2021-11-03 11:27:56
كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و وشكبوونی زۆربەی كانیاو كارێزەكانی كوردستان و گرتنەوەی ئاو لەسەرچاوەكانی یەوە لەهەردوو وڵاتی ئێران و توركیا زیانێكی گەورەی بەر كەرتی كشتوكاڵ گەیاندووەو مەترسییەكانی وشكەساڵی بەشێوەیەكی رێژەی دەركەوتووە، بۆ قسەكردن لەسەر وشكەساڵی و شوێنەوارەكانی و چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی مەترسییەكانی گۆڤاری(سامان) ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ كەریم سلێمان بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام داوە.
• ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو بارانبارین كەمی كردوو لەچەند ناوچەیەكی كوردستاندا بەرێژەیەكی زۆر مەترسیدار بارانبارین كەمی كردووە، ئایا دەكرێت بزانین رێژەی وشكەساڵی چەندە لەمساڵ دا؟
- لەهەرێمی كوردستان لەمساڵ دا رێژەی بارانبارین بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، لەهەندێك شوێنی وەكو ناوچەی گەرمیان بەرێژەی لە 80% بارانبارین بەراورد بەساڵی رابردوو كەمی كردووە، بەڕادەیەك لە 10 ساڵی رابردوودا بەو رێژە كەمە باران نەباریوە. بەشێوەیەكی گشتی بەپێی هەموو داتاو ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە لەهەر 4 پارێزگاكەی كوردستان بەئیدارەی گەرمیانیشەوە دەستمان كەوتووە؛ دەتوانین بڵێین ئەمساڵ وشكەساڵی یە لەناوچەكانی كوردستاندا بەڕێژەی جیاواز، بۆ نموونە لەگەرمیان لەئاستێكی زۆر مەترسیداردایە و لەدهۆك و سلێمانی بارانبارینەكە باشترەو لە پارێزگای هەولێر دوو بەشە ، لەناوچە دەشتاییەكانی پارێزگای هەولێر رێژەی بارانبارین زۆر كەم بووەو لەناوچە شاخاوییەكانی ئەم پارێزگایە رێژەی بارانبارینەكە كەمێك باشترە. لەلایەكی دیكەوە ئاوی ژێرزەویش زۆر دابەزیوەتە خوارەوەو چەندین بیری ئاو وشكی كردووە، ئەمە جگە لەسەدان كارێزو كانیاو وشكیان كردووە. رێژەی ئاوی هەردوو بەنداوی گەورەی دوكان و دەربەندیخانیش كەمیان كردووە، ئەمە وێڕای وشككردن و ئەمباركردن و گۆڕینی رێڕەوی زۆر لەسەرچاوەی زێ و ئاوەكانی كوردستان و عێراق لەلایەن وڵاتی ئێران و توركیاوە.
• دەكرێت شوێنەوارەكانی ئەم وشكەساڵی یە بزانین و تاچەند كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە كردووە لەمساڵدا؟
- ئەگەر سەیری زیانەكانی وشكەساڵی بكەین زیاتر لەكەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی سەریهەڵداوە دواتر شوێنەوارەكانی لەسەر كەرتەكانی دیكەی گەشتیاری و پیشەسازیی و دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان و سەرهەڵدانی پەتاو دەردی كشتوكاڵی و بەرزی پلەی گەرماو چەندین بواری دیكە دەردەكەوێت، بۆ نموونە بەرهەمی گەنم كە لە100% لەهەرێمی كوردستان پشتی بە بارانبارین بەستووە لەمساڵدا بەرێژەی لە 50% كەمی كردووەو تەنانەت بەرهەمەكەشی باش نی یە، كەرتەكانی دیكەی كشتوكاڵی بەهەموو بەرووبوومەكانیشەوە بەهەمان شێوە تەنانەت بەرهەمەكانی ماست و پەنیرو شیر بەهۆی كەمی ئالیكەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە، تەنانەت ئەگەری ووشكبوونی زۆر درەخت و داری ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەیە ئەوەتا لەناوچەی هەورامان دار گوێزەكان كارێزو كانیاوەكانیان وشكی كردووەو دەبێت بەتانكەر ئاویان بۆ دابین بكرێت و لەمەترسی ووشكبوون رزگاریان بكەین.
• لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەهەرێمی كوردستان چی هەنگاوێكتان ناوە بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی؟
- لەگەڵ دەركەوتنی وشكەساڵی هەر زوو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یە گشتییەكانی پەیوەندار كۆبووینەوەو رێكەوتین كە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو پسپۆرانی پەیوەندار كۆبووەنەوەیەكی فراوانی راوێژكاریمان ئەنجام دا، كە بەدوو پلان كارمان كرد لەلایەك پلانێكی خێرای كورتخایەن و لەلایەكی دیكەوە پلانێكی درێژخایەن ئەم پلانەش سەرچاوەی گرتووە لەو پلانە ستراتیژییە درێژخایەنەی كە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كراوە بە پشت بەستن بەكارنامەی سەرۆكی حكومەت كە لەبەردەم پەرلەمانتاران خوێندیەوە. لەو راپۆرتەی ئامادەكراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی هەرێمی كوردستان چەندین تەوەرو خاڵ و بڕگە لەخۆ دەگرێت، پلانێكی دیكەشمان هەیە كە زۆر گرنگە بەوەی ئەمساڵ بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی چی بكەین بەتایبەتی بۆ ئاوی خواردنەوەو كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی و دواتر بۆ سێكتەرەكانی دیكە. لەهەمووی گرنگتر بۆ كۆكردنەوەو ئەمباركردنی ئاو چی بكەین چونكە لەكوردستان سەرچاوەی ئاو تاڕادەیەكی باش هەیە بەڵام تائێستا بەپێی پێویست نەتوانراوە ئەم ئاوە سازكارو شیرینە ئەمبار بكرێت. لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی گفتوگۆو دانوستانەكان لەگەڵ هەردوو حكومەتی ئێران و توركیا دەست پێبكەین چونكە بەڕاستی زۆرجار گردانەوەی ئاوو گۆڕینی سەرچاوەكانی وەكو كارتێكی فشار و بۆ بەرژەوەندی سیاسی لەدژی هەموو عێراق بەكار دەهێنرێت ، ئەم كێشەیەمان لەسەر زێی بچووك و ئاوی سیروان زۆرە و گەلێك كێشە بۆ ناوچەی قەڵادزێ و پشدەر بەشێوەیەكی گشتی و خانەقین و كەلار دروست كردووە ، ئەم حاڵەتە لەسەر ئاوی كارۆنیش لەخوارووی عێراق هەیە. پێش ماوەیەك لەكۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بووم لەبەغدا بەناوی ((كۆنگرەی یەكەمی بەغدا بۆ ئاو)) لەو كۆنگرەیەدا كە نوێنەرانی هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران ئامادەیبوون دەركەوت كە توركیا تاڕادەیەك لێكتێگەیشتنی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئاوو تەنانەت پابەندی خۆشی راگەیاندووە بۆ دابینكردنی پشكی عێراق لەئاوی دیجلە و فورات ، بەڵام لایەنی ئێرانی دەڵێن ئێمە هاوكارین و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكانی ئاوین لەنێوان چەند وڵاتێكدا بەڵام لەرووی پراكتیكی یەوە پێچەوانە دەبینین رووبارەكانی كارون و سیروان و زێی گەورەو رووبارە گچكەكانی دیكە رێژەی ئاوەكەی كە دێتە هەرێم و عێراقەوە زۆر كەمی كردووە.
• لەهەموو دنیادا بابەتی ئەمباركردنی ئاو لەرێگەی بەنداوەكانەوە بەپرۆژە ستراتیژییەكانی كەرتی ئاوو پارێزگاریكردن لەئاوی سازكارو شیرین دادەنرێت، ئایا ئێوە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچ رادەیەك توانیوتانە گرنگی بەم بابەتە بدەن ؟
- 12 پرۆژەی ستراتیژیی هەیە بۆ دروستكردنی بەنداو لەكوردستان ، هەندێك لەم پرۆژانە بەرێژەی لە 80-90% تەواو بووە، كە تێچوونی ئەم پرۆژانە دەگاتە 146 ملیار دۆلار، لەئێستادا ئێمە پێویستیمان بە 33 ملیار دۆلار هەیە بۆ تەواوكردنی ئەم 12 بەنداوە، بەتەواوبوونی ئەم بەنداوانە تاڕادەیەكی باش دەتوانین رووبەرووی وشكەساڵی ببینەوە . هاوكات ئێستا بەنیازین 9 بەنداوی دیكە دروست بكەین بەسیستەمی ppp بەشێوازی هاوبەشی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و پرۆپۆزەڵ و گرێبەستێكی تێروتەسەل لەنێوان هەردوو دەكرێت و هەموو ماف و ئەركەكانی تێدا جێگیر دەكرێت، بەتەواوبوونی ئەم 21 بەنداوە تاڕادەیەكی زۆر باش دەتوانین رووبەرووی وشكەساڵی ببینەوە و كێشەی ئاوی خواردنەوەی شارە گەورەكانی وەكو سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش چارەسەر دەبێت، لەمەشدا رەچاوی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارە گەورەكان و قەزاو ناحیەكان كراوە بۆنموونە بەنداومان هەیە لەسەر زێی گەورە