەستن و یا بە پشكدارى كۆمپانیاى دەرەكى كاریان بەرێوەدەبەن كە زۆربەى قازانج بۆ دەرەوە یاخود بانكێكى تایبەتى ئەنتەرناشناڵى دەرەكى كەڵك لەپارەكانیان وەردەگرێت ، كەواتە ئەوەى گرنگە لە لایەن حكومەتەوە كە بكرێت پاڵپشتى كەرتى تایبەت بكرێت لە زۆر روانگەوە لەوانە فەراهەمكردنى كەشێكى زۆر ئارام لە رووى ئابورى لە بەردەمیان جگە لەوەش هەندى داهاتى وڵات با لە بانكەكانى هەرێمى كوردستان وەكو قەرز بدرێتە كەرتى تایبەت و ئالوگۆركى پێ بكرێت و ئەمە وادەكات ئەو بانكانەش ببنە جێگەى متمانە بۆ داهاتوو ، لە هەمان كاتێشدا حكومەت كار لەسەر ئەوە بكات دەستى كارى خۆماڵى بەكاربخات لە و كەرتانە بە جورێك مافەكانیان پاریزراوبن لە رووى خانەنشین و بەردەوامى كاركردن ، چونكە كێشەى هەرە گەورەى هاوڵاتیان ترس و گومانە لە كاتى كاركردنیان لە كەرتى تایبەت و بە چارەنوسێكى نادیار لە قەڵەمى دەدەن ، هەروەها حكومەت جەخت لەسەر ئەوە بكات كە دەستى كار بە رێژەى %98 بۆ هاوڵاتى ئەم هەرێمە بێت ، و یاساكانى كاركردنى جیهانى لێرەدا پەێرەوبكرێت بەتایبەت لە بوارى پشكى كۆمپانیاكان و مەرجەكانى قازانجى وڵات لەبەرچاوبگێرێت ، هەندێك لە بڕیارەكانى پێشوو پێداچوونەوەى جدى لەبەردەم بكرێت و كەمێك قورستر بڕیار لەسەر باجى كۆمپانیا بیانیەكان دەربكرێت ، با چێدى سیستەمى ئەم وڵاتەش بگۆرێت بۆ سیستەمى بەرژەوەندى كە حاڵى حازر هەموو جیهان لەسەر ئەو رێبازە دەڕۆن ، چونكە تاكە چەكى جیهان ئیستا تەنها ئابورییەكى بەهێزە و كوردستانیش خاوەنى گەورەترین داهاتى نەوتە و ئەوەى كە لاواز و سستە تەنها پلان و چونێەتى بەرێوەبردنیەتى ، ئەوەى شایانى باسكردنیشە رێچكەكانى كاركردن دەبێت گورانكارى بەسەر بێت ئێتر كاتى ئەوە هاتووە كەرتە تایبەتەكان ببنە ژێرخان و سەرخانى ئابورى ئەم وڵاتە .
ماستەر لە كارگێرى كاردا