شوان زراری :جوتیارانی كوردستان لەرووی كشتوكاڵی وئاژەڵداریی زیانمەندی سەرەكی وشكەساڵین

شوان زراری :جوتیارانی كوردستان لەرووی كشتوكاڵی وئاژەڵداریی زیانمەندی سەرەكی وشكەساڵین




2021-11-03 11:25:57


رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و دروستكردنی بەنداو بابەتێكی سەروەرییەو دەبێت لەئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان رووبەرووی مەترسیەكانی ببینەوە 
شوان زراری جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە مەترسییەكانی وشكەساڵی لەسەر هەرێمی كوردستان پێی وابوو وشكەساڵی كاریگەریی نەرێنی هەمەلایەنەی هەیە و داهاتی بەرووبوومی گەنم و جۆ لە نیوە زۆر كەمتر كردووەتەوە و بەرووبوومی میوەجاتی بەهۆی دەردو نەخۆشی یەوە زۆر كەم بووەتەوەو زیانێكی گەورەشی بە كەرتی ئاژەڵداریی داوە، لەمەش مەترسیدارتر بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی رووبارەكان و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی مەترسی كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە سەریهەڵداوە، لەگەڵ كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەو دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك مەترسی پیسبوونی ئاویش سەری هەڵداوە كە لەگەڵ خۆیدا ئەگەری هاتنی نەخۆشی و پەتاكانی وەكو كولێرا و سكچوون و رژانەوە زیاد دەكات. ئەم پەرلەمانتارە ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە هەنگاوەكان بەرامبەر ئەم مەترسی یە دەبێت خێرا بن چونكە گۆڕانی كەشوهەوا لەجیهان و پیسبوونی ژینگە و مەترسی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاو لەعێراقدا بەگشتی بابەتێكی زۆر هەستیارە. لەرووی كەرتی ئاژەڵداریی و پەلەوەریشەوە بەهۆی كەمی وگرانبوونی ئالیك و دانەوەێڵە بەشێكی زۆری خاوەن ئاژەڵ و مەڕوماڵان ناچارن ئاژەڵەكانیان بفرۆشن بەمەش زیانێكی گەورە بەر ئەم كەرتە كەوتووە، ئێستا ئاژەڵداری لەكوردستان وەكو ئەوە وایە قازانج سەری مایە بخوات و ئەو خەرجی یەی دەكرێت مایەكەی خۆی دەرناهێنێتەوە، كاتێكیش ئاژەڵدارەكان روو لەفرۆشتنی مەڕوماڵاتەكانیان دەكەن و  خواست كەم دەبێتەوەو خسنتەڕوو زیاد دەبێت بۆیە ئەو پارەیەی بۆ ناكات كە بتوانێت زیان نەكات،  جوتیارانی كوردستان لەرووی كشتوكاڵی وئاژەڵداریی و باخ و بێستانەوە زیانمەندی سەرەكی وشكەساڵین و ئەمەش لەكۆتایی دا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر هاوڵاتیانیش دەبێت،  بە دابەزینی ئاستی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان  و ئاژەڵدارییەكان نرخی بەروبوومەكان و بەرهەمی گۆشتی سوور و سپی لەبازارەكاندا لەكۆتاجاردا روو لەبەرزبوونەوە دەكات، پەنابردنیش بۆ هاوردەكردنی ئەم بەرهەمانە زیانی گەورە بەئابووری هەرێم و جوتیارو هاوڵاتیانیش دەگەیەنێت و  پارەیەكی زۆر بۆ دەرەوەی هەرێم دەچێتە دەرەوە.   
دابەزینی ئاستی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی 
مەترسیەكی جیددییەو پێویستی بەتەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت هەیە
جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە مەترسیەكانی وشكەساڵی وتی:(دابەزینی رێژەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و كەمبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی و زیانگەیاندنی وشكەساڵی بە دارستان و گژوگیاو ئاژەڵ هەمووی كاریگەریی مەترسیداریان لەسەر زیادبوونی دەرو پەتا هەیە و دواتریش كاریگەریی توندیان لەسەر مرۆڤ و ئابوورییەكەی دەبێت، لەهەمووشی خراپتر ئەوەتا مەترسیەكانی كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لەشاروشارۆجگەكانی كوردستان سەریهەڵداوەو رەنگە تادێت بەرەو خراپتر بڕوات. خۆ ئەگەر شارێكی وەكو هەولێر بەنموونە بهێنینەوە زۆر زیاتر لە 35 بیری ئاوی خواردنەوە وشكبوون و لەكاروەستان و بەدەیان بیری دیكەش ئاستی ئاوەكەی رووی لەكەمی كردووەو دەبێت دووبارە چەندین مەتر هەڵگەندرێن بۆ ئەوەی بگاتەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوییەكەی، هاوكات وشكەساڵی زیانی گەورە بە ئەگەری وشكبوونی زۆر لەو نەمام ودرەختانەش گەیەندووە كە تەمەنیان كەمە و زیانەكانیشی بۆ سەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما زۆرە.