كە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر گرنگە ئەمە وێڕای ئەوەی بەنداو لەسەر زێی بچووك بۆ شاری سلێمانی و قەڵادزێ و رانیە هەیە ، بەنداوەكان كاریگەریی توندی لەسەر دەوڵەمەندبوونی ئاوی ژێر زەوی هەیە و كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بیرەكان و ژیانەوەی كارێز و كانیاوەكان هەیە ، ئەمە وێڕای ئەوەی بەنداوەكان بۆ ژینگە و كەرتی گەشتوگوزاریی و ئەنجامدانی دەیان پرۆژەی گەورەی گەشتیاری گرنگە، 12 بەنداوی كۆن لە قۆناغی تەواو بووندایەو 9 بەنداوی دیكەش لە پلاندایە بۆ جێبەجێ كردن. بەڵام ئێمە لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ ئەوەدا نین بەنداوی زۆر گەورە كە رووبەرێكی زۆری زەوی و شوێنی ئاوەدانی و گوندەكان بخاتە ژێر ئاوەوە دروست بكرێت ، چونكە ئەم بەنداوە گەورانە زیانی دەبێت بۆ كەرتی كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی دارستانەكان و ژێرئاو كەوتنی گوندەكان و زیانگەیاندن بە ژیان و بژێوی دەیان هەزار خەڵك و دەربەدەر بوونیان و زیانگەیاندن بەشوێنەوارەكان تەنانەت لەرووی ژینگەشەوە زیانی دەبێت، دەكرێت بەنداوە مامناوەندەكان و بەگەورەكردنی ئەمباری ئاوەكەی تاڕادەیەكی باش چارەسەری ئەم گرفتە بكەین و سوودێكی زۆرتری بۆ خەڵكی كوردستان تێدایە، لەئێستادا هەرسێ بەنداوی سیادی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك كە سەروەرین و بەڕێوەبەرەكانیان راستەخۆ سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی كوردستانن و زۆر هەوڵ دەدەن ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتی یە راستەوخۆ بخرێتە سەر عێراق بەڵام بوونی ئەم بەنداوانە لەكوردستان و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەی ئاو ناكرێت سەر بەبەغدا بێت دەكرێت وەكو پێوەرێكی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەسەر بكەین ، بەتایبەتی لەئێستادا كە رێژەی ئاو تێیدا بەراورد بەساڵی رابردوو زۆر كەمی كردووە و تەنانەت لەگەڵ كەمبوونەوەی ئاو لەبەنداوەكان ئەگەری پیسبوونی ئاوو هەروەها وشكبوونی كارێزو كانیاوو نزمبوونەوەی ئاوی ژێر زەویش زۆر زیادیكردووە
• بۆ ئەمساڵ بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی چی دەكەن ئایا لەتوانادا هەیە لەم بارودۆخە داراییە هەنگاوەكانتان چڕتر بكەنەوە؟
- وەكو ئاماژەم پێدا بۆ جێبەجێكردنی پلانی كورتخایەن و خێرا كە پێی دەوترێت پلانی فریاكەوتنی خێرای رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راپۆرتێكی فراوانمان پێشكەش ئەنجومەنی وەزیران كردووە و بەسەرپەرشتی كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو نوێنەرایەتی هەر چوار پارێزگاو یەكەی ئیدارە كە راپۆرت و تێبینی خۆیان هەبوو بڕیاربوو راپۆرتێكی كۆتایی ئامادە بكرێت و ئەو راپۆرتە ئامادەكراوە و ریزبەندی لە جێبەجێكردنی كارەكانی ناو ڕاپۆرتی رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
خاڵی یەكەم : دابینكردنی بودجەیەك بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان ؛ بڕیاردرا 2 ملیارو نیو دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی تەرخان بكرێت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لەرێگەی لێدانی بیری ئاوی خواردنەوەوە .
خاڵی دووەم : تایبەتە بەكەرتی كشتوكاڵی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جوتیارانەی كە ناوچەكانیان بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار كەوتووەتە بەردەم وشكەساڵی و زیانی بەركەوتووە ، ئەم قەرەبووەش وەكو هاریكاریی و دابینكردنی بنەتۆو پێداویستیەكانی دیكەوە هەیە.
خاڵی سێیەم : تایبەتە بەئاژەڵداریی و ئەو مەڕدارانەوە هەیە كە زیانیان بەركەوتووەو هاریكارییان بكرێت بەوەی ڕێگا بدەین بە هاورەدەكردنی چۆو ئالیك و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ مەڕدارەكان و دابینكردنی تانكی ئاو لەهەندێك شوێندا .
خاڵی چوارەم : تایبەتە بەو ناوەندانەی شەقامەكان و باخچەكان و پاركەكان كە پارەیەكی زۆر خەرج كراوەو درەخت و سەوزایی تێدا چێنراوە و پێویستە لەمانگی 6 تاكو مانگی 8 ئاوی بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی وشك نەكات.