گۆڕینی رێڕەوی سەرچاوە ئاوییەكان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە
 دژی یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتییەكانە
شوان زراری پەرلەمانتار لەلێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی كوردستان ئەوەی نەشاردەوە كە گرفتێكی دیكەی قورسكردنی وشكەساڵی یەكە ئەو سیاسەت و رێوشوێنانەی هەردوو حكومەتی ئێران و توركیایە كە لەبواری ئاودا ساڵانێكە بەبێ دەنگی جێبەجێی دەكەن لەمبارەیەوە وتی: ئێران بەپلەی یەكەم و دواتر توركیا بە پلەی دووەم ساڵانێكە دەستیان كردووە بەدروستكردنی دەیان پرۆژەی گەورەو مامناوەندو بچووكی بەنداوو ئاودێریی لەسەر ئەو رووبارو زێ و سەرچاوە ئاوییانەی دەڕژێنە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە، ئەم بابەتە سیادییە و دەبێت حكومەتی عێراق بەجیددی گفتوگۆكانی لەسەر ئەم بابەتە مەترسیدارە دەست پێ بكات، بۆ نموونە وڵاتی ئێران بەهیچ شێوەیەك پابەندی یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتییەكان نییە و رەچاوی مافی دراوسێتیشی نەكردووە لەمەسەلەی ئاودا، هەرچەندە خۆشی بەهۆی گەمارۆ و قەیرانی داراییەوە لەبارودۆخێكی باشدا نی یە و  زۆر گرنگی بە خۆبژێوی و دروستكردنی پرۆژەكانی ئاودێری دەدات لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە، ئەمەش بەزیانی هەرێمی كوردستان و عێراق تەواو دەبێت، تەنیا رێگا چارەسەرێك وروژاندنی ئەم بابەتەیە لەپەرلەمانی عێراق و دوادتر هاندانی حكومەتی عێراقە بەجیددیی ئاوڕێك لەم مەترسی یە بداتەوە، چونكە بابەتی دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و بەشداری وڵاتان لەسەرچاوەكانی ئاوی شیرین بابەتێكی هەستیارو گرنگە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن بابەتی ئاو بووەتە بابەتێكی زۆر جیددیی و مەترسیدار ، زۆربەی وڵاتانی دنیا پێش روودانی كارەساتە گەورەكە پێش وەختە دەستیان بەجێبەجێكردنی كۆمەڵێك كارو پرۆژە كردووە بۆ پاراستنی ئەم سامانە گرنگە ئامادەسازیی و كاری گەورەیان لەسەر كردووە بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی توانای دارایی جگە لەچەند پرۆژەیەكی بچووك و كەم ئەویش تەواو نەكراوە كارێكی وا نەكراوە، دەكرێت لەرێگەی عێراق و وەبەرهێنەرانەوە ئەم پرۆژانەی بەنداوو ئاودێری دروست بكرێت. 
بودجەی تەرخانكراو بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی زۆر كەمە   
سەبارەت بەبابەتی بەهاناوەچوونی وشكەساڵی شوان زراری پەرلەمانتار وتی: ئەركی ئێمە وەكو پەرلەمانتار بەدواداچوون و رێنماییەكانە و ئێمە وەكو لێژنە بەدواداچوونمان كردووەو داواشمان لەوەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنی پەیوەندار كردووە بەهانای جوتیاران و خەڵكەوە بێن لەهەمان كاتیشدا دڵنیاین حكومەت ئەو توانایەی نی یە لەو بودجەیەی لەبەردەستێتی و بەو قەیرانە داراییە بتوانێت رووبەرووی قەیرانێكی گەورەی وەكو وشكەساڵی ببێتەوە  لەكۆنەوە وتوویانە ئاوو ئاوەدانی واتا بوون و دابینكردنی ئاو دەبێت لەریزبەندی پێشەوەی پلان و بەرنامەكانی حكومەت بێت، بەتایبەتی حكومەتێك كە ئێستا دروشمی فرەجەشنكردنی داهات و جۆراوجۆركردنی كەرتە ئابوورییەكانی بەرزكردووەتەوەو دەستی بە هەنگاوەكانی بونیاتنانی ژێرخانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی كردووە. ئەم بابەتە گرنگی رادەبەدەری هەیە گەرچی بابەتی وشكەساڵی و دروستكردنی بەنداوەكان بابەتێكی سەروەرییە (سیادی)یە زیاتر بەڵام خۆنابێت چاوەڕوانی بەغدا بین تاوەكو لەم بابەتە هەنگاوی پراكتیكی دەنێت ، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بەدوو ڕێگای ناوەندو هەرێم كاری جیددی بكات بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی بۆ نموونە دەبێت ئەو بودجەیەی عێراق بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ تەرخانی دەكات بەشێكی بەركوردستان بكەوێت لەبوارەكانی قەرەبووكردنەوەی جوتیاران و دروستكردنی بەنداوو پرۆژەكانی ئاودێری كەچی وەزارەتی كشتوكاڵ نەك خۆی لەم مافە دزیوەتەوە بەڵكو زۆرجار وەكو دەیبینین گەمارۆ لەسەر بەرهەمەكانی جوتیارانیش دادەنێت، دەبێت داوا لەپەرلەمانی عێراق بكرێت بودجەیەكی تایبەتی بۆ بەهاناوەچوونی جوتیاران و رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە تەرخان بكرێت و پشكی هەرێمی كوردستانیش لەو بودجەیە بنێردرێت، وشكەساڵی لەكوردستان و عێراق خەم و زیانێكی هاوبەشە دەبێت پێكەوە رووبەرووی ببینەوە، بەداخەوە ئەو شایستانەی لەبودجەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هەرێمی كوردستان هەیەتی تا ئێستا حكومەتی عێراق بەئەركی سەرشانی هەڵنەستاوە، چونكە قەرەبووكردنەوەی جوتیاران لەتوانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نی یە تەنیا ئەوەی لەتوانایدا هەیە فریاكەوتنی خێرای هەڵگەندنی هەندێك بیر و پرۆژەی بچووكی ئاودێریی یە.  چونكە ئەو بودجەیەی كە حكومەت بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی تەرخانی كرد بەڵام بودجەكە بەرامبەر بە گەورەیی مەترسیەكە و زیانەكانی زۆر كەمە.